ئەکرەم سەعید:
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ گوتاری سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان:
لە بەشی یەکەمی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا وتمان بەڕای سۆسیالیستەکان زمان- بە تایبەتی زمانی سیاسی، تەنها ئامرازێکی گەیاندن نییە بەڵکو هەڵگری بارگاویی ئایدیۆلۆژی و چینایەتییە. وە هەوڵمان دا ئەوە بسەلمێنین کە نەبوونی وردبینی زاراوەسازی لە گوتاری سیاسیدا تەنها هەڵەیەکی زمانەوانیی تێپەڕ نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی پێکهاتەییە لە دیدگای ستراتیژیدا، و ڕونمان کردەوە کاتێک چەپ چەمکەکانی وەک دیموکراسی و ئازادی بە هەمان پێناسەی لیبراڵی بەکاردەهێنێت، ئەوا دەکەوێتە ژێر هەژموونی هزریی بۆرژوازییەوە. لە ڕوانگەی سۆسیالیزمەوە، ناکرێت «دەسەڵاتی شورا کرێکارییەکان – دەسەڵاتی پرۆلیتاریا» لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی دروشمی لاستیکی و ناڕوونی سەرووچینایەتی وەک «ئیرادەی گەل – خەڵک»، «دەسەڵاتی ئەنجومەنەکانی خەڵک – جەماوەر» و «دەستەبەرکردنی بەختەوەری بۆ خەڵک»، یان لە ڕێگەی چوونە ناو هاوپەیمانیی بێمەرج لەگەڵ هەموو ئەوانەی بانگەشەی پشتگیریکردنی ئازادی دەکەن، بنیات بنرێت. شێواندن و سڕینەوەی مۆرکی چینایەتیی دەسەڵاتی جێگرەوە و شاردنەوەی لە ژێر پەردەی «گەل»ـێکی سەرووچینایەتیدا، نابێتە هۆی هەڵخەڵەتاندنی بۆرژوازی، بەڵکو تەنها دەبێتە هۆی چەواشەکردنی چینی کرێکار و هێشتنەوەی وەک زیندانێک لە ناو خەیاڵەکانی دیموکراسیی بۆرژوازی و پۆپۆلیزمدا.
لە شیکردنەوەکەی پێشووماندا گەیشتینە ئەو دەرەنجامەی کە زمانی سیاسیی حککک، لە پێکهاتە چەمکییەکەیدا، لەگەڵ گوتاری چەپی پۆپۆلیستیدا یەکدەگرێتەوە. بە بڕوای ئێمە، سازشکردن لە بواری زمان و چەمکەکاندا پرسێکی ڕووکەش یان مانۆڕێکی تاکتیکیی بێمەبەست نییە، بەڵکو سازشکردنە لە خودی جەوهەری پڕۆژە سۆسیالیستییەکە؛ چونکە ئەو زمانەی ململانێی چینایەتی ون دەکات و چەمکەکانی «ئیرادەی گەل و بەختەوەری بۆ خەڵک» دەخاتە جێگەی، توانای بەرهەمهێنانی هۆشیاریی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانەی نییە و تەنها بە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی وەهمە لیبراڵی و پۆپۆلیستییەکان لە ناو ڕیزەکانی خودی چینی کرێکاردا دەوەستێت. بە پشتبەستن بەم زەمینە تیۆرییە، لەم بەشی دووەمدا دەگوازینەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە و شیکردنەوەی زمانی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە جەختکردنەوە لەسەر بنەما ستراتیژییەکانی و پڕۆژە تیۆرییەکەی کە خۆی لە «نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک»ـدا دەبینێتەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی نوێترین لێدوان و هەڵوێستەکانی سەرکردایەتیی ئەم پارتە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦ـ دا سەبارەت بە دیدگایان بۆ داهاتووی ناوچەکە. ئەم نووسینە پەل ناهاوێژێت بۆ شیکردنەوەی گشت ڕەهەند و خاڵەکانی پڕۆژەکەی پەکەکە، بەڵکو لە چوارچێوەی کورتە وتارێکدا سنووردار دەبێت و ناپەرژێتە سەر خستنەڕووی دژایەتییەکانی نێوان ئایدیۆلۆژیا و پراکتیکی سیاسیی ئەو حیزبە لە کۆی گشتیی سیاسەتەکانیدا.
ستراتیژیی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان و پڕۆژەکەی ئۆجەلان:
کاتێک لە گوتاری سیاسیی پەکەکە دەکۆڵینەوە، مەسەلەکە تەنها بوونی درز یان دژایەتی نییە لە نێوان زمانی سیاسیی دەقەکان و پاشخانە هزرییەکەی حیزبدا (وەک ئەوەی لە ئەزموونی حککک-دا بینرا)، بەڵکو لێرەدا یەکگرتووییەک لە نێوان زمانی نووسین و گوتاری سەرکردەکان لە لایەک، و فیکر و پراکتیکی حیزبەکە لە لایەکی دیکەوە بەدیدەکرێت؛ فیکر و پراکتیکێک کە هەڵگری ناوەڕۆکێکی کۆنەپەرستانەیە و بە ڕوونی دەبێتە هۆی فریودانی کرێکاران،
بەو پێیەی گوتاری سیاسیی پەکەکە لە گۆڕەپانی سووریادا، لە ڕێگەی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە (قەسەدە) لە ناوچەکانی ژێر هەژموون و دەسەڵاتیدا وەرگێڕدراوەتە سەر پراکتیک و بەرجەستە کراوە.
” دیدگای ستراتیژیی ئێستای پەکەکە لەسەر ئەو تێزە تیۆرییانە بنیات نراوە کە ڕێبەرە زیندانیکراوەکەی- ئۆجەلان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی «نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک»ـدا گەڵاڵەی کردوون. لەم بارەیەوە، موراد قەرەیلان، سەرکردەی دیاری پارتەکە، جەختی کردەوە کە چیتر بژاردەی سەربازی و جەنگ بە ڕێگەچارەی ململانێکان نازانن و دژایەتیی خۆشیان بۆ سیستەمە سەرمایەدارییەکان دووپات کردەوە. لە بەرامبەردا، پارتەکە پڕۆژەی «نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک» وەک تاکە چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە دەخاتە ڕوو. ئەم پڕۆژەیە گرێدراوی تێزی «شۆڕشی ئازادیی ژن – ژن، ژیان، ئازادی» و داڕشتنی مۆدێلێکە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە وەک« کورد، عەرەب، تورک، فارس، ئەرمەن و سریانی-ئاشوورییەکان» لە دەرەوەی قاڵبە تەسک و نەریتییەکەی دەوڵەت-نەتەوە.- ” (سەرچاوە: موراد قەرەیلان مەرجەکانی چەکدانان ئاشکرا دەکات و هۆشداری لە هەڵگیرسانی «جەنگی جیهانیی سێیەم» دەدات، ماڵپەڕی ئاوێنە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦).
پێشنیازی «حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک» لە هەرێمی کوردستانی عێراق:
بۆ بەکردەییکردنی ئەم دیدگایە لە گۆڕەپانی سیاسیدا، ”ئۆجەلان و بەسێ هۆزات” پێشنیازی «حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک»یان وەک نەخشەڕێگایەک بۆ دەربازکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق لە قەیرانە سیاسییە چەقبەستووەکەی خستە ڕوو. بەسێ هۆزات، کە سەرکردەیەکی دیاری سیاسی و سەربازییە و لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە وەک یەکەم ژن هاوشانی جەمیل بایک پۆستی هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان بەڕێوە دەبات، داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی حوکمڕانیدا کرد. هۆزات ڕایگەیاند کە پێویستە دەستبەرداری حوکمڕانیی بنەماڵەیی و حیزبی ببین و سیستەمی فیدراڵیی ئێستای باشووری کوردستان بگۆڕین بۆ «سیستەمێکی فیدراڵیی دیموکراتیکی ڕاستەقینە». بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیازی پێکهێنانی «حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک»ـی کرد تاوەکو نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم هێزە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا مسۆگەر بکات، بە شێوەیەک کە بڕیارەکانی ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئیرادەی گشتی بن (سەرچاوە: بەسێ هۆزات: دەبێت لە باشوور دەستبەرداری حوکمڕانیی بنەماڵەیی ببن، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦).
ئەم دەستپێشخەرییە لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ـدا کاردانەوە و مشتومڕێکی سیاسیی گەورەی لێ کەوتەوە، بەتایبەت کە هاوکات بوو لەگەڵ دانوستانەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، کە تێیدا سەرکردایەتیی فشار دەکات بۆ ئەنجامدانی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە شێوازی حوکمڕانیی هەرێمدا.
بە مەبەستی پشکنینی ڕەگە ئیپستمۆلۆژی و ڕەهەندە پێکهاتەییەکان و هەڵوەشاندنەوەی گوتاری سیاسیی ئەم تێزە، دوو ئیشکالیەتی تیۆری ڕووبەڕوومان دەبنەوە کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و شیکارییە: یەکەم/ دەرهاویشتە و ناوەڕۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چەمکی «حکومەتی یەکێتیی دیموکراتی» بەپێی دیدگای هاوسەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان چییە؟ دووەم/ پاشخانی فەلسەفی و مەرجەعیەتی تیۆریی ئەم تێڕوانینە لە نەخشەی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا چییە؟.
یەکەم: ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چەمکی «حکومەتی یەکێتیی دیموکراتی»
بەپێی دیدگای ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کۆما جڤاکێن کوردستان، چەمکی «حکومەتی یەکێتیی دیموکراتی» سنووری سازشێکی سیاسیی کلاسیکی یان ئاڵوگۆڕێکی وەزاریی ڕووکەش تێدەپەڕێنێت؛ وەک پڕۆژەیەک پێشکەش دەکرێت کە هەوڵی دروستکردنی دابڕانێکی پێکهاتەیی و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە بونیادی حوکمڕانیی ئێستادا دەدات، ئەویش لە ڕێگەی گۆڕینی لە شێوازی قۆرخکاریی تەسکی حیزبی و بنەماڵەییەوە بۆ فۆرمێکی بەشداریکار و فرەڕەنگی گشتگیر. ئامانجی بنەڕەتیی ئەم پڕۆژەیە لە دەوری بنیاتنانی ئیدارەیەکی سیاسیدا دەخولێتەوە کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و بەشداریکردنێکی کارا بۆ تێکڕای پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، سەرەڕای هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، مسۆگەر بکات. هەر بۆیە، کەجەکە وەک بەردی بناغەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا دەکات بۆ چەسپاندنی «دیموکراسیی ڕیشەیی ڕاستەوخۆ» کە لە بنکە جەماوەرییەکانەوە بەرەو لووتکەی هەرەمی کارگێڕی گەڵاڵە دەبێت.
دووەم: ڕەسەنایەتیی فەلسەفی و مەرجەعیەتی تیۆریی پڕۆژەکە:
ئەم مۆدێلە سیاسییە لە بنەما فیکری و فەلسەفییەکانیدا لە چوارچێوەی قوتابخانەی «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی»دا جێی دەبێتەوە، کە لەژێر ئاڵای ڕەوتەکانی «سۆسیالیزمی ئازادیخواز» یان «کۆمۆنالیزم» پۆلێن دەکرێت، و لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە تیۆریزە کراوە. ئەم قوتابخانەیە ڕەگوڕیشە فەلسەفییەکانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە تێزەکانی بیرمەندی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی ئەمریکی «مۆرای بوکچین» سەبارەت بە ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و شارەوانییە ئازادیخوازەکانەوە وەردەگرێت. بەکورتی ئەم بونیادە تیۆرییە لەسەر سێ پایەی فەلسەفیی سەرەکی و تێکەڵبەیەک دادەمەزرێت:
١. دیموکراسیی ڕاستەوخۆ (نامەرکەزیی نادەوڵەتی): گەڵاڵەکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی خۆبونیاد و خۆبەڕێوەبەر لە دەرەوەی قاڵب و ستراکتۆرەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا.
٢. ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی: گرتنەبەری مۆدێلێکی گەشەسەندن و ئابووریی ژینگەدۆست کە قۆرخکاری و چەوساندنەوەی سەرمایەدارانەی سروشت ڕەت دەکاتەوە و لەسەر بنەمای هاوسەنگیی ئیکۆلۆژی بونیاد دەنرێت.
٣. ئازادکردنی ژن (ژنۆلۆژی): هەژمارکردنی ئازادیی ژن وەک بنەمای سەرەکیی هەر ڕزگارییەکی کۆمەڵایەتی، بەو پێیەی دەروازە جەوهەرییەکەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ستراکتۆرە ئۆتۆریتێر (دەسەڵاتگەرا) و پاتریارکییەکان (باوکسالاری) لە کۆمەڵگەدا.
ئایا سۆسیالیستەکان باوەڕیان بەم فۆرمەی دیموکراسی و پێکهێنانی حکومەتێکی لەم چەشنە هەیە؟. نەخێر؛ سۆسیالیستەکان بڕوایان بە قۆناغی ڕاگوزەری «دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا – حکومەتی سۆسیالیستیی کرێکاری» هەیە، کە تێیدا چینی کرێکار دەسەڵاتی دەوڵەت دەگرێتە دەست لە پێناو هەڵتەکاندنی سەرمایەداریدا، بەر لە گەیشتن بە قۆناغی کۆمۆنیزم (کۆمەڵگەی بێ چین و بێ دەوڵەت). مارکسیستەکان ڕەخنەی ڕیشەیی و جیدییان ئاراستەی تێزەکانی مۆرای بوکچین و پارادایمی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بوکچین لە سەرەتادا مارکسیست بووە و دواتر دابڕانی لێ ڕاگەیاندووە، ڕەخنە بەرامبەرەکانی نێوانیان زۆر قووڵن. دیارترین ڕەخنەی سۆسیالیستەکان سەبارەت بە سێ پایە تیۆرییەکەی (دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، ژینگە، ئازادیی ژن) بەم شێوەیەن:
سۆسیالیستەکان پێیان وایە بکەری سەرەکی بۆ ڕووخاندنی سەرمایەداری بریتییە لە چینی کرێکار، لە کاتێکدا بوکچین پێی وابوو کە لە مۆدێرنێتەدا چینی کرێکار لە ناو سیستمەکەدا تواوەتەوە و چیتر شۆڕش پڕۆسەیەکی چینایەتیی پەتی نییە، بەڵکو کردەیەکی گشتییە (هاووڵاتیبوون). سۆسیالیستەکان ئەم تێڕوانینە بە «لادان لە ماتریالیزمی مێژوویی» و جۆرێک لە لیبرالیزم پۆلێن دەکەن. لە فەلسەفەی مۆدێرن و پۆست-مارکسیزمدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کێ گۆڕانکاری دەکات؟. لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، بوکچین ئاڵوگۆڕ بە سوبێکتی شۆڕش دەکات (لە کرێکارەوە بۆ هاووڵاتی)؛ ئەمەش لەو سۆنگەیەوەیە کە پێی وابوو چینی کرێکار لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا لە ڕێگەی کولتووری بەکاربەرییەوە لە ناو پێکهاتەی سیستمەکەدا تواوەتەوە، کەواتە پێویستە «هاووڵاتیی ئازاد» لە چوارچێوەی شار و کۆمۆنەکاندا ببێتە بزوێنەری گۆڕانکاری. لە بەرامبەردا، سۆسیالیستەکان ئەم هەڵوێستە بە پاشەکشە بەرەو لیبرالیزم لەقەڵەم دەدەن، چونکە چەمکی گشتگیری «هاووڵاتی» دابەشبوون و دژایەتییە چینایەتییەکانی نێوان کرێکار و بۆرژوا (دەوڵەمەند و هەژار) پەردەپۆش دەکات.
بوکچین پێی وابوو ڕەگوڕیشەی قەیرانەکان لە سیستمی هەژموون و پلەبەندیی قوچکەیدایە؛ بۆ نموونە باڵادەستیی پیاو بەسەر ژندا، یان گەورەکان بەسەر بچووکەکاندا، کە تەنانەت پێش سەرهەڵدانی سەرمایەداریش ئامادەیی هەبووە. مارکسیستەکان دەڵێن ئەمە چەمکێکی تەمومژاوییە و کێشەکە دەباتەوە بۆ پرسە سەروچینایەتییەکان؛ ئەوان پێیان وایە کێشەی جەوهەری بریتییە لە سیستمی ئابووریی سەرمایەداری و موڵکایەتیی تایبەت، پەیوەندی کار و سەرمایە، و دابەشبوونی چینایەتی و ڕۆڵی بازار و پوڵ لە کۆمەڵدا، و ئەگەر ژێرخانی ئابووری ڕێکنەخرێتەوە بۆ شێوازی سۆسیالیستی، ئەوا کۆتاییهێنان بە پلەبەندیی هەرەمی تەنها خەونێکی خەیاڵییە.
سۆسیالیستەکان ئەو تێزانەی بوکچین کە بە شێوەیەکی ڕەها دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە، بە نادروست لەقەڵەم دەدەن و پێیان وایە ئەم هەڵوێستە بەرەو ئاڕاستەیەکی یۆتۆپی (خەونی وەنەوشەیی بە شاری خەیاڵییەوە) هەنگاو دەنێت. جەخت دەکەنەوە کە ناکرێت دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و یەکسەر هەڵبوەشێتەوە (دیموکراسیی نادەوڵەتی). بۆ پاراستنی شۆڕش لە بەرامبەر ئیمپریالیزم و سەرمایەداریدا، پێویستییەکی حەتمی بە دەوڵەتێکی کرێکاریی بەهێز دێتە ئاراوە. مۆدێلی ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی بوکچین توانای خۆڕاگریی لە بەردەم هێزی سەربازیی دەوڵەتە زلهێزەکاندا نییە.
سۆسیالیستەکان پێیان وایە لە تێزەکانی بوکچیندا، جۆرێک لە ڕوانینی ڕۆمانسی بەرامبەر بە دیموکراسیی ئەسینای دێرین بەدیدەکرێت؛ بەو پێیەی ناوبراو مۆدێلی دیموکراسیی ڕاستەوخۆی لەو کۆمەڵگەیەوە وەرگرتووە، لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان جەخت لەو ڕاستییە دەکەنەوە کە ئەسینای دێرین کۆمەڵگەیەکی «کۆیلایەتی و باوکسالاری» بووە و ناشێت بکرێتە نموونە بۆ جیهانی پیشەسازیی مۆدێرن.
لە «دەوڵەتی هاووڵاتی»یەوە بەرەو «دەوڵەتی پێکهاتەکان»:
قوتابخانەکانی فیکری سیاسیی بۆرژوازی هەمیشە دەوڵەتیان وەک دامەزراوەیەکی سەرووچینایەتی و بێلایەن وێنا کردووە. بە پێی تێڕوانینی لیبراڵەکان، دەوڵەت تەنها دەزگایەکی تەکنیکی و کارگێڕییە بۆ ڕێکخستنی کاروباری کۆمەڵگە و دابڕاوە لە بەرژەوەندی و دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی چینی باڵادەست. وە لە چوارچێوەی قوتابخانە جیاوازەکانی تیۆریی سیاسیی بۆرژوازیدا، چەمک و ئەرکەکانی دەوڵەت جێگیر نەبوون، بەڵکو بە پێی قۆناغەکانی گەشەسەندنی سەرمایەداری و هەلومەرجەکانی سەقامگیری یان قەیران، گۆڕانکاریی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە. لە سەردەمی بنیاتنان و چەسپاندنی هەژموونی سیاسیی چینی بۆرژوازیدا و لە قۆناغی گەشەی لیبراڵیزمدا، دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی یاسایی بۆ زامنکردنی ئازادیی تاک، پاراستنی ئاسایش و ڕێکخستنی کاروباری گشتی، لە چوارچێوەی چەمکی «دەوڵەتی هاووڵاتیان» پێناسە دەکرا.
لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و جەمسەرگیریی نێودەوڵەتی، زۆربەی بیرمەندانی لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی و کۆنسەرڤاتیڤەکان پەرەیان بە مۆدێلی «دەوڵەتی خۆشگوزەرانی» دا. بە پێی ئەم مۆدێلە، دەوڵەت لە پاڵ ئەرکی کلاسیکیی پاراستن و کارگێڕیدا، بەرپرسیارێتیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بۆ هاووڵاتیان لە ئەستۆ گرت، وەک ئامرازێک بۆ هێورکردنەوەی ململانێ چینایەتییەکان.
بەڵام لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە، بەتایبەتی دوای باڵادەستبوونی «تاچەریزم» و «ڕیگانیزم»، کە گوزارشت بوون لە هاوپەیمانیی نیۆلیبراڵیزمی ئابووری و کۆنسەرڤاتیڤیزمی سیاسی، دەوڵەت پاشەکشەی لە ئەرکە خزمەتگوزارییەکانی کرد و گەڕایەوە سەر فۆرمێکی نوێی ئەرکە کلاسیکییەکەی، و دروشمی دەوڵەت لە دابینکردنی خۆشگوزەرانییەوە گۆڕا بۆ «ئاسایش و پاراستن لە مەترسییەکان». لەم قۆناغەدا، سیستەمی سیاسی سوودی لە دروستکردن و گەورەکردنی «دوژمنی دەرەکی» وەرگرت، چ یەکێتیی سۆڤیەت بێت وەک مەترسیی سوور، یان گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان وەک مەترسیی سەوز، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە دۆخێکی دەروونی و هوشیارییەکی وادا بهێڵێتەوە کە دەستبەرداری داواکارییە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بێت و مانەوەی دەوڵەت تەنها وەک قەڵغانێکی ئەمنی قبووڵ بکات.
لە دوای ساڵانی نەوەدەکان و تەشەنەسەندنی پرۆسەی جیهانگیری، جارێکی تر ناسنامە و پێناسەی دەوڵەت بووەوە چەقی مشتومڕی قوتابخانەکانی بۆرژوازی، کە دەرەنجامەکەی دابەشبوونیان بوو بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا:
- لیبراڵیزمی بونیادگەر: کە هەوڵی زیندووکردنەوەی بنەما کلاسیکییەکانی لیبراڵیزم دەدات و جەخت لەسەر چەمکی «دەوڵەتی هاووڵاتی» و یەکسانیی تاکەکان لە بەرامبەر یاسادا دەکاتەوە.
- کۆنسەرڤاتیڤیزمی نوێ: کە مۆدێلی «دەوڵەتی پێکهاتەکان» وەک تاکە فۆرمی گونجاو بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و پاراستنی مافی گرووپە ئیتنی، ئایینی، مەزهەبی و زمانەوانییەکانی ناو کۆمەڵگە پێشنیاز دەکات.
ئەمڕۆ زۆربەی پارتە سیاسییە بۆرژوازییەکان، بە ڕاستڕەو و چەپڕەوەوە، لە نێوان ئەم دوو پارادایمەدا دابەش بوون و هەر بەرەیەک بە کۆمەڵێک ئەرگومێنتی تیۆری و سیاسی بەرگری لە ڕەوایەتیی مۆدێلەکەی خۆی دەکات.
هاوشێوەی ئەمە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، سیستەمە ئایینییەکانی مەسیحییەت و ئیسلام شەرعییەتیان بە جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەدا؛ ئەمەش لە ڕێگەی بەپیرۆزکردنی نوخبەی دەسەڵاتدار (خەلیفە، ئیمام و پیاوانی ئایینی) لە بەرامبەر جەماوەر، هەروەها جیاکردنەوەی موسڵمانان لە پێکهاتە ناموسڵمانەکان. ئەم پێکهاتەیە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی سیستەمی دەرەبەگایەتی بوو کە کۆمەڵگەی بەسەر «ئاغا و دەرەبەگ» و «جووتیار و ڕەشۆکی»دا دابەش کردبوو. لە چوارچێوەی یاسای دەوڵەتی ئیسلامیدا (سیستەمی ذیممە)، کەمینە ئایینییەکانی وەک سابیئە (مەنداییەکان)، مەسیحی و جووەکان مافی پاراستنی گیان، ماڵ و ئازادیی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان بۆ دەستەبەر کرابوو؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی پێوەری مافەکان «ئایین» بوو نەک «هاووڵاتیبوونی مۆدێرن»، ئەوان لە پێگەیەکی یاسایی نزمتردا بوون. ئەمەش لە قەدەغەکردنی وەرگرتنی پۆستە باڵاکان، سەپاندنی باجی سەرانە (جزیە)، و کۆتوبەندکردنی مافی دروستکردنی پەرستگای نوێدا ڕەنگی دەدایەوە.
لە سەردەمی هاوچەرخدا، وێڕای ڕوونیی دابەشبوونی چینایەتی لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا (بۆرژوازی، وردەبۆرژوازی و پرۆلیتاریا)، بەڵام هەریەک لە کۆنەپارێزان و ڕەوتەکانی پۆست-مارکسیزم، سەنتەربوونی ململانێی چینایەتی ڕەت دەکەنەوە. ئەوان تێڕوانینی کلاسیکیی مارکس سەبارەت بە ململانێی نێوان «کار و سەرمایە» بە دروست نازانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمڕۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان – کە لەسەر بنەمای شوناسی کولتووری و داواکاریی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان سەرهەڵدەدەن- ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و دەسەڵاتدا دەگێڕن، نەک چینی کرێکار و ململانێ ئابوورییەکان.
