ک.م.م.ک.:
بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هۆرام مێهرنوایی، زیندانی سیاسی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ ئازادکردنی مەرجدار، مانی لە خواردن گرتووە. ئەم بڕیاری مانگرتن لە خواردن دوای ئەوەی داوای ئازادکردنی مەرجدار لەگەڵ دژایەتیی دەسەڵاتی قەزایی و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بووەوە،دراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو زیندانییە دوای تێپەڕاندنی ٢٧ مانگ لە سزای زیندانیکردنەکەی بەپێی یاسا داوای ئازادکردنی بەمەرجی کردووە. بەڵام دەسەڵاتدارانی قەزایی دژی ئەم داوایە وەستانەوە، ئەمەش وایکرد کە مێهرنەوایی لە زیندانی بۆکان مان لە خواردن بگرێت.
ناوبراو لە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لە سەردەمی شۆڕشی ژن ،ژیان ،ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای تەواوکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. بەڵام لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٢٧٢٣ دا دادگای ئینقلابی ڕژیم لە بۆکان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری ڕژیم” حوکمی ٥٤ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند.
ئەم زیندانییە لە ١٠ی گوڵانی ساڵی ٢٧٢٣ بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی گواسترایەوە بۆ زیندانی بۆکان و پاش ماوەیەک لەژێر چاودێری ئەلیکترۆنیدا ئازاد کرا و دوای تەواو بوونی مۆڵەتەکەی ڕەوانەی زیندان کرایەوە. بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ زیندان و دژایەتیکردنی داواکارییەکەی بۆ پارێزبەندی، بڕیاریدا مان لە خواردن بگرێت.
E.Sh
The post بۆکان؛ مانگرتن لە خواردنی زیندانییەکی سیاسی تەمەن ٢٢ ساڵ appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.