فریدریک ئەنگڵس لە ٢٨ی نۆڤەمبەری ١٨٢٠ لە بارمەن (کە ئەمڕۆ بەشێکە لە ووپەرتاڵ) لەدایک بوو؛ یەکەمین منداڵ بوو لە نۆ منداڵەکەی فریدریک ئەنگڵسی باوک و ئەلیزابێت (فان هار). باوکی بە نازناوی پڕ سۆزی «دڵی من» بانگی دەکرد. خێزانە گەنجەکە لە خانووی ژمارە ١٧٣ لە بارمەر بروخ نیشتەجێ بوون و باپیر و داپیرەشی لەو خانووەدا دەژیان کە ئەمڕۆ بە «ماڵی ئەنگڵس» دەناسرێت. پێنج خانووی خێزانی و خانووانی کرێکاران، کە بە دەوری زەوییەکانی سپیکردنەوەی قوماشدا هەڵکەوتبوون، پێکەوە پێکهاتەیەکی نیوەبازنەییان دروست کردبوو کە وەک شارۆچکەیەکی بچووک دەهاتە بەرچاو. ئەنگڵس منداڵی خۆی لە یەکێک لە دەوڵەمەندترین خێزانەکانی بارمەن، لە ژینگەیەکی پڕ لە نەزمی کارگەیی و توندوتۆڵی خێزانیدا بەسەر برد. لە سەرەتای مێردمنداڵییەوە ئاشنای چالاکییە بازرگانییەکانی کۆمپانیای باوکی بوو، کە بەردەوام لە پەرەسەندندا بوو. خێزانی ئەنگڵس پەیڕەوی ئایینی پرۆتێستان و ئەندامی جەماعەتی یەکگرتوو بوون کە باپیرەی دایمەزراندبوو. لەسەر بنەمای پیتیزم (Pietism)ی نەوەی کۆن، لە دەیەی ١٨٢٠دا بزووتنەوەی “بەئاگاهاتنەوە” (Erweckungsbewegung) سەریهەڵدا کە جەختی لەسەر ئەزموونی کەسیی باوەڕ و ژیان لەسەر بنەمای ئینجیل دەکردەوە.
ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٣٨دا کە هێشتا هەژدە ساڵان بوو، قوتابخانەی بەجێهێشت و لەسەر خواستی باوکی چوو بۆ برێمەن تا لە کۆمپانیایەکی بازرگانیدا وەک شاگرد کار بکات. ئەو دوو ساڵ و نیو لە ئۆفیسی کۆمپانیای تاکفرۆشیی نێودەوڵەتیی “هاینریش لایپۆڵد” (کونسوڵ) لە شەقامی مارتینی ژمارە ١١ خەریکی شاگردی بوو.
بەندەری برێمەن، ناوەندیی بازرگانیی جیهانی و خاڵی دەرچوونی کۆچبەران بۆ ئەمریکا بوو؛ بازرگانیی لۆکە (پەمۆ) لە ئەڵمانیا لەم شارەدا چڕ ببووەوە.
مانەوە لە برێمەن، ئەنگڵسی لەگەڵ پەیوەندییە بازرگانی و دەریاییەکان ئاشنا کرد. لەم ساڵانەدا دەستی کرد بە نووسین دەربارەی کەلتوور، کۆمەڵگا و سیاسەت و یەکەمین نیشانەکانی تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی بۆ کۆمەڵگای بۆرژوازی دەرکەوتن.
لە پاییزی ١٨٤١ تا ئۆکتۆبەری ١٨٤٢ خزمەتی سەربازیی خۆی وەک خۆبەخشێکی یەک ساڵە لە فەوجی پاسەوانی تۆپخانەی پیادە لە بەرلین تێپەڕاند. ئەم خزمەتە سەربازییە ڕێگەی پێدا بەبێ وەرگرتنی دیپلۆم بچێتە زانکۆ. ئەو سوودی لە مانەوەی لە بەرلین وەرگرت بۆ بەشداریکردن لە وانەکانی زانکۆی فرێدریک ویلهێلم و لە ژینگەیەکی پڕجۆشوخرۆشی گفتوگۆ فەلسەفی و سیاسییەکاندا جێگیر بوو.
