ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، ئیدتیس فەقێهی گەنجێکی کوردی خەڵکی سنە پتر لە سێ ساڵە کە لە دۆخی بێسەروشوێن بوونی زۆرەملێ دایە، دۆخێ کە نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. لە کاتی دەسبەسەرییەوە لە گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی، نە بنەماڵەکەی زانیارییەکیان لە شوێنی ڕاگیرانی هەیە و نە دامەزراوەیەک بەرپرسایەتی ناوبراوی لە ئەستۆ گرتووە و نە تەنانەت دیارە کە زیندووە یان نا.
ئیدریس لە ڕۆژی ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردییەوە لە ڕووداوی تێهەڵچوونی چەکداری لە ناوبەری هێزەکانی سپای پاسداران و کەسانی چەکداری نەناسیاو لە گوندی عیلماوای سەر بە شاری بۆکان بریندار و لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا. لەو دەمەوە تا ئێستە هیچ چەشنە پەیوەندی، چاوپێکەوتن یان زانیارییەک لەلایەن دامەزراوە بەرپرسیارەکانەوە لە گەڵ بنەماڵەکەی نەگیراوە.
بنەماڵەی فەقێهی لەو زەمەنەوە دەیانجار بۆ وەرگرتنی زانیاری لە چارەنووسی کوڕەکەیاب سەردانی دامەزراوەگەلی ئەمنییەتی، قەزایی و ئینتزامی کردووە، بەڵام بەرەدوام ڕووبەڕووی بێ وڵامی یان حاشالێکردن دەبنەوە.
سەرەڕای تێپەڕینی پتر لە سێ ساڵ، هیچ دۆسیەیەکی قەزایی، هیچ حوکمێکی فەرمی و تەنانرت هیچ ڕایەک سەبارەت بە دۆخ، تۆمەت یان شوێنی ڕاگیران ئیدریس فەقێهی بڵاو نەکراوەتەوە. ئەم بێدەنگییە ڕەبەقە دەرخەری بێسەروشوێنکردنی بێبەزەییانەیە؛ دۆخێکی سیستەماتیکی لەناوبردنی جەستەیی یان دەروونی کەسەکان کە لێکەوتەی ڕووخێنەری بۆ بنەماڵە و کەسووکاری هەیە.
بەپێی پێناسە نێودەوڵەتییەکان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک لەلایەن هێزە دەوڵەتییەکان یا پشتیوانی ئەوان دەسبەسەر یان دەڕفێنرێ یان زیندانی دەکرێت و پاش ئەوە، چارەنووس یان شوێنی ڕاگیرانی کەسەکە دەشاردرێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لەو وڵاتانەیە کە دەیانجار بەهۆی کەڵوەرگرتن لەو کردەوەیە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بووەتەوە.
ق.ش
The post سنە؛ بێسەروشوێنکرانی زۆرەملێی ئیدریس فەقێهی/ سێ ساڵی ڕەبەق دیارنەمان appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.