کۆنفرانسی ئۆسلۆ و کۆمۆنیزمی کرێکاری؟!

سەردار عەبدوڵا حەمە

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
ڕۆژانی ١٨ و ١٩ ی ئۆکتۆبەر لە شاری ئۆسلۆ پایتەختی نەرویج کۆنفرانسێک بەرپاکرا لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە سەبارەت بە ئاییندەی ئێران لەدوای ڕووخانی جمهوری ئیسلامی ئێران. پێشتریش چەندین کۆنفرانس و کۆبونەوەی تر لە جۆرج تاونی ئەمەریکا وشوێنی تر لەم بارەوە کراوە. ئەم کۆنفرانس و کۆبوونەوانە زیاتر بەپشتیوانی ئەمەریکاو ئیسرائیل بەڕێوە دەچن و زۆرتر ئەو کەسایەتی و ڕێکخراو وحیزبانە بانگێشت دەکرێن کە مەیلیان هەیە بەلای سیاسەتی جەنگی ئەواندا. جا مەیلەکەیان لە زۆرەوە بۆ کەم دەست پێ دەکات تا بیانخەنە لیستی بانگێشتەوە. هەر لایەن و هێزێک دژی وەحشیگەریەکانی ئیسرائیل بێت بۆی نییە بەشدار بێت. ئەوەی بەشداری دەکات بە زۆری ئۆپزسیۆنی باڵی ڕاستی ئێرانی هەر لەباڵە شۆڤێنی و سەلتەنەت خوازەکانەوە بگرە تا ناسیۆنالیستە بلوجی و ئازەری و کوردیەکان تادەگات بە باندی کۆمەڵەی عەبدوڵای موهتەدی. ئەوەی جێی داخە چەند لایەنێک کە خۆیان بە چەپ دەزانن بانگێشت کراون و بەشدار بوون تێدا وەک کۆمەڵەی سەر بە ئیبراهیم عەلی زادە و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران کە حەمیدی تەقوایی لیدەریەتی. سەرجەم ئەم لایەن ومەیلانە پێشتر لە سیاسەتیانداو لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا ئەوەیان نیشان داوە کە مەیلیان هەیەو ئارەزوو دەکەن کە ئەمەریکا وئیسرائیل، بەڵکو بتوانن جمهوری ئیسلامی یان بۆ بڕوخێین یا لانی کەم جەنگە کەیان پێ باش بووە تا بەڵکو ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی فاشیستی ئیسلامی. ئیتر ئەم جەنگە ماڵوێرانی دێنێت و خەڵک دەکوژرێ گرنگ نییە بۆیان.
 
ئەمانە دەیانەوێ بچنە سەر حازری و سەهمیان هەبێت لەدەسەڵاتدا بێ ئەوەی ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکەن کە جمهوری ئیسلامی بە شۆڕش بڕووخێنرێ و بە ئیرادەی خەڵک دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی خەڵک دامەزرێت کە (باشترە لەوەی هێزێکی دەرەکی بۆیان بڕووخێنێ) . یا لانی کەم هەندێکیان (باڵێ چەپ)یان پێی وابوو ئەم جەنگە وەک جەنگی جیهانی یەکەم بوو کە لینین وتی ئەرکی پرولیتاریای هەر وڵاتە کاری خۆی لەگەڵ بۆرژوازی خۆی یەکلا بکاتەوە .بەڵام هەلومەرج و جۆری ئەم جەنگەیان نەناسی بوو کە زۆر جیاواز بوو لە جەنگی سەردەمی لينین. پاشان لینین هیچ کات پشتی بە جەنگ نەدەبەست بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی بۆرژوازی روسیا، بەڵکو پێشتریش هەرئەوەی دەکرد کە ئیرادەی کرێکاران و جوتیاران و سەربازان بهێنێتە مەیدانەوە ورێکیان بخات لە شوراکانی خۆیاندا، وەدژی جەنگ بوو، نەک ئارەزووی ئەوە بکات بەهۆی جەنگەوە حوکمی بۆرژوازی ڕوسی لە ناوبچێت. لایەنێکی تری ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە بە ناوی مافی مرۆڤەوە ئەنجام دراوە کەچی کەسانی وای تێدایە کە پێشێلی مافی مرۆڤیان کردووە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خەڵکدا بۆ نموونە عەبدوڵای موهتەدی کە دەبێ لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە بە تاوانبار بزانڕی و دادگایی بکرێت.
 
پێشتر لە لایەن مەنسورحیکمەتەوە ئەم پیاوە بە سەرۆکی باندێکی ڤاڵانژسی سیاسی ولۆمپن ناوبراوە وەلە مێژووی سیاسی خۆیدا تا بە ئێستایش عەبدوڵای مووهتەدی ئەم دەستەواژەیەی سەلماندووە هەر لە تۆمەت هەڵبەستن و چوونە ناو ژیانی شەخسی مەنسورحیکمەتەوە تا کوشتنی موخالیفانی خۆی تا هاوکاری وهاوپەیمانی لەگەڵ ڕەزا شا وسەلتەنەت خوازەکان . هەر بۆیە بۆکەسێک کەسەر بەبزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بێ ناکۆکە کەلەم جۆرە کۆنفرانسانەدا بەشدار بێت ئەگەر چی قسەی جیاوازیشی هەبێت لەبەشدار بووانی تر.
چونکە دەبێتە خزمەت بە باڵی ڕاست و باندەکانیان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە