پەخشان عەزیزی؛ لە بەردەم پەتی سێدارە

پەخشان عەزیزی

ژنە شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەخشان عەزیزی، کە بە قارەمانییەتی و تێکۆشانی دژی ستەم و زۆردارییەکانی ڕژێمی ئێران وەستاوەتەوە، ئێستا چاونەترسانە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان بووەتەوە. پەخشان عەزیزی چالاکوانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی یەکێکە لەو ژنانەی کە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ڕۆئاوای کوردستان بۆ یارمەتیدانی ژنانی ئێزدی و خێزانە ئاوارەکان چووەتە ئەو ناوچانە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جێی ستایشکردن ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و درووستکردنی دۆسییە دژی بووەتەوە، تا دواجار دادگاکان نەیانتوانی دادپەروەریی خۆیان بسەلمێنن و بە ناحەق جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد لە ٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پەسەند کرا.

ژیانی پەخشان عەزیزی

پەخشان عەزیزی لە ٥ـی ئەیلوولی ١٩٨٤ لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە زانکۆکانی تاران لە بواری کۆمەڵایەتی خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەدەستهێناوە.

بەهۆی دەستپێکردنی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان پەخشان عەزیزی لە خەمی ژنانی ئێزدی و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت، کە بە هۆی شەڕەوە ئاوارەی چیاکان دەبن، هەر بۆیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وەک کارمەندی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکاندا کاری کردووە و یارمەتی پەنابەرەکانی داوە و برینەکانی سارێژ کردووە، هەر وەک خۆی دەڵێت: “لە هەر شوێنێک ژیانی خەڵک لە مەترسیدا بێت دەبێت بڕۆین بۆ هاوکاری کردن و برینەکان ساڕێژ بکەین.” هەروەها لە بواری مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسی کاری کردووە.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

پەخشان عەزیزی یەکەمجار لە ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران دژ بە سزای لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کورد دەستگیر کرا، پاش چوار مانگ لە دەستگیرکردن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و دواتر ئێرانی جێهێشتوو و ڕووی لە باشووری کوردستان کرد.

پاشان لە ٤ـی ئابی ٢٠٢٣، پەخشان عەزیزی لەگەڵ باوک و براکەی و خوشک و برازاکەی لە شاری تاران پایتەختی ئێران لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرایەوە و بۆ ماوەی سێ مانگ و سێ هەفتە لە زیندانی تاکەکەسی ڕاگیرا و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لە ١٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەوین گوازرایەوە.

لە ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٤، بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری سەرۆکی لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی “یاخیبوونی چەکداری دژی دەوڵەت” و “ئەندامێتی لە گرووپە بەرهەڵستکارەکان” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لقی ٣٩ـی دادگای باڵا بە سەرۆکایەتی دادوەری عەلی ڕەزاینی کە دواتر کوژرا، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی پەسەند کرا.

ئەشکەنجەدانی پەخشان عەزیزی

پەخشان عەزیزی لە کاتی لێپرسینەوە و بە مەبەستی دانپێنانی زۆرەملێ چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ئەوین ئەشکەنجەدراوە، تەنانەت لە ماوەی زیندانییەکەی تا ئێستا بینین و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی لێی قەدەغە کراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی زیندانییەک بێبەش کراوە و تەنانەت ڕێگەشی پێنادرێت پەیوەندییشیان پێوەبکات.

کاردانەوەکان دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان

پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەو هۆیەوە هەڵمەتێکی دژ بە سزای لەسێدارەدان ڕاگەیاندرا بە ناونیشانی “نەخێر بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد”.

ئاسۆ عەزیزی برای پەخشان عەزیزی ڕایگەیاند، ئەو لاپتۆپەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستی بەسەردا گرتووە هەموو بەڵگەنامەکانی چەند ساڵی کارکردنی لە کامپ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تێدایە و نەخراوەتە دادگا.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی وەڵامی بڕیارەکەی دادگای باڵای دایەوە و وتی: کەموکوڕییەکانی لێکۆڵینەوەکان پشتگوێ خراون، بەڵگەکان نیشانی دەدەن کەیسی پەخشان گونجاو نەبووە بۆ سزای لەسێدارەدان.

