8
تۆنی کلیف ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، لە ٢٠ی ئایاری ١٩١٧ لەدایک بووە. وەک جوولەکەیەکی فەلەستینی پەروەردە بووە و لە ساڵی ١٩٤٦ هاتە بەریتانیا. ئەمەش دوو ساڵ پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، کە وەک دژە زایۆنیستێک و ئەنتەرناسیونالستێک دژایەتی دەکرد. لە بەریتانیا گروپێکی مارکسیستی دامەزراند و سەرکردایەتی دەکرد کە لە کۆتاییدا بوو بە پارتی کرێکارانی سۆسیالیست (SWP).
تۆنی کلیف ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، لە ٢٠ی ئایاری ١٩١٧ لەدایک بووە. وەک جوولەکەیەکی فەلەستینی پەروەردە بووە و لە ساڵی ١٩٤٦ هاتە بەریتانیا. ئەمەش دوو ساڵ پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، کە وەک دژە زایۆنیستێک و ئەنتەرناسیونالستێک دژایەتی دەکرد. لە بەریتانیا گروپێکی مارکسیستی دامەزراند و سەرکردایەتی دەکرد کە لە کۆتاییدا بوو بە پارتی کرێکارانی سۆسیالیست (SWP).وەک ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی SWP، زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەگەڵ کلیف کارم کردووە. خاوەن کەسایەتییەکی ناوازە بوو، تێکەڵەیەکی بێوێنە بوو لە ڕۆشنبیری، پێداگری، سەرنجڕاکێشی، گاڵتەوگەپ و هێزی کەسایەتی. بەڵام بۆچی دەبێت هەر کەسێک کە کلیف ناناسێت، ئێستا گرنگی پێ بدات، کە نزیکەی ٢٠ ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا لە نیسانی ٢٠٠٠ تێدەپەڕێت؟
وەڵامەکە بەشێکی لە بەشدارییە تیۆرییەکانی ئەودایە. لە کۆتایی چلەکاندا، کلیف شیکردنەوەیەکی نوێ و پێشەنگانەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت پەرەپێدا. ئەو پێی وابوو کە ڕووسیای سەردەمی ستالین، نەک هەر سۆسیالیست نەبووە یان (وەک لیۆن تڕۆتسکی دەیگوت) “دەوڵەتێکی کرێکاری شێوێندراو” نەبووە، بەڵکو جۆرێک بووە لە سەرمایەداری—واتە سەرمایەداریی دەوڵەتیی.
بیرۆکراسی دەسەڵاتدار چەوساندنەوەی بەسەر چینی کرێکاردا دەسەپاند، هەروەک چۆن خاوەنکارە تایبەتەکان لە بەریتانیا و ئەمریکا دەیانکرد. کێبڕکێی سەربازی لەگەڵ ڕۆژئاوا، ڕووسیای خستبووە ژێر لۆژیکی کەڵەکەبوونی سەرمایەداری کە مارکس لە کتێبی “سەرمایە”دا ئاشکرای کردبوو.
بەڵام کلیف تەنها تیۆری پێشکەش نەکرد. بەراوردی بکە لەگەڵ ڕۆشنبیرێکی تری مارکسیستی جوولەکەی لێهاتوو کە لە ساڵی ١٩١٧ لەدایک بووە و بەریتانیای کردووە بە نیشتمانی خۆی. ئێریک هۆبسباوم مێژوونووسێکی گەورە بوو، بەڵام داوای لێبووردنی بۆ کۆمۆنیزمی ئۆرسۆدۆکس دەکرد، یارمەتیدەر بوو لە کردنەوەی دەرگا بۆ “لەیبەری نوێ” (New Labour)، و نازناوی “هاوەڵی فەخری” لە شاژن وەرگرت.
کلیف لە بەرامبەردا ڕێبازی مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەی لە ڕووی سیاسییەوە نوێ کردەوە. ئەگەر ئیستبدادی ستالینی “سەرمایەداریی دەوڵەتی” بێت، ئەوا تێگەیشتنی مارکس بۆ ڕزگاریی خودی چینی کرێکار هێشتا ڕاستییەکی زیندووە.
کلیف دروشمی “نەک واشنتۆن و نەک مۆسکۆ، بەڵکو سۆسیالیزمی نێودەوڵەتی” هەڵگرت. بە واتایەکی تر، شەڕی سارد ململانێیەک بوو لە نێوان هێزە ئیمپریالیستە ڕکابەرەکاندا، نەک ململانێی نێوان سەرمایەداری و سۆسیالیزم. بۆیە، کاتێک یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ ڕووخا، پارتی کرێکارانی سۆسیالیست و ڕێکخراوە دەستە خوشکەکانی لە شوێنەکانی تر توانییان گەشە بکەن و فراوان ببن.