هەر لەم ساڵانەدا بوو کە بیرکردنەوەی وردە وردە شێوەی گرت و تێڕوانینی لە باوەڕە ئایینییە خێزانییەکانەوە بەرەو پرسە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکان وەرچەرخا. دوای کۆتاییهاتنی خزمەتی سەربازی، لەسەر خواستی خێزانەکەی گەڕایەوە سەر کاری بازرگانی و لە دیسەمبەری ١٨٤٢ تا ئۆگەستی ١٨٤٤ لە کۆمپانیای «ئێرمەن و ئەنگڵس» لە مانچستەر وەک «یاریدەدەری گشتی» دەستبەکار بوو.
مانچستەر لەو کاتەدا بە دانیشتووانێکەوە کە ژمارەیان لە ٣٥٠ هەزار کەس زیاتر بوو، بە تەعبیری خودی ئەنگڵس، “جیهانێکی تەواو نوێ” بوو: ناوەندی پیشەسازیی لانکشایەر بە دووکەڵکێشە پیسەکان، دەنگەدەنگی زۆر، بۆنی توند و ناخۆش و کاری تاقەتپڕووکێن لە بینا حەوت نهۆمییەکان و شەفتەکانی دوازدە بۆ شازدە کاتژمێریدا. لە ساڵی ١٧٨٧ تا ١٨٤١ ژمارەی کارگەکانی لۆکە لە ٤٤ـەوە بۆ ١١٠٥ بەرز ببووەوە. ڕیچارد ئارکرایت لە ١٧٨٢ یەکەمین کارگەی لۆکەڕێستنی لەم شارەدا دامەزراند؛ مەکینەی هەڵمی لە ١٧٩٠ـەوە بەکار هێنرا و بە کردنەوەی هێڵی ئاسنی لیڤەرپووڵ-مانچستەر لە ١٨٣٠، خەڵووزی ناوچە کانگاییە نزیکەکان دەگەیشتە کارگەکان و مانچستەر لە ڕێگەی بەندەری لیڤەرپووڵەوە بە خوێنبەری سەرەکیی هەناردە و هاوردەوە گرێ درا.
کارگەکانی چیتسازی و کۆگا گەورەکان، کە تێیاندا کاڵا نیوەچێکراوەکان تەواو دەکران، نیشانەی ڕوونی پیشەسازیبوونی خێرا بوون.
لە هەمان ئەو کەشوهەوا سەخت و بەرچاوەی پیشەسازیدا بوو کە ئەنگڵس، لەبری نقومبوون لە خۆشگوزەرانیی بۆرژوازیدا، هاتوچۆی گەڕەکە هەژارنشینەکانی دەکرد و لە نزیکەوە ئاشنای دۆخی کارەساتباری ژیان و گوزەرانی کرێکاران بوو. بەرهەمی ئەم ئەزموونە کتێبی “دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا” (١٨٤٥) بوو، کە یەکێکە لە یەکەمین ڕاپۆرتە زیندوو و بەڵگەدارەکان لەسەر ژیانی کرێکارانی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەهەمدا.
یەکەمین دیدار لەگەڵ مارکس لە کۆتا ڕۆژەکانی نۆڤەمبەری ١٨٤٢ لە نووسینگەی ڕۆژنامەی “ڕاینیچە تسایتۆنگ” ڕووی دا. دواتر لە سێپتەمبەری ١٨٤٤ کە مارکس دوای داخستنی ڕۆژنامەکە هاوسەرگیری کردبوو و چوبووە پاریس، ئەنگڵس چوو بۆ دیداری. ئەم دیدارە کورتە بووە سەرەتای هاوکارییەکی قووڵی فکری و سیاسی کە تا مەرگی مارکس لە ١٨٨٣ بەردەوام بوو. ئەو کاتە هەردووکیان لە ساڵنامەکانی ئەڵمانی-فەرەنسیدا وتاریان دەنووسی و هەر لەوێشەوە نامەگۆڕینەوەی ڕێک و پێکیان دەستی پێکرد.
ئەنگڵس بەر لەم ئاشنایەتییە لە مانچستەر بە وردی بەرهەمەکانی ئادەم سمیت و ڕیکاردۆی خوێندبووەوە و پەیوەندی بە بزووتنەوەی چارتیستەکانەوە، وەک یەکەمین بزووتنەوەی سیاسیی کرێکاران، گرتبوو. لە هەمان کاتدا، لە مانچستەرەوە دوو وتاری بۆ مارکس ــ کە سەرقاڵی ئامادەکردنی بڵاوکردنەوەی ساڵنامەکانی فەرەنسی-ئەڵمانی بوو ــ نارد: “دۆخی ئینگلتەرا” و “کورتەهێڵێک بۆ ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی”. وتاری دووەم کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر ڕێڕەوی توێژینەوەکانی مارکس دانا.
ئەنگڵس لە ١٨٥١ـەوە بە ناوی مارکس نزیکەی ١٧٠ وتاری، کە زۆربەیان دەربارەی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئەورووپا بوون، بۆ “نیویۆرک تریبیون” نووسی و لە هەمان کاتدا مارکسی بە داتای ئابووریی ئاڵۆز تەیار دەکرد. لە ساڵانی مانەوەی لە مانچستەر، زیاتر لە هەزار نامە لەنێوان ئەو دووانەدا ئاڵوگۆڕ کرا. مارکس لە ١٨٥٧-١٨٥٨ یەکەمین ڕەشنووسی خۆی لە ڕەخنەی ئابووریی سیاسی نووسی؛ و ئەنگڵس چەندین جار هانی دا کە کارە ئابوورییەکە بە ئەنجام بگەیەنێت. سەرەنجام مارکس لە ١٨٦٧ بەرگی یەکەمی “سەرمایە”ی بڵاوکردەوە، کە تیۆرییەکی گشتگیر بوو لە ڕەخنەگرتن لە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری کە ناوکەکەی بریتی بوو لە چەوساندنەوەی کرێکارانی مووچەخۆر لەلایەن خاوەن ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە؛ بەهای زیادەی بەرهەمهاتوو لەلایەن کرێکارانەوە دەبووە خاوەندارێتیی سەرمایە.
مارکس و ئەنگڵس عادەتیان وا بوو هەمیشە پێکەوە کار بکەن. شێوازی کاریان تەواوکاری یەکتر بوو: ئەنگڵس ورد و بەنەزم دەینووسی و هاوکات هەندێک جار لە وەسواس و وردبینیی مارکس کە هیچ گوزارەیەکی بەبێ تاقیکردنەوە لە چەند گۆشەنیگای جیاوازەوە نەدەنووسی، هیلاک دەبوو. دوای شکستخواردنی شۆڕشی ١٨٤٨، ماوەیەک لێک دابڕان و جیادەژیان، مارکس لە لەندەن و ئەنگڵس لە مانچستەر، بەڵام لە ماوەی حەڤدە ساڵدا نزیکەی هەموو ڕۆژێک لە نامەکاندا تێڕامانە سیاسییەکان و پێشچوونە توێژینەوەییەکانیان بەشک دەکرد. ئەم نامەگۆڕینەوانە دواتر بوونە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی ناسینی بیری و ژیانی ئەوان.
مارکس لە ٢ی ئەپرێلی ١٨٥١ بۆ ئەنگڵسی نووسی: “ئەگەر لە دۆخی ئێستادا، زوو زوو نامەم بۆ بنووسیت، ناچارم دەکەیت بە وەڵامدانەوە، چونکە هاتوچۆ و پەیوەندییەکانی من لێرە کەم تا زۆر لە بازنەی ژمارەیەک گەنجی کورت-بیندا سنووردار بووە.” و دوو مانگ دواتر زیاد دەکات: “من لە گۆشەگیریی تەواودا دەژیم… زیاتر هەست بە جێگە خاڵییەکەت دەکەم.” لەم نێوەندەدا، تەنانەت ساتەوەختی دڵگرانیش لە دۆستایەتییاندا پێش دەهات. لە دیسەمبەری ١٨٥٣، کاتێک مارکس زانی ئەنگڵس هاتۆتە لەندەن بەڵام لە ماڵی ئەو دانەبەزیوە، ڕەنجا؛ بەڵام کەمێک دواتر داوای لێبووردنی کرد و نووسیی تەنها شتێک کە ئەو ئازار دەدات ئەوەیە کە “ناکرێت پێکەوە بن و گاڵتە و گەپ بکەن.”
