کورتە سەرنجێک دەربارەی پێویستی فێرکردنی خەڵک بۆ کارکردن بە شیعاری لکم دینکم ولي دين!

ئیبراهیم حسێن

ئیبراهیم حسێن
شیعاری لکم دینکم ولی دین، شيعارى تاكتيكى ئیسلامییەکان نییە بۆ سازان لەگەڵ مەدەنیەت و قبوڵکردنی ئازادی ئەوانی تر و ئازادی دینداری و بێدینی. بەڵکو شیعارێکە بۆ ئەوەی هەر کەس و هەر گروپ و دەست تاقمێک بڕوا لە دنیای خۆیدا و بە پێی ئەوەی کە مەزهەب و دینەکەی ڕێگەی پێدەدا و بە پێویستی دەزانێ ئەنجامی بدا بێ ئەوەی ئەوانەی تر کە بە جۆرێکی تر دنیا و ژیان دەبینن، مافی ئەوەیان هەبێ دەم بکەنەوە. ئیتر بەوانی تر چی کە ژن چۆن مامەڵە دەکرێ و چۆن حورمەتی ئینسانی و کۆمەڵایەتیەکەی هەتک دەکرێ، چۆن سێ سێ و چوار چوار دەقابەڵەی ئارەزوی پیاو دەکرێ و موڵکایەیەتیەکەی لەسەر پیاو تاپۆ دەکرێ. بەوانیتر کە سەر بەو مەزهەبە نین چی کە منداڵ و بە تایبەتی منداڵانی کچ چۆن هەتکی حورمەت دەکرێن و بە تاوانی ژن بوون لە ژیانی ئاسایی منداڵی بێبەری دەکرێن و حیجاب و مەقنەعە دەکرێن دەستدرێژی دەکرێتە سەر جسم و ڕۆحیان. لە مەلەکردن و ڕەقس و سەما و تێکەڵبوونی ئاسایی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن.
 
یاسای بە شودانی کچانی منداڵ لە عێراق، ئەو پەلامارەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەی کە لە ئێران و ئەفغانستان و زۆرێکی تر لە وڵاتانی دوچاربوو بە پەتای ئیسلام و ئیسلامی سیاسی دەرهەق بە ژن پیادە دەکرێ خۆ لە هەمان دین و لە هەمان مەزهەبەوە هاتوە کە شیعاری لکم دینکم ولی دين، داوا دەکا دینی خۆیان بۆ خۆیان واز لێ بهێنین و دەخلمان پێوەیان نەبێ. ئایا ئازادیخوازی ئەمە قبوڵ دەکا؟ ئەگەر ئەمەی قبوڵ کرد کە لێیانگەڕێ ئەم بێمافکردنە دینی و مەزهبیە بە هەقی ژن پیادە بکرێ، هیچ لە ئازادیخوازیەکەی دەمێنێتەوە؟ بە بڕوای من نەخێر.
 
پۆستمۆدێرنیستەکان ساڵانێکی زۆر خەریکی پاساودانی ئەم پاشەکشە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیە بوون لە بەرامبەر پەلاماری دین و جوڵانەوە دینیەکان بۆ پاشەکشەکردن بە مەدەنیەت و بەها جیهانگیرە پێشووەکان لە پەیوەند بە ماف و حورمەتی ئینسانی ژن و هاوڵاتی دنیای ئەم سەردەمە بە بیانوی ئەوەی کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و ڕەفتارە دەرهەق بە حورمەتی کۆمەڵایەتی ژن و بە گشتی هاوڵاتی بەشێکن لە پێکهاتەی کلتوری ئەو خەڵکانە و هیچ ئەشکالێکی تێدانیە. دنیا بۆ پۆستمۆدێرنێک بریتیە لە مۆزایکێکی ڕەنگاوڕەنگی پێکهاتو لە دینەکان و کلتورەکان کە هەر یەک لە مانەش کۆمەڵە بەهایەکی ئەخلاقی و فەرهەنگی خۆی هەیە کە دەبێ قبوڵ بکرێن, چونکە ماف، ئازادی و حورمەتی مرۆڤ شتێکی ڕێژەییە و ئەو کلتور و مەزهەبەکانن کە ئەو ڕێژەیە دیاری دەکەن.
 
ڕەهەندییە پۆستمۆدێرنەکانی کوردستانیش ساڵانێکی زۆر خەریکی چەکوشکاری ڕێژەگەرایی کلتوری بوون بۆ دروستکردنی پردێک بۆ سازش لەگەڵ دەزگای دین و جوڵانەوەی کەللەشەقی ئیسلامی سیاسی.
 
بۆیە لکم دینکم ولی دین شیعاری سازشی پۆپۆلیستی و خەڵقگەرایانی چەپە بۆ سازش لەگەڵ دەزگای تۆقێنەر و خوێن ڕێژی دین و دینی سیاسی و بە تەواوی کۆنەپەرەستانەیە و بە زیانی ئازادیخوازی و جوڵانەوەی ڕزگاری لە کابوسی دین و ڕزگاری فەرهەنگیە. شیعارێکە بۆ دۆڕانێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی.
٢.١.٢٠٢٥
 
 
 

لێدوانێک بەجێ بهێلە