سەرەڕای هەبوونی کێشە و شەڕی نێوانیان لە چەند ناوچەیەکی سوریا، گفتوگۆکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی نوێی سوریا بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە. بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ناشناڵی ئیماراتی، گفتوگۆکان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا بەرەوپێشچوونیان بە خۆیانەوە بینیوە و پرۆپۆزەڵێک بۆ ئەو مەبەستە خراوەتەڕوو.
وەک لە راپۆرتەکەی ناشناڵدا هاتووە، بەپێی پرۆپۆزەڵەکە سێ یەکەی هەسەدە تیکەڵ بە سوپای سوریا دەبن، بەڵام هەسەدە مەرجی هەیە بۆ ئەو تێکەڵبوونە. بەپێی سەرچاوە سوریییەکان قسەیان بۆ ناشناڵ کردووە، مەرجی هەسەدە بۆ چوونە ناو سوپای سوریاوە، گەرەنتی نێودەوڵەتییە بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی سوریا. داواکاری هەسەدە چوونە ناو هێزەکانیانە بۆ نێو سوپای سوریایە بە یەک پاکێج نەک تاک تاک، ئەوە داواکارییەش لەلایەن حکومەتی نوێی سوریاوە رەتکراوەتەوە.
سێ یەکەکەی هەسەدە لە پارێزگاکانی رەقە، دێرەزوور و حەسەکە دەبن. بەهۆی ئەوەی لە پارێزگاکانی رەقە و دێرەزوور زۆرینەی دانێشتوان کورد نین، ئەفسەری سوپای سوریا بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە ئەو دوو پارێزگایە بەڕێوەدەبەن، بەڵام لە حەسەکەی زۆرینە کورد، رۆڵی سوپای سوریا سنوردار دەبێت. لە هەرسێ پارێزگاکە سێ یەکەی دژە تیرۆری تێدا جێگیر دەکرێن.
یەکێک لە سەرچاوەکان سەبارەت بە پرۆپۆزەڵەکە لەسەر بۆچوونی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، قسەی بۆ ناشناڵ کردووە و دەڵێت: “عەبدی پرۆپۆزەڵەکەی بەدڵە. چونکە فەرماندە کوردەکان دەسەڵاتێکی زۆریان دەبێت” دەشڵێت: “بەڵام عەبدی متمانەی نییە رێککەوتنەکە درێژە بکێشێت.” بەهۆی بێ متمانەییەوە، سەرچاوەکە ئاماژە بە ئەوە دەکات، “عەبدی داوای گەرەنتی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەکات.” ئەمەریکا بە رژدی دەیەوێت ناکۆکییەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سوریا چارەسەربکات و تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت.