چارەنووسی ئێران لە مەیدانی شەڕدا!

عەبدولڕەحمان گەورکی

عەبدولڕەحمان گەورکی:   
بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، چارەسەری پشتیوانیکردن لە گەل و بەرخۆدانی ئێران پێش دەکەوێت لە رێگاچارەکانیتر و خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا دەسەپێنێت. هەرچەندە سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆری مەزهەبی و شەڕی دەرەکی لە دژی ئەم دیکتاتۆرییە، تێچوویەکی زۆری خستۆتە سەر خەڵکی ئێران و گیانی سەدان هەزار ئێرانی و ملیارەها دۆلاری لە سەرمایەی خەڵکی ئێران تەرخان کردووە بە خۆیەوە، بەڵام راستییەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئێران لە کۆتاییدا خۆی بەسەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی لایەنەکانی شەڕدا دەسەپێنێت و “ئێرانی ئازاد” بەدی دێت.
کاریگەری ئێران لەسەر جیهان
لە کاتێکدا ئەم دوو هێڵە سیاسییە و چالاکیی هەڵگرەکانیان بەردەوامە، خوێن لە جەستەی خەڵکی ئێران و بەرخۆدانی ئێران دەچۆڕێت و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش سەرخۆشن لەو جۆرە هەنگاوانە و رۆژ نییە خەڵکی ئێران و بە تایبەتی لاوانی ئێرانی لە سێدارە نەدەن و نەیانکوژن. رەنگە کەم کەس گومانیان لەوە هەبێت کە گۆڕانکاری لە ئێران، ببێتە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەکە و لە جیهاندا. بەڵام یەکلاییکردنەوەی پرسی ئێران، زۆرێک لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەگۆڕێت.
لە ئێستادا رژێمی ئێران پەلەقاژەیەتی بۆ مانەوە لە دەسەڵات و خەڵکی ئێران، هەروەک چۆن لە راپەڕینی مانگی بەفرانباری نیشانیان دا، لە هەوڵی رووخاندنی دەسەڵاتدان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی. هەر لەبەر ئەمەشە کە دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە. ئەمەش بە روونی بە دۆخی ئەم رژێمەوە بەرچاو دەکەوێت.
ئاوڕدانەوەیک لە ئێران
باری ژیانی خەڵکی ئێران خراپتر بووە. بەرخۆدانی گەل لە هەموو بەشەکانی وڵات تەشەنەی کردووە و گوشارە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیش بۆ سەر رژێم زیادی کردووە. ئەمەش وایکردووە شەڕە گورگی ناو دەسەڵات زیاد بکات. موقاومەتی خەڵکی ئێران هەر لە سەرەتاوە رایگەیاندووە کە نە “سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی” و نە “شەڕی دەرەکی لەگەڵ ئەم رژێمە” ناتوانێ ببێتە هۆی “گۆڕینی رژێم لە ئێران”. بەڵگە و راستییە زۆر روونەکان شایەدی ئەوە دەدەن کە رژێم لە دووڕیانێکدایە کە هیچ رێگایەکی بۆ پێشەوە یان بۆ دواوە نییە.
دیکتاتۆریەتێک کە خۆازیاری شەڕە
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبیری ناچێت کە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا خوازیاری شەڕە بە ئێستایشەوە بۆ پەردەپۆشکردنی کێشە ناوخۆییەکانی و بە تایبەتی رووخاندنی دەسەڵات. ئەم رژێمە خەڵک سەرکوت دەکات و ئازادیخوازان لە سێدارە دەدات و دیانکوژێت و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، بە ئامانجیان دەگرێت و دەیانکاتە قوربانیی تیرۆریزمی خۆی. کە وایە باشترە پێش ئەوەی درەنگ بێت، رژێمی ویلایەتی فەقێ بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنرێت. پێویست ناکات کارێکی سەیر بکرێت. تەنها پێویستە دان بە مافی بەرخۆدانی خەڵکی ئێراندا بهێنرێت. ئەمە نەک تەنیا بۆ خەڵکی ئێران، بەڵکو بۆ خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش بژاردەیەکی باشترە. تێبگەن و کاری بۆ بکەن کە سبەی رەنگە درەنگ بێت!
لە راستیدا رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران تەنها لە راپەڕینی گەل لە ناوخۆی ئێران دەترسێت. سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە و شەڕی دەرەکی لەگەڵیدا، خزمەت بە مانەوەی دیکتاتۆرییەت دەکات لە ئێران. ئەم رێگایە بە ئەزموون کراوە و تاقی کراوەتەوە. شەڕی دەرەکی لەگەڵ ئەم رژێمە تەنیا دەتوانێت شەڕە گورگی ناو دەسەڵات توندتر بکاتەوە و بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران خراپتر بکات. بەڵام نابێتە هۆی گۆڕینی رژێم.
نابێ دەرفەت بە رژێمی ئێران بدرێت
پێویستە هەمیشە ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین کە پێدانی دەرفەتی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە، نەک هەر دەبێتە هۆی رژانی خوێنی زیاتری خەڵکی ئێران، بەڵکو دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و دەبێتە هۆێ هاتنە پێشەوەی رژێمی ئێران. بە واتایەکیتر دەکرێت کاربەدەستانی ئەم رژێمە و لەوانە وەلێ فەقێ بکوژیت و ئابوری وڵاتیش لە ناو ببریت، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئەم کردەوانە رژێمی ئێرانی پێ ناڕووخێنرێت. واتە کوشتن و لەسێدارەدانی زیاتر لە ناوخۆی ئێران و تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. بۆیە نابێ دەرفەتی هەناسەدان بە پاشماوەی ئەم رژێمە بدرێت. خەڵکی ئێران توانای رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێرانی هەیە.
بێ هۆ نییە کە رژێمی ئێران کرێگرتەکانی خۆی لەسەر شەقامەکانی شارەکانی ئێراندا هێشتۆتەوە، بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لە راپەڕینی گەل و پێش بە خەبات و تێکۆشانی گەل بگرێت لە ناوخۆی ئێراندا. تایبەت بە شەڕ و مانەوەی ئەم دەسەڵاتە لە دوای شەڕەکە. تەنانەت ژمارەیەک لە لایەنگرانی ئەم رژێمە، درووشمی “مەرگ بۆ سازشکار”یان لە دژی (مەسعود پزشکیان) و (محەمەدباقر قالیباف) وتەوە و بەردیان تێگرتن. لە کۆی ٨٤ ئەندامی مەجلیسی کارناسانی رژێم (خیبرەگان)، ٦١ کەسیان دژایەتییان کرد لە بەرامبەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان رژێم و ئەمریکا. هەر ئەم درزە لە ناو ریزەکانی سوپای پاسداران و بەسیج و باقی فەرماندەراندا هەیە و درێژ بووەتەوە.
سەفەری خانمی رەجەوی بۆ ئیتاڵیا
خانمی مریەم رەجەوی کە لەمدواییانەدا و لەسەر بانگهێشتی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی ئیتالیا سەفەری ئەو وڵاتەی کرد، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە “بۆچی رژێمی ئێران تووشی ئەم قەیرانانە بووە و بۆچی ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات؟” ئاماژەی بە دوو فاکتەر کرد: “ئامادەیی کۆمەڵگای ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی راپەڕینەکان” لەدژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و “کەوتنە مەترسیی هەژموونی رێبەری ویلایەتی فەقیهی”.
چەقبەستوویی بێ دەرمانی رژێمی ئێران
ڕێبەرانی ئەم رژێمە پێیان وایە تاکە رێگا بۆ رێگریکردن لە راپەڕینەکان، شەڕی دەرەکی و سەرکوتکردنی ناوخۆییە. هیچ رێگایەکیان نییە بەرەو دواوە یان بەرەو پێشەوە. هەر ئەمەش وایکردووە کە رژێم لە نێوان کۆتاییهێنان بە شەڕی دەرەکی و ئاگربڕ، یان درێژەدان بە شەڕ گەیشتووەتە چەقبەستوویی. دوای مردنی خامنەیی باوک، کوڕەکەی خامنەیی تەنیا بە کەڵک وەرگرتن لە شەڕ و بارودۆخی نائاسایی توانی ببێتە وەلی فەقێ. لانیکەم ٤٠ مەلای ئەندام لە ئەنجومەنی شارەزایان (خیبرەگان) کە ٨٤ ئەندام پێکهاتووە، رەتیانکردەوە دەنگی پێبدەن.
هەروەک ٤٨ ساڵی رابردوو، هەژموونی وەلی فەقێ لەسەر بناغەی سەرکوتی ناوخۆیی و بەرنامەی ئەتۆمی و هەناردەکردنی شەڕ و تیرۆر دامەزراوە و هەر پێداچوونەوەیەک بەم ستراتیژە بە هێڵی سوور دانراوە. ئەوان پێیان وایە هەر پاشەکشەکردنێک، دەبێتە رووخاندنی زووتری رژێم.
ناکرێت لەگەڵ رژێمی ئێران سازان هەبێت
هەربۆیە رژێمی ئیران هەرگیز لە گرتن و لەسێدارەدان و لە بەردەوامبوونی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانیتر پاشەکشە ناکات. بەڵام لە بەرامبەر راپەڕین و بەرخۆدانی رێکخراودا لاوازە و بەرگە ناگرێت.
ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت، خەبات دەکات بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای سەروەری گەل، جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، یەکسانبوونی ژن و پیاو، ئۆتۆنۆمی نەتەوەکان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.