سەرمایەی ئەندێشەیی و کۆمەڵگەی نمایش ‪-‬ بەشی دووەم

ئەکرەم سەعید

ئەکرەم سەعید:

لە بەشی یەکەمدا ڕوونمان کردەوە کە چۆن سەرمایەداریی ئەمرۆ گەشەی کردووە بۆ ئاستێک کە تایبەتمەندییەێکی هەیە مارکسییەکان پێی دەڵێن «داراییبوون» یان سەرمایەی ئەندێشەیی، واتە بازاڕە داراییەکان و بۆرسەکان کە بەڕێوەبەرایەتیی تریلیۆنان دۆلار دەکەن، کە لە ئابووریی ڕاستەقینە جیابووەتەوە، کە مرۆڤەکان تێیدا دەژین و کاڵای تێدا بەرهەم دەهێنن. ئەم دیاردەیە لە ڕووی فەلسەفی و ئابوورییەوە بە «جیهانی سێبەرەکان» دەناسرێت؛ کە تێیدا بەهای کۆمپانیاکان بە بەهای نمایشکارییان لە بۆرسەدا دەپێورێت، نەک بە توانای بەرهەمهێنانیان. بۆ نموونە ئیلۆن ماسک دەبێتە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، نەک لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی زیاتر لە تۆیۆتا بەرهەم دەهێنێت (چونکە تۆیۆتا چەندین هێندەی تێسلا بەرهەم دەهێنێت)، بەڵکو لەبەر ئەوەی پشکەکانی تێسلا لەسەر بنەمای ئەندێشە، سەرکێشیی دارایی و نمایشکردنی داهاتوویەکی مەحاڵ دامەزراون. بەڵگەی مارکس لێرەدا سەبارەت بە سەرمایەی ئەندێشەیی و زێدەبایی بەڵگەیەکی بلیمەتانەیە؛ بیرۆکەکە لەسەر ئەوە وەستاوە کە سەرمایەدار سەرەتا ڕەنج و ماندووبوونی کرێکار لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەدا دەدزێت؛ بەڵام ئەوەی کە چۆن دزەکان (سەرکێشە داراییەکان، بانکەکان، و خاوەن پشکەکان ‪-‬ سەرمایەی ئەندێشەیی) ئەم دەستکەوتە لە ڕێڕەوەکانی بۆرسەدا لە ڕێگەی ئامرازەکانی سەرمایەی ئەندێشەییەوە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، واقیعی چەوسانەوەی بنەڕەتیی کرێکارەکە ناگۆڕێت.

لەم ڕووەوە، سۆسیالیستەکان پێیان وایە کاتێک باندێک کێڵگەکەت دەسووتێنن، دەست بەسەر موڵک و ماڵتدا دەگرن و خزمەکانت دەڕفێنن، ئیتر نابێت بۆت گرنگ بێت کە چۆن دزەکان ئەم دەستکەوتانە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. ئەمەش وەسفێکی وردی تێزی مارکسە دەڵێت: ”ئەگەر سەرمایەدار خاوەنی ئەو سەرمایەیە بێت کە کرێکاران کاری پێدەکەن، ئەوا تەواوی زیادەباییەکە دەخاتە باخەڵی خۆیەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک بۆ کرێکار گرنگ نییە کە ئایا سەرمایەدارەکە هەموو شتێک بۆ خۆی دەهێڵێتەوە، یان ناچارە بەشێکی بداتە کەسی دوەم و سێیەم”.

بێگومان، هەرچەندە زۆرینەی چینی کرێکار خاوەنی پشک نین لە بۆرسەدا یان دراوە دیجیتاڵییەکان (کریتپۆ)، و لەبەر ئەوەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ بەو داڕمانە کاریگەر نابن کە لە چینی ناوەڕاست و سەرکێشە داراییەکان دەدات، بەڵام ئەوان گەورەترین باج بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەدەن. چونکە هەر کە ئابووریی ڕاستەقینەی جیهانی بەهۆی تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی وەهمی پێ دەنێتە قۆناغی پاشەکشە (سستبوونی ئابووری- رکود)، ئەم وەهمە دەگۆڕێت بۆ تەنگژەیەکی بژێوی ڕاستەقینە و خنکێنەر کە بەرۆکی چینە هەژارەکان دەگرێتەوە لە ڕێگەی گرانی و بێکارییەوە.

پەیوەندیی سەرمایەی ئەندێشەیی بە داڕووخانی سیاسییەوە:

کۆمەڵگەی نمایش ‪-‬ چۆنیەتی گۆڕانی مرۆڤ لە بکەرێکی ڕاستەقینەوە بۆ تەماشاکەرێکی سەرقاڵکراو.

سۆسیالیستەکان لەو گرێدانە پێکهاتەیییەی (بنیادییەی) کە لە لایەک لە نێوان بانکی ناوەندی، داراییبوون و هەڵاوساندا دەیکەن تەنیا نین، و تەنها مارکسیستەکان نین کە بەدەست دۆخی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکاوە دەناڵێنن و گلەیی دەکەن، بەڵکو لیبرتارییەکانیش شۆکبوون بەو ئاڕاستەیەی کە ڕۆژاوا گرتوویەتیە بەر. بۆ نموونە: جێفری تاکەری لیبڕالیست لە چاوپێکەوتنێکدا لە چەند ڕۆژ لەمەوبەردا ـ(سەرمایەداریی ئەمریکی لە لێواری داڕماندایە ‪-‬ شۆکەکە گەیشت) / ٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ – لە کەناڵی(توێژینەوەکانی بێلایەنی عەرەبی)- هەمان ڕای هەیە دەربارەی سەرمایەی ئەندێشەیی. تاکەر تاووتوێی پاشەکشەی متمانە بە دامەزراوە ڕۆژاواییەکان دەکات، لە لایەکەوە گرێدان دەکات لە نێوان (بانکی ناوەندی، داراییبوون و هەڵاوسانی دراو – سەرمایەی ئەندێشەیی) و لە لایەکی تریشەوە لە نێوان نایەکسانی، شەڕەکان و ناسەقامگیریی بژێوی خێزانەکاندا. هەروەها باسی سەرکەوتنی ئابووریی چین، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا، و ئەوەش دەکات کە ئایا دیموکراسی شکستی هێناوە یان کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی بەرژەوەندییەکانی ئۆلیگارشیاوە.

تێزی سۆسیالیستەکان دەربارەی پەرەسەندنی دیاردەی هەژاریی، قووڵبوونەوەی جیاوازیی چینایەتی، شەڕەکان، ناعەقڵانییەتی سیاسی و باڵادەستیی گوتاری نمایشکاریی بۆرژوازی، لەگەڵ میراتێکی تیۆریی مارکسی سەنگیندا یەکدەگرێتەوە، کە فراوانبوونی سەرمایەی ئەندێشەیی وەک بزوێنەرێکی بنەڕەتی بۆ قەیرانەکانی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەبینێت.

سەرمایەداری لە قۆناغی ململانێکاریی خۆیدا لە نێوان ساڵانی ١٨٠٠-١٩٠٠، پێشتر هەموو ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی تێدا بوو کە ئەمڕۆ قسەیان لەسەر دەکەین (هەژارکردنی چینی کرێکار، قەیرانە ئابوورییەکان، دڕندەیی و شەڕەکان، سەرمایەی ئەندێشەیی، و ناعەقڵانییەتی سیاسی). بەڵام جیاوازییەکە لە سەردەمی ئێستاماندا بەهۆی گەشەکردنی سەرمایەداری لە بواری تەکنەلۆژیادا، باڵادەستیی سەرمایەی ئەندێشەیی و گەشەکردنی ئاسۆیی خۆی، لەوەدایە کە قەیرانە ئابوورییەکان، دڕندەیی، شەڕەکان و ناعەقڵانییەتی سیاسی، سەرەڕای گوتاری چەواشەکارانەی دەسەڵاتە بۆرژوازییەکان، هەموویان گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر بڵند و ترسناک.

مەبەستی ئەم وتارە ئەوە نییە کە ئابووریی ئەندێشەیی و ئابووریی ڕاستەقینە وەک دوو قەوارەی بەتەواوی لێکجیاواز نیشان بدات؛ چونکە سەرمایەی ئەندێشەیی ناتوانێت بە جیا لە واقیع بوونی هەبێت و گەشە بکات، بەڵکو وەک «مشەخۆرێکی پێکهاتەیی» لەسەر ئەو زیادەباییە دەژی کە جیهانی ڕاستەقینە بەرهەمی دەهێنێت. کۆمپانیا تەکنەلۆژییە تریلیۆنییەکان نوێنەرایەتی وەهمێکی ڕەها ناکەن، چونکە ئەوان باڵادەستن بەسەر داراییە مادییە بەرجەستەکاندا؛ لە مافی داهێنان، سەنتەرە زەبەلاحەکانی داتا، و قۆرغکاریی لێشاوی داتا جیهانییەکان کە لە کۆتاییدا وەردەگێڕدرێن بۆ قازانجی ڕاستەقینە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە لەبەردەم دوو جیهانی تەریبدا نین کە هەرگیز یەکتر نابڕن، بەڵکو لەبەردەم پەیوەندییەکی خولیی و داینامیکیداین.

لەو چوارچێوەیەدا، سۆسیالیستەکان ڕایان وایە کە کەرتی ژیریی دەستکرد و نیمچەگەیەنەرەکان/ چیپە ئەلیکترۆنییەکان، نوێترین و مەترسیدارترین بەرجەستەبوونی چەمکی سەرمایەی ئەندێشەیین لە جیهانی ئەمڕۆماندا، و ئەو ئەڵقە ونبووە پێکدەهێنن کە تەوەرەی گەیشتنی ئەم وەهمە بە لوتکە ڕوون دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەسفکردنی ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆژییە بە فێڵ و تەڵەکەبازی، لەوانەیە وەک تێکەڵکردنی چەمکەکان لێیان وەربگیرێت؛ چونکە هەندێک جار جیاوازی ناکەن لە نێوان سەرمایەی ئەندێشەیی ڕەها (وەک قەرزەکان، داتاشراوە داراییەکان، و دراوە کریپتۆ پووچەکان) و سەرمایەی تەکنەلۆژیی دیجیتاڵی (وەک ژیریی دەستکرد و چیپە ئەلیکترۆنییەکان). چونکە ئەمەی دواییان، سەرەڕای هەڵاوسانە شێرپەنجەیییەکەی لە بەهای بازاڕیدا بەهۆی سەرکێشییە داراییەکانەوە، نوێنەرایەتی گەشەکردنێکی ڕاستەقینە و بازدانێکی جۆری دەکات لە هێزەکانی بەرهەمهێناندا، نەک تەنها فێڵێکی دارایی بێت. سەرەڕای ئەوەش، لۆمەکە لێرەدا ناکەوێتە سەر سۆسیالیستەکان؛ بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی خودی واقیعی هاوچەرخ، کە تێیدا ئاستی تێکەڵبوون و یەکگرتن لە نێوان ئەوەی ڕاستەقینە و مادییە لەگەڵ ئەوەی وەهمی و مەجازییە گەیشتووەتە ڕادەیەکی زۆر گەورە، کە جیاکردنەوەی میکانیکی لە نێوانیاندا قورس دەکات.

لە کۆتاییدا، نابێت باڵادەستیی سەرمایەی ئەندێشەیی وەک دیاردەیەک تێبگەین کە تەنها لە وڵاتە سەرمایەدارییە ڕۆژاواییەکاندا قەتیس مابێت، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانگیرە و لەسەر ئاستی جیهان دزەی کردووە، و لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بەپێی ئاستی “گەشەکردنی نایەکسان”ی سەرمایەی جیهانی بەرجەستە دەبێت.

ئێمە لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر پەیوەندیی نێوان (سەرمایەی ئەندێشەیی – ئابووریی جیهانی سێبەرەکان) بە کۆمەڵگەی نمایش و داڕووخانی سیاسیی جیهانەوە.

سۆسیالیستەکان مامەڵە لەگەڵ داڕووخانی سیاسیدا ناکەن (وەک دیاردەی ترامپ، ئیلۆن ماسک، پۆپۆلیزم، ڕەگەزپەرستی، گەڕانەوەی لاهوتی سیاسی و بێبنەمایی گوتاری سیاسیی گشتیی بۆرژوازی) وەک نیشانەیەکی ڕەوشتی یان ڕێکەوتێکی مێژوویی، بەڵکو ڕەچەڵەکەکەی دەگێڕنەوە بۆ بەرهەمێکی پێکهاتەییی حەتمیی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە قۆناغی ئێستاییدا. لە زانستە سیاسییە مارکسیستییەکاندا، سیاسەت وەک سەرخانێک دەبینرێت کە ڕەنگدانەوەی ژێرخانی ئابوورییە. کاتێک باڵادەستیی کەرتە ئابوورییە گشتییەکان لە بەرهەمهێنانی کاڵای ڕاستەقینەوە (کە پێویستی بە کرێکار، کارگە، سەندیکا، و دانوستانی بەکۆمەڵ هەیە، و لە ئەنجامدا پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسیی گەشەپێدەری نەریتی هەیە) دەگۆڕێت بۆ سەرمایەی ئەندێشەیی و سەرکێشییە داراییەکان لەسەر بنەمای هاوکێشەی (دراو- دراو) کە پشت بە کۆدە دیجیتاڵییەکان و داراییەکان دەبەستێت؛ ئەوا سیاسەت بە ناچاری دەستبەرداری عەقڵانییەتی خۆی دەبێت و بیرکردنەوەی واقیعیی خۆی لەدەست دەدات. بەم شێوەیە، سیاسەت لە سەردەمی سەرمایەی ئەندێشەییدا، ئەویش دەبێتە سیاسەتێکی ئەندێشەیی؛ کە بریتییە لە نمایش، خوارزمەکانی ئاڕاستەکردنی مێگەلی، و بەڵێنی پۆپۆلیستیی پووچ کە دەچنەوە سەر بەڵێنەکانی دەوڵەمەندبوونی خێرا لە ڕێگەی دراوە کریپتۆکانەوە. ئێمە لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەوە بسەلمێنین کە کازینۆی بۆرسە و سێرکی سیاسەتی هاوچەرخ دوو ڕووی یەک دراون.

مەبەست لە داڕووخانی سیاسیی جیهانی سەرمایەداری لە تێڕوانینی مارکسیدا، ئەو قۆناغەیە کە تێیدا دامەزراوەکانی دەوڵەتی بۆرژوازی و دیموکراسییەکەی دەگەنە بنبەست؛ کاتێک دەستەوەستان دەبن لە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییە پێکهاتەیییەکانیان، ئەمەش پاڵیان پێوە دەنێت دەستبەرداری بنەما دیموکراسییەکانیان ببن و پەنا بەرنە بەر ئامرازە سەرکوتکارەکان و شێوازە دەسەڵاتخوازەکان (سەپێنەرەکان) بۆ پاراستنی مانەوەی سیستەمەکە ‪-‬ (وەک ئەو دیمەنانەی داڕمان کە ئەمڕۆکە لە فەرەنسادا بە بەرچاومانەوە دەگوزەرێ).

مارکسیستەکان پێیان وایە کە دیموکراسیی بۆرژوازی لە بنەڕەتدا دەمامکێکە کە دەسەڵاتی سەرمایە دەشارێتەوە (دکتاتۆرییەتی شاراوەی سەرمایە)؛ لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانەکاندا، ئەم دەمامکە لادەچێت بۆ ئەوەی دەوڵەت وەک ئامرازێکی سەرکوتکاری ڕاستەوخۆ دەربکەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست (بۆرژوازی) دژی چینی کرێکار (پرۆلیتاریا). ئەم دیدگایە هەڵوێستی گشتیی سۆسیالیستەکان پێکدەهێنێت بەرامبەر بە سیاسەتی بۆرژوازی و ئامرازەکانی وەک دەوڵەت، بێگوێدانە قۆناغی سەرمایەداری و گەشەکردنی. بە دەربڕینێکی تر، قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری -چ لە قۆناغی ململانێی ئازاددا بێت کە باڵادەستی بۆ ئابووریی ڕاستەقینە و بەرهەمهێنانی کاڵایە، یان لە قۆناغی قۆرغکاریدا بێت کە دیاردەی سەرمایەی ئەندێشەیی تێیدا باڵادەستە- حەتمەن دەبێتە هۆی بەسەربازکردنی ئابووری و بەرپاکردنی شەڕەکان. لەمەشەوە، هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی کۆلۆنیالیزمی نوێ، شەڕەکان، دەستێوەردانە سەربازییەکان، و گەورەکردنی کۆمەڵگە پیشەسازییە سەربازییەکان، دەبێتە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ بەردەوامیی سیستەمی سەرمایەداری، کە ئەمەش دەبێتە هۆی داڕووخانی ڕەوشتی و سیاسی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

لە لای سۆسیالیستەکانەوە زانراوە کە داڕووخانی سیاسی تەنها کەوتنی ڕەوشتیی سەرکردەکان نییە، بەڵکو دەرئەنجامێکی حەتمیی دژایەتیی پێکهاتەیی نێوان سروشتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتیی تاکەکەسیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە؛ کە تێیدا سەرخانی سیاسی بە نائومێدییەوە هەوڵ دەدات پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی دواکەوتوو و قەیراناوی بپارێزێت. ساڵانی ڕابردوو شاهیدی سەرکەوتنێکی بەرچاو بووین لە شیکارییە مارکسیستییەکاندا بۆ دۆخی سیاسیی جیهان، بەتایبەت لەگەڵ یەک لەدوای یەک هاتنی قەیرانە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان. مارکسیستە هاوچەرخەکان دۆخی سیاسیی جیهانی ئەمڕۆ وەک قەیرانێکی پێکهاتەییی توندی سەرمایەداری دەخوێننەوە کە ڕەنگدانەوەی قۆناغی گیانەڵا یان داڕووخانی مێژوویی سەرمایەدارییە؛ کە تێیدا هەموو شێوازەکانی دەوڵەتی سەرمایەداری -چ دیموکراسییە بۆرژوازییە نەریتییەکان لە ڕۆژاوا یان دەوڵەتە پارێزگارە ئاینی و نەتەوەییەکان لە لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا- دەستەوەستان دەبن لە پێشکەشکردنی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ قەیرانەکانی بێکاری و تەنگژەی بژێوی ڕو لە زیادبوونی جەماوەری کرێکار.

لەسەر بنەمای ئەم خوێندنەوەیە، مارکسیستەکان دەگەنە ئەو ئەنجامەی کە دۆخی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەیسەلمێنێت کە سەرمایەداری چیتر توانای پاراستنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگە یان دەستەبەرکردنی سەقامگیریی دیموکراسییەکەی نەماوە؛ و ئەم جەمسەرگیرییەی ئێستا حەتمەن یان بەرەو مۆدێلی دەسەڵاتخوازتر و سەرکوتکارتر بۆ پاراستنی سەرمایەمان دەبات، یان بەرەو ڕاپەڕینی بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستییە ڕێکخراوەکان کە جێگرەوەیەکی ڕیشەیی بۆ سیستەمەکە دەخەنە ڕوو.

لەبەر ئەوەی سەرمایەی ئەندێشەیی لە جەوهەری خۆیدا لەسەر بنەمای متمانە، پێشبینییەکان، بەڵێنەکان و ئەندێشە وەستاوە؛ لە ژێر سایەی جیهانێکدا کە بەدەست قەیرانی متمانەوە دەناڵێنێت، لە ڕووی پێکهاتەییەوە پێویستی بە پیشەسازیی درۆی ڕێکخراو هەیە. ئەگەر متمانەی مەجازی پاشەکشە بکات، بۆرسە دەستبەجێ دادەڕمێت (وەک ئەوەی لە قەیرانی ٢٠٠٨دا ڕوویدا). بۆیە، ڕۆڵی سیاسییەکان و میدیا لە سەردەمی ئێستاماندا لە بەردەوامکردنی ئەندێشە و بێهۆشکردنی جەماوەردا دیاری دەکرێت؛ پۆپۆلیزمی ترامپی، شۆکە یەک لەدوای یەکەکانی میدیا، و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە بابەتە لاوەکییەکان و ڕۆشنبیریی بەکاربردنی ڕووکەش، هەموویان ئامرازی وەزیفین بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە داراییە لەرزۆکە لە تەقینەوە. سیستەمەکە بە ناچاری پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی بێئاگا هەیە کە ئەم پرسیارە جەوهەرییە نەخاتە ڕوو: ”ئەم تریلیۆنانە لە کوێوە دێن لە کاتێکدا مووچە ڕاستەقینەکانمان دەخورێن؟”.

چونکە سەرمایەی ئەندێشەیی بە سروشتی خۆی پشت بە دارایی مادی نابەستێت، بەڵکو پشت بە ”متمانە و پێشبینییە دەروونییەکان” دەبەستێت. لەبەر ئەوە، پاراستنی سەقامگیرییەکەی لە ڕووی پێکهاتەییەوە پێویستی بە جبەخانەیەکی گەورە لە ئامرازەکانی ساختەکاری و پیشەسازیی هۆشیاریی ساختە و درۆ هەیە (گوتاری ئایینی سیاسی و ڕەگەزپەرستی، پۆپۆلیزم، کاتبەسەربردنی باڵا، و شۆکەکانی میدیا). ئەگەر کرێکاران ژیرانە بیر لە جیاوازی چینایەتی نێو کۆمەڵ بکەنەوە (هەژاربوونی زۆرینەی خەڵکی و دەوڵەمندبوونی کەمینەێکی سەرمایەدار) ئەوا باوەڕبوون بە سیستەمەکە دەهەژێت و بۆرسە دادەڕمێت. بۆیە، ”بێبنەمایی سیاسەت” و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە بابەتە لاوەکییەکانەوە (وەک پرسی شوناسی مرۆڤەکان: ئایینی و نەتەوەیی)، میکانیزمێکی بەرگریی پێویستە بۆ پاراستنی ژێرخانی دارایی لەرزۆکی سەرمایەداری.

لێرەدا ڕۆڵی سەرمایەداریی نمایش یان ئەوەی بە ”ئابووریی نمایش” ناسراوە دەردەکەوێت، کە یەکێکە لە وردترین کلیلە تیۆرییەکان بۆ تێگەیشتن لە سەردەمی ئێستا؛ کاتێک سامان، سیاسەت، و ژیانی ڕۆژانە گۆڕاون بۆ تەنها نمایشێکی بینراو و بەبازاڕکردنی بەردەوامی ئەندێشە. ڕەچەڵەکە بنەڕەتییەکانی ئەم چەمکە دەگەڕێنەوە بۆ فەیلەسوف و کۆمەڵناسی مارکسیستی فەرەنسی گی دێبۆر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا کە لە ساڵی ١٩٦٧دا بە ناوی “کۆمەڵگەی نمایش” بڵاوکرایەوە، و ئەمەش ئەو بیرۆکەیەیە کە دواتر لەلایەن فەیلەسوفانی تری وەک ژان بۆدریار پەرەی پێدرا. دێبۆر سەرنجی دابووە ئەوەی کە سەرمایەداریی دواکەوتوو کاڵای گۆڕیوە بۆ ”وێنە و نمایش”. ئیلۆن ماسک و ترامپ ئەوەندەی ”وێنەی نمایشکاری” دەفرۆشن، هێندە کاڵا یان بەرنامەی سیاسی نافرۆشن. سیاسەتی ئەندێشەیی ڕووەکەی تری سەرمایەداریی نمایشە، کە تێیدا ئاڕاستەکردنی خوارزمی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چینایەتی.

پێشێلکاری (ئیستفزاز) و دروستکردنی ورووژاندن لە سیاسەتدا:

پێشێلکاری و دروستکردنی ورووژاندن لە سیاسەتدا، لە دیارترین ئەو ئامرازانەن کە بۆ ڕاکێشانی سەرنج، ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی، و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆخی سیاسی بەکاردێن. لە سەردەمی دیجیتاڵیی ئێستاماندا، ئەم ڕێگایانە لە تەنها تاکتیکێکی لاوەکییەوە گۆڕاون بۆ ستراتیژیی بنەڕەتی کە پارتەکان و سەرکردە سیاسییەکان پشتی پێ دەبەستن.

ئامانجە سەرەکەییەکانی پێشێلکاریی سیاسی بریتین لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەجێندای میدیایی. سیاسیی پێشێلکار (ئیستفزازکار) ئامانجی ئەوەیە کە وا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نەیارەکانی بکات هەمیشە باسی ئەو و بابەتە مشتومڕاوییەکانی بکەن، ئەمەش ڕکابەرەکانی بێبەش دەکات لە دەرفەتی خستنەڕووی بەرنامە سیاسی یان ئابوورییە جدییەکانیان. پێشێلکاری بەشدارە لە دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ دوو بەرە (لە گەڵمان یان دژمان – کۆکردنەوەی بنکەی جەماوەری). ئەم دابەشبوونە دڵسۆزیی بنکە جەماوەرییەکان و یەکگرتووییان لە پشت سەرکردە سیاسییەکەوە زیاتر دەکات. دروستکردنی ورووژاندن وەک “بۆمبێکی دوکەڵاوی” بەکاردێت بۆ سەرقاڵکردنی سەرنجی ڕای گشتی لە ئابڕووچوونێکی سیاسی، یان شکستێکی ئابووری، یاخود بڕیارێکی ناپەسند لە لایەن خەڵکەوە. هەروەها پێشێلکاریی سیاسی وا لە کەسایەتییەکە دەکات وەک “یاخیبوو” یان “پیاوی توند” دەربکەوێت کە تەحەدای سیستەمی سیاسیی نەریتی دەکات، ئەمەش سەرنجی ئەو دەنگدەرانە ڕادەکێشێت کە تووڕە یان بێهیوان.

ئانسرۆپۆلۆژیای ئەندێشە (لە جادووگەری کۆشکەوە بۆ خوارزمە):

کاتێک داڕووخانی سیاسی، ئەندێشە، و چەواشەکاریی نمایشکاری لە سەردەمی ئێستاماندا بەراورد دەکەین بە میکانیزمەکانی کۆکردنەوەی جەماوەر و ڕاکێشانی سەرنجیان لە ڕێگەی جادووگەران و دەجالەکان و نمایشە چەواشەکارەکانیان لە سەردەمە کۆنەکاندا (وەک میسری کۆن و چینی کۆن)، دەبینین ئەم بەراوردکارییە دەست دەخاتە سەر جەوهەری فەلسەفەی سیاسی و مێژووی دەستکاریکردنی هۆشیاریی جەماوەر.

له واقیعدا، ئێمە لە ڕووی ئامانج و ڕەفتارە دەسەڵاتخوازییەکانەوە لە سەردەمێکی تەواو نوێدا ناژین، بەڵکو لەبەردەم وەشانێکی تەکنەلۆژیی زۆر پێشکەوتووی ئەو نەریتانەداین کە هێندەی مێژووی کۆمەڵایەتی کۆنن. سیاسەت، لە بەرەبەیانی مێژووی چینایەتییەوە (لە دەوڵەتە ناوەندییە کۆنەکانی وەک میسر و چین)، هەمیشە پێویستی بە ئەندێشە بووە بۆ شەرعییەتپێدانی دەسەڵات و تاڵانکردنی زیادە بەرهەم. تەنها جیاوازیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە جادووگەری کۆشکی پاشایەتیی میسر یان غەیبزانی ئیمپراتۆریی چینی، شوێنیان گیراوەتەوە بە خوارزمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕاوێژکارانی پەیوەندییە گشتییەکان، و ئەستێرەکانی تەلەفزیۆنی واقیعی.

جادووی تەکنەلۆژیی هاوچەرخ بەرامبەر بە جادووی سەردەمە کۆنەکان:

لە سەردەمە کۆنەکاندا، هێزەکانی بەرهەمهێنان سەرەتایی بوون، و نەزانی و جەهل بە دیاردە سروشتییەکان (لافاو، مانگگیران و خۆرگیران) ئەو کەرەستە خاوە بوو کە قەشەکان «شەرعییەتی ئەندێشە»یان لێ دروست دەکرد بۆ فیرعەون یان ئیمپراتۆر تا زیادە بەرهەمی کشتوکاڵی تاڵان بکەن. ئەمڕۆ، هێزەکانی بەرهەمهێنان گەیشتوونەتە ژیریی دەستکرد و خوارزمەکان، بەڵام پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی بۆرژوازیی سەرمایەداری ئەم هێزە پێشکەوتووانە بەکاردەهێنن بۆ پیشەسازیی جەهل و نەزانی لە جۆرێکی نوێ: «جەهلی بەرهەمهاتوو لە ڕێگەی خوارزمەکانەوە». جادووی دیجیتاڵی (ترێند، ڤیدیۆ فۆڕجکراو/ دەستکاریکراوەکان) ڕووبەڕووی عەقڵ نابێتەوە، بەڵکو توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لای پرۆلیتاریا ئیفلیج دەکات بۆ ئەوەی ڕێگری لێ بکات لە خستنەڕووی پرسیارە پێکهاتەیییەکان سەبارەت بە شێوازی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە.

لە میسر و چینی کۆندا: فەرمانڕەواکان (پاشاکان و ئیمپراتۆرەکان) پشتیان بە قەشەکان، جادووگەران و دەجالەکان دەبەست بۆ سەرسامکردنی جەماوەر؛ کاتێک جادووگەرەکە فێڵی بینراوی بەکاردەهێنا (وەک گۆڕینی گۆچان بۆ مار، یان پێشبینیکردنی خۆرگیران لە ڕێگەی حیساباتی فەلەکیی نهێنییەوە، یان پێشبینیکردنی لافاو و کارەساتە سروشتییەکان) بۆ قەناعەتپێکردنی گەل بەوەی کە فەرمانڕەوا خاوەنی هێزێکی سەروو سروشتییە، یان ڕاسپاردەیەکی ڕاستەوخۆی خودایی پێدراوە وەک لە چەمکی چینی کۆنی ”ڕاسپاردەی ئاسمان”دا هەیە. نمایشەکە ئامرازێکی دەسەڵاتخوازی بوو بۆ بەرهەمهێنانی ترس و سەرسامی، و ئامانجەکەی ئیفلیجکردنی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوو لای ژێردەستەکان.

