ڕووخانی سێبەری ئێران! قۆناغی دووەمی بوومەلەرزەی سیاسی لە عێراق!

ئیبراهیم حسێن

نووسینی: ئیبراهیم حسێن
حکوومەتی زەیدی پاش ڕاگەیاندنی نیەتی خۆی بۆ داماڵینی چەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گرووپە ئیسلامییە وەلائییەکان، ئێستا پڕۆسەیەک بۆ ڕاوەدوونانی یاسایی و دەستگیرکردن و لێپێچینەوە لە سەدان کەس لە ناو حکوومەت و پەرلەمانە کارتۆنییەکەی عێراق دەست پێکردووە. گوتراوە کە ئەمە بەشێکە لەو پڕۆسەیەی کە زەیدی و حکوومەتەکەی دەستیان پێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات، شکۆ و حەیسییەت بۆ عێراق و دەوڵەتی عێراق.
ئەمە بە هەر حاڵ سەرەتای گۆڕانکاری و بوومەلەرزەگەلێکە کە لە چوارچێوەی پێکدادانی ئێستا لەسەر پێناسەکردنەوەی چارەنووسی ناوچەکە و چارەنوس و جێگەوڕێگەی لایەنەکان لەم ململانێ ستراتیژیەدا لە ئارادایە.
ئێمە لە وتارێکدا بە ناونیشانی “بوومەلەرزەی سیاسی لە عێراق” ئەم ڕەوتەمان دەستنیشان کردووە؛ پێویستیی ڕۆژئاوا بۆ وەرچەرخان لە کۆماری ئیسلامیدا، چ بە شەڕ و چ بە فشاری ئەوپەڕی ئابووری (فشاری زۆرینە) بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەبەستی خۆیان، پێویستییەکی ستراتیژییە. بارودۆخەکە گەیشتووەتە شوێنێک کە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە. لە هەمان وتاردا گوتمان کە کۆماری ئیسلامی و ویلایەتی فەقێ لە نێوان گازگرەیەکی (مەنگەنەیەکی) مێژوویی و لە تەبایەکی (تەناقوزێکی) زۆر کۆنکرێت و وجودیدا لەگەڵ ئەم پێویستییەدا گیری خواردووە و بەپێی سروشتی خۆی، لە بەردەم چەندین ئەگەردا وەستاوە کە هەر یەکێکیان دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەم جۆرە دەوڵەتە سەرکێشە کە لەگەڵ هیچ کام لە پێویستییەکانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ و تەنانەت لەگەڵ پێویستیی دابینکردنی ئاسایشێکی ستراتیژی بۆ سەرمایەش سازش ناکات.
لێرەدا گوتمان کە ئەمە سەرەتای کۆتاییهاتنی ویلایەتی فەقێ و کۆتایی کۆماری ئیسلامییە بەو شێوەیەی کە تا ئێستا هەبووە؛ ئەگەر بڕیار بێت ئەمە ڕەوتی سەرەکیی گۆڕانکارییەکان بێت و ئەگەر بڕیار بێت ویلایەتی فەقێ لە ئێران بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، لەرینەوە و بوومەلەرزەی ئەم پڕۆسەیە دەگاتە عێراقیش. کۆماری یەکەم ئەگەر لە زێدی خۆی واتە لە ئێران ڕەنگی بپەڕێت، وەشانە عێراقییەکەشی بێ‌خاسیەت و بە خێرایی بێ‌کەڵک دەبێت؛ چونکە عێراق تا ئێستا وەک وڵاتێک، تەنیا درێژکراوەی ویلایەتی فەقێ و سوپای پاسداران و پشتێنەیەکی بەرەی ئەوان بووە. حکوومەت و دەوڵەتی کارتۆنیی عێراق تا ئێستا تەنیا پۆششێک بوون بۆ میلیشیا ئیسلامییەکان کە بە ڕەسمی و تەنانەت لە ڕووی دارایی و ڕێکخستنیشەوە زۆربەیان وەک بەشێک لە سوپای پاسداران ئەژمار دەکران. ئەمە ڕوویدا؛ میلیشیاکانی حەشد و گرووپە وەلائییەکان خراونەتە تەنگەنەوە و کەوتوونەتە ژێر گورز، بێچەککردنیان و پێویستیی لکاندن و تێکەڵکردنیان بە ڕێڕەو و ئۆرگانەکانی دیکە، بووەتە بابەتێکی حاشاهەڵنەگر. بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای ڕووخان و هەڵوەشانەوەی سێبەری ویلایەتی فەقێ و کۆماری ئیسلامی بوو لە عێراق. ڕوون بوو کە ئەم ڕەوتە هەر کە دەستی پێکرد ئیتر لەم ئاستەدا ناوەستێت و ئەم لەرینەوانە دەبنە بوومەلەرزە و پاشلەرزەی جدیتر. ئەمە تەنیا سەرەتای پڕۆسەیەکە.
