سۆسیالیستەکان و فەلسەفەی زمانی سیاسی ـ پاشکۆی تیۆری

ئەکرەم سەعید

ئەم پاشکۆ تیۆرییە ئامانجی تیشک خستنە سەر کۆمەڵێک پرسی جەوهەرییە کە وتارەکە باسی لێوە کردوون، و پێویستیان بە شیکردنەوەی قووڵتر هەیە.

چەمکەکانی «شارستانیەت» و «بەربەریەت»:

وتارەکە بە کورتی باس لە دوانەی ‪”‬شارستانیەت لە بەرامبەر بەربەریەت/خێڵەکیبوون‪”‬ دەکات، کە ئەم دوانەیە سەر بە فەلسەفەی ڕۆشنگەری و لیبڕاڵیزمی ئەوروپییە. لە فەلسەفەی مارکسیزمدا بە تایبەتی لای مارکس و ئەنگڵس، و دواتریش ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، خودی شارستانیەتی سەرمایەداری لە جەوهەردا مۆرکی «بەربەریەت»ی هەڵگرتووە، چونکە لەسەر چەوساندنەوەی کرێکاران و خوێنڕشتن دامەزراوە. کاتێکیش حزبێکی چەپ دەسەڵات بە «ناشارستانیبوون» تۆمەتبار دەکات، ئەوا لە ڕووی فەلسەفییەوە خۆی بەدەست مۆدێلی دەوڵەتی سەرمایەداریی مۆدێرنەوە دەدات. بنەمای «جەوهەر لە بەرامبەر فۆرم» یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ماتریالیزمی دیالەکتیکی؛ چونکە شیکردنەوەی دەسەڵات بەپێی ئەم بنەمایە پشت بە جەوهەرە چینایەتییەکەی دەبەستێت واتە خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، نەک ڕووکەشی دەرەوەی حوکمڕانی “جا چ فەرمانڕەواکان قاتی فەرمی بپۆشن یان مێزەر ببەستن، و جا چ سیستەمەکە لەسەر سندووقەکانی دەنگدان دامەزرابێت یان لەسەر میلیشیاکان”. وتارەکەش ئەم جیاکارییە فەلسەفییەی وەک پێوەرێکی یەکلاکەرەوە لە شیکردنەوەدا بەکار هێناوە.

چەپ لە وڵاتانی جیهانی سێیەم “وەک کوردستان و ناوچەی عەرەبی” بۆ وەسفکردنی ڕژێمە سەرمایەدارییە ستەمکارەکانی ناوچەکە، پەنا بۆ دەستەواژەی «دەسەڵاتی ناشارستانی و نامۆدێرن» دەبات. ئەم دەستەواژەیە لە گوتاری ئەواندا ئاماژەیە بۆ شێوازێکی حوکمڕانی کە فۆرمێکی تیۆکراتی-ئایینی، یان سەربازی، یان تۆتالیتاریی تاکحزبی وەرگرتووە؛ چونکە هەرکاتێک دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی و میلیشیاکان لەسەر حیسابی دامەزراوە مەدەنی و یاساییەکان دەستیان بەسەر بڕیاری سیاسیدا گرت، و سەرکوتکاری و تیرۆری سیاسی تەشەنەی سەند، ئەوا لە فەرهەنگی سیاسیی ئەواندا ئەمە وەک گەڕانەوە بۆ قۆناغی «پێش دەوڵەت» یان «پێکهاتە خێڵەکی و دەرەبەگایەتییەکان» لێک دەدرێتەوە و چاوپۆشی لە مۆرکە سەرمایەدارییەکەی دەکەن. زۆرجاریش لە شیکردنەوەکانیاندا ئەم واقیعە دەگەڕێننەوە بۆ پێکهاتەی دواکەوتوویی ئابووری و «ئابووریی ڕەیعی – ئابووریی بەرخۆر یان ئابووریی مووچەخۆری پشتبەستوو بە داهاتی سامانە سروشتییەکان» و بە ناچاری ئابوورییەکی پاشکۆ و دواکەوتوو بەرهەم دەهێنێت؛ تا دواجار ئەنجامە لۆژیکییەکە لە تێڕوانینی ئەواندا ئەوە بێت کە پاشکۆیی و دواکەوتوویی ئابووری بە ناچاری دەسەڵاتێکی ستەمکاری کۆنەپەرستی پێش مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت. بەم شێوەیەش، کێشەی دەوڵەت لە چوارچێوەی هاوکێشەی “دەوڵەتی نەریتی لە بەرامبەر دەوڵەتی بۆرژوازیی مۆدێرندا” قەتیس دەکرێت.

سەرهەڵدانی مێژوویی سەرمایەداری‪:‬

مارکس دەستەواژەی «سەرهەڵدانی مێژوویی سەرمایەداری»ی بەکاردەهێنا بۆ پرۆسەی گواستنەوەی مێژوویی لە کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتییەوە بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری. ئەم پرۆسەیە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی “گواستنەوە لە کۆمەڵگەی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگەی هاوچەرخ یان مۆدێرن” ناسراوە. مارکس لە کتێبی “سەرمایە”دا، شیکردنەوەکانی لەسەر لایەنی ئابووریی ئەم پرۆسەیە چڕکردەوە، بەڵام هاوڕێکەی فریدریش ئېنگڵس لە نووسینەکانیدا وەک “دژە دۆهرینگ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی” لایەنە فکرییەکانی ئەو پرۆسەی گواستنەوەیەی ڕوون کردەوە. مارکس و ئېنگڵس ستایشی بەرزی ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازی چینی بۆرژوازییان کرد لە سەرجەم مەیدانەکانی ململانێی فکری، ئابووری و سیاسی دژ بە دەسەڵاتی مادی و ڕۆحیی دەرەبەگەکان، پیاوانی ئایینی و شاهانە؛ ئەوان سەرهەڵدانی سیستمی سەرمایەدارییان – سەرەڕای هەموو ئەو تراجیدیایانەی کە لەگەڵ ڕشتنی خوێندا هاوڕێی بوون – بە قۆناغێکی مێژوویی باڵاتر لەوەی پێش خۆی دادەنا. هەروەها پێیان وابوو کە بزووتنەوەی ڕۆشنگەری بە عەقڵانییەت و فەلسەفە لیبراڵییەکەیەوە، شۆڕشی پیشەسازی و دەرئەنجامەکانی لە گەشەکردنی سەرمایەداریدا، و شۆڕشی فەرەنسا و دەرهاوێشتەکانی لە دیموکراسی، مافە مەدەنییەکان و عەلمانییەت، پرۆسەیەکی تاقەتپڕوکێن و مەزنیان پێکهێنا بۆ لەدایکبوونی کۆمەڵگەی مۆدێرن “واتە کۆمەڵگەی بۆرژوازی سەرمایەداری”.

بەڵام پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە و سەرهەڵدانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، یان پێکهاتەکانی پەراوێز و دەوروبەر، ئەم مۆرکە کلاسیکییەی وەرنەگرت؛ بەڵکوو لە ئەنجامی گەشەکردنی سەرمایەداری بەرەو قۆناغە ئیمپریالیستییەکەی و جووڵەی هەناردەکردنی سەرمایە، شێوازی جیاوازی وەرگرت، تا دواجار بووە هۆی گشتاندنی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان لەسەر ئاستی تەواوی جیهان. هەروەک ئۆلیڤەر کۆکس لە کتێبی “سەرمایەداری وەک سیستەم”دا جەختی لێ کردووەتەوە، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تەواوی جیهان بوو بە سیستەمێکی سەرمایەداری، کە دابەشبوونی نێودەوڵەتیی کاری سەرمایەداری بە ئاستی نایەکسان لە گەشەی بەرهەمهێنانی کاڵایی، و بە شێوازی جیاواز لە سەرخانەکان کە لە فۆرمەکانی دەسەڵات و ئایدیۆلۆژیادا بەرجەستە دەبن و جێگیر دەکرێت.