پەیوەندیی ئەو دووانە لە هاوکاریی سیاسی و نەزەری واوەتر بوو؛ پەیوەندییەکی مرۆیی و سۆزداری لەنێوانیاندا لە ئارادا بوو. هەریەکەیان هەمیشە لە بیری دڵخۆشکردنی ئەوی دی بوو و هەردووکیان شانازییان بە سەرکەوتنی یەکترەوە دەکرد. ڕۆژێک کە بڵاوکەرەوە ئەڵمانییەکەی مارکس بۆی نووسی کە ئەنگڵسی لە نزیکەوە بینیوە و بە “یەکێک لە خۆشەویستترین مرۆڤەکان”ی دۆزیوەتەوە، مارکس بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: “دەمەوێت ببینم کێ پەیدا دەبێت کە فرێدریک بە خۆشەویست نەزانێت!” و کاتێک ئەنگڵس لە ٢٩ی مارسی ١٨٥٨ بۆ مارکس دەنووسێت: “دوێنێ بە ئەسپەوە لە بەربەستێک بە بەرزیی پێنج پێ و چەند ئینچێک پەڕیمەوە؛ بەرزترین بازدانێک کە تا ئێستا کردوومە… کاتێک بگەڕێینەوە ئەڵمانیا بێگومان یەک دوو شت هەیە نیشانی سوارەنیزامی پرووسیا بدەین. بەڕێزان بە زەحمەت بتوانن لە عهەدەی من دەرچن”؛ مارکس لە وەڵامدا دەنووسێت: “بۆ دەستکەوتەکانی ئەسپسواریت پیرۆزباییت لێ دەکەم. بەڵام زۆر بازدانی مەترسیدار مەکە، چونکە بەمزووانە دەرفەتی گرنگتر دێنە پێش کە مرۆڤ گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە. پێم وانییە ئەسپسواری پسپۆڕییەک بێت کە بەهۆیەوە زۆرترین خزمەت بە ئەڵمانیا بکەیت.
لە کاریشدا هاوکارییان تەواو عەیار بوو. کاتێک مارکس بۆ
“نیویۆرک تریبیون” وتاری دەنووسی و هەندێک جار بەهۆی گرفتارییەکانی دیکەوە دەرفەتی نەبوو، داوای لە ئەنگڵس دەکرد کە ئەو بیانووسێت. دواتر دەرکەوت کە کۆمەڵەی “شۆڕش و دژەشۆڕش لە ئەڵمانیا” نزیکەی بە تەواوی بە قەڵەمی ئەنگڵس نووسراوە. وە هەرکات ئەنگڵس داوای یارمەتی لە مارکس دەکرد، ئەویش بێدواکەوتن کارەکەی خۆی ڕادەگرت. نموونەی دیاری ئەوە کاتی نووسینی “ئانتی-دوورینگ” (١٨٧٨) بوو کە مارکس لەسەر داخوازیی ئەنگڵس بەشێکی دەربارەی مێژووی ئابووری نووسی؛ بەشێک کە لە هەمان کتێبدا جێگیر کرا.
ئەنگڵس جگە لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، لە کایەی نەزەریشدا داینامیکییەکی سەرسوڕهێنەری هەبوو. بەرهەمگەلێکی وەک “ئانتی-دوورینگ” (١٨٧٨)، “لودڤیگ فۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمان” (١٨٨٦) و “ڕەچەڵەکی خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت” (١٨٨٤)، کە لەسەر بنەمای خوێندنەوە سەرەتاییەکانی مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و داتاکانی مۆرگان نووسرابوو، هەموویان جەختیان لەو خاڵە دەکردەوە کە گۆڕانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان ڕەگی لە پەیوەندییە ئابوورییەکاندا هەیە. نامەکانی ئەو پانتاییەکی سەرسوڕهێنەر لە زانستەکەی نیشان دەدەن: لە کیمیای ماددە تەقەمەنییەکانەوە تا زەویناسی، لە تیۆریی داروینەوە تا بیرکاری و زمانەوانی. بۆ ئەو، زانست ئامرازێک بوو بۆ ڕزگاریی مرۆڤ.
***********