سۆشیالیزم: ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ڕزگاریی ئینسان!

توانامحەمەد نوری

What is the true Marxist tradition? - Socialist Workerنووسینی: توانامحەمەد نوری
لە جیهانێکدا کە جینۆساید، چەقبەستوویی ئابووری، جەنگی ئیمپریالیستی و کێشە ژینگەییەکان نیشانەی گەیشتنی سەرمایەدارین بە قۆناغی بەربەرییەت، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چۆن دەتوانین گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و ئینسانی بەدەست بهێنین؟
سەرمایەداری نەک هەر شکستی هێناوە، بەڵکو بووەتە بەربەست لەبەردەم پەرەسەندنی مرۆڤایەتیدا. هەموو پارتە سیاسییە تەقلیدییەکان، لە ڕاستڕەوەوە تا “سۆشیال دیموکراتەکان”، پارێزەری مانەوەی ئەم سیستەمە چەوسێنەرەن. بەشداری هەر خۆپیشاندانێک دژی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، بۆ پشتگیری فەلەستین، یان مانگرتنی سەندیکاکان بکەیت، دەبینیت خەڵک بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێن کە تەنها “ناڕەزایەتی” نەبێت، بەڵکو ئاسۆیەکی سیاسیی ڕوون بێت بۆ ڕزگاری.
کاتێک چالاکوانانی کرێکاری و ئازادیخواز دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای سیاسەتی ڕادیکاڵدا، زۆرجار دەکەونە ژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵسەوە. یەکەم کتێبی ڕادیکاڵ کە زۆربەی سۆشیالیستەکان دەیخوێننەوە، “مانیفێستی کۆمۆنیست”ە. ئەم کتێبە دیدگایەک بۆ جیهانێکی پڕ لە یەکسانی، ئازادی و ڕزگاریی مرۆڤ لە ژێر باری پێویستییە ماددییەکان دەخاتە ڕوو. بەڵام دوای تەواوکردنی، خوێنەر ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەبێتەوە کە “چەپی نافەرمی” و مێژووی سەدەی بیستەم دروستیان کردووە.
هەندێک لەم پرسیارانە پەیوەندییان بەو کەسایەتییە ناودارانەوە هەیە کە خۆیان بە کۆمۆنیست یان مارکسیست دەناساند، بەڵام لە ڕاستیدا جێبەجێکاری سەرمایەداری دەوڵەتی بوون. جۆزێف ستالین و ماو تسی تۆنگ نەک هەر ئازادییان سەرکوت کرد، بەڵکو چینی کرێکاریان لە ئیرادەی سیاسی بێبەش کرد و سیستەمێکیان بونیاد نا کە تێیدا دەوڵەت وەک خاوەنکارێکی گەورە، کرێکارانی دەچەوساندەوە.
وڵاتانی وەک چین، کوبا و ڤێتنام خۆیان وەک سۆشیالیست وەسف کردووە. بەڵام ژیانی کرێکاران و ڕەنجدەران لەم وڵاتانەدا هێشتا بە چەوساندنەوە، کاری کرێگرتە و بێمافی تایبەتمەندە. ئەوەی لەم وڵاتانەدا هەبوو، سۆسیالیزم نەبوو، بەڵکو مۆدێلێکی تر بوو بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە، کە تێیدا “قازانج” هێشتا بڕیاردەری سەرەکی بوو.
پرسیارەکانی ستراتیژیش یەکجار گرنگن. ئایا دەتوانین لە ناوەوە ڕکابەری سەرمایەداری بکەین؟ ئایا تەنها پێویستمان بە پارتە سیاسییەکانی وەک “سەوزەکان”ە تا بچنە پەرلەمان و لە ناوەوە چاکسازیی ڕووکەش بکەن؟ ئایا دەتوانین شوێن نموونەی شۆڕشگێڕانی وەک چێ گیڤارا و بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکان بکەوین؟ مارکسیزم جەخت دەکاتەوە کە ئەم بزووتنەوانە (ناسیۆنالیزمی چەپ و ڕیفۆرمیزم) نەک هەر نابنە هۆی ڕزگاری، بەڵکو کرێکار دەکەنە پاشکۆی باڵە جیاوازەکانی بۆرژوازی.
بۆ تێگەیشتن لەوەی مارکسیزمی ڕاستەقینە چییە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بیرۆکە بنەڕەتییەکانی مارکس و ئەنگڵس. مارکسیزم تەنها تیۆرێکی فیکریی ڕووت نییە کە لە مێشکی مارکسەوە هاتبێت، بەڵکو گوزارشتێکی هۆشیارانەیە لە بزووتنەوەی عەمەلیی چینی کرێکار دژی سەرمایەداری.
ئەم تیۆرە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی مارکس لەگەڵ خەباتی دیموکراسیخوازانەی ئەو کاتە و گرنگتر لەوە، لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ئەو لەگەڵ خەباتی سیاسیی کرێکارانەوە هاتە کایەوە. مارکسیزم بزووتنەوەیەکە بۆ گێڕانەوەی ئیختیار و ئیرادە بۆ مرۆڤی بەرهەمهێنەر.
ڕەنگە قووڵترینی ئەمانە، خەباتی ئەو کرێکارە شۆڕشگێڕانە بووبێت کە لە ساڵی ١٨٧١دا “کۆمۆنەی پاریس”یان بەڕێوەبرد. کۆمۆنەی پاریس مارکسی فێرکرد کە چینی کرێکار ناتوانێت ئامێری دەوڵەتی ئامادەبووی بۆرژوازی بەکاربهێنێت بۆ ئامانجەکانی خۆی، بەڵکو دەبێت تێکی بشکێنێت. ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کرێکارانی پاریس هەوڵیان دا “کاری کرێگرتە” هەڵبوەشێننەوە و ڕێکخراوی نوێی دیموکراسیی ڕاستەقینە دروست بکەن کە تێیدا جەماوەر خۆیان بڕیاردەر بن.
مارکس دەیتوانی ببینێت کە چینی کرێکار هێزێکی جەوهەریی هەیە. ئەمە تەنها بەهۆی ژمارەیانەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ڕۆڵی سەرەکییان لە ناوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا بوو. ئەم ڕۆڵە دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدات کە نەک هەر سیستەمەکە پەکبخەن، بەڵکو کۆتایی بە “نامۆبوونی مرۆڤ” بهێنن.
بە ئەنجامدانی ئەمەش، کرێکاران دەتوانن کۆمەڵگەیەکی نوێ دروست بکەن لە ڕێگەی تێکشکاندنی دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە. شۆڕشەکانی سەدەی ٢٠ و ٢١ جار لە دوای جار ڕاستیی تێڕوانینەکانی مارکسیان بۆ کۆمۆنەی پاریس سەلماندووە، بەڵام نیشانیشیان داوە کە بەبێ حیزبێکی سیاسیی کۆمۆنیستی کە ئاسۆی ڕوونی بۆ “گرتنی دەسەڵات” هەبێت، ئەم وزە جەماوەرییە بە هەدەر دەچێت.
لە پرۆسەی شۆڕشدا، کرێکاران نەک هەر جیهان، بەڵکو خۆشیان دەگۆڕن. خەباتە جەماوەرییەکان مامۆستایەکی گەورەن و ئیرادەی سیاسیی مرۆڤەکان زیندوو دەکەنەوە. ئەوان هێز و توانای ڕاستەقینەی خۆیان دەبینن و درک بەوە دەکەن کە چۆن سەرمایەداری مرۆڤی سووک کردووە.
ئەم خەباتە واقیعی سەرمایەداری ئاشکرا دەکات و دەیسەلمێنێت کە ڕێگەیەکی نوێ بۆ ڕێکخستنی ژیان (بەبێ بازاڕ و پارە) گونجاوە. شۆڕشەکان یارمەتی کرێکاران دەدەن بەسەر ئەو دابەشبوونە دەستکردانەی کە سەرمایەداری و ناسیۆنالیزم و ئایین بۆ پارچەپارچەکردنیان دروستیان کردوون زاڵ بن—وەک ڕەگەزپەرستی، سێکسیزم، هۆمۆفۆبیا و هەموو جۆرە هەڵاواردنێکی مرۆڤی.
هەرچەندە چەوساندنەوەی کرێکاران لە ناو سەرمایەداریدا بەو مانایەیە کە خەباتی چینایەتی حەتمییە، بەڵام سەرکەوتنی شۆڕشەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕوونادات. شکستە مێژووییەکان وایان لە هەندێک “سۆشیالیستی نافەرمی” کردووە کە ناوی مارکسیزم بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نا-کرێکارییەکانیان بەکاربهێنن و لە پرەنسیپی سەرەکی لابدەن.
ئەو پرەنسیپە ئەوەیە کە: ڕزگاریی چینی کرێکار دەبێت بە دەستی خودی چینی کرێکار بێت، نەک لە ڕێگەی حیزبێکی نوخبە، ڕێبەرێکی سوپەرمان، یان دەوڵەتێکی سەروو خەڵکەوە.
سێ ڕێگەی جیاواز هەن کە تێیاندا لادان لە سۆشیالیزم ڕوویداوە، کە ڕێگە بە لایەنگرانی دەدات بەردەوام بن لە بانگەشەی شۆڕشگێڕبوون، لە کاتێکدا لە واقیعدا خەریکی “چاککردنی” سەرمایەدارین. هەموو ئەمانە هێزە کۆمەڵایەتییەکانی تر (وەک بیرۆکراتەکان یان ڕۆشنبیرانی ناسیۆنالیست) دەخەنە شوێنی چینی کرێکار وەک ئەکتەری گۆڕانکاری.
یەکەم نموونە “ڕیفۆرمیزم”ە. لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، هەندێک پارت کە ناوی سۆشیالیستیان هەبوو، چینی کرێکاریان وەک هێزێکی پاسیڤ وێنا کرد کە تەنها ئەرکی دەنگدانە بۆ ئەوەی ڕێبەرەکان لە پەرلەماندا “چاکسازی” بکەن. ئەوان سۆشیالیزمیان لە ڕزگاریی مرۆڤەوە گۆڕی بۆ “بەڕێوەبردنی باشتر”ی سەرمایەداری.
ئەم سەرکردانە پێیان وابوو گواستنەوە بۆ سۆشیالیزم بەشێکە لە “پەرەسەندنی ئابووریی حەتمی” نەک شۆڕش. ئەم تێڕوانینە بنکەیەکی ماددی هەبوو؛ ئەویش “بیرۆکراسییەتێکی کرێکاری” بوو کە بەرژەوەندیی لە مانەوەی سیستەمی ئێستادا هەبوو و دەیویست وەک ناوبژیوان لە نێوان کار و سەرمایەدا بمێنێتەوە.
ئەم سەرکردانەی سەندیکا و پارتەکان، خەباتی شۆڕشگێڕانەیان بە مەترسی دەبینی بۆ سەر پێگە ئاسوودەکەیان. هەرچەندە کرێکاران زۆرجار وەک یەکەم هەنگاو ڕوو لەم بیرۆکە ڕیفۆرمخوازانە دەکەن، بەڵام ئەم پارتانە تەنها وەک “لەشکری دەنگدان” سەیری کرێکار دەکەن و باوەڕیان بە توانای خودی کرێکار بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نییە.
دووەم نموونەی شێواندنی مارکسیزم، لە ڕووسیا و لەگەڵ سەرهەڵدانی ستالینیزم وەک نوێنەری چینی بیرۆکراسی نوێ دەرکەوت. شۆڕشی ١٩١٧ کە لەسەر بنەمای دیموکراسیی ڕاستەقینەی ئەنجومەنەکان (سۆڤیەتەکان) بوو، بەهۆی شکستخواردنی شۆڕش لە ئەوروپا و گۆشەگیری و جەنگی ناوخۆوە، بەرەو پاشەکشە چوو.
ئەم دۆخە بووە هۆی سەرهەڵدانی “سەرمایەداری دەوڵەتی” لە ژێر ناوی سۆشیالیزمدا. ستالین بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئەم چینە نوێیە، هەموو ئاسۆ ئینسانی و شۆڕشگێڕییەکانی ساڵی ١٩١٧ی لەناوبرد. ستالین نەک هەر سەرکردەکان، بەڵکو “ئومێد”ی ڕزگاریی لە جەماوەر سەندەوە.
هەر لەبەر ئەمەیە تروتسکی ئاماژەی بەو “ڕووبارە خوێنە” کردووە کە لە نێوان شۆڕشی کرێکاری و ستالینیزمدا هەیە. مارکسیزم لە لایەن ستالینەوە گۆڕدرا بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستی بۆ گەشەپێدانی پیشەسازیی دەوڵەت، نەک بۆ ڕزگاریی مرۆڤ لە چەوساندنەوە.
ستالین لە ناو ڕووسیادا وازی لە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە هێنا و تیۆری “سۆشیالیزم لە یەک وڵاتدا”ی داهێنا، کە لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمێکی ڕووسی بوو. ئەم مۆدێلە تەنها توانی سەرمایەدارییەکی دەوڵەتیی ملهوڕ دروست بکات کە تێیدا کرێکاران زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەچەوسێنرانەوە بۆ ئەوەی دەوڵەت بگاتە ئاستی پیشەسازیی جیهانی.
سەرچاوەکانی ئەم گەشەپێدانە تەنها لە ڕێگەی هەڵمەتێکی گەورەی چەوساندنەوەی کرێکاران و زەوتکردنی زەویی جوتیارانەوە بەدەست دەهات. ئەمە بە تەواوی دژی ئینتەرناشناڵیزمی مارکسیزم بوو و “خۆ-ڕزگارکردنی مرۆڤ”ی گۆڕی بۆ “گوێڕایەڵی بۆ دەوڵەت”.
لەکۆتاییدا، نموونەی بزووتنەوەکانی “ڕزگاریی نیشتمانی” لە باشووری جیهانی هەیە. ئەم خەباتانە دژی کۆلۆنیالیزم، زۆرجار مارکسیزمیان وەک “ئامرازێکی ناسیۆنالیستی” بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بکەن و ببنە ڕکابەری وڵاتانی ئیمپریالیست. ئەمانە “ناسیۆنالیزمی چەپ” بوون کە سۆشیالیزمیان تەنها بۆ نێوخۆیی کردنەوەی پیشەسازی دەویست.
سەرکردایەتی ئەم خەباتانە، کە زۆرجار لە ڕۆشنبیرانی چینی ناوەند بوون، ئاسۆیەکی کرێکارییان نەبوو. ئەوان دژە ئیمپریالیزمیان خستە شوێنی دژە سەرمایەداری. بۆیە دوای سەرکەوتن، تەنها جەولەیەکی نوێی چەوساندنەوەی ناوخۆییان لە ژێر ئاڵای نەتەوەییدا دەست پێکرد.
لە هەندێک حاڵەتدا سەرکردەکان بە هۆکاری سیاسی و بۆ کڕینی پشتگیری جەماوەر، هەندێک چاکسازیی وەک پەروەردە و تەندروستییان ئەنجام دەدا، بەڵام هەرگیز سیستەمی “بەکاڵابوونی مرۆڤ”یان تێکنەدەشکاند.
هەموو ئەم سەرکردانە لە کۆتاییدا کەوتنە ژێر یاساکانی بازاڕی جیهانی و سەرمایەداری. جارێکی تر، پڕۆژەی مارکس بۆ ڕزگاریی ئینسانی، بوو بە قوربانیی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی دەوڵەت.
مارکسیزم لە مێژوودا زۆرجار بۆ مەبەستی نا-کرێکاری شێوێنراوە. ڕەخنەگرتن لەم لادانانە تەنها مشتومڕێکی سیاسی نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بزانین تەنها ئەو بزووتنەوەیەی کە ئامانجەکەی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و بازاڕە، دەتوانێت سۆسیالیزم بەدی بهێنێت.
بە جەختکردنەوە لەسەر سۆشیالیزم و چالاکیی “لە خوارەوە”، ئێمە باسی بزووتنەوەیەک دەکەین کە ئامانجەکەی مرۆڤە. ئەمە خەباتێکە بۆ دونیایەکی باشتر؛ دونیایەک کە تێیدا ئازادی و یەکسانی بێ قەید و شەرتن و مرۆڤ لە کۆیلایەتیی ئابووری ڕزگاری دەبێت و دەست دەکات بە بونیادنانی مێژوویەکی ڕاستەقینەی ئینسانی.
تێبینی: ئەم وتارە لەسەر بنەمای بابەتێکی مارتن ئیمپسۆن لە سایتی (Socialist Worker) نووسراوە، بەڵام بە دیدگای کۆمۆنیزمی کرێکاری و تیۆرییەکانی مەنسوور حیکمەت دووبارە داڕێژراوەتەوە و پەرەی پێدراوە.
ئەمەش لینکی وتارەکەیە