
حەسەن ڕەحمانپەنا
کار پێکردنی ئەم پەسەندکراوە پێویستی بە ئیمزای «جۆزێف عۆن»، سەرۆک کۆماری لوبنان هەیە و دواتر لە ڕۆژنامەی ڕەسمیدا بڵاودەکرێتەوە. دەوترێت ئیمزای سەرۆک کۆمار بە شێوەیەکی سەرەکی هەنگاوێکی تەشریفاتییە. بە کردەیی بوونی ئەم یاسایە، ماددە پەیوەندیدارەکان بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی سزای سێدارەش لە یاسای دادڕەسیی سزاییدا لە لوبنان دەسڕدرێنەوە. هەروەها بە جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکە، سەرجەم سزاکانی سێدارە، لەوانەش ئەو سزایانەی پێش پەسەندکردنی دەرچووبوون، دەکرێن بە زیندانی هەتاهەتایی.
بەپێی یاسای تازە پەسەندکراو، سزای سێدارە بۆ تاوانەکانی وەک کوشتنی ئەنقەست، خیانەت، سیخوڕی، تێرۆریزم و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، بە «زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ کارپێکردنی سەخت» جێگەی دەگیرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە ئاوڕ لە ڕابردووش دەداتەوە (عەتفی ما سەبەق دەبێت) و سزاکانی پێشتری سێدارەش هەڵدەوەشێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە سەرەتای ئەم ساڵی زایینییەوە ۸۵ سزای سێدارە لەم وڵاتەدا دەرچووە، بەڵام سزادراوان لە زیندانەکاندا ڕاگیراون و هیچ سزایەکی سێدارە جێبەجێ نەکراوە. لە وڵاتی لوبنان لە کانوونی دووەمی ساڵی ۲۰۰۴ەوە تا ئێستا هیچ سزایەکی سێدارە جێبەجێ نەکراوە؛ بەڵام دادگاکانی ئەم وڵاتە بەردەوام سزای سێدارەیان دەردەکرد. تازەترین سزای سێدارە تەنیا یەک ڕۆژ پێش دەنگدانی پەرلەمان دەرچوو. کەواتە، بڕیارە تازەکەی پەرلەمانی لوبنان، ڕاگرتنی درێژخایەنی جێبەجێکردنی سێدارە کە لە ۲۲ ساڵ پێشەوە لەم وڵاتەدا دەستی پێکردەبوو، دەکاتە قەدەغەیەیەکی یاسایی.
دەنگ و بڕیاری پەرلەمانی لوبنان لە بارودۆخێکدا دراوە کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ئێران، ڕوو لە زیادبوونە و ڕۆژانە شاهیدی جێبەجێکردنی ئەم سزا تاوانکارییە، ئەم کوشتنە حکومییە بە ئەنقەستە دژی زیندانییان و بەتایبەت نەیارانی سیاسیی دەسەڵاتین. بە وتەی «لێبوردنی نێودەوڵەتی»، تەنیا لە ساڵی ۲۰۲۵دا لانی کەم ۲۷۰۷ سێدارە لە ۱۷ وڵاتدا تۆمار کراوە کە بەرزترین ژمارەی تۆمارکراوە لە ساڵی ۱۹۸۱ی زایینییەوە. ئەو سێدارەیانەی کە حکومەتەکانی ئێران، عەرەبستانی سعودیە و یەمەن لە سەرووی ئەو وڵاتانەوە بوون کە جێبەجێیان کردووە.
شایانی باسە کە بڕیاری پەرلەمانی لوبنان لە هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لەم وڵاتەدا، لە ناو جەرگەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لاوازبوونی ڕۆڵی هەژموونگەریی کۆماری ئیسلامی فەرمانڕەوای ئێران و گرووپی سەر بەو دەسەڵاتە، واتە «حیزبوڵا»، و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی دیکە لەم وڵاتە و وڵاتانی دراوسێدا ڕەخساوە، و بە نیشانەیەکی ئیجابی لە لاوازبوونی پێگەی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت.
بڕیاری پەرلەمانی لوبنان لە هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لەم وڵاتەدا پێویستە بە سەرکەوتن و هەنگاوێکی بەرز و گرنگ لە هەڵوەشاندنەوەی کردەوەیەکی تاوانکاری و حکومی و ڕەچاوکردنی مافی ژیانی سروشتیی مرۆڤەکان لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا ئەژمار بکرێت. بەڵام ئەم کردەوە و گۆڕانکارییە تەنیا ئەنجامی دەنگی زۆرینەی نوێنەرانی ئامادەبووی دانیشتنی سێشەممە ۱۱ی ئابی پەرلەمانی لوبنان نییە. بەڵکو، لەوەش گرنگتر، بەرهەمی چەند دەیە تێکۆشانی بەردەوام و بێوچانی چالاکوانانی مەدەنی و دژی ئێعدام، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرگریکاری مافی ژیانی مرۆڤەکانە، و کورتکردنەوەی دەستی حکومەتی ئایینی و خۆسەپێنە بە یاسا دواکەوتووەکانی لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تاکە کەسی کۆمەڵگایە.
ڕووداوی دوایی لە پەرلەمانی لوبنان دەتوانێت سەرەتای گۆڕانکارییەکی گرنگ بێت لەم وڵاتە و تەواوی ناوچەکەدا لە هەڵوەشاندنەوەی سزای دژەمرۆڤیی سێدارە، گەڕانەوەی مافی ژیان و ئیرادە لە حکومەتەکانەوە بۆ کۆمەڵگا و جەماوەر، و جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت، واتە دین بۆ تاک و سیاست بۆ هەمووان.
ئەگەرچی بوونی چاوەڕوانییەکی وەها لە جێبەجێکاری بەرزترین ئاماری سێدارە لە جیهاندا، واتە کۆماری ئیسلامی وەک حکومەتێکی ئایینی، پووچ و بێهودەیە، بەڵام بوونی پێشبینی و چاوەڕوانییەکی وەها لە خەڵکی ئازارچەشتوو و لە لێواری مەرگ لر ئێران ، لە بەرەی پێشکەوتوو، چەپ، سۆسیالیست و مرۆڤدۆست، و لە ملیۆنان ژن و پیاو و پیر و گەنج کە شەو بە ئاواتی بە گۆرسپاردنی کۆماری ئیسلامییەوە ڕۆژ دەکەنەوە ، نە تەنیا ناواقیعی نییە، بەڵکو کردەیی، مومکین و لە نانی شەو پێویست ترە.
یەکێک لە پایە و کۆڵەکەکانی حکومەتە خۆسەپێن و دیکتاتۆرییەکان، لەوانە کۆماری ئیسلامی، لەسەر سێدارە دامەزراوە. ئەم کۆڵەکە داڕزیو، پیس و سەدەکانی ناوەڕاستییە دەکرێت و دەبێت بە هاوخەباتی، هۆشیاری، خۆڕێکخستنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخواز و مافخواز، لە گۆرەستانی مێژوو بنێژرێت.
۱۳ی اگوستی ۲۰۲٦