دیموکراسیی نوێنەرایەتی لە فەلسەفەی سیاسیی پارێزگارخوازیی نەریتیدا:
فەلسەفەی سیاسیی کۆنزێرڤاتیڤیزمی نەریتی، کە بیرمەندانی وەک ئێدمۆند بێرک بە دیارترین تیۆریزەکار و پێشەنگەکانی هەژمار دەکرێن، تێڕوانینێکی تایبەتی بۆ دیموکراسیی نوێنەرایەتی هەیە کە بە شێوەیەکی ڕیشەیی دژبەرە لەگەڵ تێگەیشتنی لیبرالیزمی مۆدێرندا. کۆنزێرڤاتیڤە نەریتییەکان وەک یەکەیەکی ئۆرگانیی زیندوو دەڕواننە کۆمەڵگە کە لە ڕێگەی کەڵەکەبوونی مێژوویی، دابونەریت، ئایین و بەها هاوبەشەکانەوە گەڵاڵە بووە، نەک تەنها وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ئەبستراکت لە نێوان تاکە سەربەخۆکاندا.
میکانیزمەکانی نوێنەرایەتیی سیاسی و ئینتیمای جڤاکی لە فیکری کۆنزێرڤاتیڤدا:
بەگوێرەی تێڕوانینی کۆنزێرڤاتیڤیزمی نەریتی، میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی نوێنەران و شوناسە سۆسیۆلۆژی و سیاسییەکەیان لەسەر بنەمای ئەم کۆڵەکانەی خوارەوە فۆرمەڵە دەبن:
- تیۆری سەرپەرشتیکردن یان وەسایەت: بەناوبانگترین تێزی کۆنزێرڤاتیڤ کە ”ئێدمۆند بێرک” دایڕشتووە، ئەوە دەسەلمێنێت کە نوێنەری پەرلەمان تەنها نێردراو یان گوتەبێژێکی فەرمیی دەنگدەرەکانی نییە تا داواکارییەکانیان بە شێوەیەکی حەرفی بگوازێتەوە، بەڵکو «سەرپەرشتیار» یان «وەسی»یە. کاتێک هاووڵاتیان نوێنەرێک هەڵدەبژێرن، پێویستە کاروباری خۆیان تەسلیمی عەقڵ، ئەزموون و حیکمەتی ئەو بکەن بۆ وەرگرتنی گونجاوترین بڕیار لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا، تەنانەت ئەگەر ئەو بڕیارە لەو چرکەساتەدا پێچەوانەی مەیلی دەنگدەرانیش بێت.
- ڕابەرایەتیی سروشتی و ئێلیتیزم (بژاردەگەرایی): کۆنزێرڤاتیڤیزمی نەریتی بڕوای وایە کە کۆمەڵگە لە جەوهەردا بە پلەبەندی و ستراکتۆری هەرەمی دەناسرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە نوێنەران لە توێژی ئێلیت (بژاردە) بن کە خاوەنی ئەزموونی ژیان، دڵسۆزیی سەلمێنراو و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی شکۆدارن.
- گرێدراویی ئۆرگانی بە پێکهاتەکانەوە (هۆز و بنەماڵە، تائیفە، نەتەوە، ئایین): لەم فەلسەفەیەدا ناکرێت نوێنەرە سیاسییەکان لە ئینتیما و شوناسە نەریتییەکانیان جیا بکرێنەوە. بەو پێیەی کۆنزێرڤاتیڤیزم پێی وایە مرۆڤ بوونەوەرێکی تاکگەرای ئەبستراکت نییە، بەڵکو بوونەوەرێکە کە ڕەگوڕیشەی لە عەشیرەت، ئایین، نەتەوە و کۆمەڵگە لۆکاڵییەکەیدا چەقیوە. کەواتە، دەبێت نوێنەر ئاوێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەم پێکهاتە ڕەسەنانە بێت و ئەرکی داکۆکیکردن لە بەها و سەقامگیریی ئەم گرووپانە لە ئەستۆ بگرێت؛ چونکە پاراستنی ئەم پێکهاتانە هاوتایە لەگەڵ پاراستنی تەون و یەکگرتوویی گشتیی جڤاک.
- کۆمەڵگەی ئۆرگانی و پێشەنگیی گرووپی پێش مۆدێرنێتە: ئەم هزرە لەو بەڵگەنەویستەوە دەست پێدەکات کە تاک هیچ بەهایەکی نییە بە دابڕاوی لە هۆز و بنەماڵە، ئایین و مێژووەکەی. لێرەدا گوتارەکە لەسەر مرۆڤ نییە وەک تاکێکی هاووڵاتی، بەڵکو وەک ئەندامێکی ئاوێتەبوو لە ناو کۆمەڵە پێش مۆدێرنەکاندا؛ بە واتای ئەوەی شوناسەکەی بە ئینتیما ئایینی، مەزهەبی یان خێڵەکییەکەی پێناسە دەکرێت (مەسیحی یان موسڵمان، شیعە یان سوننە، درووزی یان ئێزیدی، یاخود سەر بە هۆز و عەشیرەتێکی دیاریکراو).
- سەرچاوەکانی شەرعییەتی نوێنەر: شەرعییەتی نوێنەرایەتی لەم پارادایمەدا ڕەوایەتیی خۆی لە ئەزموونی کەڵەکەبوو، حیکمەت، ڕەچەڵەک و پێگەی کۆمەڵایەتیی نەریتییەوە هەڵدەهێنجێت؛ بە شێوەیەک هەر پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتیی گرووپ یان پێکهاتە تایبەتەکەی خۆی دەکات، و ئەرکە بنەڕەتییەکەی لە پارێزگاریکردن لە سیستمی بەها ئایینی، خێڵەکی و کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتەکەیدا چڕ دەبێتەوە.
لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و ڕمانی دیواری بەرلین، گوتاری کۆنەپارێزی وەک ئاراستەیەکی فیکری و سیاسیی زاڵ لە جیهاندا هەڵکشانی بەخۆیەوە بینی. لە کاتێکدا فەلسەفەی لیبڕالیزم کۆمەڵگە لە چوارچێوەی دووانەی «تاک و کۆ»دا دەبینێت و ئازادیی تاکەکەس دەکاتە پێوەر، کۆنەپارێزی بە هەموو ڕەوتەکانییەوە پێناسەکردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای شوناسی «ئایینی، کولتووری، شارستانی و ئیتنیکی» دەکاتە بناغەی پڕۆژە سیاسییەکەی. بەم پێیە، کرۆکی ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەسەر «تیۆری ئیمتیازاتی گرووپی کۆمەڵایەتی» و سیاسەتی شوناس وەستاوە. مۆدێلی هەرە دیاری ئەم پۆلێنکارییە گرووپییە لە سیستەمی «کاست»ی ئایینی هیندۆسیدا دەبینرێت، کە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی هیرارکی و لەسەر بنەمای دابەشکاریی کار و پیشە ڕێک دەخات. لەم هەڕەمەدا، ئیمتیازاتە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش کراون و گرووپی «پەراوێزخراوان» دەکەونە نزمترین ئاست، کە پیشە قورس و نەخوازراوەکانی وەک پاککردنەوەی زێراب، پینەچێتی، دەباغی و قەسابییان بەسەردا سەپێنراوە.
هەر لەم دیدگایەوە، دامەزراوە نەریتییەکان پێگەیەکی تەوەرەیی لە هزری کۆنزێرڤاتیڤدا داگیر دەکەن؛ بە شێوەیەک کۆنزێرڤاتیڤە نەریتییەکان پێیان وایە دیموکراسیی نوێنەرایەتی وەک سیستمێکی گونجاو و باش دەمێنێتەوە، بەڵام بە مەرجێک دامەزراوە مێژووییە بۆماوەییەکان (وەک خێزان، کڵێسا یان مزگەوت، عەشیرەت، و بونیادە خۆجێییە نەریتییەکان) بپارێزێت و ڕێز لە کۆڵەکەکانی سەقامگیری و بەردەوامیی کۆمەڵایەتی بگرێت.
لە گوتاری سیاسیی تۆم باراکدا (باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ کاروباری سووریا و عێراق)، پێکهاتەی سۆسیۆلۆژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەردەوام لە چوارچێوەی شوناسە سەرەتاییەکانی وەک «خێڵ، ئایین و تائیفە»دا پۆلێن دەکرێت؛ ئەمەش لەلایەن چاودێرانی ناوچەکەوە وەک گوزارشتێک لە عەقڵییەتی کۆلۆنیالی و پەراوێزخستنی شارستانی لێکدراوەتەوە. لە ئەیلوولی ٢٠٢٥دا، باراک بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک قەوارەیەک بوونی نییە، بەڵکو تەنها کۆمەڵێک خێڵ و گوند هەن»، و دەوڵەتە مۆدێرنەکانی بە بەرهەمی دەستکردی هێزە کۆلۆنیالییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆی (١٩١٦)دا ناوزەد کرد. بەم جۆرە، ناوبراو مۆدێلی «دەوڵەت-نەتەوە»ی لە ناوچەکەدا خستە ژێر پرسیارەوە و ڕەتی کردەوە. جێگەی سەرنجە کە لە پەیامە نوێیەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشدا، ڕەخنەگرتن و ڕەتکردنەوەی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە وەک تەوەرێکی سەرەکی دەردەکەوێت. ئەم هاوتەریبییە گوتارییە دەمانباتە بەردەم ئەم پرسیارە شیکارییە: ئایا ئەم یەکانگیرییە لە تێڕوانیندا تەنها هاوکاتبوونێکی ڕێکەوتە، یان ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەردوو گوتارەکە لە ژێر کاریگەریی یەک پارادایم و قوتابخانەی فەلسەفەی سیاسیدا داڕێژراون؟. لێرەدا بەریەککەوتن و یەکتربڕینێکی بونیادیی دیار بەدیدەکرێت لە نێوان ڕەهەندە کۆنەپەرستانەکەی پڕۆژەکەی پەکەکە و چەمکی دیموکراسیی نوێنەرایەتی لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسیی کۆنزێرڤاتیڤیزمی نەریتییەوە؛ بەو پێیەی لە چوارچێوەی دیموکراسیی نوێنەرایەتیی کۆنزێرڤاتیڤدا، نوێنەرانی گەل وەک گوزارشتکار لە ئینتیما سەرەتاییەکان و ستراکتۆرە نەریتییەکان، وەک هۆز یان کۆمەڵە خێڵ و بنەماڵەیەک، تائیفە، ئیتنیک و ئایین، دەستنیشان دەکرێن.
پراکتیزەکردنی مەیدانیی پڕۆژەی «نەتەوەی دیموکراتی و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی» لە سووریا:
لە ئاستی کارکردنی مەیدانیدا، (هەسەدە) و ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاریان بۆ بەرجەستەکردنی پڕۆژەکەی ئۆجەلان لە واقیعدا کرد. سەرەڕای ئەوەش، ئەم ئەزموونە پراکتیکییە پەردەی لەسەر بونیادێکی ئاوێتە لادا کە هەڵگری تێکەڵەیەکی توندە لە دژبەیەکییە ستراکتۆری و ئایدیۆلۆژییەکان؛ لە لایەکەوە، سیما نوێگەری و پێشکەوتنخوازە دیارەکان لە ئەزموونەکەدا دەرکەوتن، کە لە یاسادانانی پێشکەوتوو بۆ ڕزگارکردنی ژن، چەسپاندنی ئامادەیی کارای ژن لە ڕێگەی چەکهەڵگرتنەوە، و گرتنەدەستی پێگەکانی سەرکردایەتی و بەرپرسیارێتیی کارگێڕی و سەربازی شانبەشانی پیاو بەرجەستە بوون.
لە بەرامبەردا و بە تەواوی پێچەوانەی ئەم دەرکەوتە ئازادیخوازە، ئەم مۆدێلە هاوتەریب لەگەڵ ستراکتۆرە کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرست و کۆنزێرڤاتیڤە خاوەن مۆرکە نیمچە فیوداڵییەکاندا پێکەوە ژیا؛ بەو پێیەی چەمکی نوێنەرایەتیی گشتگیری کۆمەڵگە بووە هۆی تێکەڵکردن و جێکردنەوەی فۆرمە نەریتییە جیاوازەکانی قۆناغی پێش سەرمایەداری لە ناو ئەنجوومەنەکانی ئیدارە و حوکمڕانیدا، بە بونیادە ئیتنییەکان، پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکان، و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکانیشەوە. ئەمەش ئەو دژایەتییە جەوهەرییە ڕەنگ دەداتەوە کە لە نێوان دروشمە ئازادیخوازە مۆدێرنەکان و دووبارە بەرهەمهێنانەوە و چەسپاندنی ستراکتۆرە کۆمەڵایەتییە نەریتییەکانی پێش سەرمایەداریدا لە کرۆکی پڕۆسەی سیاسیدا هەیە.
شیکاریی هزری و سیاسی بۆ (هەسەدە) و باڵە سیاسییەکەی (ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا – ڕۆژئاوا) یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسەکانی زانستە سیاسییە هاوچەرخەکان. ئەو دژبەیەکییەی نێوان ئایدیۆلۆژیای ناوخۆیی و هاوپەیمانییە دەرەکییەکان، تەوەری سەرەکیی ڕەخنەی بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێکدەهێنێت.
( هەسەدە) هێزێکی سیاسییە کە پڕۆژەیەکی خاوەن سروشتی ڕۆمانسیی کۆنەپەرستانە پەیڕەو دەکات؛ بەو پێیەی لە لایەکەوە بانگەشە بۆ گوتاری «دیموکراسیی گەلان» دەکات کە دیموکراسی دەپووکێنێتەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکانی پێش مۆدێرنێتەی کۆمەڵگە، واتە دیموکراسییەک کە لەسەر کۆمەڵە ئایینی، ئیتنی و خێڵەکییەکان بونیاد نراوە، و لە لایەکی دیکەوە، خەونی بەدیهێنانی سەربەخۆیی «ڕۆژئاوا»ی لە مێشکدا بوو بە پشتبەستن بە پشتگیریی ئیمپریالیزمی ئەمریکی. ئەگەر ئەم ئەزموونە لە چوارچێوەی دوو چەمکی «ڕۆمانسیەتی سیاسی» و «پۆپۆلیزم یان کۆنەپەرستی»دا بخەینە بەر شیکاری، دەتوانین تیشک بخەینە سەر دوو تێڕوانینی جیاواز کە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا ئامادەییان هەیە:
١. تێڕوانینی ڕەخنەگرانە: پڕۆژەیەکی یۆتۆپی (ڕۆمانسی) لە نێوان عەشیرەتەکان و ئەمریکادا:
ئەم دیدگایە هاوڕایە لەگەڵ ڕەخنەکانی ئێمە و پێی وایە گوتاری ( هەسەدە) دژبەیەکییەکی قووڵ لەخۆدەگرێت کە دەکرێت وەک «ڕۆمانسیەتێکی سیاسیی دابڕاو لە واقیع» پێناسە بکرێت، بەم پاساوانەی خوارەوە:
- گەڕانەوە بۆ پێکهاتەکانی پێش مۆدێرنێتە (لە نێوان دیموکراسی و عەشیرەتگەریدا): بەپێی تیۆری «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی» (کە ژێرخانی هزریی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا پێکدەهێنێت)، بانگەواز بۆ دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ دەکرێت کە لەسەر کۆمۆنەکان و پێکهاتە ڕەسەنەکان وەستاوە. ڕەخنەگران پێیان وایە پشتبەستن بە ستراکتۆرە نەریتییە دێرینەکانی وەک (هۆز و بنەماڵە عەرەبەکان، پیاوانی ئایینی، و پێکهاتە ئیتنییە نەریتییەکان) لە ناوچەکانی وەک دێرەزوور و ڕەققە، جۆرێکە لە «ڕۆمانسیەتی کۆنەپەرستانە» یان سازشکردن لەگەڵ واقیعێکی دواکەوتوودا. ئەمەش لە جێی پێگەیاندنی کرێکارێکی هۆشیار، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی هێزە نەریتییە کۆنەکان لەژێر ناونیشانی «دیموکراسیی پێکهاتەکان»دا. ئەمە بەرهەمی «دیفاکتۆ» (ئەمری واقیع) نییە، بەڵکو گوزارشتە لە بەرنامە و بیروباوەڕی کۆنەپەرستانەی خودی پڕۆژەکەی پەکەکە و بە ویست و ئاگاییەوە جێبەجێ دەکرێت.
- خەونی سۆسیالیستی و دژەسەرمایەداری لەژێر سایەی ئیمپریالیزمی ئەمریکادا: ئەمە بە گەورەترین پارادۆکس دەژمێردرێت؛ چونکە ئایدیۆلۆژیای بنەڕەتیی حیزبەکە ئایدیۆلۆژیایەکی چەپە کە دژی سیستمی سەرمایەداریی جیهانی و دەوڵەت-نەتەوە دەوەستێتەوە، بەڵام لە واقیعدا مانەوەی ئەم قەوارەیە بە شێوەیەکی ڕەها گرێدراوە بە پشتیوانیی سەربازی و دارایی گەورەترین زلهێزی سەرمایەداریی جیهانەوە، کە ئەمریکایە. نەیارە چەپەکان ئەمە بە «نەبوونی پرەنسیپ» هەژمار دەکەن، لە کاتێکدا ڕیالیستەکان بە «ڕۆمانسیەتێک»ی دەبینن کە کۆتاییەکەی پڕ مەترسییە؛ چونکە ئەمریکا دەتوانێت لە هەر چرکەساتێکدا کە بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا (وەک تورکیا یان عێراق) گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، پشت لەم ئەزموونە بکات. ئەمریکا بە کردەوەش پشتی تێکردن؛ ئەمەش چارەنووسی حەتمیی هەر لایەنێکە کە قبووڵی دەکات ڕۆڵی سەرباز ببینێت لە خزمەتی پڕۆژەی ئیمپریالیستیدا و خۆی بەوە چەواشە دەکات کە هاوبەشە لە هاوپەیمانییەکی ستراتیژیدا بە بیانووی دیفاکتۆ.
ئایا ئاماژەدانی پەکەکە بە ئازادیی ژنان بایەخی نییە؟. نووسەر بە ڕوونی دان بە ڕەهەندە ئەرێنییەکانی پرسی ژناندا دەنێت لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا؛ سەرەڕای ئەو خەسڵەتە نوێگەری و پێشکەوتنخوازە دیارانەی ئەم پرسە، بەڵام لە پراکتیکی مەیدانیی «قەسەدە»دا لە سووریا، ئەوە بەدیدەکرێت کە چۆن یاسادانانە پێشکەوتووەکانی تایبەت بە ڕزگارکردنی ژنان، ڕووبەڕووی بەرکەوتن بوونەوە لەگەڵ ڕەهەندە کۆنەپەرستەکانی دیکەی مۆدێلەکە، وەک ستراکتۆرە پاتریارکی (باوکسالاری – پیاو سالاری) و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغی پێش سەرمایەداری، و دواجار ماف و ئازادییەکانی ژنان کەوتنە ژێر هەژموون و سێبەری تاریکی ئایدیۆلۆژیا کۆنەپارێزەکەی ناو پڕۆژە جێبەجێکراوەکە. جەوهەری مەبەستی نووسەر لێرەدا ئەوەیە کە تەنانەت ئەم دەستکەوتە مۆدێرنەش (ئازادیی ژنان) لە ناو بونیادێکی تیۆری و سۆسیۆلۆژیی پارادۆکسئامێزدا قەتیس ماوە، بەو پێیەی هاوکات شەرعییەت بە سەرۆک هۆز و پیاوانی ئایینی دەبەخشرێت کە خۆیان سەرچاوەی سەرەکیی چەوساندنەوەی ژنانن. لەم سۆنگەیەوە، نووسەر پێی وایە ئەرکی ئەو پیاهەڵدان نییە بە دەستکەوتەکاندا، بەڵکو ئاشکراکردنی دژایەتییە ناوخۆییەکانی پڕۆژەکەیە.
پرسی «دیفاکتۆ» و سەنگەری چەپەکان:
سۆسیالیستەکان خۆبەستنەوەی هێزە چەپەکان بە بەرەی ئیمپریالیزم یان دەوڵەتانی وەک ئێران و تورکیاوە بە پاساوی «دیفاکتۆ» بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە؛ بەو پێیەی ئەم هاوپەیمانییە پێچەوانەی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی کرێکارانی ناوچەکەیە و کرۆکی مۆڕاڵ و فەلسەفەی سیاسیی بۆرژوازیی ماکیاڤیلی بەرجەستە دەکات.
لە فەلسەفەی سۆسیالیستدا، چەمکی دیفاکتۆ بە تەڵەیەکی مەترسیدار دادەنرێت. سۆسیالیستەکان پێیان وایە کاتێک حیزبێکی چەپ بە ناوی «واقیعبینی و دیفاکتۆ»وە دەچێتە پاڵ ئەمریکا (ئیمپریالیزم) یان هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکە (وەک ئێران، تورکیا، یان ڕژێمی سووریا) دەکات، ئەوا سەربەخۆیی چینایەتی و فیکریی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە پاشکۆی ئەوان.
ئەم وتارە باسی ئەوە ناکات کە ئایا لە ڕووی سەربازییەوە ناچار بوون یان نا (چونکە لەوانەیە کەسێک بڵێت بۆ پاراستنی کۆبانێ ناچار بوون). بەڵکو نووسەر دەڵێت: کێشەکە ئەوەیە ئەم هاوپەیمانییە و ئەم مۆدێلە خێڵەکییە بە ناوی «سۆسیالیزم و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ»وە تیۆریزە دەکرێت و خەڵکی پێ چەواشە دەکرێت. زۆر ئەم وتارە ڕاستگۆیانە سنووری کارەکەی خۆی کێشاوە و بە خوێنەری وتووە کە چاوەڕێی گێڕانەوەی مێژوویی یان پاساوی ڕیاڵ پۆلەتیکی لێ نەکەن. لە ڕووی میتۆدییەوە، وتارەکە بە مانا مارکسییەکەی «ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیا»یە؛ واتە داماڵینی ئەو ماسکە زمانەوانییە پێشکەوتنخوازانەی کە بەسەر واقیعێکی کۆنەپارێز و پاشکۆی ئیمپریالیزمدا کێشراوە.
یەکتربڕینی ئایدیۆلۆژی:
ڕێک لەم خاڵەدا، تێزەکانی پەکەکە و هەسەدە لەگەڵ هەردوو فەلسەفەی سیاسیی پارێزگاریی نەریتی و ئاڕاستەکانی نیۆکۆنزێرڤاتیڤەکاندا یەکتر دەبڕن؛ کە هەمان ئەو مۆدێلە نوێنەرایەتییەیە کە لەسەر پشکپشکێنەی پێکهاتەیی بونیاد نراوە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەزموونە سیاسییەکانیدا لە هەریەک لە ئەفغانستان، عێراق و لیبیا پەیڕەوی کرد. پارادۆکسەکە لەوەدایە کە ئەم مۆدێلە پارێزگار و کۆنەپەرستە، لە لایەن چەپی کوردییەوە شانبەشانی توێژێکی فراوانی چەپ لە ئەمریکای لاتین، وەک لووتکەی پێشکەوتنخوازی و ڕزگاریخوازی نمایش دەکرێت. لێرەدا بە ڕوونی سروشتی فریودەر و چەواشەکارانەی زمان و پرۆژە سیاسییە دەردەکەوێت کە ئەم «چەپە کۆنەپەرستە» بەکاری دەهێنێت، کاتێک ستراکتۆرەکانی پێش سەرمایەداری بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازانەی ساختە ڕووپۆش دەکات.
لە کۆتاییدا، ئەم بڕگە درێژەی مارکس و ئێنگڵس لە «مانیفێستی کۆمۆنیست وەبیر خوێنەر دەهێنینەوە:
(ئەریستوکراسي، بۆ هەڵگیرساندنی هاوسۆزی و سيمپاتی بۆ خویان، ناچاربوون بە ڕواڵەت لایەنی بەرژەوەندی خۆيان بەردەن و دادنامەکەیان دژی بۆرژوازی هەر تەنیا لە بەرژەوەندی چینی چەوساوەی کرێکار فۆرموولە بکەن. بەمجۆرە ئەریستوکراسي بەوە حەقی سەندەوە کە لۆترەوانی بە ئاغای تازەیاندا هەڵبڵێ و بە سرتەش پێشبینی وەیشوومەی نەهات، به گوییدا بسریوێنێ. ،، ئەريستوكراسي بۆ ڕاکیشانی خەڵک بۆ لای خۆی، توورەکەی سواڵی پرۆلیتاریای وەک ئاڵایەک بەرزدەکردەوە، بەڵام خەڵکی شوێنکەوتوو هەر ئەوەندەی نيشانى قەديمی فيئودالییان بە نیوشانەوە دەدین بە قاقای گاڵتەو سووكایەتییەوە، لە دەوریان دەرەوینەوە.)- ۱/ سۆسياليزمى کۆنەپەرست – ئەلف: سۆسياليزمى فئيوداڵی/ مانیفێستی کۆمۆنیست/ لاپەڕە ۳۰. - ئەوەی جێگای سەرنجە مارکس و ئەنگلس لە مانیفێستدا(لاپەڕەی ۳٤ دا) باس لە (سۆشیالیسمی کۆنسەرڤاتیڤ)دەکەن، کە ئێمە لەم سەردەمەدا شێوەی نۆیی لێ دەبینین.
پەراوێزەکان:
(١) لە پاشکۆی تیۆریی ئەم توێژینەوەیەدا، هەوڵ دەدەین چوارچێوەی تێۆریی «مۆدێرنێتەی شێوێندراو» و «سەرمایەداری ڕێنتەر یان مشەخۆر» بە شێوەیەکی وردتر شیکار بکەین. بۆ بەرجەستەکردنی ئەم تێزە، لە ڕێگەی میتۆدی کۆمەڵناسیی ئەدەبییەوە خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری بۆ هەردوو شاکاری ئەدەبیی «شارەکانی خوێ»ی عەبدولڕەحمان مونیف و «ئاغاکانی ئاقچەساز»ی یەشار کەمال ئەنجام دەدەین، و بەم دەرەنجامە باسەکەمان کۆتایی پێ دەهێنین