هەژارتربوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دەوڵەمەندبوونی دەسەڵاتداران: ڕاستییەکانی پشت گرانی لە عێراق

توانا محەمەد نوری

توانا محەمەد نوری:
ئەمڕۆ لە عێراق، ژیان بۆ خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان بووەتە شەڕێکی ڕۆژانە. هەر جارێک کە دەچیتە بازاڕ بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکان، هەست دەکەیت بەرامبەر بڕێک پارەی زۆر، شتێکی زۆر کەمتر دەگریتەوە. ئەمە تەنیا سەرقاڵییەکی کاتیی بازاڕ نییە، بەڵکو ستەمێکە ڕاستەوخۆ بەرۆکی خەڵکی ڕەنجدەر و کەمدەرامەتی گرتووە.
کاتێک مووچە و بژێوی ناگەنەوە بە یەکتر
بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانی ئابووری و بەدواداچوونەکانی بازاڕ، تێچووی مانگانەی بژێویی خێزانێکی ٥ کەسی بۆ دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ١,٥٠٠,٠٠٠ تا ٢,٠٠٠,٠٠٠ دیناری عێراقی. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای کاری عێراق، کەمترین مووچەی فەرمیی کرێکاران لە کەرتی تایبەت یان بەکرێگیراوان نزیکەی ٤٥٠,٠٠٠ دینارە. ئەم جیاوازییە گەورەیە دەردەخات کە مووچەی بنەڕەتیی کرێکارێک تەنها وەڵامدەرەوەی ۲٥٪ بۆ ۳۰٪ی پێداویستییە سەرەکییەکانە.
 
چۆنێتیی حیسابکردنی تێچووی بژێویی مانگانەی خێزانێک (١.٥ بۆ ٢ ملیۆن دینار):
• سەبەتەی خۆراک (٥٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار دینار): دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، گۆشت و سەوزە بۆ ٥ کەس، لە کاتێکدا بەشەخۆراکی حکومی تەنها بەشێکی کەم پڕ دەکاتەوە و زۆرینەی لە بازاڕی ئازاد دەکرێت.
• کرێی خانوو (٤٠٠ بۆ ٧٠٠ هەزار دینار): کرێی خانوویەکی سادە لە گەڕەکە ئاساییەکاندا، کە گەورەترین باری مادییە لەسەر شانی خێزانە بێلانەکان.
• خزمەتگوزارییەکان و کارەبا (١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار دینار): تێچووی مۆلیدەی ئەهلی بەهۆی کورتهێنانی کارەبای نیشتمانی، لەگەڵ گاز و ئاو.
• تەندروستی و دەرمان (١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار دینار): تێچووی سەردانی پزیشک و کڕینی دەرمان لە کەرتی تایبەت بەهۆی لاوازیی خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەکان.
• هاتووچۆ و پەروەردە (١٥٠ بۆ ٢٥٠ هەزار دینار): کرێی هاتووچۆ، پێداویستیی خوێندنی منداڵان و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت.
 
کەواتە، کاتێک کەمترین مووچە تەنها ٤٥٠ هەزار دینارە، تەنها نزیکەی ٢٥٪ی ئەم پێویستییە سەرەکییانە دابین دەکات و ٧٥٪ەکەی تری دەبێتە قەرز و ژیانێکی پڕ لە سەختی.
 
لە بەرامبەر ئەم فشارەدا، ڕێکخراوە پیشەیی و ناوەندە کرێکارییە سەربەخۆکان بەبەردەوامی هۆشداری لە بەردەوامیی ئەم کەلێنە دەدەن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هەڵاوسان و گرانبوونی خزمەتگوزارییەکان، تێچووی سەبەتەی بژێوی زیاتر لە ٤٠٪ زیاد بووە، بەڵام دەستکەوت و مووچەی ڕۆژانەی زیاتر لە ٦ ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێشان بەپێی پێویست نەجوڵاوە.
 
زەبری دۆلار و داڕمانی هێزی کڕین
یەکێک لە گەورەترین زەبرەکان کە بەر بژێوی خەڵک کەوت، بریتی بوو لە بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار (لە ١٤٦٠ دینارەوە بۆ لوتکەی زیاتر لە ١٥٠ تا ١٦٠ هەزار دینار بۆ هەر ۱۰۰ دۆلارێک لە بازاڕی ئازاددا). بەو پێیەی عێراق نزیکەی ۸۰٪ تا ۹۰٪ی شتومەک و خۆراکی لە دەرەوە بە دۆلار هاوردە دەکات، ئەم دابەزینەی دینار ڕاستەوخۆ بەهای هێزی کڕینی خەڵکی بەڕێژەی ۲۰٪ تا ۳۰٪ کەمکردەوە.
 
کاتێک بەهای دینار دابەزی، سەرمایەدار و بازرگانە گەورەکان هیچیان لێنەهات، چونکە ڕاستەوخۆ نرخی شتومەکەکانیان بەپێی دۆلار بەرزکردەوە. زیان لێکەوتووی یەکەم و سەرەکی تەنیا کرێکار، فەرمانبەری ئاسایی، و کاسبکاران بوون کە مووچە و داهاتەکەیان بە دینارێکی بێبەها دەمێنێتەوە. ئەمە دارشتنەوەی دەستکەوتی ئابووری بوو لە گیرفانی هەژارانەوە بەرەو خزێنەی دەسەڵاتداران و بانگەشەکارانی بازاڕی دۆلار.
 
ئامارە تاڵەکان: هەژاری لە وڵاتێکی دەوڵەمەنددا
کاتێک سەیری ئامارە فەرمییەکان دەکەین، قەبارەی کارەساتەکە ڕوونتر دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بانکی جیهانی، ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا گەیشتووەتە ۲۵٪ تا ۳۰٪، و لە هەندێک پارێزگای باشووردا ئەم ڕێژەیە ۵۰٪ی تێپەڕاندووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە زیاتر لە ۴۰٪ی گەنجان بێکارن و هیچ داهاتێکی جێگیریان نییە.
شێوازی حوکمرانی لە عێراقدا ڕێگەی داوە بە کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامان لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە. کرێکارێک کە بە ڕۆژانەی ١٥ تا ۲۰ هەزار دینار کار دەکات، چۆن دەتوانێت لەگەڵ کرێی خانوو، خزمەتی تەندروستی، و نرخی بەرزی خۆراکدا هەڵبکات؟ لە بەرامبەردا، چینێکی دەستڕۆیشتوو هەموو سامان و ئیمتیازاتەکانی وڵاتیان بۆ خۆیان قۆرغ کردووە.
 
تاڵانکردنی داهات و ئیفلیجکردنی کەرتی گشتی
عێراق وڵاتێکی هەژار نییە؛ بەڵکو وڵاتێکە سەروەتەکەی تاڵان دەکرێت. داهاتی نەوت کە بە دۆلار دێتە ژوورەوە، لە جیاتی ئەوەی بۆ دروستکردنی کارگە، قوتابخانە و باشکردنی گوزەرانی خەڵک بەکاربێت، لەڕێگەی بازرگانی گوماناوییەوە دەچێتە خزمەت پرۆژەی تایبەتی سەرمایەداران و سیاسییەکان، تا لە ڕێگەی جیاوازی نرخی دۆلاری فەرمی و بازاڕەوە ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار قازانج بکەن.
 
گرانی تەنیا لە خۆراکدا نییە، بەڵکو لە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستیشدا دیارە. خەڵکی هەژار ناچارن پارەیەکی زۆر بە مۆلیدەی گەڕەک و نەخۆشخانە تایبەتەکان بدەن، چونکە کەرتە گشتییەکان بە ئەنقەست ئیفلیج کراون تا کەرتی تایبەت قازانج بکات. ئەمە جۆرێکە لە باجدانی ناڕاستەوخۆ کە تەنیا لە گیرفانی هەژاران دەردەچێت.
 
ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێگەی چارەسەر
ئەم بارودۆخە جیاوازییەکی قووڵی چینایەتی دروستکردووە؛ لە لایەکەوە گەڕەکە دەوڵەمەندەکان و شێوازی ژیانی شاهانەی خاوەن کۆمپانیا و دەسەڵاتداران، و لە لایەکی ترەوە گەڕەکە هەژارنشینەکان و زێرابە سەرکراوەکان کە خەڵکەکەی تەنانەت ئاوی پاکیان دەست ناکەوێت. ئەم کەلێنە ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت.
ئەم نایەکسانییە لە نرخ و بژێوییەدا، هەڵەیەکی تەکنیکی یان کاتیی بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو ئەنجامی سروشتیی سیستەمێکە کە لەسەر بنەمای قازانجی سەرمایەداران و چەوساندنەوەی زەحمەتکێشان دامەزراوە. تا کاتێک بڕیارە ئابوورییەکان لەلایەن خاوەن سەرمایەکانەوە بدرێن و جەماوەر بێدەنگ بێت، گرانی و داڕمانی بەهای پارەی دەستی خەڵک، چارەنووسی بەردەوامی خەڵکی زەحمەتکێش دەبێت..
 
چارەسەری خێرا بۆ کێشەی گرانی لە عێراق، بەخشینی هاوکاریی بچووک یان بەڵێنی بێکردار نییە. ڕێگەی سەرەکیی گۆڕانکاری لە ڕێکخستنی جەماوەری، یەکگرتوویی خەڵک و دروستکردنی فشاری بەردەوام لە خوارەوە دەست پێدەکات؛ تا بەهۆیەوە سەروەت و سامانی وڵات بۆ ژێر دەسەڵاتی خەڵک بگەڕێنرێتەوە، هێزی کڕینی زەحمەتکێشان لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی دراو بە ئاراستەی بەرژەوەندیی گشتی بپارێزرێت، و بەرپەرچی ئەو سیاسەتانە بیدرێتەوە کە هەژاران هەژارتر و دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەکەن.