شێوازی مامەڵەکردنی حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، بووەتە بیانوو بۆ ئەوەی دیسانەوە مشتومڕی نێوان کۆمۆنیزمی چەپ و کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر تێڕوانین بۆ سیاسەت و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر بابەتی بایکۆت و بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، سروشتێکی سیاسی و بابەتیانە وەربگرێت. ڕەنگە ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوە بێت لە مشتومڕ و ناکۆکی چینایەتی و ڕاستەقینەی نێوان ئەم دوو بزووتنەوەیە. لەمەوە، کە لانیکەم بە بڕوای خۆم ئەم مشتومڕە خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە لە مشتومڕی بزووتنەوە و ڕێبازی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ چەپی ڕادیکاڵ، هەندێک خاڵ و بابەتگەلێک دەخەمەڕوو کە بە بڕوای چەپ، ڕواڵەتی بابەتەکەن، پاشان هەوڵ دەدەم ڕواڵەتی بابەتەکە لە دیدی خۆم و لە ڕوانگەی ڕێباز و حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکارییەوە پێشکەش بکەم. چەپ بانگەشە دەکات کە گوایە ئێمە فریوی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزمان خواردووە و گوایە هیوامان بەوە بەستووە کە لەم ڕێگەیەوە دەتوانین گۆڕانکارییە خوازراوەکانمان بهێنینە دی. چەپ بە پەلەپەل هۆشداریمان پێدەدات کە ئەمە فریو و نادروستە و نابێت ئەم کارە بکەین. دەڵێن خەڵک فریو دەدەین و هیوا بە ئەگەری گۆڕانکاری لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بە خەڵک پێدەبەخشین.
نەخێر، ئەمە بابەتی کێشەکە نییە. ئەمە سەرلێشێواوییەکە کە چەپ هەوڵ دەدات بابەتی مشتومڕەکەی تێوەپێچێت بۆ ئەوەی گوایە ڕادیکاڵ دەربکەوێت و شەرعییەت بۆ هەڵوێستی خۆی لەو مشتومڕە دا بەدەست بهێنێت. ئەگەرنا، ڕوونە کە لە تێگەیشتنی ئێمەدا، هیچ پەرلەمانێک ڕادیکاڵ و ئازاد نییە و دەربڕی ئیرادەی خەڵک و هاوڵاتیانی جیهانی ئەمڕۆ نییە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کۆمەڵگە، چ جای پەرلەمانی عێراق کە زیاتر لە کارتۆنێک دەچێت.
تێگەیشتنی ئێمە لەبارەی پەرلەمان و دیموکراسی و پەیوەندییان بە پرسی دەوڵەت و لەوەش گرنگتر بە پرسی ئازادی و دەسەڵاتی مرۆڤەوە، ڕوونترە لەوەی بەم جۆرە بیانووە ئایدۆلۆژییەکانی چەپ تێکبچێت.
ئێمە مارکسیستین و گریمانەی ئێمە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەیەکی نائازاد و پشت بەستوو بە کۆیلایەتی کاری کرگرتە، ئازادی ڕاستەقینە و تەواوی مرۆڤ مومکین نییە و بۆ ئازادی و ڕزگاری مرۆڤ دەبێت کۆمەڵگەیەکی چینایەتی و چەوساندنەوە و ئەو پەیوەندییانەی کە ئەم ژیانە نائازادە دەخوڵقێنن و بەرهەمی دەهێنن، لەناو ببرێن. ئێمە داوای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک دەکەین لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان و بە بڕوای ئێمە شورا و سیستەمی شورایی ئەو شێوازەیە کە ڕێگە بە خەڵک دەدات لە چارەنووسی کۆمەڵگەی خۆیان دەستێوەردان بکەن و خۆیان یاسادانەر و جێبەجێکاری یاساکان بن. مرۆڤی ئازاد، نەک تاکێک کە لە سیستەمی پەرلەمانیدا تەنها ژمارەیەکە، بنەمای دیدگا و تێڕوانین و بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە.
ئەمە فەڕزی سەرەکیە لە تێڕوانین و بەرنامەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمۆنیزمی کرێکارییدا. بۆیە ئەگەر هەر بە تەنێ لە ڕووی فکری و بە هۆکاری ئایدۆلۆژیش بێت، چەپ شایستەییەکی تیۆری و ئایدۆلۆژی زیاتری نییە لە کۆمۆنیزمی کرێکاریکە بە خەیاڵپڵاوی بەرامبەر پەرلەمان و دیموکراسی بەم واتایە کە چەپ وە وەسفی بکات.
