باجگیریی ئەخلاقی و سیاسیی ناسیۆنالیزم!

ئیبراهیم حسێن

ئەفسانەکانی ناسیونالیزم
نووسینی: ئیبراهیم حسێن
هێرش و هەڵشاخانی مەحفەلە جیاوازەکانی ناسیۆنالیست بۆ سەر کۆمۆنیزمی کرێکاری، لە چەند ڕووەوە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشە. ئەوان کۆمۆنیزمی کرێکاری و تێگەیشتنی ئەو کۆمۆنیزمە لە ناسیۆنالیزم دەخەنە بەر لێپرسینەوە. لەوە کەف و کوڵیان هەستاوە کە چۆن دەکرێت بەپێی لۆژیک، کەسێک، ڕەوتێک یان بزووتنەوەیەک دەکرێ لەخۆی راببینێ و ببێتە ڕەخنەگری ناسنامەی نەتەوەیی مرۆڤەکان. لەوە زیاتر بە جۆش دێن کە لە جوگرافیایەکدا کە گوایە سروشت لە ئەزەلەوە بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە “تاپۆ”ی کردووە، کۆمۆنیزمی کرێکاری دێت و ئەم تابۆیە دەشکێنێت؛ ئەو ناسیۆنالیزمەی کە دەیانەوێت بەشێک بێت لە پێناسەی ئەم خەڵکە، دەخاتە بەر نەشتەری ڕەخنە و حزب و ئایدیۆلۆژیای ئەم بزووتنەوەیە ڕیسوا دەکات.
ئەوان بە ناوی “خەڵکی” ئەم جوگرافیا دیاریکراوەوە، نەفرەت لە کۆمۆنیزم و لە ڕەخنەی مرۆیی و کرێکاری و ئازادیخوازانەی کۆمۆنیزم دەکەن. وا لە خەڵکی ساویلکە دەگەیەنن کە ڕەخنەی ئێمە لە ناسیۆنالیزم و ئایدیۆلۆژیا و کارکردی کۆمەڵایەتی ناسیۆنالیزم، دەستدرێژییە بۆ سەر سیفەت و خەسڵەتی زاتیی مرۆڤ؛ دەستدرێژییە بۆ سەر سیفەتێک کە وەک بڵێی سروشت بەم خەڵکەی بەخشیوە. هەر بۆیە هەڵسوڕاوان و ئەو کۆڕکۆمەڵانەی لەم بزووتنەوە سیاسییە ناسیۆنالیستییەوە ئیلهام وەردەگرن، خوازیاری باجگیریی ئەخلاقی و سیاسیین لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری.
بەڵام بە پێچەوانەی ئیدیعای ناسیۆنالیستەکان، ئەم بزووتنەوە و ئەم ئایدیۆلۆژیایە هیچ مۆڵەتێکیان بۆ هیچ جۆرە باجگیرییەکی ئەخلاقی و سیاسی لە کۆمۆنیزم، لە ئازادیخوازیی سۆسیالیستی و لە خەڵک نییە. لەم شین وشەپۆڕە ناسیونالیستیەی دوو بابەت دوو چەمک هەن کە بڕبڕەپشتی ئەم حەق بەخۆدانە ناڕەوا و پوچە لە هێرشکردنە سەر کۆمۆنیزمی کرێکاری پێک دەهێنێن. بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین ئەوەندەی لە توانای ئەم باسەدا بێت تیشک بخەینە سەر ئەو گریمانانەی کە ناسیونالیزم دەیداتە پاڵ مرۆڤ و جوغرافیا و کارکردی واقیعی چینایەتی ناسیونالیزم و ئیديۆلۆژی میللەتپەرەستی. ئەفسانەی حیکایەتەکانی ناسیونالیسم و پەیوەندیان بە کێشمەکێشی چینایەتی لە دنیای واقیعدا ئاشکرا بکەین.

حیکایەتی جوغرافیا!

یەکەم بەیتی قەسیدەکە لە هزری ناسیۆنالیستیدا خودی “جوگرافیا”یە. کاتێک سنوورێکی جوگرافی بە ناوێکی دیاریکراو یان نەتەوەیەکی دیاریکراو ناو دەبرێت، لە ئایدیۆلۆژیای سیاسیی ناسیۆنالیزمە جیاوازەکاندا، مۆری تابۆ و خاوەندارێتیی ئەم جوگرافیایە بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە لێدەدرێت. وەک بڵێی لە ئەزەلەوە و بە شێوەیەکی سروشتی، ئەم جوگرافیایە هی ئەم ئایدیۆلۆژیا و ئەم بزووتنەوە سیاسییە بێت. دەبێت ئێران بە شێوەیەکی سروشتی لە دەستی ناسیۆنالیزمی فارسی، تورکیا لە دەستی ناسیۆنالیزمی تورکی و کوردستان لە دەستی ئەم بزووتنەوە سیاسییە بێت کە ناو و نیشانی کوردستانی بۆ خۆی قۆرخ کردووە. وەک بڵێی هەر بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لەم گریمانەیەوە دەست پێناکات و کارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکەی هەیە، بۆ ئەم جوگرافیای ژیانە بێگانەیە. ئەمە پێش-گریمانەیەکە کە گوایە حەقانیەتێکی سیاسی و ئەخلاقی بەم بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیا سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەبەخشێت؛ هەر ئەم پێش-گریمانەیەش دەبێتە بنەما و مۆڵەتێک بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان، لە خەڵک، لە کرێکار و لە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە باجگیریی ئەخلاقی و سیاسی بکەن. حەقانیەتێکی لەپێشینە کە وەک بڵێی لەجیاتی ئەوەی بەرهەمی مێژوو و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا بێت، بەخششی سروشت و تایبەتمەندییەکی زاتیی ئەو مرۆڤایەتییەیە کە لەوێ دەژین.
بەڵام ئەم گریمانەیە چەواشەکارانەیە. بەخشینی ئەم تایبەتمەندییە بە سروشت و جوگرافیایەکی دیاریکراو، کارێکی ئایدیۆلۆژیک و سیاسییە و بەرهەمی مێژوو و بزووتنەوەیەکی سیاسی دیاریکراوە؛ بەرهەمی ناسیۆنالیزمە. تاپۆکردن و( تەملیک )کردنی جوگرافیا بە ناوی بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستییەوە، ئامانجەکەی کڕینی شەرعیەتێکی بە ڕواڵەت سروشتیی سەرومێژوو و جبەخانەیەکی ئایدیۆلۆژیکە بۆ “سروشتیکردن”ی بێمافییەکی بنەڕەتیی چینایەتی. بۆ بێگانەکردنی بزووتنەوە سۆسیالیستییە کرێکارییەکانە بە کۆمەڵگا و بێبەری کردنیان لە دەرفەتی دەخالەت لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک لەم جوگرافیا دیاریکراوانەدا.
بەڵام بە پێچەوانەی ئەم وێنا و ئەفسانە ناسیۆنالیستییە، ئەم جوگرافیایانە موڵکی ناسیۆنالیزم نین؛ جوگرافیای دیاریکراون بۆ ژیانی مرۆڤ و مەیدانی ململانێی ڕاستەقینەی نێوان بزووتنەوە سیاسی و چینایەتییە جیاوازەکانن لەسەر ژیانی مرۆڤ. ئەم جوگرافیایانە لە خۆیاندا و بە ئیعتباری خۆیان، هیچ بەهایەکیان تێدا نییە. ئەوەی مەسەلەیە، لە ڕوانگەی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی کرێکارییەوە، قەدری مرۆڤ و شکۆی مرۆیی خەڵک و سەعادەت و خۆشبەختیی مرۆڤە. ئەم جوگرافیایانە بەپێی ئەوەی چ ئاسۆیەکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی دەسەڵاتی دیاریکردنی پێوەرەکانی بەسەر ژیانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەیە، دەتوانن بببنە مەڵبەندێک بۆ بێبەشی و چەوسانەوە و کۆیلایەتی، یان بە پێچەوانەوە دەتوانن ببنە مەیدانێک بۆ گەشەکردنی شارستانیەتێک و ژیانێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەتر و خۆشبەختتر. ئەو جوگرافیایەی کە تێیدا کۆیلایەتیی کرێگرتە و چەوسانەوە یاسای ژیانی سیاسی و ئابووری بێت (وەک چۆن ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا سەپاوە)، ئیتر مەسەلەی بنەڕەتیی ئەو مرۆڤایەتییەی لەو جوگرافیایەدا دەژی، بەرگری کردنە لە چەوسانەوە و بگرە ڕزگاربوونە لەم کۆیلایەتییە کرێگرتەیە لە هەمان جوگرافیادا، نەک پیرۆزکردنی ئەو جوگرافیایە.

نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی
یەکێکی تر لە بنەما ئایدۆلۆژییەکانی ناسیونالیزم، پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەییە وەک دیاردەیەکی سروشتی و تایبەتمەندییەکی زاتیی مرۆڤەکان لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا. هەندێک لە بیرمەندانی بۆرژوا هێندە زیادەڕەوی لەم تایبەتمەندییەدا دەکەن کە دەڵێن نەتەوەیی بوون وەک “دەموچاو” وایە بۆ تاک؛ واتە تایبەتمەندییەکە کە مرۆڤ لەگەڵیدا لەدایک دەبێت و سیفەتێکی بۆماوەیی و وجوودیی مرۆڤە. بەڵام ئەمە ئەفسانەیەکە. نەتەوە دیاردەیەکی سروشتی و سەروو کۆمەڵگە و مێژوو نییە. نەتەوە خولقێنراوی مێژوو و بەرهەمی ناسیونالیزمە، نەک ئەوەی تایبەتمەندییەکی سروشتی و زاتیی مرۆڤ بێت. ئەمە پێناسەیەکی ئایدۆلۆژیکی بزووتنەوەیەکی سیاسی و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی چینی بۆرژوایە کە لە مرۆڤی دەکات و دەیکاتە بنەما بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکەی.
ئەم ئایدۆلۆژیا سیاسییە، وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکی تری بۆرژوازی، لەسەر نکۆڵیکردن لە خەسڵەتی چینایەتیی ئەم ناسنامانە و ئەو بەرژەوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینانەی لە پشتەوەین، دامەزراوە. ئامانجی ئەمە تێکشکاندنی تێکۆشانی مرۆڤە بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە و شێواندنی ناسنامەی ڕاستەقینە و ڕەسەنی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی خەڵک. هەر ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بۆرژوازی، بۆ ئەوەی خۆیی بە مرۆڤەوە گرێ بدات و شەرعییەت بەدەست بهێنێت، ناچارە بنەما چینایەتییەکەی خۆی و بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی پشتەوەی بشارێتەوە. ئەمە پێش مەرجێکە بۆ خەساندن و ئیفلیجکردنی ئیرادەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی ڕاستەقینە.
کۆڵەکەیەکی تری ناسیونالیزم وەک بزووتنەوە و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی بۆرژوازی، نکۆڵیکردنە لە ڕاستییە سادەکانی ژیان و ئەو ڕاستییە سادانەی لە پشت چەوسانەوەوەن. ئەمە خەسڵەتێکی بنەڕەتی و ئەرکی ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە. وا گریمانە دەکرێت کە چەوسانەوە، هەژاری و نایەکسانی، نەک واقیعێکی کۆمەڵایەتی و بەرهەمی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و یاساکانی بێت، بەڵکو دابەشبوونێکی لەپڕ و ڕێکەوت و “پشکی” کوێرانەی سروشتی و سەروو کۆمەڵایەتییە. تەنانەت هەندێک جار لە ئایدۆلۆژیای چینی دەسەڵاتداردا، چەوسانەوە و هەژاری وەک میکانیزمێکی سروشتی بۆ پێشکەوتن و گەشەی مێژوویی و ئابووری سەیر دەکرێت. دەوترێت ئەگەر مرۆڤ ناچار نەبێت تێناکۆشێت، و بە واتایەک؛ ئەگەر دار لەسەر سەری مرۆڤ نەبێت کار ناکات و لە ئەنجامدا ڕەوتی پێشکەوتن و گەشەی مرۆڤ دەوەستێت.
بەم شێوەیە ناسیونالیزم، بە کورتکرنەوە و کەمکردنەوەی مرۆڤە ڕاستەقینەکان بۆ ئاستی یەکە بێدەموچاوەکانی کۆیەک بە ناوی “نەتەوە”، چەوسانەوە و نایەکسانیی ڕاستەقینە و ململانێی چینایەتی دەشارێتەوە و شەرعییەت بۆ تەسلیمبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کرێکار و چینە زەحمەتکێشەکان بەدەست دەهێنێت. هاوڕەنگکردن و هاوشێوەکردنی خەیاڵیی هەموو ئەو مرۆڤایەتییەی لەم جوگرافیا نەتەوەیی و وڵاتیانە دا دەژین، لە ڕاستیدا بە واتای بەدیهی و سروشتی پیشاندانی ڕاستییە سادەکانی ژیانی مرۆڤ لەم قەڵەمڕەوانەدایە؛ واتە سروشتی پیشاندانی چەوسانەوەیە.
بە مرۆڤی کرێکاری بێموڵک دەڵێت: “هەرچەندە ئێوە زیاتر و باشتر کار بکەن، ئابووریی نەتەوەیی و پیشەسازیی وڵاتەکەمان گەشە دەکات و شانازیی نەتەوەییمان گەورەتر دەبێت.” بەڵام کاتێک هەمان کرێکار و جەماوەری بێموڵک، دژی ئەو پشکەی لەو سەروەتەی بەرهەمی ڕەنجی خۆیەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و داوای شکۆ و دەسەڵاتی زیاتر لە ژیانی خۆیدا دەکات و بۆ ئەمە مان دەگرێت و ڕێکخراو دروست دەکات، دەستبەجێ نازناوی “ئاژاوەگێڕ” و “تێکدەری تەبایی و ئاسایشی نەتەوەیی” لێ دەنرێت. سوپای بۆ دەکێشرێت و دەرگای زیندان و دادگاکانی لێ دەکرێتەوە؛ لێرەدایە کە دەموچاوە قێزەونەکەی “شانازیی نەتەوەیی” و “یەکڕیزیی نەتەوەیی” دەردەکەوێت. بەم مانایە، ناسیونالیزم ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوە و ئاڵایەکی تایبەتە بۆ ڕاگرتن و بەڕێوەبردنی کۆیلایەتیی کرێگرتە لە جیهانی ئەمڕۆدا. لە هەر کوێیەک بێت، کۆنەپەرستانە و دژی ئازادی و بەختەوەریی مرۆڤە. بەو مانایە ئم جوڵانەوە و ئیدئلۆژیە سیاسیە لە ڕووی کارکردی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیەوە لە خەبات و کێشمەکێشی چینایەتی دا هارترین ۆ دڕندانە ترین بزوتنەوەی سیاسی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی بوە و هەیە لە سەرکوت و داپڵۆسینی جوڵانەوەی چینی کرێکار و مرۆڤی ئەم سەردەمە لە پێناو ڕزگاری لە چەوسانەوە و ژیانێکی باشتر. لە داهاتوودا زیاتر لە سەر ئەم کارکردە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی ناسیونالیزم لە مێژوی واقیعدا ڕادەوەستین. هەوڵ دەدەین لە پشت ئەم بە مێگەلکردنەی مرۆڤ لە پشتی دەمامکی میللەتەوە دیکتاتۆریە خوێناویەکانی مێژووی مرۆڤ، سەرکوت و داپڵۆسین گەورەکان و ئەو برینە گەورانەی کە ئەم جوڵانەوە سیاسیە خوڵقاندویەتی و کۆنەپەرەستیەک کە سەپاندویەتی و زیانێک کە بە خەباتی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی لە پێناو ڕزگاری لە کاری کرێگرتە و ڕزگاریەکی مرۆیی بنەڕەتی گەیاندویەتی، دەربکێشینە دەرەوە.