ک.م.م.ک:
بەپێی پێشنیازی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٧، ڕۆژی ١٥ی مەی، ڕۆژی بڵاوکردنەوەی یەکەم ژمارەی هۆڤاری هاوار لە ساڵی ١٩٣٢، وەکوو ڕۆژی زمانی کوردی دیاری کرا. بەبیانووی ئەم ڕۆژە چەندد پەیڤێک سەبارەت بە گرنگی زمانی دایکی لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە لەگەڵ بەردنگان و خوێندەوانانمان دەخەینە بەرباس.
زمان، یەکێک لە بنەڕەتیترین کۆڵەکەکانی شوناسی گەر گەلێکە، زمان تەنیا ئامرازێک بۆ پێوەندی گرتن نییە، بەڵکوو هەڵگری کەلتوور، مێژوو، ئەندێشە و دنیابینی خەڵکانی وڵاتێکە. لەڕێی زمانەوە کە مرۆڤ دەتونێ ئەزموونەکانی تۆمار، ڕابگوازێ و بئافرێنێت. ڕۆژی ١٥ی مەی وەکوو ڕۆژی زمانی کوردی، بیرهێنەری بایەخێکی قووڵ لە دڵی مێژووی نەتەوەی کوردە؛ ڕۆژێک بۆ یادکردنەوە و جەخت لەسەر زیندووڕاگرتنی زمانی دایکی ملوێنان مرۆڤە.
گرنگی زمان لە شوناسی نەتەوەکان
زمان نەک تەنیا کەرەستەی ڕاگواستنی چەمکەکان، بەڵکوو بەشێکی بنەڕەتی لە شوناسی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک پێک دێنێت. کەلتوور، ئەدەب، ئایینەکان، نەریتەکان و تەنانەت ستایلی ژیانی مرۆڤەکان لە دڵی زمانەوە دەخوڵقێت. لەناوچوون یان لاوازی زمانی دایکی، لە ڕاستیدا بەواتای لاوازبوونی شوناس و بوونی نەتەوەیەکە. هەر بۆیە، پاراستنی زمانەکان وەکوو بەرپرسایەتی گرنگی کەلتووری و مرۆییە.
گرنگی زمانی کوردی
زمانی کوردی یەک لە کەونترین زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە خاوەنی زاراوەگەل و بن زاراوەگەلی جۆراوجۆری وەکوو، سۆرانی، کرمانجی، هەورامی و کەلووری و زازاییە. ئەم زمانە لە هەناوی خۆیدا گەنجینەیەکی مەزن لە شێعر، مەتەڵ، چیرۆکی فۆلکلۆریک و زانست و مێژووی زاتەکی خەڵکی کوردی پاراستووە. زمانی کوردی نەک تەنیا زمانی ئاخافتن، بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ پاراستنی بیرۆکەی مێژوویی و کەلتووری نەتەوەی کورد.
قسە لەسەر کەونبوون، دەوڵەمەندبوون، زاراوە و شێوەزاری زمانی کوردی ئەرکی زمانناسە کە لەمبارەوە بدوێ و بنووسێ بۆیە بەهیچ چەشنێک هەوڵ بۆ چوونە ناو ئەم گۆڕەپانە زۆر گرنگ و پسپۆڕییە نییە، ئامانج تەنیا بیرهێنانەوەی گرنگی زمانی کوردی وەکوو زمانی دایکی، وەکوو شوناس و ناسنامەی ئێمەیە.
لە ڕەوتی مێژوودا، زمانی کوردی ڕووبەڕووی هەڕەشەی جیددی بوەتەوە؛ لە قەدەغەکردنی فەرمی تا گرنگیپێنەدانی دامەزراوەیی، بەڵام سەرەڕای ئەم گوشارانە، گەلی کورد لەڕێی بەرگری کەلتووری و هەوڵە تاکی و بەکۆمەڵەکان و خەبات، زمانی خۆی زیندوو هێشتۆتەوە.
لە ئاسمیلاسیۆن و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە باکوور، تا ئاستەنگی پەروەردە بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات سەرەڕای ئەوەی کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی مادەی ١٥ ئاماژەی پێدراوە بەڵام لە کردەوەدا پێکهاتەی گونخاو و ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ بەکردەیی کردنی نەبووە و هەمیشە گوشاری سیاسی و ئەمنییەتی لەسەر چالاکانی زمانی کوردی بووە. لە ڕۆژاوا بەتایبەت بەر لە ٢٠١١، سیاسەتی سەرکوتی شوناس و زمان هەبووە و لە باشوور تا بەر لە ٢٠٠٥ کە زمانی کوردی لە تەنیشت زمانی عەرەبی لە یاسای بنەڕەتی، وەک زمانی فەرمی ڕاگەیەندرا. لەگەڵ پرسی بەعەربکردن دەڤەرە کوردییەکان و قەدەغەی پەروەردە بەتایبەت لە سەردەمی سەدام حسێن ڕووبەڕوو ببوویەوە. زمانی کوردی لەم هەموو کەندوکۆسپە گرانە تێپەڕییوە ئەوڕۆ ئەم میراتە بە ئێمە گەیشتووە و دەبێ بیپارێزین لە گەشەپێدانی ڕانەوەستین و ئەم متمانەیە بگوازینەوە بۆ بەرەی داهاتوو، چوونکوو ئەم زمانە گەورەترین سامان و هێمای بوونی ئێمەیە.
زمانی دایکی و مافە نێونەتەوەییەکان
بەپێی بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکان، هەر مرۆڤێک مافی هەیە بەزمانی دایکی خۆی پەروەدە ببینێت و کەڵک لە دەربڕین، نووسین و پێوەندی گرتنی بگرێت. هەندێک لە گرنگترین بەڵگەنامە نێونەتەوەییەکان کە پەرژاونەتە سەر ئەم مژاتە بریتین لە:
جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ(مادەی ٢٦): جەختی لەسەر پەروەردە بۆ هەموان کردووە، کە دەبێ لە چوارچێوەی گەشەی تەواوی کەسایەتی مرۆڤ بێت؛ مژارێک لە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە زمانئ دایکەوە هەیە.
پەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسیی(مادەی٢٧): کەمینەکان مافیان هەیە زمان، ئایی و کەلتووری خۆیان بپارێزن و گەشەی پێبدەن.
ڕاگەیەندراوی ڕێخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە مافەکانی خەڵکانی خۆجێی(٢٠٠٧): بە ئاشکرا جەختی لەسەر مافی پەروەردە بە زمانی دایکی و پاراستنی زمانە خۆجێیەکانە.
ڕێکارگەلێک بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی
بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی کوردی، دەبێ هاوکات لە چەندد بواردا هەوڵ بدرێت:
١. دیجیتاڵی کردنی زمان: گەشەی نەرمەکاڵاکان، ئەپلیکەیشێنەکان، تەختەکلیلەکان و فەهەنگە دیجیتاڵییەکان بە زمانی کوردی بۆ وڵامدانەوەی پێویستییەکانی جیهانی مودێڕن.
٢. پەروەردەی فەرمی و نافەرمی بە زمانی کوردی لە ناوخۆی وڵات و دیازپۆرا
ڕاگەیاندنەکانی کوردی زمان:
پشتیوانی لە ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان، ڕادیۆ و تێلەڤزیۆنە کوردییەکان بۆ گەشەی کەشی گشتی کەڵکوەرگرتن لەم زمانە.
٣. بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئاسەواری ئەدەبی و هونەری: پشتیوانی لە شاعیران، هونەرمەندان و وەرگێڕانی کورد بۆ خوڵقاندنی بەرهەم بە زمانی کوردی.
٤. پەروەردەی زمانی کوردی لە ماڵ و کۆمەڵگا: بنەماڵەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕاگواستنی زماندا هەیە. قسەکردن لە گەڵ منداڵان بە زمانی کوردی، خوێندنەوەی چیرۆک و پەروەردەی زمانی لە منداڵییەوە، کاریگەری زۆری لە بەردەوامی زمان هەیە.
٥. چالاکی کەلتووری و کۆمەڵایەتی: بەڕێوەبردنی مێهرەجانی زمان. کێبرکێی شێعر و چیرۆک، ڕۆژنامەوانی و پرۆگرامی کەلتووری بە زمانی کوردت.
٦. گرنگی پێدان و بایەخدان بە زاراوەگەلی زمانی کوردی.
٧. نووزین و وەرگێڕانی بەرهەم نەک تەنیا لە بواری ئەدەبی بەڵکوو لە بواری زانستی ئەندازیاری، پزیشکی و ماتماتیک بە زمانی کوردی
٨. گرنگیدان بە ناوە کوردییەکان چ لە ناوی شار و گوندەکان و ناوچە و کێو و دەزست و جوگرافیا و چ ناوی منداڵانمان.
زمانی کوردی دەبێ ببێت بە زمانی زانست و ئابووری و بازرگانی و ڕامیاری. دەبێ بە کوردی بخوێنی. و بنووسین و بەکوردی بیربکەینەوە. دەبێ زمانمان زیندوو ڕابگرین چون ئەگەر زمانمان بمرێ کەلتوورمان دەمرێ، زمانی ئێمە ناسنامە و بەڵگەی هەبوونمانە.
ق.ش
The post ١٥ی مەی ڕۆژی زمانی کوردی appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.