لە لایەکی دیکەوە مازیار تاتایی پارێزەرێکی دیکەی پەخشان عەزیزی ڕایگەیاندبوو، ڕوون نییە بۆمان کە پەخشان بەشداری چی کردەوەیەکی چەکداری کردووە یان تێوەگلاوە.

ڕێکخراوی ئاوەدانکردنەوەی شەمس لە هەرێمی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، پەخشان لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ تا کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ وەک کارمەندی کۆمەڵایەتی لە کامپی هۆل لە شاری حەسەکە کاری خۆبەخشانەی کردووە و یارمەتی ئەو ژن و منداڵانەی داوە کە لە شەڕ و توندوتیژی ڕزگاریان بوو.

هەروەها مانگی سووری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتڕاستی کردەوە، پەخشان لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ ئابی تا ٢٠١٧ وەک کارمەندی کۆمەڵایەتی لە کامپی نەورۆز لە شارۆچکەی دێرک کاری خۆبەخشی کردووە.

لە ٢٣ـی کانوونی دووەەمی ٢٠٢٤، لە سەرانسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانگرتنی گشتیی دەستی پێکرد، لە شەقام و کۆڵانەکان وێنەی هەردوو ژنە زیندانیی سیاسیی کورد هەڵواسرا و دووکان و شوێنە گشتییەکان داخران، بە دەیان کەس ڕووبەڕووی هەڕەشە کردن و زیندانییکردن و دەستگیرکردن بوونەوە.

لە ٢٧ـی تەمووزی ٢٠٢٤ لە کۆتایی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی عێراقی کە لەلایەن کۆمەڵەی ژنانی عێراقی و بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی و ڕێکخراوی ئور بۆ کەلتووری ژنان و منداڵان لە بەغداد بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی.

هاوکات، ٢٦ ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزییان کرد و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سزای لەسێدارەدانی پەخشانیان شەرمەزارکرد و بە “پێشێلکارییەکی ئاشکرای پرەنسیپ و پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤ” ناوبرد.

هاوکات، بە هەزاران کەس داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن، هەروەها داوا لە چالاکوانان و ئازادیخوازان دەکەن بەشدار بن لە ڕزگارکردنی ژیانی ئەو چالاكوانە.

لە ١١ـی ئایاری ئەمساڵدا، بۆ پشتیوانیکردن لە زیندانی سیاسی کورد پەخشان عەزیزی، لە شاری میونخی ئەڵمانیا هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکرد.

لە ١٥ـی ئایاری ئەمساڵدا، لە شارەوانی فلۆرێنسی ئیتاڵیا مەراسیمێک بۆ پەخشان عەزیزی بەڕێوەچوو، ڕەگەزنامەی فەخری لەلایەن ئەنجوومەنی شارەکە بەخشرا بە پەخشان عەزیزی و خەڵاتەكە لەلایەن ئاسۆ عەزیزی برای پەخشان عەزیزی وەرگیرا.

ژنانی چالاکوان لەو بارەیەوە دەڵێن: ستایشی ئازایەتی پەخشان عەزیزی دەکەین، ئێران بە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەیەوێت ژنانی قارەمان ناچار بە پاشەکشە بکات، هەوڵ دەدات تۆڵەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە ژنان بکاتەوە.

ماجا هێس دامەزرێنەری ڕێکخراوی مرۆیی قازانج نەویستی سویسری کە لە بواری تەندرووستی لە چەندین وڵات کار دەکات لەوانە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دووپاتی کردەوە، پەخشان عەزیزی وەک خۆبەخشێک لە کاری کۆمەڵایەتیدا چالاک بووە، بەتایبەتی بۆ ژنان و منداڵانی خاوەن پێداویستی، لە کامپی نەورۆز لە ناوچەی دێرک کە پەنابەرانی شنگال لەوێ نیشتەجێ بوون.

لێدوانێک بەجێ بهێلە