ڕەوتێک کە لە لووتکەی سەرلێشێواویی چەپی ڕادیکاڵ و لە دڵی یەکێک لە تاریکترین سەردەمەکانی مێژووی ململانێی چینایەتیدا کە کەس جورئەتی نەدەکرد لە بەرامبەر دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم و زۆرداری بازاڕدا قسەیەکی لە گوڵ کاڵتر بکا، دیموکراسی و پەرلەمانتاریزمی لە ڕوانگەی ئازادیخوازی سۆسیالیستییەوە ڕەخنە کرد، ئێستا گوایە چەپی ڕادیکاڵی نائومێد کردووە و گوایە فریوی بازاڕی پەرلەمانبازی بێناوەڕۆکی عەمار حەکیم و شیاع سودانی و تاڵەبانی و بارزانی خواردووە و گوایە هیوا بەوە بەستووە. نەخێر هاوڕێیان، ئەم ڕواڵەتەی کە ئێوە بە بابەتەکەی دەدەن دروست نییە و هیچ ڕاستگۆییەکی سیاسی و تیۆری و تەنانەت ئەخلاقیشی تێدا نییە. چونکە جەوهەری کێشەکە ئەوە نییە کە گوایە ئێوە نوێنەری ڕەخنەیەکی جیدیتر و چینایەتیترن لە پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم. بابەتەکە ململانێیەکی سیاسی و ڕاستەقینەیە.
بەڵام لێرەشدا کە کێشەکە پەیوەندی بە سیاسەت و خەباتی سیاسییەوە هەیە، چەپ شایستەیی سیاسی تایبەتی بەسەر کۆمۆنیزمی کرێکاریدا نییە. هیچ ئەزموونێکی سیاسی تایبەتی نییە کە زیاتر لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبەکانی، پەیوەندی بە خەباتی کرێکاری و مرۆڤی ڕاستەقینەوە هەبێت بۆ هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندییاندا. تکایە ئەگەر هەیانە با بێگومان بڵێن و بینووسن. تەواوی ئەو ماوەیەی کە ئەم چەپە لە ژێر سێبەری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا درێژەی بە ژیان و تەنهایی خۆی داوە، هەوڵی ئەوە بووە کە لەم ماڵە تەنهایە و لە خەڵوەتی سیاسی خۆی دەرنەچێت. لە کام جەدەلی سیاسیدا سەرڕاستر و جیددیتر هاتونەتە دەست؟ تکایە ئەکەر هەیە و ڕوویداوە پێمان بڵێن و ڕوونی بکەنەوە ئەگەرنا ڕەوا نییە شەڕی بیدەستوپلی خۆتان بە کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبەکانی بفرۆشن. خۆ ڕادیکاڵ بوون دەستنوێزگرتنی ئایدیۆلۆژی تا ئەو ڕۆژەی راپەڕینی کرێکاری دەست پێدەکا و ئاڵا سورەکان و لێشاوی ڕاساوی جەماوەری چەکدار دەسەڵاتی حیزبی کرێکاری و شوراکان دادەمەزرێنێ.
ئێوە دەڵێن مادام پەرلەمان هەر ئەوەیە کە هەیە و هێزە بەشدارەکانی ناو لە شەڕی دەسەڵات کۆنەپەرەستن، چوونی کۆمۆنیستەکان بە هەمان ئەندازە و هەمان مەیدان بۆ سیاسەت و کێشمەکێشی سیاسی گوناهێکی گەورەیە.
