جەنگ و چینی کرێکار (وتاری ڕۆزا لوکزامبۆرگ لە ١٢ی ئایاری ١٩١٤)

توانا محەمەد نوری

وەرگێڕانی بۆ فارسی: کەمال خوسروەی
وەرگێرانی بۆ کوردی: توانا محەمەد نوری
هێشتا هەفتەیەک تێنەپەڕیوە کە دەستنیشانکراوی میلیتاریزمی ئەڵمانیا، فالکنهاین، لە ڕایشتاخدا ڕایگەیاندووە: هەر کەسێک نەتوانێت لە داهاتوودا پشت بە سوپای ئەڵمانیا ببەستێت، وەک چۆن لە ڕابردوودا هەمیشە پشتی پێ بەستراوە، ئەوا ئەو کەسە بۆنی لە تەواوی شارستانییەت نەکردووە. لەم دەربڕینەدا کرۆکی میلیتاریزمی مۆدێرن بە وردی وێنا کراوە و دادوەرە “ئازیزەکەم”، ئەو کەسەی ڕۆزا لوکزامبۆرگی بە خیانەت لە نیشتمان تۆمەتبار کردبوو، لە فرانکفورت زبرترین وشەی هەڵبژاردووە کاتێک دەڵێت: سۆشیال دیموکراتێک کە دەست دەکات بە پڕوپاگەندە و هاندان دژ بە میلیتاریزم، دەبێت ساڵانێکی زۆر زیندانی بکرێت، چونکە ئەو پەلاماری “شاڕەگی” دەوڵەتی داوە.
کەواتە، گوێڕایەڵی کوێرانەی سەربازان شاڕەگی دەوڵەتە؛ بەڵام کاتێک سەرباز دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە ئامانجداربوونی فەرمانەکە، لە جیاتی ئەوەی ئامرازێکی کوێرانەی هەموو ئەو فەرمانانە بێت کە لە لایەن باڵادەستەکانەوە دەردەچن، ئەو کاتە ئیتر شاڕەگی دەوڵەت نییە و تەواوی شکۆ و جەبەرووتی دەوڵەتی سەربازیی ئەمڕۆ هەرەس دەهێنێت. میلیتاریستەکان فەرمانبەریی بێ مەرج و کۆیلانە بە شاڕەگی دەوڵەت ناو دەبەن. بە پێچەوانەوە، ئەوان خەمی دابینکردنی بژێوی و خۆراکی خەڵکی برسییان نییە.
لە چەندین دەیەی ڕابردووەوە جەماوەری خەڵکی ئەڵمانیا تینووی فێربوون و زانستن. ئەمە بەرهەمی کارە ڕووناکبیرییەکانی (ڕۆشنگەری) ئێمەیە، بەڵام چینە دەسەڵاتدارەکان بە هیچ شێوەیەک لە بیری دامەزراندن و تەیارکردنی قوتابخانە گشتییەکاندا نین، چونکە قوتابخانە گشتییەکان بە شاڕەگی دەوڵەت دانانرێن. ئەمە قسەی سۆشیال دیموکراتەکان نییە، بەڵکوو ئیدیعای نوێنەری باڵای دەوڵەتی چینایەتیی ئێستایە.
بەڵام ئەو دادوەرە و وەزیری جەنگ، ئێمەیان تۆمەتبار کردووە بەوەی نیشتمانپەروەری باش نین. تەنانەت بوونەوەرێکی بچووکی وەک منیش تۆمەتبارە بەوەی “بێ‌نیشتمانێکی” قێزەون بێت؛ لە کاتێکدا ئەگەر بە بنەڕەت کەسێک هەقی هەبێت وشەی نیشتمان بە زاردا بهێنێت، ئەوە ئێمەین، واتە خەڵکی کرێکار کە پاراستن و مانەوەی تەواوی کۆمەڵگە لە دەستی ئەواندایە.
