ئەیووب دەباغیان
٢٠ی گوڵانی ١٤٠٥
لەگەڵ ڕێزم بۆ هەموو لایەن و سەرجەم کەسایەتیە سیاسیە کوردستانیەکان، بەڵام هەندێک جار پێویستە لە قسە و بانگەشە سیاسییەکان کە لە لایەن ڕێبەران و کەسایەتیە سیاسییەکانەوە دەوترێت و بڵاو دەکرێتەوە، ڕوونکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕەخنەیی بدرێت، بەتایبەتی کاتێک هەوڵ دەدرێت بابەتە ناواقعەکان وەک حەقیقەتێکی گشتی پێناسە بکرێن. لە وتووێژێکی تازەدا، کاک حەسەن شەرەفی ئاماژە بەوە دەکات کە ٨٠٪ی کوردی ئێران لایەنگری حیزبی دێموکراتن. ئەم جۆرە ڕێژە و بانگەشەیە، لە کاتێکی وەها فرەدەنگ و پڕگۆڕانکاریدا، زیاتر پرسیار دروست دەکات نەک ئەوەی وەک ڕاستێکی ڕەها قبوڵ بکرێت. ڕاستی ئەوەیە کە کوردستانی ئێستا لە یەک دەنگ و یەک ئاراستە تێپەڕیوە. هەبوونی دەیان حیزب، ڕێکخراو و بزوتنەوەی سیاسی، هەروەها جیاوازیی ڕەگەز، چین و توێژ و هەڵوێستی کۆمەڵایەتی، وادەکات هیچ لایەنێک نەتوانێت بە ئاسانی خۆی بە نوێنەری ڕەها و گشتی خەڵک پێناسە بکات.
بزوتنەوە و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، لەوانە کۆمەڵەش، بە جیاوازی فکری و سیاسیشیانەوە، ڕەگ و ڕیشەیان لە ناو کۆمەڵگای کوردستان دا هەیە و هەر یەک بە شێواز و توانای خۆیان نوێنەرایەتی توێژێک دەکەن. بۆیە کەمکردنەوەی ئەم فرەدەنگییە بۆ یەک ڕێژەی دیاریکراو و بانگەشەی “٨٠٪ بە یەک دەنگ”، دەتوانێت دوورکەوتنەوە بێت لە واقعی کۆمەڵگا.
نەوەی ئێستا، نە تەنها بە بیرکردنەوە، بەڵکو بە شێوازی تێگەیشتن لە سیاسەت و کۆمەڵگاش، زۆر لە نەوەکانی پێشوو جیاوازن. ئەم نەوەیە زیاتر پرسیار دەکات، زیاتر بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت، و کەمتر بە بانگەشە گشتییەکان قایل دەبێت بەبێ پێداچوونەوە.
لەبەر ئەوە، هەر لایەنێک ئەگەر دەیەوێت جێگە و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگا بپارێزێت، پێویستە لەسەری لە زمانی کۆن و قسەی ڕەها و بانگەشەی بێ بنەما و دوور لە سنووری ئێستا دوور بکەوێتەوە، و نزیکتر ببێتەوە لە واقعی فرەدەنگ و گۆڕانکاری کۆمەڵگا. لەگەڵ ڕێزی دووبارەم بۆ سەرجەم لایەن و کەسایەتیە سیاسی و ئازادیخۆازەکان، ئاواتم یەکگرتوویی گەل و نەتەوەی کوردە بۆ ڕووخانی ڕژیمی داگیرکەرو و کۆماری سێدارەی ئیسلامی.