هەرچەندە تێبینیی ڕەخنەییمان لەسەر ڕەوتی بەسەرمایەداریکردنی ئەو وڵاتانە و کەموکوڕییەکانی هەردوو پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن «مۆدێرنەکردن – مۆدێرنەکردنی زۆرەملێ» و بەپیشەسازیکردن تێیاندا هەبێت، ناتوانین نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەین کە ئابووریی سروشتیی دەرەبەگایەتی و دەسەڵاتی ئایینیی پێش سەرمایەداری لەو وڵاتانەدا بە کۆتایی خۆیان گەیشتوون، و ستەمکاریی لاهووتی-ئایینی و سەرکوتکاریی سەربازیی دەسەڵاتخواز دوو ئامرازی وەزیفین لە خزمەتی سەرمایە و چەسپاندنی هەژموونیدا، و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بوونەتە شێوەی گونجاو بۆ دەسەڵاتی بۆرژوازەکان. بەم پێیە، هۆکاری بوونی دەسەڵاتی سەرکوتکار و کۆنەپەرست ڕەگوریشەی لە قۆناغی پێش مۆدێرنەدا نییە، بەڵکوو فۆرمێکی گونجاو و بەسوودە بۆ سەپاندنی هەژموونی سەرمایە.

لە کاتێکدا ڕەوتی کلاسیکیی سەرهەڵدانی سەرمایەداری لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕێڕەوی هاوکێشەی «سەرمایە ‪-‬ دەسەڵات ‪-‬ سەرمایە+»ی گرتەبەر، بەو مانایەی کە بۆرژوازیی تازەهەڵکەوتوو بەهۆی خاوەندارێتیی سەرمایەوە پێکهاتەی دەرەبەگایەتیی هەڵوەشاندەوە و جڵەوی دەسەڵاتی سیاسیی گرتە دەست بۆ فراوانکردنی بازنەی کەڵەکەبوونی سەرمایە؛ ئەوا زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی جیهانی سێیەم دەکەونە ناو هاوکێشەی «دەسەڵات ‪-‬ سەرمایە ‪-‬ دەسەڵات+»ـەوە. لێرەدا، تاقمێکی عەشایەری یان حزبی «لەسەر شێوەی: بنەماڵەی سعوود، حزبی بەعس کە لە هەردوو بنەماڵەی سەدام و ئەسەددا بەرجەستە ببوو، بنەماڵەی قەزافی، و هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، و ئەوانی تر» سەرەتا دەست بەسەر دەزگای دەسەڵاتدا دەگرن، تا لە ڕێگەیەوە بتوانن ببنە خاوەنی سەرمایە، کە ئەمەش لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆی چەسپاندنی هەژموون و قەبەکردنی مۆرکە ستەمکارییەکەیان.

جیهانی سەرمایەداری: لە شاری خوێوە بۆ گوندی دیجیتاڵی:

لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٨٠، کێشەی «دواکەوتوویی و گەشەپێدان» یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی ئابووریی سیاسی. بیرمەندە سۆسیالیستەکان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە تیۆریی پاشکۆیەتی بوون، ڕۆڵێکی پێشەنگیان لەم بوارەدا هەبوو، لەوانە: پۆڵ باران، ئەندرێ گوندەر فرانک، سەمیر ئەمین، ئیمانۆیل والرشتاین، ئەرگیری ئیمانۆیل، تیۆتۆنیۆ دۆس سانتۆس، واڵتەر ڕۆدنی و چەندانی تر. لەم پاشکۆیەدا ناچینە سەر تیۆرە ئابوورییەکانی ئەوان، بەڵکوو قسە لەسەر دوو ڕۆمانی ئەدەبی دەکەین.

مەبەستمان لێرەدا خوێندنەوەی چەند تەوەرێکی هەڵبژێردراوی ڕۆمانی “ئاغاکانی ئاقچاساز”ی یەشار کەمال و “پێنجینەی شارەکانی خوێ”ی عەبدولڕەحمان مونیفە. لە هەردوو ڕۆمانەکەدا، چەمکی «مۆدێرنەکردنی زۆرەملێ» زۆر بە ڕوونی و توندی نیشان دراوە. لەو دوو ناوچەیەی ڕۆمانەکان باسی دەکەن، سەرمایەدارە نوێیەکە سیستەمە مێژووییە کۆنەکە تێک دەدات، ئەمەش بۆ چاکسازی نییە، بەڵکوو تەنها بۆ قازانجی زیاترە. مرۆڤی سادەش لە ژینگە ڕەسەنەکەی خۆی دادەبڕێت و دەبێتە ئامرازێکی بێگیان لە ناو مەکینەی سەرمایەداریدا. خەڵکی ڕەسەنی ئەم دوو ناوچەیە بە گومانەوە سەیری ئامرازە نوێیەکانی سەرمایەداری دەکەن “وەک شەمەندەفەر، تەلەگراف، ئۆتۆمبێل، تراکتۆر و ئامێرە کشتوکاڵییەکان” و وەک کاری شەیتان یان دەستکردی داگیرکەر لێیان دەڕوانن. لای مونیف، ناوی «شارەکانی خوێ» ئاماژەیە بۆ ئەو شارە مۆدێرنەی لەسەر نەوت دروست کراوە، کە لە دەرەوە گەورە و بەهێز دیارە، بەڵام لەگەڵ یەکەم بارانی ڕاستەقینەدا “واتە قەیران” وەک خوێ دەتوێتەوە، چونکە هیچ ڕەگوریشەیەکی مێژوویی و مرۆیی نییە. لای یەشار کەمالیش، زۆنگاوی «ئاقچاساز» وشک دەکرێتەوە تا بکرێتە کێڵگەی لۆکە، بەڵام ئەم کێڵگانە دەبنە مەیدانی شەڕ و خوێنڕشتن؛ ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم دەستێوەردانە مۆدێرنە چۆن سروشت و مرۆڤیش تێک دەدات.

لە هەردوو بەرهەمەکەدا، قورسترین باج و تراژیدیا بەر چینی چەوساوە دەکەوێت “کرێکارە وەرزییەکان لای یەشار کەمال و کرێکارانی نەوت لای مونیف”. سەرەڕای هەموو ئازار و نامۆبوونێک، ئەم مۆدێرنەکردنە زۆرەملێیە، بێ ئەوەی خۆی بیەوێت، تۆوی هۆشیاریی چینایەتی و سەندیکایی دەچێنێت. سەرەنجام کرێکاران لە هەردوو ڕۆمانەکەدا مان دەگرن و خۆپیشاندان دەکەن “وەک ناڕەزایەتیی کرێکارانی نەوت لە «حوسن» لە شارەکانی خوێدا”، کە ئەمەش بازدانێکە لە عەقڵییەتی خێڵەکی و غەیبپەرستییەوە بەرەو هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ. هەرچەندە ژینگەی جوگرافیی هەردوو ڕۆمانەکە جیاوازە، دەشتە بەپیتەکانی چوکورۆڤا لە ئەنادۆڵ بەرامبەر بیابانی نیمچەدوورگەی عەرەبی، بەڵام هەردووکیان شیکردنەوەیەکی قووڵی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەیی بۆ قۆناغی گواستنەوەی پەنجاکانی سەدەی بیستەم دەکەن. لە هەردوو ڕۆمانەکەدا، گۆڕانکاریی ئابووری تەنها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ناگۆڕێت، بەڵکوو تەواوی پێکهاتەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی دەهەژێنێت و هەڵدەوەشێنێتەوە. دەڵێی ئەو دوو نووسەرە مەزنە دوایین مۆدێلی کامێرایان بەدەستەوە بووە، هێندە ورد و زیندوو دیمەنەکانی “وەرچەرخانی کۆمەڵگە لە دەرەبەگایەتییەوە بۆ سەرمایەداری و پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە”یان لەو دەڤەرانەدا تۆمار کردووە؛ بە جۆرێک، خوێنەر لە لایەک بە جوانیی سروشتی ناوچەکە سەرسام دەبێت، و لە لایەکی تریشەوە دیمەنە توندوتیژەکانی ئەو وەرچەرخانە مووچڕکە بە لەشیدا دەهێنن.

لە ڕۆمانی “ئاغاکانی ئاقچاساز – یەشار کەمال”دا، دەقەکە وەک ئاوێنەیەک هەڵوەشانەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتیی نەریتی -ئاغایەتی نیشان دەدات. ئاغا لە جاراندا تەنها خاوەنی زەوی نەبوو، بەڵکوو وەک باوک و ڕەمزی خێڵ بوو کە جووتیارەکانی دەپاراست و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نەنووسراو لە نێوانیاندا هەبوو. بەڵام لەگەڵ هاتنی تراکتۆر، کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان و بازرگانیی جیهانیی لۆکە، ئەم سیستەمە دەڕووخێت. ئاغاکان ناچار دەبن ببنە سەرمایەدار و وەبەرهێنەر یان مایەپووچ دەبن، جووتیارەکانیش لە هاوبەشی زەوییەوە دەبنە “پرۆلیتاریا – کرێکاری ڕۆژانە” و بێبەزەییانە لە شار و کێڵگە مۆدێرنەکاندا دەچەوسێنرێنەوە. لە ڕۆمانی “شارەکانی خوێ – عەبدولڕەحمان مونیف”دا، گۆڕانکارییەکی هاوشێوە دەبینین، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی شوانکارە و خێڵەکییەوە دەست پێ دەکات. لێرەدا هۆکاری گۆڕانکارییەکە تراکتۆر نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی نەوت و هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکانە؛ شۆفڵەکان مێرگی “وادی ئەلعیوون – کە هێمای ڕەسەنایەتی و هاوسەنگیی ژینگە و کۆمەڵگەیە” وێران دەکەن، و دەشتەکییەکانی بیابان بەرەو شارە کەناراوییە نوێیەکان “وەک مۆران” ڕادەنرێن تا لە بیرە نەوتییەکاندا ببنە کرێکار.

هەردوو نووسەرەکە ڕەخنەی توند لە «مۆدێرنەکردنی زۆرەملێ» دەگرن. سەرمایەداریی نوێ لە هەردوو ڕۆمانەکەدا وەک گرێبەستێکی دیموکراتی و بە پێشکەوتنێکی سروشتیی کۆمەڵگە نەهاتووە، بەڵکوو وەک هێزێکی دڕندە هاتووە کە مرۆڤ لە ڕەگوریشە مێژووییەکەی دادەبڕێت، و پەیوەندییە مرۆییە گەرمەکان دەکاتە پەیوەندیی مادیی ڕووت “واتە مرۆڤ و زەویش دەکاتە کاڵا”. لە «ئاغاکانی ئاقچاساز»دا، ئەم ململانێیە لە دوو کەسایەتیی سەرەکیدا دەردەکەوێت “دەروێش بەگ و مستەفا بەگ”؛ ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ سەردەمدا بڕۆن و ئامێری مۆدێرن بکڕن، بەڵام لە ژێر باری گرێی شەرەفی کۆن و تۆڵەسەندنەوەی خوێناویی عەشایەریدان کە قاچیان دەبەستێتەوە و بەرەو لەناوبردنی یەکتری پاڵیان دەنێت. مۆدێرنە لای ئەوان تەنها ڕووکەشێکی دەرەکییە، بەڵام عەقڵییەتیان هێشتا هی ڕابردووە. لە «شارەکانی خوێ»یشدا، ململانێکە لە هەڵوێستی حاکم و شێخە ناوخۆییەکاندا دەبینرێت؛ ئەوان لە نێوان پاراستنی پێگە نەریتی و ئایینییەکەیان لە ناو خێڵەکانیاندا، و لە نێوان تەماحی «دۆلاری نەوت» و داواکاریی کۆمپانیا بیانییەکاندا دوولەت دەبن، تا سەرەنجام بڕیاری سیاسی و ئابوورییان تەسلیمی دەرەوە دەکەن. لای یەشار کەمال، زۆنگاوەکانی «ئاقچاساز» وشک دەکرێنەوە و دەکرێنە کێڵگەی لۆکە، ئەمەش ژینگە تێک دەدات و ڕۆحی سروشتیی ناوچەکە دەکوژێت. لای مونیفیش، «وادی ئەلعیوون» دەڕووخێنرێت و دارخورماکان دەبڕدرێنەوە، کە تاوانێکی گەورەیە دژی سروشت و نیشانەی دەستدرێژیی سەرمایەداریی نەوتییە بۆ سەر پاکیزەیی بیابان و مێژووەکەی.

ئەم وێناکردنەی کۆمەڵگە لێرەدا، چ لە تورکیا و چ لە کەنداوی عەرەبی، بریتییە لە خوێندنەوەی هێڵێکی کاتیی درێژ کە لە پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە دەست پێ دەکات “قۆناغی بنیاتنانی مادیی سەرمایەداری و تێکدانی مێرگ و نەریتەکان بۆ چاندنی لۆکە و دەرهێنانی نەوت وەک لە ڕۆمانەکانی یەشار کەمال و مونیفدا دەبینرێت – کە قۆناغی چەوساندنەوە و داگیرکاریی مادیی سەرمایەداری بوو”، تا دەگاتە سەدەی بیست و یەکەم کە قۆناغی هەژموونی سەرمایەی خەیاڵی و  دیجیتاڵییە. وەسفی هەردوو ڕۆمانەکە بۆ سەرهەڵدانی سەرمایەداری «کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە» لە تورکیا و نیمچەدوورگەی عەرەبیدا دروستە؛ سەرهەڵدانی سەرمایەداری لە جیهانی سێیەمدا بەوە دەناسرێتەوە کە خێرا بووە و لە دەرەوە سەپێنراوە «ئیمپریالیزم». بەڵام وەسفکردنی مۆدێرنەکردن لەو وڵاتانەدا بە «زۆرەملێ»، جۆرێک لە هەڵەی تیۆری لە خۆیدا حەشار دەدات؛ چونکە توندوتیژی و زۆرەملێیی خاڵی هاوبەش و جەوهەریی پرۆسەی «کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە، بەسەرمایەداریکردن و بەمۆدێرنکردن»ـە، چ لە ئەوروپا و چ لە جیهانی سێیەمدا.

چ لە ئەوروپا و چ لە جیهانی سێیەمدا، سەرمایەداری لە ڕێگەی گەشەی ئاشتییانە و بازرگانیی ئازادەوە دروست نەبووە، بەڵکوو پشتی بە پرۆسەیەک بەستووە کە لە زانستی ئابووریدا پێی دەوترێت «کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە» و لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی توندوتیژ و زۆرەملێیە. لە ئەوروپادا سەرمایەداری لەسەر بناغەی «بزووتنەوەکانی پەرژینکردنی زەوی» لە بەریتانیا و ئەوروپا دروست بوو، کە تێیدا جووتیارەکان بە زەبری هێز لە زەوییە هاوبەشەکانیان دەرکران و یاسای توند دژی بێکاران دەرکرا تا ناچار بکرێن بە کرێیەکی کەم لە کارگەکاندا کار بکەن، ئەمە جگە لە تاڵانکردنی سامانی جیهانی نوێ و بازرگانیکردن بە کۆیلەوە. لە جیهانی سێیەمیشدا، توندوتیژیی ڕاستەوخۆی داگیرکاری “کۆڵۆنیالیزم” بەکار هێنرا بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان و سەپاندنی باجی نەختینەیی، تاوەکو دانیشتووان ناچار بکەن واز لە کشتوکاڵی بژێوی بهێنن و لە کانەکان یان کێڵگەکانی هەناردەکردندا “وەک لۆکە و لاستیک” کار بکەن. کەواتە خاڵی هاوبەشی پرۆسەی «کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە»، توندوتیژی و زۆرەملێییە لە سەرتاسەری پانتایی جیهاندا. جیاوازیی سەرەکیی پرۆسەکە لە نەبوونی گەشەیەکی سروشتی و ناوخۆییدایە؛ لە ئەوروپای ناوەنددا، کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە – خوێن و قێزەونی لێ دەچۆڕا- مارکس، دوای شۆڕشی ڕۆشنگەری و شانبەشانی شۆڕشی پیشەسازی ڕوویدا. کەچی لە جیهانی سێیەمدا، بەبێ پێشەکیی ڕێنیسانس و گەشەی کاوەخۆی پیشەسازی، تەنها لە ڕێگەی پاڵنانی دەرەکی و توندوتیژیی سەرمایەی ئیمپریالیزمەوە، پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرەتایی سەرمایە سەپێنرا.

بەجیهانیکردنی هۆشیاریی ساختە:

لە ڕووی سیاسییەوە، ئەم وتارە دەست دەخاتە سەر مەترسیی پلاتفۆرمەکانی وەک ‪”‬تیک تۆک و یوتیوب‪”‬، ئەمانە تەنها ئامرازی کات بەسەربردن نین، بەڵکو ئامێری «تەڵقینی کولتووری»ـن کە ئارەزووەکان و بیرۆکە ڕووکەشەکان لە سەرانسەری جیهاندا یەکدەخەن. ئەمە وادەکات کرێکارێک لە هەولێر و کرێکارێک لە بەرلین یان قاهیرە، لەبری ئەوەی هۆشیاریی چینایەتییان هەبێت، سەرقاڵی هەمان کاڵای دیجیتاڵی و هەمان وەهمی بەکاربەری بن. ئەمڕۆ شاشەی مۆبایل لەلایەن بۆرژوازی جیهانەوە وەک مەکینەی بەرهەمهێنانی کۆنەپەرستی بەکاردەهێنرێت.  تەکنەلۆژیای مۆدێرن “مۆبایلی زیرەک” نەبووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی عەقڵانیەت، بەڵکو بووەتە خێراترین ئامراز بۆ بڵاوکردنەوەی لاهوتی سیاسی ئایینی توندڕەو، نەتەوەپەرستیی دەمارگیر، و ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی. ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا سنووردار بوون، بەڵام ئەمڕۆ شاشەی بچووک چووەتە ناو گیرفان و مێشکی هەموو تاکێکەوە و ڕۆژانە کۆنەپەرستی بەرهەم دەهێنێتەوە.

لە مارکسیزمی کلاسیکدا، وا دەبینرا کە ئاستی پێشکەوتنی سەرخان ‪”‬کولتوور، ئایدیۆلۆژیا‪”‬ بەندە بە ئاستی پێشکەوتنی ژێرخان ‪”‬هێزەکانی بەرهەمهێنانی مادی‪”‬ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا. بەڵام سەرمایەداریی هاوچەرخ لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵییەوە ئەم یاسایەی گۆڕیوە؛ بەمانای تێکچوونی پەیوەندیی نەریەتی ژێرخان و سەرخان. ئەمڕۆ دەکرێت وڵاتێک لە ڕووی پیشەسازی و ژێرخانەوە دواکەوتوو بێت، بەڵام سەرخانەکەی ‪”‬هۆشیاریی خەڵکەکەی‪”‬ ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی شاشەی مۆبایلەوە لەلایەن بۆرژوازیی جیهانییەوە داگیر بکرێت و بەڕێوە ببرێت. هێشتا چەپی پۆپۆلیست و مۆدێرنیست بە پێوەرە کۆنەکانی سەدەی نۆزدە و بیست بیر دەکەنەوە، و پێیان وایە هۆشیاریی ساختە تەنها بەرهەمی پێکهاتە چینایەتییە ناوخۆییەکانە وەک خێڵ یان ئاغای ناوخۆییە. لە دونیا ئەمڕۆدا پێمان دەڵێت کە دوژمنی ئەمڕۆی هۆشیاریی چینی کرێکار، تۆڕێکی ئاڵۆزی سەرمایەداریی دیجیتاڵیی جیهانییە کە سنوورە جوگرافییەکانی تێپەڕاندووە. واتە گواستنەوەی مێتافۆری «شارەکانی خوێ» لە بیابانی نەوتییەوە -١٩٥٠ بۆ گوندی دیجیتاڵی-٢٠٢٦، ئەمە نیشانی دەدات کە سەرمایەداری هەرچەندە فۆرمەکەی بگۆڕێت لە شۆفڵ و بۆریی نەوتەوە بۆ ئەلگۆریتم و سێرڤەری داتا، بەڵام جەوهەرە وێرانکار و بێڕەگەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە.

دەرئەنجام:

شیکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداریی ئەم سەردەمە، بەتایبەت: باڵادەستیی سەرمایەی وەهمی و سەردەمی ژیریی دەستکرد و دیجیتاڵی، قووڵبوونەوەی قەیران و بەربەریەت، کۆتاییهاتنی لیبڕاڵیزم و دەرکەوتنی جیهانی دوای لیبڕاڵیزم، هەروەها گەڕانەوەی سیاسەتی ئایینی و ڕەگەزپەرستی و دیکتاتۆرییەت لە جیهاندا- دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە جیهان، سەرەڕای جیاوازیی ئاستی پێشکەوتن، ئەمڕۆ زۆر لێک دەچێت. لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە، دەسەڵاتەکانی “بایدن، پووتین، ماکرۆن، ترەمپ، نەتانیاهۆ، سیسی، ئەردۆغان، خامنەیی، تاڵەبانی و بارزانی” هەموویان دەچنە ژێر پێناسەی دەسەڵاتی بۆرژوازیی هاوچەرخەوە. کەواتە جیاوازیی نێوانیان چییە؟ لە دیدی مارکسیزمدا، هەموو ئەم دەسەڵاتانە لە ناوەڕۆکە چینایەتییەکەیاندا وەک دەسەڵاتی «یاسایی و شارستانیی بۆرژوازی» هاوبەشن، چونکە خاوەندارێتیی تایبەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، کاری بەکرێ، و ئابووریی پارە و بازاڕ دەپارێزن و دەچەسپێنن، بێ گوێدانە جیاوازیی شێوەی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆژیاکانیان. لە کاتێکدا سۆسیالیستەکان ئەم جیاوازییە ڕووکەشانەی نێوان شێوازەکانی حوکمڕانیی بۆرژوازی بە هەند وەرناگرن، لیبڕاڵەکان و چەپی پۆپۆلیست دەیکەنە پێوەری سەرەکی و بنەمای هەڵسەنگاندنەکانیان.

مێژوو زۆر جار سەلماندوویەتی کە نازیزم و هیتلەر لە ڕێگەی یاسا و سندووقەکانی دەنگدانی دیموکراتییەوە گەیشتنە دەسەڵات. ئەمڕۆش زۆربەی حکومەتە بۆرژوازییەکان سیاسەتێکی بەربەرییانە لە ناوخۆ و دەرەوەدا جێبەجێ دەکەن؛ کرێکاران هەژار دەکەن، شەڕ هەڵدەگیرسێنن، و سامانی وڵات بۆ کڕینی چەک و بەسەربازیکردن خەرج دەکەن، هاوکات کۆچبەران دەردەکەن و برەو بە گوتاری ڕەگەزپەرستی و ئایینی دەدەن. جگە لەوەش، قەیرانی بانک و بازاڕە داراییەکانیان سامانی خەڵک لووش دەدات و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، لە کاتێکدا پیر و منداڵانی چینی کرێکار لە سادەترین مافی تەندروستی و خوێندن بێبەش دەکرێن. هەموو ئەم کردەوە دڕندانەیە بەرهەمی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی یاسایی بۆرژوازین کە «لە ڕووکەشدا شارستانییە»؛ ئەو چینەی کە ناوەڕۆکەی هەرگیز ناگۆڕێت، جا نوێنەرەکانی هەر دەمامکێکیان لەسەر بێت: مەلا و پیاوی ئایینی بێت، بنەماڵە بێت، جەنەڕاڵی سەربازی بێت، یان حزبێکی تەکنۆکراتی مۆدێرن. 

پەراوێزەکان:

  • «ئابووریی ڕەیعی – ئابووریی بەرخۆر» و سیستەمی حوکمڕانیی پاوانخواز و تاکڕەوانە «دەسەڵاتی سوڵتانیزم یان دەسەڵاتی سەرمایە» لە وتارێکی تایبەتدا باسی دەکەین. 
  • لە هەردوو ڕۆمانەکەدا دیدگای ئیستاتیکای ئیکۆلۆژی و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری دەبینین کە بە وردی تیشک دەخەنە سەر «تێکدانی ژینگە»، بڕینی دارخورماکان و وشککردنی زەلکاوەکان. لە فەلسەفەی مارکسیزمی نوێدا “ئیکۆ-سۆسیالیزم”، وێرانکردنی سروشت و چەوساندنەوەی مرۆڤ دوو ڕووی یەک دراون؛ سەرمایە ناتوانێت کەڵەکە بێت بێ ئەوەی هاوسەنگیی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی تێکبدات.
  • لە هەردوو ڕۆمانەکەدا لەدایکبوونی هۆشیاریی چینایەتی لە ناو جەرگەی تراژیدیادا وێنا دەکەن، لە ڕووی سیاسییەوە، نووسەران زۆر بە وردی خاڵی وەرچەرخان دەستنیشان دەکەن: سەرمایەداری کاتێک جووتیارانی ئاقشاساز و بەدەوییەکانی بیابانی کردە کرێکاری وەرزی و کرێکاری نەوت، ویستی بیانکاتە کۆیلەی بێدەنگ، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە مادییە بووە هۆی لەناوچوونی هۆشیاریی خێڵەکی و غەیبی، و لە جێگەیدا هۆشیاریی سەندیکایی و چینایەتی دروست بوو “وەک مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە «الحصن»”، ئەمە تیۆری مارکسیستی دەسەلمێنێ کە سەرمایەداری «گۆڕهەڵکەنی خۆی» بەرهەم دەهێنێت