هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ناسر بەکرزادە لە دادگای باڵای ئێرانەوە

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکان، حوکمی ئێعدامی ناسر بەکرزادە، زیندانی زیندانیکراو لە بەندی سیاسیی زیندانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ کە پێشتر بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسڕایل لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە دەرکرابوو، لە دادگای باڵای ئێران هەڵوەشێندرایەوە. ئەم بڕیارە قەزاییە بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە، دۆسیەی بەکرزادە بۆ لێکۆڵینەوەی دووپاتە بۆ لقێکی دیکە ڕەوانە دەکرێ و تا دیاریکردنی لقی نوێ، ناوبراو لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودایە. بەکرزادە کە نێزیک ٢٦ساڵی تەمەنە، لە بەفرانباری٢٧٢٣ی کوردی، دەسبەسەر و پاش ماوەیەک ڕاگیران لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ زیندان ڕاگوازرابوو.

لقی سێی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە ورمێ لە خەزەڵوەری٢٧٢٤ی کوردی، ناوبراویان بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسڕایل و هاریکاری مووساد بە ئێعدام مەحکووم کردبوو. ئەم هەواڵە یەکەمجار لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزی قەزایی بڵاو کرایەوە.

بەکوتەی سەرچاوەیەکی نێزیک لە بنەماڵەی ناسر بەکرزادە، لەڕەوتی قۆناغەکانی سەرەتاییەوە دەسبەسەر و لێپرسینەوە، مافی بنەڕەتی ناوبراو بۆ وێنە دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندی لە گەڵ بنەماڵە و چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ نەپارێزراوە.

ق.ش

The post هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی ناسر بەکرزادە لە دادگای باڵای ئێرانەوە appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە