بەیاننامەی ژمارەیەک لە چالاکان و ڕووناکبیرانی کوردستان سەبارەت بە گواستنەوەی بارەگای حیزبەکان، ڕادەستکردنەوەی پەناخوازان و بەرکوتکردنەوەی سنووری ژیانیان:
كوردی ڕۆژهەڵات بە جێ مەهێڵن
مێژوو لەگەڵ ئەوانە
پێش هەموو شت پێویستە ئەو ڕاستییە وە بیر هەموان بهێنینەوە کە دەوڵەتی ئێران هەمیشە و لە هەموو بەشەکاندا سەرچاوەی نەهامەتی و شەڕی دژ بە كورد بووە، هاوكاریكردن لەگەڵ دامودەزگاكانی ئەو دەوڵەتە دیكتاتۆرەدا دژ بە حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات، بە واتای دەست تێكەڵکردنە لەگەڵ دوژمنانی كورددا. با ڕێگە بە دوژمنانی كورد نەدرێت قەیرانەكانمان لەوە ئاڵۆزتر و قووڵتر بكەنەوە.
ئەوەی لە ئێستەدا لە لایەن هەردوو باڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەرانبەر کوردی ڕۆژهەڵات دەکرێت، نە لە ڕووی ئەخلاقی و نیشتمانی و نە لە ڕووی سیاسی و ستراتیژیکەوە هەڵگری هیچ پاساوێک نییە. لە ڕووی ئەخلاقی و نیشتمانییەوە ڕەوا نییە حکومەتی هەرێم دوور لە هەموو بەها ئینسانییەکان، ژیان و ماڵ و حاڵی خەباتگێڕانی بەشێکی کوردستان بکاتە قوربانیی ویست و داوای داگیرکەر و وەکوو کۆمەڵە خەڵکێکی تاوانکار مامەڵەیان لەگەڵ بکات. لە ڕووی ستراتیژیکیشەوە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم پێیان وایە بە یارمەتیدانی دەوڵەتانی ستەمکاری دەوروبەر بۆ لەخشتەبردن و بنبڕکردنی خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان، دەتوانن کیانی هەرێم یان تەنانەت بەرژەوەندیی حیزبەکانی خۆیان بپارێزن، با دڵنیا بن کە لە هەڵەیەکی زۆر کوشندەدا دەژین. بێگومان دوائامانجی پیلانەکانی ئێران و تورکیایش، هەڵوەشاندنەوە یان لە باشترین حاڵەتدا داڕزاندنی کیانی هەرێمی کوردستانە. ئەوان وەک خۆمان چاو لە ئێمە ناکەن؛ دەزانن کە هەم دەسکەوت و هەم هەرەسهێنانی هەر شۆڕش و بەشێک دەسکەوت و هەرەسهێنانی هەموو بەشەکانە.
بە درێژایی مێژوو، نە دوژمن ئەوەندە دڕندەیی و دەستدرێژیی بۆ سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان كردووە، نە ڕەوشی ناوخۆیی كورد بەو ڕادەیە لە دژبەری و پەرتبوونی هەمەلایەنە ئازاری چێشتووە. پرسی كورد هێندە لەژێر گوشاردایە، دەشێت بڵێین یەکێک لە قەیراناویترین قۆناغەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت. شەپۆل و گەردەلوولی هێرشەكانی ئێران و توركیا سووتان و ماڵوێرانیی لێ دەكەوێتەوە، كوژران و ڕاماڵینی لێ دەبێتەوە. دەوڵەتانی ئێراق و توركیا دژ بە كوردی باكوور ڕێك كەوتوون، كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكومەتی ئێراقیش بڕیاری قڕكردنی بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتیان واژۆ كردووە. کەچی هەردوو باڵی حکومەتی هەرێم لەباتیی ئەوەی دەسەڵات و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پووچەڵکردنەوە یان هەر هیچ نەبێ کەمکردنەوەی ڕێژەی کاریگەرییەکانی ئەو پیلانە مەترسیدارانە، بۆ خۆیان بوونەتە جێبەجێکاری ڕێکەوتنی سەرتاپا دژەکوردی و ستەمکارانەی دەوڵەتە هەرێمییەکان. ئەم ئاستە لە ملکەچی و تێنەگەیشتن تەنها دەشێت نیشانەی داڕووخانێکی گەورەی سیاسی و فیکری و ئەخلاقی بێت.
ڕێكخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، بۆ جەماوەری خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردڵان و خۆشەویستن، جێگەی ڕێز و پێزانینن، گەل ئەوان بە نوێنەری خۆیان دەزانن. بێگومان هەر كردەوەیەكی ناڕەوا بۆ سەر هێزە سیاسییەكان وەك دەستدرێژی بۆ سەر خەڵكی شار و گوندەكانی ڕۆژهەڵات هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت. جەماوەری ڕۆژهەڵات ڕێككەوتننامەی ساڵی ٢٠٢٢ی نێوان ئێران، ئێراق و حكومەتی هەریمی كوردستان وەک پیلانێکی دوژمنکارانەی دژ بە خۆیان لێک دەدەنەوە. هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی هەردوو لایەنی باشوور نابێ ئەم هەڵوێستە ڕوون و ئاشکرایەی خەڵکی ڕۆژهەڵات پشتگوێ بخەن و چارەنووسی میلیۆنان کورد بکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە وەهمییە حیزبییەکان.
ئێمە وەک بەشێك لە چالاکان و ڕووناكبیرانی كوردستان، داوا لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی حكومەتی كوردستان لە هەر دوو بەشی سلێمانی و هەولێر دەكەین كە:
١. بەبێ هیچ بیانووهێنانەوەیەک، دەسبەجێ گواستنەوەی بنكە و بارەگاكانی هەرسێ بەشی كۆمەڵە بۆ سوورداش ڕابگیرێت؛
٢. بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت كۆنڤانسیۆنی ژێنێڤ، پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە پەنابەران و جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، هەرجۆرە ڕادەستكردنەوەیەکی كوردی ڕۆژهەڵات بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕابگیرێت و وەک هێڵی سوور چاوی لێ بکرێت؛
٣. ئەمنییەت و ئاسایشی سەرجەم ڕێكخراوەكانی ڕۆژهەڵات و ئاسایشی شوێنی ژیان و مانەوەی ئەندامانیان لە شارەكانی باشووری كوردستاندا بپارێزرێت؛
٤-كەرامەتی نیشتمانیی كوردی ڕۆژهەڵات لە بەرچاو بگیرێت، كێشە بۆ درێژكردنەوەی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونیان لە باشوور دروست نەكرێت و ئاسانکاری بۆ گرفتە ئیداری و داراییەکانیان بکرێت؛
٥- چیدی هیچ پلان و پێشهاتێكی نوێ دژ بە كوردی ڕۆژهەلات قبووڵ نەکرێت.
لە کۆتاییدا داوا لە خەڵکی دڵسۆز و بەئەمەگی باشووری کوردستان دەکەین گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم تاکوو کۆتایی بە دژایەتیکردنی خەبات و خەڵکی پارچەکانی تری کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵات بهێنن.
