ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ موستەفا بەهمەنی

نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگادار بووین که هاوڕێ موستەفا بەهمەنی، ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و پێشمەرگە و کادیری دێرینی کۆمەڵه، بە هۆی نەخۆشییەوە ڕۆژی ١٤ی مانگی نوامبری ٢٠٢٥، لە وڵاتی هولەند ماڵئاوایی له ژیان کرد. هاوڕێ موستەفا ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. لە خێزانێکی سیاسیدا گەورە و پەروەردە بوو و هەر لە تەمەنی تازەلاویەتییەوە لەگەڵ سیاسەت ئاشنا بوو. دوکتور بەهمەنی، باوکی هاوڕێ موستەفا، بە هۆی هاوکارییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی ساڵەکانی ١٣٤٦-١٣٤٧ی هەتاوی و دۆستایەتی لەگەڵ خەباتکارانی وەک سولەیمان موعینی، ساڵانێکی زۆر خرایه بەندیخانەی ڕژێمی پادشایەتی. هاوڕێ موستەفا خوێندنی باڵای لە زانکۆی کشتوکاڵی شاری کەرەج تێپەڕاند و لەهەمان کەش و هەوای سیاسی ئەو سەردەمەی زانکۆکانی ئێراندا هەستی خەبات و تێکۆشان سیاسی دژی زوڵم و چەوساندنەوە پەرەی سەند. هەر لەم سەردەمەشدا بوو که لە گەڵ هاوڕێی گیانبەختکردوو محەممەد حسێن کەریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، ئاشنا بوو. هەر لەم قۆناغەش دا بوو کە بیرۆکەی چەپ و کۆمۆنیستی هاوڕێ موستەفا گەشەی کرد و بەڕێزیان خۆی وەک چالاکێکی ئەم ڕەوتە سیاسی و فیکرییه پێناسە دەکرد.
 
هاوڕێ موستەفا هەر لەسەر بنەمای ئەم ڕەوتە سیاسی و فیکرییەش، دۆخی کۆمەڵگای ئەو سەردەمی ئێران و کوردستانی دەخوێندەوە و بەو سەرەنجامە گەیشت که ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیستی ئەوکات پێویستە بە شێوەیەکی زیاتر ڕێکخراو و یەکگرتوو لە دژی هەلومەرجی ئەو سەردەمه خەبات بکات و خۆی ڕێک بخات. لەم ڕووەوە هاوڕێ موستەفا هاوکاری خۆی لەگەڵ سیما چالاکەکانی ئەوکاتی ڕوەتی چەپ و کۆمۆنیستی پەرە پێدا و بەدەربەست ڕووی کردە کۆڕ و کۆمەڵی کرێکاری و خۆی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی زەحمەتکێشاندا تێکەڵ کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ئێران دژی دەسەڵاتی پادشایەتی، چالاکییە سیاسییەکانی هاوڕێ موستەفاش پەرەی سەند و دەوری لە نێو هەڵسوڕاوانی سیاسی ئەو سەردەمەی کۆمەڵەدا، کە هێشتا وەک ڕێکخراوێکی سیاسی بوونی خۆی ڕانەگەیاندبوو، دیار بوو.
 
لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی و دەستپێکردنی چالاکی ئاشکرای کۆمەڵه، هاوڕێ موستەفاش بە فەرمی پەیوەست بوو بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە و لە نێو جەماوەردا وەک یەکێک لە ناسراوترین و چالاکترین کادیرە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە ناسرا. لەگەڵ پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هاوڕێ موستەفا بوو بە پێشمەرگە و لەم بوارەشدا توانایی و لەخۆبوردوویی بێ وێنەی له خۆی نواند و لە یەکێک لە بەرەکانی شەڕ دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوو. وێڕای بریندار بوون، هاوڕێ موستەفا بەو پەڕی ورە بەرزییەوە درێژەی بە خەبات دا و بێ ڕایایانە وەک چالاکێکی جێگای متمانەی هاوڕێیانی لە هیچ تێکۆشان و لەخۆبوردویێک درێغی نەکرد.
 
سەرەنجام هاوڕێ موستەفا ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی هولەند نیشتەجێ بوو. بەڵام نیشتەجێ بوون لە دەرەوەی وڵات نەبووە هۆی کشانەوەی هاوڕێ موستەفا لە خەباتی سیاسی، بەڵکوو هەروا ورە بەرز و دڵسۆزانە درێژە بە چالاکییەکانی خۆیدا و تا دوایین ساتەکانی ژیانی خۆی بە تێکۆشەرێکی کۆمۆنیست و چالاکێکی پڕ له شانازی کۆمەڵە دەزانی. کۆمەڵەیەک که ئەو بۆخۆی یەکێک لە دیارترین خوڵقێنەرانی ڕێباز و مێژووە پڕ لە شانازییەکەی بوو و تا کۆتایی ژیانی بەو ڕێباز و مێژووە وەفادار مایەوە.
 
ئێمە وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی هاوڕێ موستەفا بەهمەنی و بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکانی، درێژە بەو ڕێبازە دەدەین کە ئەم هاوڕێیه ئازیزە دڵسۆزانە خەباتی بۆ کرد. هەر لێرەشەوە سەرەخۆشی دەکەین لە سەرجەم بنەماڵەی ئازیزی، بەتایبەت هاوڕێ هاجەر هاوژینی هاوڕێ موستەفا و منداڵەکانی سەرگوڵ، گەزیزە و سۆما.
 
بەرز و بەڕێز بێت یادی ئازیزی هاوڕێ موستەفا بەهمەنی!
نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات
١٥ی نوامبری ٢٠٢٥

لێدوانێک بەجێ بهێلە