ک.م.م.ک:
هاوڵاتیان و هاونیشتمانیانی هێژا، وەک دەزانن ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەگشتی ئێڕان لە دۆخێکی زۆر هەستیار بەسەر دەبەن بە شێوەیەک کە لەدوای هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئیسلامی ئێران تا ئێستا هاوشێوەی ئەم ڕۆژانەمان نەدیتووە.
وەک وێنا دەکرێت ئاگری ئەم جەنگەی دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕژێمی داگیرکەری ئێرانی لەوانەیە درێژە بخایەنێت و درێژ بوونەوەی کاتی شەڕ، کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت.
لەم ڕۆژانەداکە پێگەو کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی تاران لەهەمووکات لەرزۆکتر و بگرە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئەرکی ڕێخراوەگەلی مەدەنی و مافی مرۆڤی، کەسایەتییە چالاکەکان، پسپۆڕانی بوارگەلی جیاواز و نیشتمان پەروەران، لە بونیاد نانی داهاتووی ژیانێکی دڵخواز و ئارام بۆ ئەوبەشەی کوردستان لەهەمووکات گرنگتر و هەستیار تر دەبێت.
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بانگەوازی ڕێخستنی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەهەموو ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێخراوەگەلی مەدەنی، ژێنگە دۆستان، کەسایەتییە پسپۆڕەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەتاراوگە دەکەین بۆئەوەی بتوانین داهاتووی ڕۆژهەڵاتمان بە دەست و هیمەتی وڵاتپارێزی بێوێنەتان بە شێوەیەکی ڕەوا بونیاد بنێن.
بۆ ئەم مەبەستە داواکارین کە ئێستا بە دوور لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژی، فکری یان بیرو باوەڕی هەموو پێکەوە هاوکار بین بۆ هەر ئەگەرێک لە بۆشایی دەسەڵات لەوبەشەی داگیرکراوی نیشتمانماندا.
هاونیشتمانیان؛ پێویستە ئێمە لیستێک درووست بکەین لەو کەسانەی دەتوانن لە ڕۆژانی داهاتوو یاریدەرمان بن لە بوارگەلی لوجستیک، یارمەتی مادی، دەروونناسی، پزیشکی، کۆمەڵناسی، ئابووری، IT، وەرزێڕی، کارەبا، پسپۆڕی ژینگە، مودیرییەتی شارسازی،و…
بۆیە داواکارین هەرکەس و لایەنێک پێی باشە ئەرکی خۆی بەجێ بێنێت پەیوەندیمان پێوەبکات و بتوانین پێکەوە ستراتژییەکی هاوبەش دابمەرزێنین و هەنگاوەکانمان بهاوێژین بۆ یارمەتیدانی ڕۆژهەڵاتی ئازیزمان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە داواکاری خۆی پێشکەش ئەو وڵاتانەی کە تێیدا ئیزنی فەرمی چالاکی هەیە کردووە و هاوکات پەیوەندی بە خاچی سووری نێو دەوڵەتی و هەنێ ڕێخراوەی بەرەوڕووبوونەوەی قەیران لە یەکییەتی ئرووپاوە پێشکەش دەکات و داوای یارمەتییان لێ دەکات.
لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنین ئەم هەوڵە بە هاوکاری ئێوەی هێژاو و دڵسۆزانی نیشتمانمان بۆ ڕۆژهەڵات مسۆگەر دەبێت و بە بێ بەشداری ئێوە، هەوڵەکان نەزۆک دەبن، بۆیە تکایە بۆ پەیوەست بوونتان بەم هەوڵەوە پەیوەندیمان پێوە بکەن لەڕێگای ئەم لینک و ژمارە تەلەفوونانەوە.
BAHOZ: +32492789679
QADIR: +49 163 1450423
بە هێوای ژیانێکی سەربەست بۆ ڕۆژهەڵاتی کووردستانی و هەموو چور پارچەی کوردستانی ئازیزمان.
دەستەی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکەوتی 16ـی جوونی 2025 بەرانبەر بە
26ـی جۆزەردانی 2725ـی کوردی
The post ڕاگەیاندراوی هەنووکەیی بۆ ڕێخستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.