ستراتیژ
کلیف لە سەرووی هەموو شتێکەوە پێداگیر بوو لەسەر وەرگێڕانی تیۆری مارکسیستی بۆ ناو ڕێکخراوێکی سیاسی شۆڕشگێڕ. لە ماوەی حەفتاکاندا ژیاننامەیەکی چوار بەرگیی “لێنین”ی نووسی کە وەک سندوقێکی ئامرازە بۆ ستراتیژ و تاکتیکی شۆڕشگێڕانە. ئەمە ئەو دەەیەیە بوو کە ململانێی چینایەتی تێیدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور لە دوای جەنگەوە. لە بەریتانیا بزووتنەوەیەکی بەهێزی نوێنەرانی کرێکاران (shop stewards) ڕووبەڕووی حکومەتی “تۆری”ی (پارتی پارێزگاران) تێد هیس بووەوە و لە ساڵانی ١٩٧٠-٧٤دا تێکیان شکاند. کلیف هەموو وزەی خۆی تەرخان کرد بۆ کۆکردنەوەی خوێندکاران و کرێکارە ڕادیکاڵەکان بۆ دروستکردنی بنکەی پارتێکی شۆڕشگێڕی جەماوەری کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی شەڕەکانی داهاتوو. بەداخەوە، لە دوای کەوتنی هیس، بینیمان کە نەک هەر جەنگاوەریی کرێکاران زیادی نەکرد، بەڵکو حکومەتێکی “لەیبەر” (پارتی کرێکاران) هات کە وەک بێهۆشکەر (کۆلۆرۆفۆرم) کاری کرد. ڕێکخستنی نوێنەرانی کرێکاران زیاتر و زیاتر بوو بە بیرۆکراسی و تێکەڵ بە بەرپرسانی سەندیکا و پێکهاتە کۆمپانیاکان بوو. ئەمەش بەو مانایە بوو کە مارگرێت تاتچەر ڕووبەڕووی بزووتنەوەیەکی کرێکاری زۆر لاوازتر بووەوە کاتێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی ئایاری ١٩٧٩دا هێرشەکانی دەستپێکرد.
کلیف یەکێک بوو لە یەکەم کەسەکان کە هەستی بەم ئاراستە و گۆڕانکارییانە کرد. ئەمەش وای لە”پارتی کرێکارانی سۆسیالیست SWP کرد کە ئامادەکاری بکات بۆ تێپەڕاندن و مانەوە لەناو ئازارەکانی تاتچەریزمدا. بەڵام ئەمە ململانێ گەورەکەی نێوان حکومەتی تاتچەر و یەکێتی نیشتمانی کرێکارانی کانییەکانی کەمتر بەئازار یان ئاسان نەکرد.
کلیف تەواوی ژیانی لە ژێر دەسەڵاتی تۆرییەکان و “تۆنی بلێر”ی شاگردی تاتچەردا بەسەر برد. بە پەرۆشییەوە پێشوازی لە هەر دەرفەتێکی سیاسی دەکرد چ لە ناوخۆی بەریتانیا و چ لە دەرەوە. ئەو بێوچان کاری دەکرد بۆ گواستنەوەی میراتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ بۆ نەوە نوێیەکان.
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر لێیەوە فێربووم، بەردەوامیی شۆڕشگێڕانە بوو. لە ساڵی ١٩٩٠دا پێم گوت: “سوپاس بۆ خودا کە هەشتاکان کۆتایی هات.” کلیف تەنها سەیری کردم و گوتی: “دەبوو لە پەنجاکاندا لێرە بوویتایە.” لە هەلومەرجێکی زۆر سەختتر لە ساڵانی شکست لە ژێر دەستی تاتچەردا، لە لوتکەی شەڕی سارددا، ئەو گروپێکی بچووکی مارکسیستی دروست کردبوو کە بتوانێت گەشە بکات کاتێک بزووتنەوە نوێیەکان سەرهەڵدەدەن.
ئێستا بە هەموو شێوەیەک دۆخی سیاسی زۆر جیاوازە لە سەردەمی ژیانی کلیف. بەڵام ئێمە هێشتا دەتوانین لە بەشدارییە تیۆرییەکانی و نموونە پراکتیکییەکەیەوە شت فێربین.
نووسینی: ئەلێکس کالینیکۆس
خانەی وەرگێرانی: ناوەندی گاورباغی – بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی
سەرچاوە، سوسیالیستە شورشگیرەکان
