عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
رژێمی مەزهەبیی ئێران لە یەکەم رۆژانی هاتنە سەرکارییەوە، نەک هەر باوەڕی بە ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و پێکەوەژیان نەبووە، بەڵکو پێکهاتە و بناغەکەی لەسەر شەڕخوازی و سەرکوتکردنی ناوخۆیی و هەناردەکردنی تیرۆر و توندوتیژیی ئایدیۆلۆژی بووە. کارنامەی چوار دەیەی ئەم رژێمە پڕاوپڕە لە تیرۆر، بۆردومان و شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بە تایبەت لە دژی هێزی سەرەکی موقاومەتی ئێران، واتا سازمانی موجاهیدینی خەلق و ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت. بۆ رژێمێکی وا، دانوستان ئامرازێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی، بەڵکو شێوازێکە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و کڕینی کات. کات بۆ تەیاربوون و فراوانکردنی نفوز و لاوازکردنی لایەنی بەرامبەر و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندی خۆی و دواجاریش مانەوەی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێراندا.
ئەزموونی دانوستانەکانی ئەم رژێمە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمریکا، بە روونی نیشانی داوە کە حکومەتی ئێران هەرگیز بە نیازێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەهاتووەتە سەر مێزی دانوستان. کاتێک دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت و بتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت، ئامادەیە دانوستان بکات. بەڵام ئەگەر هەستی کرد لایەنی بەرامبەری بە هێزە، خۆی لێ لادەدات و دەست دەکات بە مانۆڤرکردن و داتاشین شتی لابەلا و چەواشەکاری و یان پاشەکشە دەکات. نموونەیەکی روونی ئەم تاکتیکە لە پرۆسەی دانوستانی ئەتۆمیدا دەبینرێت. ئەو دانوستانانەی کە لە سەرەتاوە بە ئامانجی کڕینی کات بۆ پێشخستنی بەرنامە نهێنییەکانی چەکی ئەتۆمی ئەنجامدرا.
ئەم دەسەڵاتە هەرگیز دەستبەرداری بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نەبووە. چەندین جار هەوڵی داوە لە رێگەی ساختەکاری و نهێنی کاری و فێڵکردن، پڕۆژەکانی خۆی لە چاوی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بشارێتەوە. بەڵام موقاومەتی ئێران بە ئاشکراکردنی ناوەندە نهێنییەکانی بەرهەمهێنان و دروستکردن و پەرەپێدانی ئەتۆم، رۆڵی پێشەنگ و یەکلاکەرەوەی لە خۆی نیشان داوە. ئەو زانیارییە وردانەی کە لەلایەن سازمانی موجاهیدینیەوە بڵاوکراونەتەوە، بنەمای زۆرێک لە لێکۆڵینەوە و راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بووە. کاربەدەستانی رۆژئاوا و تەنانەت سەرۆکەکانی ئەمریکاش بە راشکاوی، بەبێ ئەوەی ناوی موجاهیدین بهێنن، باسیان لە رۆڵی موقاومەت ئێران کردووە لە ئاشکراکردنی چالاکییە ئەتۆمییە نهێنییەکانی رژێم.
ئەمڕۆ هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لە بەرامبەر رژێمی ئێرانیشدا گۆڕانی توندی بەخۆوە بینیوە. نەمانی دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد لە سوریا، لاوازبوونی توندی حیزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن و پەراوێزخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، بە روونی نیشان دەدات کە هێزە نیابەتییەکانی ئەم رژێمە یەک لە دوای یەک کەم دەبێتەوە. رژێمی ئێران لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە لە مێژوودا. ناسەقامگیری دەسەڵات لە ناوچەکەدا، هاوکات لەگەڵ فشارە ناوخۆییەکان، گەمارۆدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی رژێمی ئێرانی توندتر کردووە.
بەڵام گرینگترین قەیرانی رژێمی ئێران لە دەرەوە سنوورەکان نییە، بەڵکو لە ناوخۆی وڵاتدایە. راپەڕینە جەماوەرییە بەربڵاوەکانی ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٢ نیشانیدا کە زۆرینەی خەڵکی ئێران ئەم حکومەتەیان ناوێت. هاواری “مردن بۆ دیکتاتۆر” دژی تاکەکەس نییە، بەڵکو دژی تەواوەتی رژێمی ویلایەتی فەقیهی و حکومەتی ئایینییە. لە وەها هەلومەرجێکدا ئەو هێزە سەرەکییەی نوێنەرایەتی راپەڕین دەکات و سازدەر و رێکخەری ئەم راپەڕینەیە، (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)ە و بەتایبەتی (ناوەندەکانی شۆڕش)، کە ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ئێراندا چالاکن. واتا ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەی موقاومەتی کە لە ناوخۆی ئێراندا پێی لەسەر زەمینە و رۆڵی سەرەکیی هەیە، کە زۆرێک لە نەیارانی رژێم لە دەرەوەی وڵات هێزی لەو جۆرەیان نییە.
خەڵکی ئێران باش لەوە گەیشتوون کە ئایندەی وڵاتەکەیان پەیوەستە بە رووخاندنی ئەم رژێمەوە. ئەوان خوازیاری کۆمارێکی دیموکراتیک و نامەزهەبین. هەربۆیە ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بە پلاتفۆڕمەکەی خۆی لە (10) خاڵدا، (کە بریتییە لە جیاکردنەوە مەزهەب لە دەوڵەت، مافی یەکسانبوونی ژنان و کەمینەکان، لەوانەش نەتەوە چەوساوەکان، سەروەری یاسا و هەڵبژاردنی ئازاد)، وەک تاکە بەدیلێکی جیددی و جەماوەری و شەرعی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی ئێران دەرکەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە، “سیاسەتی سازان” کە ساڵانێکە وڵاتانی رۆژئاوا پەیڕەوی لێدەکەن، ئەمڕۆ گەیشتووەتە بنبەستێکی تەواو. هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە رژێمی مەزهەبیی ئێران نە چاکسازی هەڵدەگرێت و نە کۆنترۆڵ. کاتی ئەوە هاتووە رۆژئاوا پشتیوانی لە خەڵکی ئێران و موقاومەتەکەیان بکات، لەبری ئەوەی تەسلیمی دانوستانە بێ ئەنجامەکان بن. دەستنیشانکردنی سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی، داننان بە مافی رەوای موقاومەت بۆ خەڵکی ئێران و پچڕاندنی پێوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ رێژیمێک کە تا سەر ئێسک تیرۆریستە، هەنگاوی گرینگن بۆ پشتیوانیکردنی راستەقینەی ئیرادەی خەڵکی ئێران.
لەکۆتاییدا،
دواجار رژیمی ئێران چ سازش بکات چ رێبازی شەڕ بگرێتەبەر، ئایندەی ئێران روونە: ئەم رژێمە دەڕوخێنرێت و حکوومەتێک جێی دەگرێتەوە کە لەسەر بنەمای ئازادی و مافی مرۆڤ و ئیرادەی گەل دامەزرابێت. ساڵی ١٤٠٤ (٢٠٢٥) دەتوانێت ساڵی چارەنووس بێت. ئەو ساڵەی کە خەڵکی ئێران لە رێگەی موقاومەتی خۆیانەوە کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتی خۆیاندا دەهێنن.
***