لە سەردەمی ئێستاماندا، ئەو فێڵە بینراوە کۆنانە گۆڕاون بۆ جادووی دیجیتاڵی. کاتێک ترامپ یان ئیلۆن ماسک دەردەکەون، ئەوان پێویستیان بە جادووگەرێک نییە کە گۆچان بکات بە مار، بەڵکو خاوەنی سوپایەک لە دیزاینەرانی وێنە، شارەزایانی مۆنتاژ، و بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکن کە “ترێند” لە ڕێگەی خوارزمەکانەوە دروست دەکەن. وێنەی فەبریکەکراو، ڤیدیۆی کورتکراوە و دابڕێنراو لە دەق، و بەڵێنە ئەندێشەیییەکانی دەوڵەمەندبوونی خێرا (وەک دراوە کریپتۆکان) “تەلیسمەکانی جادووی هاوچەرخن” کە جەماوەر سەرسام دەکەن و پاڵی پێوە دەنێن بە کوێرانە شوێن سەرکردەکە بکەون.

پیشەسازیی قەیرانەکان و چارەسەرە ئەندێشەیییەکان:

لە ڕابردوودا ئەگەر وشکەساڵی یان لافاوێک لە میسری کۆندا ڕووی بدابایە، جادووگەران و دەجالەکان ڕێوڕەسمی نمایشکاریی زەبەلاحیان ڕێکدەخست بۆ قەناعەتپێکردنی خەڵک بەوەی کە خوداوەندەکان تووڕەن، و قوربانی پێشکەشکراو (کە فیرعەون پێشکەشی دەکات) تەنها چارەسەرە. لە ڕێگەی ئەم ڕێوڕەسمانەوە، هۆکارە مادییە ڕاستەقینەکە (وەک خراپیی بەڕێوەبردنی ئاو یان دیاردە سروشتییەکان) لادەدرا و ئەندێشەیەکی غەیبی دەخرایە شوێنی. لە سەردەمی نوێدا (ترامپیزم و نیولیبرالیزم،، هتد)، کاتێک کۆمەڵگە بەدەست قەیرانێکی ئابووریی پێکهاتەییی توندەوە دەناڵێنێت (بەهۆی چڵێسیی کۆمپانیاکان، هەڵاوسانی سەرمایەی ئەندێشەیی، و کەڵەکەبوونی قەرزەکانەوە)، سیاسییە بۆرژوازییەکان چارەسەری بنیادی پێشکەش ناکەن. لەبری ئەوە، دەجالییەت و چەواشەکاریی سیاسی بەکاردێت لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی تووڕەیی چینایەتی بەرەو هۆکاری ئەندێشەیی (وەک کۆچبەران، یان پیلانگێڕییە دەرەکییەکان). قسەکردنی ڕووت و بازاڕی دەربارەی ”شێوەی جەستەی نیکی میناج” یان ورووژاندنی شۆکی ڕەوشتیی هەڵبەستراو، تەنها ڕێوڕەسمی سەرقاڵکردنی هاوچەرخن ڕێک وەک ڕێوڕەسمی جادووگەرە کۆنەکان، کە ئامانجە وەزیفییەکەی ڕێگریکردنە لە جەماوەر تا سەیری ڕەچەڵەکە ئابووری و مادییەکەی کێشەکە نەکەن.

نمایشکردنی هێز وەک جێگرەوەی لێهاتوویی:

لە چینی کۆندا، ئیمپراتۆر هەمیشە دەوروبەری خۆی بە هالةیەک لە ڕێوڕەسمی ئاڵۆز، جلوبەرگی ناوازە، و نمایشە سەربازییە زەبەلاحەکان دەپۆشی تا بسەلمێنێت کە کوڕی ئاسمانە، تەنانەت ئەگەر لە ڕاستییشدا لاواز یان گەندەڵ بووبێت؛ لێرەدا نمایشکردن شوێنی نەبوونی لێهاتوویی ڕاستەقینە لە فەرمانڕەوایەتیدا دەگرتەوە. لە سەردەمی ئێستاماندا، سیاسەت گۆڕاوە بۆ براندێکی بازرگانی؛ کاتێک ترامپ وێنەی پیاوی بەهێز و بەئەزموون دەفرۆشێت، و ئیلۆن ماسکیش وێنەی ئەو بلیمەتە فریادڕەسە دەفرۆشێت کە مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات و دەمانبات بۆ هەسارەی مەریخ. هەردووکیان پشت بە پرۆپاگەندەی نمایشکاری دەبەستن؛ کە تێیدا ئامارە ڕاستەقینەکان، مایەپوچبوونی کۆمپانیاکان، قەرزە فەلەکییەکان، گرانی و بێکاری و داڕووخانی ڕەوشتی لە پشتی پەردەوە دەشاردرێنەوە، مادام نمایشی بینراوی سەر شاشەکە بۆ بەکاربەر خۆش و سەرنجڕاکێش بێت.

سایکۆلۆژیای جەماوەر و پێویستی بوون بە ئەندێشە:

لە کاتی غیابی هۆشیاریی چینایەتیدا جەماوەر پێویستیی بە وەهمە‪.‬ خاڵی هەرە گرنگی بەیەکگەیشتن لە نێوان چەرخی کۆن و هاوچەرخدا، لەو سروشتە مرۆییەدا کورت دەبێتەوە کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئاڕاستەکردن و چەواشەکارییەوە وەهم پیرۆز دەکەن و دڵدادەی وەهم دەبن.

تێڕوانین بۆ ئەوەی کە «جەماوەر بە ئاسانی بە دوای وەهمدا دەکەوێت» کاتێک هۆشیاریی چینایەتی و مادی ئامادە نییە، تەنیا تێزێکی دەروونناسیی ڕاستڕەو نییە (وەک لۆبۆن)، بەڵکو چەندین دەروونناس و فەیلەسوفی چەپ و سۆسیالیست بە قووڵی شیکردنەوەیان بۆ کردووە. جیاوازیی گەورەی ئەوان لەگەڵ لۆبۆندا ئەوەیە کە دەڵێن ئەمە «سروشتێکی گەمژانە» نییە، بەڵکو ئەنجامێکی نەخۆشخانەیی و دەروونیی سیستمی چەوسانەوەو سەرکوتکردنی کۆمەڵایەتییە.

ویلهێلم ڕایخ دەروونناسی مارکسی لە کتێبە بەناوبانگەكەیدا «دەروونناسیی جەماوەریی فاشیزم» پاش چوونە سەر کاری هێتلەر، گەورەترین پرسیاری چەپی ڕووبەڕووی خۆی کردەوە: بۆچی چینی کرێکار و جەماوەر لەبری شۆڕشی سۆسیالیستی، دوای وەهمی نازیەت و فاشیزم کەوتن؟.

ئێریش فرۆم دەروونناسی گەورەی ئەڵمانی و یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی مەکتبی فرانکفۆرت (چەپی ڕەخنەیی) بوو. لە کتێبی «ڕاکردن لە ئازادی» شیکارییەکی مێژوویی قووڵ بۆ دەروونی جەماوەر دەکات. بەڕای فرۆم مرۆڤی هاوچەرخ کاتێک لەژێر دەستی سیستمی سەرمایەداریدا تووشی نامۆبوون دەبێت و هەست بە تەنیایی، پووچی و بێدەسەڵاتی دەکات لە بەرامبەر هێزە ئابوورییە گەورەکاندا، ناتوانێت بەرگەی ئەم بارە دەروونییە قورسە بگرێت. لێرەدا جەماوەر «لە ئازادی ڕادەکەن» و پەنا دەبەنە بەر وەهم، کۆنەپەرستی، و تەسلیمبوون بە ڕژێمە تۆتالیتار و پۆپۆلیستەکان (وەک جۆرە تخدیرێک و حەشارگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە دڵەڕاوکێی ناخیان).

ئەم دەروونناسە چەپانە هاوڕان کە جەماوەر دەکرێت بە ئاسانی چەواشە بکرێت و دوای وەهم بکەوێت، بەڵام پێیان وایە جەماوەر قوربانییە نەک تاوانبار؛ وەهمەکە لەلایەن دەسەڵاتەوە “بنیات دەنرێت و بەسەریاندا دەسەپێنرێت”. کەواتە هۆکاری دوورکەوتنەوە لە ڕاستی، پێویستییەکی دەروونییە بۆ ڕاکردن لەو عەجز و چەوسانەوە مادییەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەدەست ملهوڕیی کۆمپانیاکان و سەرمایەی وەهمییەوە دەیچێژن. لێرەدا، سۆسیالیزمی ڕەخنەیی وا تەماشای ئەم دۆخە ناکات کە جەماوەر (کرێکاران و چەوساوەکان) بە سروشتی خۆیان گەمژە بن یان حەزیان لە وەهم بێت؛ بەڵکو کاتێک هۆشیاریی چینایەتیی ڕاستەقینە و بەدیلی شۆڕشگێڕ ئامادە نابێت، بیر و ئەقڵی گشتی لەلایەن ئایدۆلۆژیای چینی دەسەڵاتدارەوە داگیر دەکرێت. دەجالە کۆنەکان چاک دەیانزانی چۆن یاری بە هەستی ترس و ئومێدی جوتیارە سادەکان بکەن، و سیاسی و سەرکێشە داراییەکانی ئەمڕۆش (لەسەر ئاستی جیهان لە ترامپ و نەتانیاهۆ و ڕاستڕەوەکانی ئەڵمانیاوە، تا ئیسلامی سیاسی و پۆپۆلیزمە نەتەوەیی و خێڵەکییەکان) ڕێک بە هەمان میکانیزم کار دەکەن.

ئەوان لە ڕێگەی لۆگاریتمەکانی داتای زەبەلاح و مۆدێلەکانییەوە، نەخشەی وردی ترس و ئارەزووەکانی دەنگدەری هاوچەرخ دەزانن و هێزی کاریگەرییەکەی بە پێوەرەکانی کلیک و کارلێکی دیجیتاڵی دەپێون، تا ژەمی پێویست لەو وەهمە سیاسی و دۆگماییەی پێ بدەن کە وای لێدەکات چەپڵە بۆ بێبایەخی و چەوسانەوەی خۆی لێ بدات. جەماوەر لێرەدا ڕقیان لە ڕاستی نییە، بەڵکو لەبەرامبەر قورسیی قەیرانی ئابووریی سەرمایەی وەهمیدا تووشی دۆخی “نامۆبوون” بوون، و لە غیابی هێزی ڕزگاریخوازدا، پەنا دەبەنە بەر سەرابی شۆڤێنی و دۆگمایی وەک ئامرازێکی بەرگریی دەروونی، کە ئەمەش گەورەترین سەرکوتکردنی هۆشیاریی مادیی مرۆڤە.

گرنگترین خاڵی یەکتربینینی نێوان هەردوو سەردەمەکە لە مەبەست لێی نامۆکردنی مرۆڤەکانە لە واقیع (شێواندنی هۆشیاریی چینی ڕنجدەرانە)، کاتێک دەکەونە ژێر کاریگەریی ئاڕاستەکردنەوە؛ دەجالەکەی کۆن بە وردی دەیزانی چۆن یاری بە هەستی ترس و ئومێدی جووتیارە سادەکە بکات، و سیاسی و سەرکێشە داراییەکەی هاوچەرخیش (لە ڕێگەی خوارزمەکانی داتای زەبەلاح و مۆدێلەکانی وەک کامبریج ئەنالیتیکاوە) بە وردی نەخشەی ترس و ئارەزووەکانی دەنگدەری هاوچەرخ دەزانن، و کاراییەکەی بە پێوەرەکانی کرتەکردن و کارلێکی دیجیتاڵی دەپێون، تا ژەمی گونجاوی ئەو ئەندێشەیەی پێ بدەن کە وا دەکات چەپڵە بۆ بێبنەمایی و کەمبایەخیی خۆی لێبدات.

ئێمە لە سەردەمی سەرمایەداریی دڕندەداین، و لە کاتی دیبەیت و کەمپینە پڕوپاگەندەییە سیاسییەکاندا‪-‬ بەتایبەت لە وەرزەکانی هەڵبژاردندا لە وڵاتانی ڕۆژاوادا- شاهیدی تاقمێک لە مەهزەکەران و گەپجاڕانی باڵی ڕاستی بۆرژوازین کە فیکر و سیاسەت بەرەو بەرزترین ئاستی گالته‌جاڕی، بێبنەمایی و سووکایەتیکردن بە خودی مرۆڤ دەبەن؛ لێرەدا بە دیاریکراوی، وێنە لەگەڵ جەوهەردا یەکدەگرێت و دەرکەوتنی دەرەوە لەگەڵ ناوەڕۆکدا یەکانگیر دەبێت، چونکە جەوهەری سەرمایەی ئەندێشەیی بەتەواوی لەگەڵ دیمەنی نمایشکاریی مەهزەکەرانی سیاسیی بۆرژوازی لە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و ڕەگەزپەرستاندا دەگونجێت و یەکدەگرێتەوە.

کاتێک سیستەمی سەرمایەداریی هاوچەرخ دەستەوەستان دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانە پێکهاتەیییەکانی خۆی (هەڵاوسانی قەرزە فەلەکییەکان، تەقینەوەی بڵقەکانی سەرمایەی ئەندێشەیی)، ڕووبەڕووی تەنگژەیەک دەبێتەوە؛ ئەگەر کرێکاران بزانن کە سیستەمەکە خۆی هۆکارەکەیە، ئەوا ڕاپەڕین دەکەن. لێرەدا دەجالییەتی نیولیبرالی و ترامپیزم دەستێوەردان دەکەن بۆ جیاکردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکە و گۆڕینی بە ”ئەندێشەیەکی غەیبی یان کولتووری” (کۆچبەران، پیلانگێڕییەکان، شۆکە ڕەوشتییەکان، بایەخیی جەستەی ئەستێرەکان). ئەمە هاوتای هاوچەرخی پێشکەشکردنی قوربانییە بە ڕووباری نیل؛ گۆڕینی تووڕەیی چینایەتیی مادی بۆ شەڕە کولتوورییە لاوەکییەکان بۆ بەردەوامکردنی مانەوەی سیستەمەکە.

کاهینە نوێیەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئەندازیاریکردنی سەرکەوتن:

لەکاتێکدا کە سەرمایەی وەهمی و ئۆلیگارشیی تەکنەلۆژی پێویستی بنياتی بە پاراستنی سیاسیی ڕاستەوخۆ هەیە، ستراتیژیی میدیایی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر گۆڕانکاریی توند لە نەزم و شێوازی پڕوپاگەندەدا بونیاد نرا. ترامپ چیتر پێویستی بە میدیا تەقلیدییەکان نەبوو، بەڵکو پشتی بە دەنگی ئەستێرە کاریگەرەکانی سۆشیاڵ میدیا، یوتیوبەرەکان و پێشکەشکارانی پۆدکاست بەست؛ ئەوانەی وەک (جۆو ڕۆگان، تاکەر کارلسۆن، و شۆن ڕاین – ئەمڕۆکە ئەم کاهینانە سەنگەری خۆیان گۆڕیوەو ڕەخنە لە ترامپ دەگرن)، کە لە ڕاستیدا “کاهینە هاوچەرخەکانی جیهانی دیجیتاڵین”.

ئەم کارەکتەرانە وەک نوێنەری “عەقڵانییەتی نوێ” یان بەرگریکاری ئازادی دەردەکەون (دەموچاوی جێریۆنی دادپەروەر)، بەڵام لە واقیعدا هێزی گەورەی ئامێری سڕکردنی هۆشیاریی گشتین. ئەوان لە ڕێگەی پۆدکاست و گفتوگۆ درێژە خافڵێنەرەکانیانەوە، توانیویانە ئاڕاستەی تووڕەیی چینایەتیی کرێکاران و دەنگدەران لە هۆکارە مادی و بنیاتگەرییەکانی قەیرانی ئابووری (وەک جەوری کۆمپانیاکان و بڵقی سەرمایەی وەهمی) بە تەواوی لابدەن، و بیگۆڕن بۆ شەڕی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لاوەکی. ئەم کاهینە دیجیتاڵییانە بە بەکارهێنانی لۆگاریتمەکان و دروستکردنی وروژاندنی بەردەوام، مێشکی جەماوەریان لە گیرفانیاندا (لەسەر هێڵی ٢٤ کاتژمێری مۆبایلەکان) داگیر کردووە؛ بەمەش بوونە باڵە میدیاییە سووکەکانی دیدالۆس کە سەرکەوتنی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەویان لەسەر بنەمای بەڵێنی درۆزنانە، سەراب و وەهمی دارایی ئەندازیاری کرد، تا جارێکی تر کلیلەکانی دەسەڵات ڕادەستی ئۆلیگارشیی ملیاردێرەکان بکرێتەوە.

لە کۆندا، کاهینی پەرستگا وەبەرهێنانی لە دەستەوەستانیی مرۆڤ لە بەردەم سروشتدا دەکرد؛ ”خۆرگیران و لافاو” کەرەستەی خاوی دروستکردنی شەرعیەتێکی غەیبی بوون، تا تالانی زیادەبەرهەمی کشتوکاڵی لەبەرژەوەندیی دەسەڵات پاساو بدەن. بەڵام دۆخەکە ئەمڕۆ، لە هاودژییەکی مێژوویی ترسناکدا، چیتر پشت بە نەبوونی زانست نابەستێت، بەڵکو لەسەر بەکارهێنانی ئایدۆلۆژیانەی باڵاترین بەرهەمەکانی زانست دەژی. کاهینەکە گۆڕاوە بۆ ئەندازیاری لۆگاریتمەکان (خوارزميات)، وەرد و نزا کۆنەکانیش جێگەیان دراوە بە ترێند و ڤیدیۆ دەستکاریکراوەکانی تەکنەلۆژیای فێڵکردنی قووڵ. ئەم جادووە دیجیتاڵییە ڕێ بە گەشەی ئەقڵ و وشیاربوونەوە نادات، بەڵکو پەکی دەخات؛ جۆرە نەزانییەکی بەرهەمێنراوی لۆگاریتمی بڵاو دەکاتەوە کە پرۆلیتاریای هاوچەرخ لە دەریایەکی پڕ لە وروژاندن و نمایشدا نوقم دەکات، تا ڕوانینی بنیاتگەرییانەی ئەوان لە گەوهەری ڕاستەقینەی چەوسانەوەکەیان بشارێتەوە و ڕێگرییان لێ بکات لە ڕابەرایەتیکردنی خەباتی چینایەتیی ڕاستەقینە.

گوتاری پۆپۆلیستی و زاراوە ورووژێنەرەکان:

بەکارهێنانی زمانێکی سادەکراو، هێرشبەرانە، و شکاندنی پرۆتۆکۆلەکانی شیاوێتیی سیاسیی باو. قۆستنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: خوارزمەکانی ئەو پلاتفۆرمانەی وەک (ئێکس/ تویتەری پێشوو، تیک تۆک، فەیسبووک) پاداشتی ئەو ناوەڕۆکانە دەکەن کە تووڕەیی یان شۆک دروست دەکەن، ئەمەش وادەکات پۆست یان لێدوانە پێشێلکار و ورووژێنەرەکان بە خێراییەکی متمانەپێنەکراو بڵاوببنەوە. سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامە و هەڕەشەکان: تەرکیزکردنە سەر بابەتەکانی ناسنامە، ئاین، کۆچبەران، یان ”دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوە” بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، کە ئەمانەش ئەو هەستانەن پاڵ بە خەڵکەوە دەنێن بۆ گرتنی هەڵوێستی سیاسیی توند. هێرشی کەسی: ئاڕاستەکردنی سووکایەتیی ڕاستەوخۆ بۆ نەیارەکان لەبری گفتوگۆکردن لەسەر بیرۆکەکانیان، ئەمەش گفتوگۆی سیاسی دەگۆڕێت بۆ نمایشێکی کاتبەسەربردن یان “درامایەک” کە سەرنجی بینەران ڕادەکێشێت.

له ئەڵمانیا، سوید،، هتد، باڵی ڕاستڕەو بە ئاشکراو بە شێوازێکی ڕەگەزپەرستانەی نوێ، هێرشی دڕندە دەکاتە سەر پەنابەران لەسەر بنەمای ڕەنگی پێست و چاوەکانیان. لە ئەمریکاشدا، ترامپ لە گوتارەکانیدا هێرش دەکاتە سەر ئەو کۆچبەرانەی کە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، سۆماڵ، لیبیا و هایتییەوە هاتوون. تەنانەت ترامپ لە گەرمەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیدا، لە جیاتی ئەوەی باسی بەرزبوونەوەی شێتانەی تێچووی بژێوی و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک بکات، ئاستی گوتارەکەی دادەبەزێنێت بۆ نمایشکردنی بابەتە بازاڕی و نزمەکان دەربارەی جەستەی ژنێک. ئەمەش نزمترین ئاستی داڕمان و بێبنەمایی هزر و گوتاری سیاسیی بۆرژوازی پیشان دەدات کە مەبەستدارە لە سڕکردنی جەماوەر و نامۆکردنیان لە ڕاستی (شێواندنی هۆشیاریی خەڵکی کارگەر).

خاوەن دەسەڵات و سیاسییەکانی ڕابردوو لە سەردەمە کۆنەکاندا (لە میسر و چین) گوتاری ڕقئامێزیان پەیڕەو دەکرد. فەرمانڕەواکان و سیاسییەکان لە کۆندا گوتاری ڕق، بەشەیتانکردن و هاندانیان بە شێوازێکی بەرفراوان و سیستماتیک پەیڕەو دەکرد. لە واقیعدا، لەو سەردەمەدا بە چەمکە یاساییە هاوچەرخەکەی پێی نەدەگوترا “گوتاری ڕق”، بەڵکو وەک بەشێکی بنەڕەتی لە “پڕوپاگەندەی سیاسی”، نەخشێنراوە شاهانەییەکان و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار پۆلێن دەکرا، بە ئامانجی جێگیرکردنی دەسەڵات، شەرعییەتپێدانی شەڕەکان، سەرکوتکردنی نەیاران، و داماڵینی مرۆڤایەتی لە نەیارەکان. نموونەی زیندوو و بەڵگەدارکراوی مێژوویی لە هەردوو شارستانییەتی میسری و چینی کۆن هەن کە پیشان دەدەن چۆن ئەم گوتارە لە میسری کۆندا بەکارهاتووە (بەشەیتانکردنی بیانییەکان و داماڵینی مرۆڤایەتی لە نەیارەکان). گوتاری سیاسی و ئاینی لە میسری کۆندا لەسەر بنەمای دووانییەکی ناوەندی وەستابوو: «ماعت» (سیستەم، دادپەروەری و سەقامگیری) لە بەرامبەر «ئیسفت» (فەوزا، شەڕ و وێرانکاری). لە میسری کۆندا هەر نەیارێکی دەرەکی یان ئۆپۆزسیۆنێکی ناوخۆییان وەک بەشێک لە «ئیسفت» پۆلێن دەکرد کە پێویستە پان بکرێتەوە.

مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە بەڵام بە ئامرازی کارامەتر و دڵڕەقانەتر. لە کۆندا، دەجالییەت و چەواشەکاری تەنها لە پەرستگا یان کۆشکی پاشایەتیدا قەتیس مابوو و لە وەرزی دیاریکراودا دەگەیشتە خەڵک؛ بەڵام ئەمڕۆ، بە فەزڵی مۆبایلە زیرەکەکان و سەرمایەداریی نمایش، “دەجالییەت و جادووگەرەکە” لە ناو گیرفانماندان و لەسەر مدارای بیست و چوار کاتژمێردان. ئەو داڕووخانە سیاسییەی ئەمڕۆ شاهیدی دەبین، و قسەکردن لەسەر جەستەی ئەستێرەکان، و کورتکردنەوەی بابەتە چارەنووسسازەکانی مرۆڤایەتی لە “قسەبازی و تانە کۆمیدییەکان”دا، هاوتای هاوچەرخی یارییەکانی سێرک و زۆرانبازەکانە لە ڕۆمای کۆندا, یان فێڵی جادووگەرەکانە لە میسر و چین؛ ئەمە بەرهەمی سیستەمێکە کە بە باش درک بەوە دەکات کە لە ناو قەیرانێکی پێکهاتەییی کوشندەدا دەژیت (سەرمایەیەکی ئەندێشەیی کە چۆڵە لە هەر بەهایەکی ڕاستەقینە)، بۆیە پەنا دەباتە بەر بەرزترین ئاستی سەرسامکردن و سووکایەتیی بینراو بۆ دەستەبەرکردنی هێشتنەوەی جەماوەر لە دۆخی بێهۆشیی بەردەوامدا. سەردەمی سەرمایەداریی دڕندە ئەو ئەندێشەیە تێکدەشکێنێت کە دەڵێت ”سەردەمی تەکنەلۆژیا سەردەمێکی عەقڵانی و ڕۆشنگەرییە”، و دەری دەخات چۆن تەکنەلۆژیای باڵا لە ژێر سایەی سەرمایەداریی دواکەوتوودا گۆڕاوە بۆ تەنها ”پەرستگایەکی دیجیتاڵی” بۆ پەیڕەکردنی دەجالییەتی کۆن بە مەبەستی پاراستنی چینی بۆرژوازی.

پێویستە تێبینیی ئەوە بکەین کە سەرکەوتنی لایەنە چەپەکان لە (بەرازیل و سوید)، و باڵادەستبوونی دیموکراتەکان لە دوایین هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) کە تێیدا زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرێسیان بەدەستهێنا، بەڵام ئەم هێزە چەپانەش خۆیان هەڵگری شێوازێکی ترن لە ئەندێشەیی فیکری و سیاسی؛ چونکە پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە: ئەم جۆرە لە چەپ (کە نوێنەرایەتیی باڵی چەپی بۆرژوا-لیبڕاڵیی دەکەن و لە باشترین نموونەشیدا لە سۆسیال-دیموکراتدا بەرجەستە دەبن) چ جۆرە چارەسەرێکی ڕاستەقینەیان بۆ قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان پێیە؟‪.‬

واقیعەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە قەیرانە ئابوورییە قووڵەکانی وەک (گرانی، بێکاری، پاشەکشەی بازاڕ، و قەرزە فەلەکییەکانی دەوڵەت) تەنها بە سیاسەتی سەپاندنی باجی بەرزتر چارەسەر ناکرێن؛ چونکە پەیڕوکردنی ئەم شێوازە لە وڵاتانی وەک سوید و فەرەنسا گەیشتووەتە بنبەستێکی تەواو. تەنانەت سەبارەت بە هەڵوێستی ئەم چەپە لیبڕاڵانە لە ئاست شەڕەکانی ئێستای جیهاندا (وەک شەڕی ئۆکرانیا و گرژییەکانی ناوچەی کەنداو)، دەبینین کە ئەوان یان هاوشێوەی ڕاستڕەوەکان تێوەگلاون یان هیچ جێگرەوە و چارەسەرێکی ڕاستەقینەیان بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە ئیمپریالیستییانە پێ نییە.

لە ڕاستیدا ئەگەر تەنیا کەمێک ئەرێنی لە گوتاری کەمپینەکانی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی (سوید، ئەڵمانیا، بەرازیل و ئەمریکا)دا مابێت، ئەوا تەنیا لە لایەنە چەپەکاندا بەدی دەکرێت؛ چونکە ئەوان تیشک دەخەنە سەر دۆخی دژواری ئابووریی چینی کرێکار و دژی ڕەگەزپەرستی دەجەنگن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرنامەی چەپەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لە سایەی لیبڕالیزمی نوێ ‪-‬ سەرمایەداری دڕندە و هەژمونی سەرمایەی ئەندێشەییدا فەراهەم نابێت، چونکە زەمینە مادییەکەی نەماوە و تەنیا بە سیاسەتی باج دابین ناکرێت؛ سەردەمی ئێمە چیتر نە قۆناغی پیشەسازیی کارگە پڕ لە کرێکارەکانە و نە چەرخی جەنگی سارد.

گەورەترین مەترسی لەسەر چارەنووسی مرۆڤایەتی لەم قۆناغە پڕ لە تەنگژەیەدا، لە لاوازی هێزە سۆسیالیستەکان و ناهۆشیاری چینی کرێکاردا کورت دەبێتەوە؛ ئەگەر ئەم بەرەیە نەتوانێت ڕێگری لە شەڕ، دڕندەیی و قەیرانە ئابوورییەکانی سەرمایەداری بکات، ئەوا ئاسەواری وێرانکەری جەنگ، برسییەتی و پەتای کوژەر، کارەساتێکی مرۆیی وا دەخوڵقێنن کە قوربانییەکانی زۆر زیاتر دەبن لە کۆی زیانەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم.

تێبینی: بەشی یەکەمی ئەم وتارە لە ماڵپەڕی (ئەمڕۆ)دا لە بەرواری ٥\١١\٢٠٢٦دا بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوەکان:

(1) Fictional Capital and Crisis Theory – Michael Perelman/2008.

(2) From Marx to Goldman Sachs: The Fictions of Fictitious Capital

By Michael Friday, July 30, 2010.

(3) Value, Fictitious Capital and Finance. The Timeless of Karl Marx’s Capital. – John Milios / November 6, 2021.

(٤) Maat in Egyptian Autobiographies and Religious Texts – Vincent Arieh Tobin 

(٥) The Concept of Maat in Ancient Egypt  Anna Mancini 

(٦) Conceptions of God in Ancient Egypt: The One and the Many – Erik Hornung 

(٧) The Pharaoh: Life and Death of a God –  Thomas Logan 

(٨) موسوعة مصر القديمة – عالم الآثار المصري: سليم حسن (خاصة المجلدات التي تتناول الدولة الحديثة، معارك رمسيس الثاني، ورمسيس الثالث، حيث يشرح بالتفصيل نقوش المعابد وتصوير الأعداء). 

(٩) الديانة المصرية القديمة – الكاتب: ياروسلاف تشرني (ترجمة د. أحمد قدري)، يوضح الصراع الكوني بين الخير والشر والنظام والفوضى في العقيدة المصرية