ئازادی بێ شەرتومەرجی سیاسی ،پێش مەرجی مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازادە.

حەسەن ڕەحمان پەناە

Kan vara en bild av en eller flera personer och Frihetsgudinnan
پەلاماری نارەوای گوتاری و بەگرتن دانی کچێکی لاوای تەنز نووسی مھاباد، بە بیانووی پشتگیری لە کۆچکردوو محەممەدی ماملی ، نەک لاینگری لە ناوبراو و دەنگ و ھونەرەکەی نەبوو و نییە ، بەڵکوو سەرڕێژی کلتووری داڕزیوی پیاوساری و دژە ژن بوون لە ژێر وریشەی چەک و دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینی کۆماری ئیسلامی بوو کە پاڵپشتی ئەو کلتوور و ڕەوەشتەیە. ماملی ، دەیان گۆرانی بە قەدوباڵای کچانی شۆخوشنگ وتووە و بێ گومان لەو فەرھەنگە پیاومەزن و ئایینیەیش بە دوورە . یەکێک لە تایبەتیەکان و شانازیەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوو، ڕاوەستانی سەربەرزانە و قارەمانانە دژ بە کۆماری ئیسلامی و کلتوور و داب و نەریتی دواکەوتووانە و دژە ژن بووە.
لە کۆمەڵگای ئازاد و دیمۆکراتیک ، ڕەخنە،تەنز،دژایەتی بیروباوەرو ئەندێشە ، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی ئازادی سیاسی و بیروباوەی ئازادە لە ھەر تاک ، دەوڵەت ، ڕێکخراو ، دەسەڵات و بێ دەسەڵاتێکە. زیندووەکان بۆ بەرگری و پشتگیری لە کردەوە و تاوانەکانی خۆیان، یاسا دادەنێن و مردووەکان دەکەن بە شاھد و پاساو. ئەوانەی لە پەنای مردووەکان خۆیان حەشار دەدەن ، ئامانجیان سازکردنی بت لە زیندوەکانە . ڕەخنە و تەنز ،نە تەنیا سووکایەتی و دژایەتی نییە، بەڵکوو ڕەمز و پێویستی کۆمەڵگای مۆدێڕن و ئەوڕوییە. بەگرت دانی کچێکی لاو بە دەست جەلادانی ژن کوژ و مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی ، ناچار کردنی خۆیو و بنەماڵەی بە داوای لێبووردن لە ھەڵە و تاوانێک کە نەیانکردووە، تاوان و پەڵەی ڕەش بە ناوچاوانەی ئەو کەسانەیە کە ئەو زرۆفەیان بۆ کەڵک وەرگرتنی کۆماری ژن کوژی ئیسلامی زاڵ بە سەر ئێران و کوردستان دژ بەو لاوە و بنەماڵەکەی پێک ھێنا.
نەوەی نوێ لە کوردستان، بە تایبەت کچان و ژنانی لاو ، جەسوور و چاو نەترس کە “ژینا ئەمینی” ، کچە ئازا و قارەمانی شاری سەقز ، ڕچەشکێنیانە و شۆڕشی “ژن، ژیان،ئازادی”بە ناوی ئەوان و لە سەر دەست و خۆڕاگری ئەوان چەخماخەی لێدرا، نابێت لە بەرانبەر کۆنەپەرەستان و دژە ژنەکان پاشەکشە بکەن و بێدەنگ بن . دڵنیابن بەرەی پێشڕەو و ئازادیخوازی کوردستان وەک قەڵای قایم و قەڵغانی بەرگری لە پشتیان ڕاوەستاوە .
حەسەن ڕەحمان پەناە