نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
تاوانەکانی ساڵی 1988ی رژێمی مەزهەبی لە ئێران زۆرن و بە تێپەڕبوونی ساڵان و رۆژان، رەهەندی زیاتری لێ ئاشکرا دەبێت. گومانی تێدا نییە کە هەموو لایەنەکانی ئەم تاوانە تەنیا رۆژێک دەخرێتە بەردەستی خەڵکی ئێران و جیهان کە ئەم دیکتاتۆرییەتە رووخابێت.
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ چی روویدا؟
هەرچەندە زۆرێک بابەت و گوتار لەسەر ئەم پرسە نووسراون و هەریەکەیان گۆشەیەکی ئەم تاوانە ترسناکەیان نیشانداوە، بەڵام لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا، تەنها چەند هەفتەیەک دوای قبوڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن رژێمی مەزهەبیی ئێران و کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کارەساتێک لە پشت دەرگا داخراوەکانی زیندانەکانی رژێمی مەزهەبیی ئێران روویدا کە تا ئەمڕۆش وەک یەکێک لە گەورەترین (تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی) و (ژینۆساید) لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ناسراوە. واتە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی کە زیاتر لە سەدا ٩٠ی قوربانییەکانی، ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران بوون و ئەوانیتریش لە گرووپ و بزووتنەوەگەلێک بوون کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای سیاسی و فیکریی ئەم رێکخراوەدا بوون. خاڵی هاوبەشی هەموو شەهیدانی ئەم قەتڵوعامکردنە، دژایەتیکردنی جددی و گشتیی ئەوان بوو بەرانبەر بە سیستمی ویلایەتی فەقیهی، کە رەنگە بەشێک لە ئیعدامکراوەکانیش بۆ خۆشاردنەوە لە دەرهاویشتەکانی ئەم تاوانە، لە لایەن رژێمی دژە گەلیی ئێرانەوە ئەنجامدرابێت.
لەم تاوانە ترسناکەدا دەیان هەزار زیندانی سیاسی کە تەنانەت هەندێکیان، رۆژانی سەپێنراوی سزاکەیان تێپەڕ دەکرد، یان ماوەی زیندانیبوونیان تەواو بووبوو، لە دادگاییکردنەکاندا کە تەنها چەند خولەکێکی خایاند، تەنها بەهۆی پابەندبوونیان بە بیروباوەڕی سیاسی خۆیانەوە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەم دادگایانە کە دواتر بە “دەستەی مەرگ” ناسرا، لە کەسانی وەک حوسێنعەلی نەییری (دادوەری شەرع)، مستەفا پورمحەمەدی (نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات)، ئیبراهیم رەئیسی (داواکاری ئەوکاتی تاران) و ئاخوند ئیشراقی پێکهاتبوون. زۆرێک لەو کەسانە لە پۆستە سەرەکییەکانی حکومەتدا بوون یان هەن، کە ئەمەش راستییەکی تاڵە و ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوون و شەرعیەتدان بەو تاوانە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە.
فەتوای خومەینی بۆ کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی
خاڵی دەستپێکی ئەم تاوانە بێ وێنەیە، فەتوای ئاشکرای خومەینی، دامەزرێنەری رژێمی مەزهەبیی ئێران بوو کە لە نامەیەکی فەرمیدا، فەرمانی دا هەموو ئەوانەی “لەسەر هەڵوێست”ن، بەبێ رەحمکردن لە سێدارە بدرێن. ئەم فەتوایە نەک لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی دادوەری، بەڵکو تەنها بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بە مەبەستی ژینۆسایدکردنی ئازادیخوازان و بەتایبەتی موجاهیدینی خەلق دەرچووبوو.
بەرپرسانی دیکەی دەزگای دادوەری و ئاسایشی وڵات کە لەم تاوانەدا رۆڵیان هەبووە بریتین لە: موسەوی ئەردەبیلی (سەرۆکی ئەوکاتی دادگای باڵا)، ئەحمەد خومەینی (کوڕی خومەینی و ئاڵقەی پێوەندیی نێوان خومەینی و دەزگا ئەمنییەکان)، حەمید نووری (سەرپەرشتیاری پێشووی زیندانی گۆهەردەشت کە لە وڵاتی سوید، بە تاوانی بەشداربوونی راستەوخۆ لەو کۆمەڵکوژییەدا سزا درا) و چەند کەسایەتییەتری وەک ئاخوند رازینی، موقیسەیی و هتد. ئەوان نەک هەر بەشداربوون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵکو ساڵانێکی زۆر بەرگریان لێدەکرد و بە “پێویست” و “شەرعی”یان دادەنا.
شریتە دەنگییە بەنرخ و ئاشکراکەرەکانی مونتەزیری
لەو سەردەمەدا ئایەتوڵڵا (حوسێنعەلی مۆنتەزیری) کە جێگری خومەینی بوو، یەکێک بوو لەو چەند پیاوە ئایینیانەی کە دژی ئەم کارەساتە هەڵوێستیان گرت و ناڕەزایەتیی خۆی لە “کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ دەستەی مەرگ” تۆمار کرد. لە ساڵانی رابردوودا، شریتە دەنگییەکانی ئەم کۆبوونەوانە لەلایەن بنەماڵەی مۆنتەزیرییەوە بڵاوکرانەوە. شریتی مێژوویی دووەم، کە لەمدواییانەدا ئاشکرا کرا، بە روونی رەهەندە کارەساتبارەکانی کۆمەڵکوژییەکە، هەروەها هۆشدارییەکانی مۆنتەزیری نیشان دەدات.
مۆنتەزیری لە یەکێک لە کاسێتەکاندا، روو لە ئەندامانی دەستەی مەرگ دەڵێت: گەورەترین تاوانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا، لەلایەن ئێوەوە ئەنجامدراوە و لە مێژوودا شەرمەزارمان دەکەن. ئەو بە روونی باس لەوە دەکات کە ئەم کۆمەڵکوژییە نەک هەر لە بەرژەوەندی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو گورزێکی قەرەبوو نەکراوەیشە لە شەرعیەتی ئەو دەسەڵاتە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی شریتە دەنگییە تازەکەی مونتەزیری لە چاوپێکەوەتنی دووەمەی دەستەی مەرگ لە رەوتی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨، راستییەکی شۆک هێنەر سەبارەت بەم تاوانە گەورەیە ئاشکرا بووە (بی بی سی – شەوی دووشەممە، ١٥ی نەورۆزی ئەمساڵ). لەم شریتەدا کە بەشێکی سڕاوەتەوە، مونتەزیری بە جەختکردنەوە لەسەر بەرپرسیارێتی (ئەحمەد خومەینی) و وەزارەتی ئیتلاعات لە کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی، بە ئەحمەد خومەینی وتووە کە “تۆ خۆت پێت وتم کە (10) هەزار لەو کەسانە ئیعدام بکرێن کە تەنیا تاوانەکەیان، خوێندنەوەی راگەیاندراوەکانی موجاهدینی خەلق بووە”. راستییەکیتر کە مونتەزیرد جەختی لەسەر دەکاتەوە، رق و کینەی جەماوەریی گشتییە بەرانبەر بە سیستەمی ویلایەتی فەقیهی و دەڵێت: “ویلایەتی فەقیهی بۆتە شتێکی قێزەون بۆ خەڵک، خەڵک وەزاڵە هاتوون لەدەست ئەمانە… هەر ئەو بنەماڵانەی کوشتمانن، ئێستا هەموویان دەڵێن کەواتە (موجاهیدینی خەلق) راستییەکانیان دەگوت!”. لەم شریتەدا مونتەزیری بە ئاماژەدان بە ژنانی موجاهیدینی خەلق کە لە ئۆپەراسیۆنی ” بڵێسەی ئەبەدی” (فروغی جاویدان) لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کرابوون، دەڵێت: “خەلخاڵی هەر لێرە دانیشتبوو، وتی ٣٠٠ کچیان هێنابووە ئێرە و پێم وتن هەر ئێستا هەموویان لەسێدارە بدەن“.
هەرچەندە ئەمانە تەنها چەند دڵۆپێکن لە زەریا و درەنگ خراونەتە روو، بەڵام بە بڵاوبوونەوەیان، چەند بەشێکیتری ئەم کۆمەڵکوژییە ئاشکرا کراون. تاوانێکی گەورە کە پرۆفیسۆر جاوید رەحمان، راپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بە “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “ژینۆساید”ی داناون لە دژی موجاهیدین.
ڕاپۆرتەکەی پرۆفیسۆر جاوید رەحمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە: “قەبارە و ژمارەی ئەوانەی دەستیان لەم تاوانانەدا هەیە، زۆر گەورەیە، لە رێبەری و دادوەرەکانی شەرع و داواکارانی گشتییەوە بگرە هەتا نوێنەرانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەندامانی “دەستەی مەرگ” و ئاسانکارەکانی ئەو تاوانە. لە پاسەوانانی زیندان و ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە بگرە هەتا هەموو ئەوانەی ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە کردووە لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەردەپۆشکردنیان”. دەشڵێت “زۆرێک لەو کەسانە، تا ئەمڕۆش لە پۆستە باڵاکاندا ماونەتەوە. ئەوانەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی دیکەیان ئەنجام داوە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بێ سزایی دەبێ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆتایی پێ بێت.”
کاتی رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی گەیشتووە
دەیان ساڵ دوای ئەو تاوانە، خەڵکی ئێران ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر دەیانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە بهێنن. سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، بە تایبەتی لە لایەن حکومەتە رۆژئاواییەکانەوە، تەنیا بووەتە هۆی بەردەوامبوونی تاوان و سەرکوت و فراوانبوونی تیرۆریزم لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ نەک هەر لە ناوخۆدا شەرعیەتی سیاسی دەسەڵات لە ناو چووە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەک یەکێک لە گەورەترین پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ ناسراوە.
وشەی کۆتایی!
خواستی گشتیی خەڵکی ئێران روونە: ئەم رژێمە دەبێ بڕووخێت. خەڵکی ئێران لە ساڵانی رابردوودا، بە راپەڕینە یەک لە دوای یەکەکانی خۆیان و بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٢، نیشانیان داوە کە ئامادەن و خاوەن ئیرادەن بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێران. هەلومەرجی عەینیی کۆمەڵگای ئێران، لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ چاکسازییەک لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بە مێشکدا نایەت. تاکە رێگای گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی لە ئێران، رووخاندنی رژێمی مەزهەبییە لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران. ئەوەش پێویستییەکە زیاتر لە جاران، بانگەشەی ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان دەکات. بەڵێ، کاتی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، جەماوەری، دیموکراتی و فرەیی گەیشتووە. بەڵگەکان ئاماژەن بەو ئەم راستییە کە ئەمساڵ، ساڵی رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران.
***