ئیلام؛ دوورخستنەوەی سێ زیندانی سیاسیی کورد بۆ زاهێدان، کرمان و مەشهەد

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکان، سێ زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاودانان بەناوەکانی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحسەین حاسڵی، ڕۆژی یەکشەممە١٤ی گوڵانی٢٧٢٥ی کوردی، لە زیندانی ناوەندی ئیلام بۆ زیندانەکانی زاهیدان، کرمان و مەشهەد دوورخرانەوە. هەر سێ زیندانییەکە پێشتر بە ١٢ساڵ زیندانی تەعزیری لە مەنفا مەحکووم کرابوون.

حوکمی ئەم سێ چالاکە سیاسییە لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداری لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بووە. دوورخستنەوە بۆ شارەکانی دوور لە زێدیان، بەکردەیی بنەماڵەکانیان لە مافی چاوپێکەوتنی منداڵەکانیان بێبەری دەکات و گوشارێکی زۆرتر دەخاتە سەر ئەم زیندانیانە و کەسووکاریان.

شیاوی باسە کە دەسبەسەری ئەم سێ کەسە لە ناوبەری جۆزەردان تا گەلاوێژی ٢٧٢٣ی کوردی، بەشێوەی کوێرانە و بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی هاتۆتە ئاراوە.
پاشان دادگای سزاکانی یەکی ڕێژیم لە ئیلام، بەبێ دادگایکردنئ دادوەرانە، هەر کام لەم زیندانیانەی بە ١٢ساڵ زیندان لە مەنفا مەحکووم کرد.

شیاوی باسە، پێشتر وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحسەین حاسڵی لە ناڕەزایی دژی ئەم حوکمە نادادوەرانە و دۆخی دەسبەسەری، لێوەکانی خۆیان درووبوویەوە و مانیان لە خواردن گرتبوو. ڕاپۆرتگەلێکیش سەبارەت بە کردەوەی نەشیاو، گوشاری دەروونی و جەستەیی بۆ لێوەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ دژی ئەوان بڵاو کراوەتەوە.

ق.ش

The post ئیلام؛ دوورخستنەوەی سێ زیندانی سیاسیی کورد بۆ زاهێدان، کرمان و مەشهەد appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە