2
سەرلەنوێ لە ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، نزیک دەبینەوە، ڕۆژێکی کە بە یادی خوشکانی میرابل، سێ تێکۆشەری ئازادیخوازی کۆماری دۆمەنیکەن کە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەلایەن بەکرێگیراوانی دیکتاتۆرییەتی ترۆخیۆوە تیرۆر کران، ناودێر کراوە. ئەم ڕۆژە دەستپێکی “١٦ ڕۆژ تێکۆشان”ە لەدژی توندوتیژیی جێندەری کە تا ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت و بانگەوازێکی جیهانییە بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییە پێکهاتەیی، یاسایی و کولتوورییەی کە ملیۆنان ژن ڕۆژانە لەگەڵیدا بەرەوڕوون.
سەرلەنوێ لە ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، نزیک دەبینەوە، ڕۆژێکی کە بە یادی خوشکانی میرابل، سێ تێکۆشەری ئازادیخوازی کۆماری دۆمەنیکەن کە لە ساڵی ١٩٦٠دا لەلایەن بەکرێگیراوانی دیکتاتۆرییەتی ترۆخیۆوە تیرۆر کران، ناودێر کراوە. ئەم ڕۆژە دەستپێکی “١٦ ڕۆژ تێکۆشان”ە لەدژی توندوتیژیی جێندەری کە تا ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت و بانگەوازێکی جیهانییە بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییە پێکهاتەیی، یاسایی و کولتوورییەی کە ملیۆنان ژن ڕۆژانە لەگەڵیدا بەرەوڕوون.سەرەڕای هەموو پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و بوونی یاساکانی قەدەغەکردنی توندوتیژی لە زۆرێک لە وڵاتەکان، ئامارەکان هێشتا هەروا ترسناکن. بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنانی جیهان، واتە نزیکەی ٨٤٠ ملیۆن کەس، لە ماوەی ژیانیاندا توندوتیژیی جەستەیی یان سێکسییان ئەزموون کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ڕۆژێک بە شێوەی مامناوەند ١٣٧ ژن و کچ لەلایەن هاوبەشی ژیان یان یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە دەکوژرێن. شەڕ، ئاوارەیی، هەژاریی ڕوو لە زیادبوون و پەرەسەندنی توندوتیژیی دیجیتاڵی ئەم وێنەیەیان تاریکتر کردووە. بنەماڵە، کە دەبێت ئارامترین شوێن بێت، بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بووەتە مەترسیدارترین شوێن.
ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بۆنەیەکە بۆ لەقاودانی سیستەمێک لە باڵادەستی کە لە ماڵەوە تا شەقام، لە یاساوە تا نەریت، و لە شوێنی کارەوە تا زیندان، جەستە و ژیانی ژنان کۆنترۆڵ و سەرکوت دەکات. توندوتیژی دژی ژنان دیاردەیەکی تاکەکەسی یان بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو ڕیشەی لەو پەیوەندییە خاوەندارێتی، کاری کرێگرتە و بنەماڵە پیاوسالارییەدایە کە لە پێکهاتەی دەوڵەت، یاسا، ئایین و ئابووریدا جێگیر کراون. سیستەمی سەرمایەداری هاوکات ژنان وەک هێزی کاری هەرزان لە کارگەکان، کارە نافەرمییەکان، خزمەتگوزاری و پەرستاری، و وەک جێبەجێکارانی کاری ناوماڵی بێ حەقدەست بەکاردەهێنێت و بەم شێوەیە باری دووبارەبەرهەمهێنانی هێزی کاری تەواوی کۆمەڵگا دەخاتە سەر شانیان. بەبێ ڕەخنەی ڕیشەیی لەم پەیوەندییانە، هیچ چاکسازییەکی یاساییی بەردەوام ناتوانێت کۆتایی بەم توندوتیژییە بهێنێت.
بەڵام ژنانی جیهان تەسلیمی ئەم چارەنووسە نەبوون. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەمریکای لاتین و لە ئەفریقاوە تا ئاسیا، ژنان پێشەنگی خەبات لەپێناو دادپەروەریی کۆمەڵایەتین و بەشدارییان لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا، لەودیو سنوورە نەتەوەیی، ئایینی و نەتەوەییەکانەوە، هیوایەکی نوێیە بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا. ئەم خەباتانە پیشانی دەدەن کە ڕزگاریی ژنان بە چاکسازیی ڕواڵەتیی مسۆگەر نابێت. نایەکسانیی ئابووری، هەژاری، بێبەشبوون لە خوێندن و تەندروستی و سیستەمێکی کە لەسەر قازانج و چەوساندنەوە دامەزراوە، هەموویان لە بەردەوامیی توندوتیژی دژی ژناندا ڕۆڵیان هەیە و دەبێت بە شێوەی ڕیشەیی ڕووبەڕوویان ببنەوە.
ئەگەر توندوتیژی دژی ژنان بەشێکی دانەبڕاو بێت لە سیستەمی سەرمایەداریی پیاوسالار، ئەوا ئەم پەیوەندییانە لە ئێراندا لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتوونەتە لووتکەی خۆیان. ڕژێمی ئیسلامی بە سەپاندنی یاساکانی شەریعەت و پیادەکردنی توندوتیژیی سیستەماتیک، ڕەهەندەکانی دژە ژنیی ئایینی دەسەڵاتداری بە ئاشکرا نیشان داوە و مەیلی کۆنەپەرستانەی پیاوسالارانەی کردووەتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی مانەوەی خۆی، هاوکات سیستەمی سەرمایەداریشی کە سەرچاوەی سەرەکیی ستەم لەسەر ژنانە، لەژێر زەبر دەرهێناوە. لە ئێراندا شێوازە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژی لە یەکتر هەڵپێکراون: توندوتیژیی جەستەیی و سێکسی، توندوتیژیی دەروونی و زارەکی، توندوتیژیی ئابووری لە ڕێگەی وابەستە هێشتنەوەی ژن بە داهاتی پیاوەوە و جیاکاری لە کرێ و دامەزراندندا، توندوتیژیی یاسایی لە یاساکانی میرات، تەڵاق، بەخێوکردنی منداڵ، جلوبەرگ، گەشتکردن و کارکردندا، و هەروەها توندوتیژیی سیاسی لە شێوەی زیندان، شەلاق، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان.
کارنامەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵ گوزارشتە لە هەمان ئەم واقیعە. لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٤٨ ژن لە ئێران لەسێدارە دران، کە بەرزترین ژمارەیە لەو کاتەوەی تۆمارکردنی ڕێکوپێکی لەسێدارەدانی ژنان دەستی پێکردووە. لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦یشدا لانیکەم ١٨ ژنی دیکە لە سێدارە دران کە زۆربەیان خۆیان قوربانیی توندوتیژیی بنەماڵەیی، هاوسەرگیریی زۆرەملێ یان هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا بوون. تەرانە ڕەحیمی، ژنێکی گەنجی تەمەن بیست ساڵ، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە. سەوگەند سەیادی کچێکی گەنجی ١٦ ساڵان لەلایەن باوکییەوە کوژراوە. هاوکات، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانیکەم ٤٥ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە، ئەو کوشتنانەی کە یاسا کۆنەپەرستەکان، لەوانە دەربازبوونی باوک لە قەساس، ڕێگایان بۆ خۆش کردوون.
توندوتیژیی ئابووریش ڕەهەندی کارەساتباری بەخۆیەوە گرتووە. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ژنانی خاوەن خوێندنی باڵا لە دەیەکانی ڕابردوودا چەند هێندە بووە، ڕێژەی بەشداریی ئابووریی ژنان بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە دەوروبەری ١٣ بۆ ١٤ لەسەددا چەقی بەستووە و لە ساڵی ١٤٠٤دا لەوەش کەمتر بۆتەوە، ژمارەیەکی کە ئێران دەخاتە ڕیزی نزمترین وڵاتانی جیهانەوە. بەشێکی زۆری ژنانی کرێکار لە کارگە بچووکەکان و کەرتی نافەرمیدا کار دەکەن کە لە بازنەی زۆرێک لە مادەکانی هەمان یاسای کاری دژەکرێکاریشدا نین. ئێستا دەبێت لێکەوتەکانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر وێرانکەر، توندتربوونی گەمارۆکان، هەڵاوسانی سەروو ٥٠ لەسەد، کەمیی سووتەمەنی، گرانیی لەڕادەبەدەری دەرمان و قەیرانی ئاو و کارەباش بەم دۆخەوە زیاد بکرێت. لە هەر قەیرانێکدا، ژنان یەکەمین قوربانیانی لەسەر کار دەرکردنن و بە دژوارتر بوونی دۆخی بژێوی، توندوتیژیی بنەماڵەییش پەرە دەستێنێ. پەرەسەندنی منداڵانی کار و سەرشەقام، کچانی هەڵاتوو لەماڵ و لەشفرۆشی، لە زومرەی دەرەنجامە ڕاستەوخۆکانی هەمان ئەم پەیوەندییانەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ژنانی ئێران بەچۆکدا نەهاتوون. لە نزیکەی ٤٨ ساڵی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا، لە خۆڕاگریی لە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ لە ڕەشەمەی ١٣٥٧ەوە بگرە تا بزووتنەوە خوێندکارییەکان، بزووتنەوەی موعەلیمان، پەرستاران و خانەنشینان، ژنان لە هێڵی پێشەوەی خەباتدا بوون. ئەوان لە ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”دا یەکێک لە کۆڵەکە ئایدیۆلۆژییەکانی ڕژێمیان هەرەس پێ هێنا و حیجابی زۆرەملێ، ئەم بەڵگەنامەی کۆیلایەتییەی ژنانیان، بە کردەوە تووڕهەڵدایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. لە ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانباری ١٤٠٤یشدا ژنان شانبەشانی پیاوان هاتنە سەر شەقام و باجی قورسیان دا. تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا نزیکەی پێنج هەزار ژن دەستگیر کران. ڕژێم لە سایەی بارودۆخی شەڕدا ئامێری لەسێدارەدان و سەرکوتی بە خێرایی و توندوتیژییەکی بێوێنە خستووەتە کار، بەڵام ناڕەزایەتیی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان و پەرستاران هێشتا بەردەوامە و ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەدا ئامادەن.
ئەم واقیعییەتانە پیشانی دەدەن کە خەبات بۆ ڕزگاریی ژنان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی دژەسەرمایەداریدا پەیوەندییەکی لێکدانەبڕاوی هەیە. هەر بزووتنەوەیەکی کە بیەوێت نوێنەرایەتیی بەرژەوەندیی زۆرینەی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بکات، هیچ ڕێگایەکی نییە جگە لە هێرشکردنە سەر بنەماکانی سیستەمی سەرمایەداری. بزووتنەوەی ژنان ناتوانێت بە جیا لە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، واتە بزووتنەوەی کرێکاری، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران، هەژارانی حاشییەی شارەکان، بزووتنەوەی داکۆکی لە ژینگە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بە سەرکەوتن بگات. ژنان تەنها قوربانیانی نایەکسانی، توندوتیژی و ئاپارتایدی جێندەری نین، ئەوان تێکۆشەر و خەباتکاری دژ بە هەمان ئەو پەیوەندییە چینایەتی و کۆمەڵایەتییانەن کە ستەمکاری بەسەر ژناندا جێگیر کردووە.
پاشەکشەپێکردن بە ستەمکاریی و سەرەڕۆیی ئایینی لە دەستێوەردان لە ژیانی تایبەت و کۆمەڵایەتیی ژنان یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران. بەڵام دەبێت لەسەر ئەوە جەخت بکرێتەوە کە تا ئەو کاتەی دەوڵەتی ئایینیی سەرکوتگەر لەسەر کار بێت، تا ئەو کاتەی سەرچاوەی یاسا شەریعەت بێت و تا ئەو کاتەی پەیوەندیی کاری کرێگرتە و چەوساندنەوەی چینایەتی بە دەستلێنەدراوی بمێنێتەوە، توندوتیژی دژی ژنان تەنها شێوازەکەی دەگۆڕێت، بەڵام لەناو ناچێت. ٢٥ی نوامبری ئەمساڵ، لەسەر بەستێنی ڕاپەڕینی بەفرانبار، ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی کرێکاران و ناڕەزایەتیی قووڵی گشتی، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان بە ئیرادەیەکی نوێوە جەخت لەسەر ڕۆڵی خۆی بکاتەوە لە خەبات بۆ کورتکردنەوەی دەستی ئایین لە ژیانی کۆمەڵایەتی و دژ بە سیستەمی پیاوسالاری سەرمایەداری.
بنبڕ بێت توندوتیژی دژی ژنان
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکی سەرماوەزی ١٤٠٥ – ٢٢ی نوامبری ٢٠٢٦