- ئەحمەد بازگر
- ئهحمهد ڕەزایی
- ئێران ئەحمەدی
- ئەحمەد ڕوستەمی
- ئيبراهيم ڕەنجكێشان
- ئایەت ئەحمەدنژاد
- ئەسعەد قەیدی
- ئیبراهیم کەریمپوور
- ئەحمەد شەریفی
- ئاوات ڕەەسوول
- بەهرام ڕەحمانی
- بەهمەن عەلیار
- بەرزان شاسوار
- تال عەلی کهریمی
- تەوفیق فەرەجی
- جەمال محەممەدڕەزایی
- جەلال جەهانی
- جەلال ناوە
- چیا بوخارایی
- جەمال ڕەحمەتی
- جەمیلە ئازادی
- جەمال مەحزوونی
- حەسەن نەقشبەندی
- حسەین محەممەدی
- حەمەی کوردی
- حشمەت مستەفا سوڵتانی
- حسەین ئەحمەدنژاد
- حاجی ئازاد
- حسین عەلیپەناە (حسەین دەشتی)
- خالق ئەحمەدنژاد
- خەبات عەلیِڕەمایی
- خەلیل غەزەلی
- حەمید زەمانی
- خالید باغیاری
- ڕەحمان غوڵامی
- ڕۆئیا مەحموودی
- ڕەحمان محەممەدی
- ڕەحمان ئەرغەوانی
- رەوف فایەقی
- ڕەسوول عەزیزیان
- ڕەفیق حوسەینپەناهی
- ڕەشید باینجۆیی
- ڕۆزا جەهانی
- ڕەوف کەعبی
- ڕەزا فەتحی
- زەردشت محەممەدی
- زەهرا محەممەدی
- زانا سەعیدزادە
- ژیان زولفەقاری
- ژیلا ڕەحمانی
- ژاڵە ئەحمەدی
- سدیق جەهانی
- سەعید ئاقایی
- سەلاح کەمالی
- سیروان هیدایەت وەزیری
- ستار فەتحی (ئەوێهەنگ)
- سەعید ڕەشیدی
- ساندرا محەممەد
- سەردار قادری
- سوهەیل حەقبەیان
- شەهین شەهلایی
- شەهرام ئەمانەتی
- شەمسەدین ئەمانەتی
- شاهو نەمەتی
- عەتیفە مازووجی
- عەدنان حەسەنپوور
- عەباس وەلی
- عەباس ڕەزایی
- عەلی بوزورگپەناە
- عەزیز ڕەزایی
- عەزیز ماملێ
- عیماد موکتووبی
- عەلی دەروێشی
- عەتا حوسەینی
- غوڵام گەوهەری
- غوڵام حسەینپەناهی
- فەرهاد ڕەسوولی
- فەڕوخ مەعانی
- فەرهاد نادر مەحموودی
- فەرشيد غەفاري
- فارووق محەممەد
- قادر ڕەحیمی
- قادر سەمەدی
- کەمال مورادی
- کەریم ئەمانی
- کەمیا ئەسەدی
- کەژاڵ بلووری
- کانی کەریمپوور
- کەریم ئازەرگوون
- کامران ئەمینئاوا
- گێلان هارکی
- گەلاوێژ عەبدوڵڵازادە
- لالە محەممەدی
- لەیلا موروەتی
- محەممەدفەرهاد ڕەسوولی
- مهاباد ئەمەدی
- مێهرانە جەهانی
- مەسعوود کەریمی
- مەنسوور عەباسی
- موحسین ڕەحیمی
- مریەم ئەفراسیاوپوور
- مەلەکە مستەفا سوڵتانی
- مزەفەر ئەحمەدی
- محەممەد خاکی
- محەممەد فارووقی
- مەولوود ئەسکەندەری
- مەحیە ئیرەجی
- نادر ئەحمەدی
- نەسرین بەهمەنی
- نوسرەت کوردنژاد
- نەستەرەن ئیبراهیمی
- ناهید نەبەوی
- ناسر بایزیدی
- وریا ڕوستەمی
- وریا محەممەدی
- هاوژین بەقاڵی
- هیوا ساعیدی
- هەڵاڵە محەممەدی
- هێرۆ فەقێ بۆکانی
- هیوا مەجیدزادە
- هیدایەت قادری
- یووسف ئەردەڵان
- یەحیا دەوەنداری
- پەرویز ڕەحیمزادە
- پەروانە ئەحمەدی
- پەروین ئەرغەوانی
واژو کردنی بەیاننامەكە بەم مایله ی خوارەوە بنیرن
bayaniechalakan@gmail.com