37
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە هاوڕێ عەبدوالله شاڵچی، ناسراو بە «عەبە تاران»، کادری لەمێژینە و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی پێشووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی دسامبری ٢٠٢٥ لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین کە هاوڕێ عەبدوالله شاڵچی، ناسراو بە «عەبە تاران»، کادری لەمێژینە و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و ئەندامی پێشووی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی دسامبری ٢٠٢٥ لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.هاوڕێ عەبدوالله لە دایکبووی شارای تاران لە ساڵی ١٣٣٠ هەتاوی و هەڵسوڕاوێکی ناسراوی چەپ و کۆمۆنیست بوو. هەر لە سەرەتای تازەلاویەتییەوە، لە ساڵەکانی ١٣٤٠ی هەتاوی دا، ڕووی لە چالاکی سیاسی دژی دەسەڵاتی پاشایەتی کرد و ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی بۆ ژیانێکی باشتر لە ڕێبازی سۆسیالیسمدا دیتەوە، ڕێبازێک کە ئەو کاتە بەشێکی زۆر لە لاوان و خوێندکارانی زانکۆکانی ئێرانی بەرەوخۆی ڕاکێشابوو.
بەهۆی چالاکی پەیگیر و بەردەوامییەوە، هاوڕێ عەبە تاران لەلایەن ساواکەوە وەک کەسایەتییەکی مەترسیدار بۆ دەسەڵاتی حاکم ناسێندرا، هەربۆیه دەستبەجێ دەستبەسەر کرا، بۆ چەندین ساڵ خرایە بەندیخانەوە و کەوتە ژێر قورسترین ئەشکەنجە و ئازارەوە. ئەگەرچی لە ئەنجامی ئەشکەنجە دڕندەکاندا لاقی ڕاستی تا ئاستی بڕینەوە شێوێنرا و ئەندامەکانی تری لەشی هەڵگری برینی ساڵڕێژنەکراو بوون، بەڵام جەلادانی ڕژیمی شا نەیانتوانی ورە و باوەڕی بەرزی هاوڕێ عەبدوالله بڕوخێنن و پاشگەزی بکەنەوە لە خەبات بۆ ڕزگاری و گەیشتن به ژیانێکی شیاوی ئینسانی. هاوڕێ عەبدوالله لە بەندیخانەدا وەک کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگای متمانە لای بەندکراوانی سیاسیی تر ناسراو و ورەبەخش بوو.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران، هاوڕێ عەبدوالله دەستبەجێ پەیوەست بوو بە ڕێزی شۆڕشەوە و وەک چالاکێکی دیاری ئەو سەردەمە ناسراو بوو. هەر لە ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٧ی هەتاوی) دا بە هۆی ئاشنا بوون لە گەڵ ڕێبەرانی ئەو کاتی کۆمەڵە چ بەر لە زیندان و چ دوای زیندان، لە وانە کاک فواد موستەفاسوڵتانی، تێکەڵاوی کۆمەڵە بوو و ماوەیەک ئەندامی کومیتەی تارانی کۆمەڵە بوو. لە ساڵی ١٣٦٠ بە دوای هێرشی بەربڵاوی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هێزە سیاسییەکان، ڕووی له کوردستان کرد و پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە و بوو بە یەکێک لە کادرە هەرەتێکۆشەرەکانی کۆمەڵە.
زۆری نەخایاند کە لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا هاوڕێ عەبدوالله بوو بە سیمایەکی خۆشەویست و ناسراو و جێگای متمانە. بە ڕووخۆشی و بڕوا بە خۆبوون و بێ ڕاڕا بوون لەسەر باوەڕ بە خەباتی چینایەتی و ئاسۆی سۆسیالیسم، بەرەو پیری دژوارییەکانی خەباتەوە دەچوو و هیوای دواڕۆژی سەرکەوتن لای هاوسەنگەران و جەماوەری خەڵکی بەهێز دەکرد. لەماوەی چالاکییەکانیدا لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، هاورێ عەبە تاران گەلێک بەرپرسیارییەتی و ئەرکی لە ئەستۆ بوو کە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە سەرجەمیانی ڕادەپەڕاند و بە ئەنجامی دەگەیاندن.
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پادشایەتی له ساڵی ١٩٧٩، کوردستان بوو بە سەنگەرێکی گرینگی شۆڕش و ڕیزەکانی کۆمەڵە بوو بە سەنگەری هەزاران چالاک و هەڵسوڕاوی چەپ و کۆمۆنیست لە هەموو ئێران، کە هاوڕێ عەبە تاران یەکێک لەوان بوو. لەخۆبوردوویی و دڵسۆزی ئەم نەسڵە لە خەباتکارانی چەپ و کۆمۆنیست کاریگەرییەکی حاشاهەڵنەگری هەبوو لە پێشخستنی خەباتی ڕادیکاڵ و پێشکەوتووخوازانە دژی کۆماری ئیسلامی. کاریگەرییەک کە سەرمایە به نرخەکەی لە تێکۆشان و خەباتی ئێستای خەباتکارانی کوردستان و هەموو ئێراندا دەبینرێت. ئەم تێکۆشەره ئینترناسیۆنالیستانه، کە کوردستان و کۆمەڵەیان وەک سەنگەری خەباتی خۆیان هەڵبژاردبوو، سەرچاوەیەکی گرنگی ئەو ڕادیکالیزمە بوون کە دواتر هەموو ئێران و بە تایبەتی کوردستانی داگرت و سۆسیالیسمی کرد بە دروشم و ڕێبازێکی جەماوەری و هەزاران چالاکی لەم ڕێگایەدا پەروەردە کرد.
جێگای ئاماژەیە که دوو برای هاوڕێ عەبە تاران، واتا هاوڕێیان بهروز و محەمەد، دواتر پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵە و ئەوانش ساڵانێکی زۆر له ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا خەباتیان کرد. بەداخەوە، هاوڕێ بهروز لە ساڵی ١٣٦٥ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و هاوڕێ محەمەدیش بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی کانادا گیانی لەدەست دا.
ئێمە لەلایەن سەرجەمی ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی خۆمان بۆ خەباتی درەخشاوی هاوڕێ عەبە تاران دەردەبڕین و بە ڕێزەوە دەڕوانینە ئەو زەحمەتانەی کە بۆ ڕزگاری لە کۆت و بەندی چەوساندنەوەی دوو ڕژیمی پاشایەتی و ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداری کێشا. دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین ئەزموونی خەباتی هاوڕێ عەبە تاران و ئەو سۆسیالیستانەی تر کە له ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا ژیانیان بۆ ڕزگاری لە چەوساندنەوە تەرخان کرد، ڕێنوێن و ورەبەخشی ئێستا و دواڕۆژن.
بەرز و بەرەز بێت یاد و بیرەوەرییەکانی هاوڕێ عەبدوالله شاڵجی (عەبە تاران)!
بەردەوام بێت ڕێگا و ڕێبازی!
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
٢٤ دسامبری ٢٠٢٥