قۆناغی دووەمی ئەم پڕۆسەیە و ئەم بوومەلەرزەیە، یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو نوخبە سیاسییەیە کە هەر بانگەشەیەکیان هەبووبێت، بەڵام لە کردەودا کاتالیزۆری ڕاستەقینە و سیاسی بوون بۆ ئەوەی عێراق و چارەنووسی وڵاتەکە بکەنە پاشکۆی ویلایەتی فەقێ. تەنانەت ئابووری و سەرچاوەکانی ئەم کۆمەڵگەیەیان کردبووە پاشکۆی ئابوورییە تێکشکاوەکەی سێبەری کۆماری ئیسلامی و لەسەر خوانی گەندەڵییەکی بێوێنە لە عێراق دەیانخوارد و دەیانبرد. ئەو ئاڵایەی حکوومەتی زەیدی دژی گەندەڵی بەرزی کردووەتەوە، زیاتر لەوەی ئاڵایەک بێت بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی بەو مانایە، مەیدانێکی سیاسییە بۆ وەرچەرخانێکی سیاسی. بەشێکە لە پێناسەکردنەوەی عێراق و دەسەڵات لە عێراقدا لە بەرژەوەندیی ڕۆژئاوا و لە بەرژەوەندیی ڕەوتە “عێراق-تەوەر”ەکانی بۆرژوازی و بە زیانی ویلایەتی فەقێ و کۆماری ئیسلامی. بە مانایەک، سەرەتای کۆتاییهاتنی ئێرانی دووەمە لە عێراقدا؛ ئێرانی کۆماری ئیسلامی و ئێرانی ویلایەتی فەقێ. ئەوەی کە ناسنامە و وابەستەیی سیاسیی ئەو کەسانەی کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر دزی و گەندەڵی گەورەی وڵات چییە و چی نییە، فاکتەرێکی دووەمە. تەنانەت لایەنە ئابوورییە دەستبەجێیەکەی ئەم سیاسەتەش پلە دووە؛ چونکە ڕوونە کە هەر جێگیربوونێکی ئابووریی باوەڕپێکراوتر، گرێدراوی وەرچەرخانێکی سیاسی و سەرکەوتنێکی ستراتیژییە بۆ پچڕاندنی کۆت و زنجیری سیاسیی عێراق و چارەنووسی لە کۆماری ئیسلامی و ئەو ئێرانەی کە لە لێواری هەرەسهێنانی ویلایەتی فەقێدایە. بێگومان ئەمە لە ناو جەرگەی پێناسەکردنەوەیەکی بنەڕەتیتر و ستراتیژییانەی ناوچەییدا دەچێتە پێشەوە کە تێیدا کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە ناو تەنگەنەیەکی بێ‌گەڕانەوە و چەند لایەنە.
ئەوەی ئایا حکوومەتی زەیدی دەسەڵاتی بەسەر وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ئەم وەرچەرخانەدا دەشکێت یان نا، هێشتا جێی پرسیارە، بەڵام دەستپێکردنی ئەم پڕۆسەیە لانیکەم لە لایەکەوە لەلایەن ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە، بەو ڕادەیەی کە هەیە، ڕەوت و ئارەزووە عێراق-تەوەرەکانی بۆرژوازیی عێراق دەچنە پشت ئەم ئاڵایە.
لێرەوە هەرچۆنێک بێ عێراقێک کە لە پێکدانانەدا لە دایک دەبێت هەمان عێراقی پێشو ئەم تۆفانە نیە و نابێت.