KMMK:
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵی KMMK، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی کانیڕەش سەر بە شاری بۆکان بە ناوەکانی کاوە کۆلی و قادر کۆلی، لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکان بەبێ هیچ فەرمانێکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە؛ دۆخێک کە تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی بۆی نەدراوە سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنیان .
سەرچاوە خۆجێییەکان دووپاتیان کردووەتەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات چوونەتە ناو ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردوون و بەبێ ئەوەی شوێنی بردنی ناوبراوان ڕابگەیەنن، گواستراونەوە. بنەماڵەی ئەو کەسانە ڕایانگەیاندووە کە ئەفسەرەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری و ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری ئەم کارە نەداوە.
سەرەڕای ئەوەی کە چەند کاتژمێرێک بەسەر دەستبەسەرکردنەکەدا تێپەڕیوە، هیچ دەزگایەکی ئەمنی و قەزایی بەرپرسیارێتی ئەم کارەیان لە ئەستۆ نەگرتووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەگەری تۆمەتەکان، شێوازی دەستبەسەرکردنەکە، یان شوێنی کاوە و قادر کۆلی بڵاونەکراوەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی دادوەری، نەبوونی شەفافیەت و بێئاگایی بنەماڵەکان لە چارەنووسی دەستبەسەرکراو، نموونەی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان و پێچەوانەی پێوەرەکانی نێودەوڵەتین. ئەم دۆسیەیە نموونەیەکی دیکەی ئەو نیگەرانییە پەرەسەندووانەیە کە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی دەرەوەی دادوەری لە کوردستان ئەنجام دەدرێن.
E.Sh
The post بۆکان؛ دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە appeared first on كۆمهڵهی مافی مرۆڤی کوردستان.