بەڵام هاوڕێیان، ئایا ئێوە چاوەڕێ دەکەن کە ڕۆژێک ئەم هێزە کۆنەپەرەستانە لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراودا، سروشتی خۆیان بگۆڕن و پابەندبوونی خۆیان بە ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی ژن و ماف و ئازادی هاوڵاتیان ڕابگەیەنن و ئەم پەرلەمان و ئەم دەزگا گەورە و پان وبەرینەی فریودان و زەوتکردنی ئیرادەی خەڵک، ببێتە قیبلەگای ئازادی و دەستێوەردانی خەڵک، تا ئێوە بەوپەڕی شیکی کەشخەیی و پاکی سیاسییەوە بچنە ناو دنیای جەنجاڵی سیاسەتەوە بەبێ ئەوەی تۆزێک بە پێتانەوە بنیشێت؟
ئایا تەنها ئێمە لەم سیناریۆیەدا مافی ئەوەمان هەیە قسە لەسەر سیاسەت و دەسەڵات و ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەوانی تر لەسەر جۆری یاساکان و جۆری کۆمەڵگەی خوازراو بکەین؟ ئایا ئەمە بە ڕاستی مناڵانە نییە؟
چەپ بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بابەتەکەی، پەنا بۆ خەڵک دەبات و دەڵێن ئێمە گوایە خەڵک دەبەینە ناو پڕۆسەی فریوکارییەکی سیاسییەوە، بۆچی؟
بەو هۆکارەی کە ئێمە دەڵێین هەر ئەمڕۆ مشتومڕ و ململانێیەکی سیاسی هەیە و گۆڕەپانێکی سیاسی هەیە کە ڕابەرایەتی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی کۆمەڵگە دەبێت بچێت نوێنەرایەتی ئەم مرۆڤایەتییە بکات و بچێت بە دەنگی بەرز بەرگری لە شەرعییەت و ڕەوایی خۆی و بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی بکات و ڕێگە نەدات کە گۆڕەپانی دیاریکردنی سیاسەت و چارەنووسی خەڵک تەنها لە ژێر دەسەڵاتی نوێنەرانی چینە دەوڵەمەندەکاندا بێت و ئێمە بینەرێکی بێ زیان و شکۆمەندی ئەم گۆڕەپانە بین. نەخێر هاوڕێیان، پشت بەستنی ئێوە بە خەڵک تاکتیکێکە بۆ خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی ڕۆڵێکی سیاسی و ڕاستەقینە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئارەزووەکانی ئەم خەڵکە کرێکار و زەحمەتکێشە لە ململانێیەکی ڕاستەقینەدا لەگەڵ هەمان ئەو کۆنەپەرەستیەی کە ئێوە کردووتانە بە بیانوو بۆ سەرزەنشتکردنی نییەت و پڕۆژەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ دەستێوەردان بۆ گۆڕینی ئەم واقیعیەتە لە بەرژەوەندی خەڵکدا. ئەمە دۆستایەتی لەگەڵ خەڵک نییە بەڵکوپشتکردنە لەوان و بەجێهێشتنیانە لە چنگی کۆنەپەرەستی حاکمدا.
بۆ ڕێبازی ئێمە، خودی پرۆسەی هەڵبژاردن، یان هەر پرۆسە و دەرفەتێکی سیاسی تر کە بکرێتەوە و ڕێگە بەم ڕێبازە ڕادیکاڵە بدات بچێتە ناو کۆمەڵگەوە و بۆ کاریگەری و دەسەڵات و سەلماندنی شەرعییەتی سیاسی خۆی تێبکۆشێت، بە نرخ و کرنگە.ئەمە پرسێک نییە کە ئەمانە چین و پەرلەمان لە ڕووی مێژوویی و کردارییەوە چ ڕۆڵێک دەگێڕێت و عەمار حەکیم و مالیکی و تاڵەبانی و بارزانی یان ئەم و ئەو هێزی تری کۆنەپەرەست و دژی ئازادی و خۆشبەختی خەڵک چی دەکەن. ژیان و چارەنوسی هەر منداڵێکی عێڕاقی ئەمڕۆ، هەر ژنێک هەر دایکێک و هەر پیرە مێرد و پیرەژنێکی عێراقی ئەمڕۆ، بۆ خۆی بەڵگەی زیندون. لێرەدا پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە وەک کۆمۆنیستەکان لەم پرۆسە سیاسییانەدا چی دەکەین و چ سیمایەک و چ ڕۆڵێکی لەم ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییە نیشان دەدەین. بۆ ئێمە، ئەرکی ئێمەیە کە ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، ئەرکی ئێمەیە کە لەم ململانێیە و لە هیچ ململانێیەکی تردا ئەم مرۆڤایەتییە بە تەنیا جێ نەهێڵین. تا بچووکترین دەرفەتیش هەبێت، لێی سوود وەرگرین بۆ دروستکردنی بژاردەیەکی ڕادیکاڵ بۆ خەڵک. ئەمە ئەرکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویی ئێمەیە. مەگەر بە سەرکوت و زیندان ناچارمان بکەن، ئەگەرنا بە بیانووی تیۆری و ئایدۆلۆژی خۆدزینەوە و پاشەکشەکردن بۆ پەراوێز و کۆشەنشینی، ئەگەر نەڵێین خیانەتە لە پابەندبوونی سیاسی خۆمان، لانیکەم دەتوانین بڵێین ئەنجامدانی هەمان کارە کە بۆرژوازی لە کۆمۆنیزمی لە کۆمەڵگەی دەخوازێت.