بێگومان ئێمە لەسەر ئەو بڕوایە نین کە هەموو گەلان دەبێت وەک دێوەزمە دڕندەکان ئامادەی هێرشکردنە سەر یەکتر بن و لە کۆتاییدا هەق بەو کەسانە بێت کە زیاتر لەوانی تر تەرم لەسەر تەرم دادەنێن. بە پێچەوانەوە، ئێمە بڕوامان وایە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی زیاتر لەوەدایە کە هەموو گەلان بەبێ بچووکترین جیاوازیی ڕەگەزی، زمانی و بیروباوەڕی ئایینی، بتوانن لە ئاشتی و دۆستایەتییەکی تەواودا لەگەڵ یەکتر و لە پاڵ یەکتردا بژین و لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کولتوور و شارستانییەتدا پێشبڕکێ بکەن. بێگومان ئێمە نابینە قوربانی و تەسلیمی ئەو فێڵە نابین کە بەبێ لەناوبردنی سەرمایەداری ئەم ئامانجە دەستەبەر دەبێت. لەم ڕێگەیەوە خۆمان جیا دەکەینەوە لەوانەی کە تەنها ماوەیەکی کەم دوای گەڕانەوەیان لە کۆنفرانسی بێرن [لە ڕۆژی ١١ی ئایاری ١٩١٣ کۆنفرانسێکی ڕاوێژکاری لە شاری بێرنی سویسرا بە بەشداری ١٥٦ نوێنەری پەرلەمانەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەڕێوەچوو کە تێیدا ٢٤ نوێنەری سۆشیال دیموکراتە ئەڵمانییەکان بەشدار بوون؛ لەم کۆنفرانسەدا بڕیارنامەیەک بە کۆدەنگی پەسەند کرا کە تێیدا شۆڤینیزم مەحکووم کرابوو و ڕاگەیاندرابوو کە زۆرینەی هەرە زۆری گەلانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا خوازیاری ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکانن لە ڕێگەی دادگا شیاوەکانەوە]، چ لە فەڕەنسا و چ لە ئەڵمانیا دەنگیان بە خەیاڵیترین (ئەستێرەییترین) پڕۆژەیاساکانی سوپا داوە.
بەم شێوەیە، قسەی ئێمە ئەوەیە کە تا ئەو کاتەی سەرمایەداری حاکمە، جەنگەکان حەتمین؛ و بەم وتەیە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت گەلان بێ‌بەرگری بکەین، بە پێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێت تەواوی ئەو پیاوانەی توانای ناردنیان بۆ جەنگ هەیە چەکدار بکرێن، ئەو کاتە بڕیاردان لەسەر جەنگ و ئاشتی لە دەستە دەستپاکەکانی خەڵکدا دەمێنێتەوە. ئەگەر هەوڵەکانی میلیتاریزمی ئەمڕۆ بە ڕاستی بۆ بەرگری لە نیشتمان بووایە، ئەو کاتە پێویستی بەو سیستەمە شوورەییەی ئازاردانی سەربازان نەدەبوو. یان ئەوەی کە بە بنەڕەت مرۆڤێک پەیدا دەبێت کە بە ڕاستی باوەڕی وابێت، سەربازی پێشێلکراو و سووکایەتیپێکراو بە شەوق و زەوقێکی تایبەتەوە دەچێتە جەنگ؟ ئەم ئازاردانەی سەربازان، سەر بە ناوکە ئاسنینەکەی شێوازەکانی پەروەردەی سەربازییە. ئەم ئازارانە پێویستن تا لە سەربازەکان کۆیلەی بێ‌بەرگری دروست بکەن کە بتوانرێت بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە تاوانێک ڕاسپێردرێن؛ ئەو کەسانەی ڕێگە دەدەن ببنە بکەری ئەو کارە قێزەونانەی کە ئێمە لە جەنگی چیندا [لە ساڵی ١٩٠٠ دەوڵەتی ئەڵمانیا کوشتنی نێردراوی ئەڵمانی لە پەکین لە کاتی ڕاپەڕینی «ئیهۆتان» کردە بیانوو بۆ ناردنی هێزی سەربازی و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەم هێزە دەستێوەردەرە دەرەکییانە لەگەڵ سەربازانی هێزە ئیمپریالیستەکانی دیکە، بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی چینییەکانیان بە بێبەزەییانە سەرکوت کرد] و دژ بە نەتەوەی هەرێڕۆ [Herero] لە نامیبیا [لە کاتی لەشکرکێشیی ١٩٠٤-١٩٠٧ی ئەڵمانییەکان بۆ سەرکوتکردنی هەرێڕۆکان لە باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقا، سەربازانی هێزە کۆڵۆنیالیستەکانی ئەڵمانیا خەڵکی ڕەسەنیان ڕاوەدووی بیابان نا و ئاویان لێ بڕین. ژەنراڵ لوتار فەرمانی دا هەموویان بکوژن و کەس بە دیل نەگرن. ژن و منداڵیان دایە بەر گوللە بە جۆرێک کە هەرێڕۆکان تووشی مردنێکی سنگدڵانە بن. (لە ١٩٠٤ نەتەوەکانی هەرێڕۆ و هوتێنتۆت [Hottentot] دژ بە دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی ئەڵمانیا ڕاپەڕین. ئەم ڕاپەڕینە کە خەسڵەتێکی ئازادیخوازی هەبوو، بە شکست و لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم نەتەوانە کۆتایی هات، کاتێک سەربازە داگیرکەرەکان لە جەنگێکی سێ ساڵەی سەرکوتکردندا توندوتیژییەکی یەکجار بێبەزەییانەیان دژ بەم نەتەوانە بەکارهێنا)] بە ناچاری ئەزموونمان کرد. بەڵام بۆ ئەوەی سەرباز ئامادە بێت بەبێ لەرینەوەی برۆی تەقە لە برای کرێکاری و لە باوک و دایکی خۆی بکات؛ پەروەردەیەکی لەو شێوەیە پێویستە.
بۆیە لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری میلیتاریزم بکەین دەبێت هەق بدەین بەو دادوەرەی فرانکفورت. سوپا شاڕەگی دەوڵەتی ئێستایە و بە وردی دژ بە هەر ئەم سوپایەیە کە دەبێت تەواوی هێزمان بخەینە گەڕ. ئەگەر ئێمە بەوەش تۆمەتبار بکەن کە دەمانەوێت بڕیاردان لەسەر جەنگ و ئاشتی لە دەستی خەڵکدا بێت، هەرچەندە ئاماژەیەکی وای تێدا نییە لە دەستووردا، ئەوا وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ئەو ڕستە شیاوەی “لاسال”ـە کە دەڵێت: دەستووری ڕاستەقینە، هەر ئەو پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی دەسەڵاتە؛ و جەماوەری کرێکار تەنها ئەو کاتە خاوەن دەسەڵاتن کە بزانن کەی دەبێت بەکاری بهێنن. تا ئەو کاتەی جەماوەر ڕایدەگەیەنن کە ئێمە خوازیاری جینۆساید (نەژادکوژی) نین، ئیتر هیچ جەنگێک ڕووی نادات. بەڵام پێکەنیناوییە ئەگەر باوەڕ بکەین دەبێت تا نیو کاتژمێر پێش دەسپێکی جەنگ چاوەڕێ بین و پاشان دەست بدەین لە شانی سەربازەکان و پێیان بڵێین کە دروست نییە تەقە بکەن. ئێمە دەزانین دڵی کرێکار خیانەت لە ئامانجەکانی ئاشتی و تەواوی مرۆڤایەتی ناکات، تەنانەت ئەگەر پرۆلیتاریا پۆشاکی پاشاکانیشی لەبەردا بێت. هەر بۆیە ئێمە وەک جوتیارێکی هۆشیار، پێشوەختە و لە کاتی خۆیدا کارەکە بە چاندنی تۆوەکە دەست پێ دەکەین.
لەگەڵ ئەوەشدا، میلیتاریزم و چینە دەسەڵاتدارەکان باوەڕیان بە خۆیان نەماوە. هەر لەبەر ئەوەیە کە دەترسن لە کارە هاندەرە (تەهیجییەکانی) ئێمە. میلیتاریزم و دەوڵەتی ئێستای پشتئەستوور بەو، سەرتاپا ڕزیو و پەککەوتەن. ئێمە بەڵام دەسەڵات و مەرجەعی ئەخلاقین، و ئەو چەوسانەوانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، زیاتر و زیاتر دەبنە هۆی ڕووکردنی جەماوەری نوێ بەرەو لای ئێمە. ئێمە دەبێت بە مەیل و شادییەکی دە ئەوەندەوە بچینە ناو جەنگەوە، ئەو کاتەی وەزیری جەنگ و دادوەر قسەی ئاوا ڕووناککەرەوە (ڕۆشنکەرەوە) دەڵێن.