ئاشکربوونی ناونیشانی ١٠ هاوڵاتی گیانبەختکردووی کورد لە سەرکوتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی ١٨و ١٩ی بەفرانبار

ک.م.م.ک:

لە بەردەوامی ئاشکرابوونی ڕەهەندە نوێیەکانی سەرکوتی خوێناوی و ڕێکخراوی خۆپیشاندانە مەدەنییەکانی هاوڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، ناسنامەی لانی کەم ۱۰ هاوڵاتیی کورد کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژانی پێنجشەممە ۱٨ و هەینی ۱۹ی بەفرانباری ۱٤۰٤ی هەتاوی گیانیان لەدەستداوە، پشتڕاست کرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ۱٨ی بەفرانبار و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری کرماشان، سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی تەیبە ڕەزایی (دایک و سەرپەرشتیاری دوو منداڵ)، ئیلهام زەینەلی (کارمەندی تەندروستی و پەرستار) و دکتۆر پێدرام ئەرغا (پزیشکی ددان، تەمەن ۳۱ ساڵ)، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانبار، حەسەن فەلاحی (لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان) و ئومێد شوجاعی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، کە بەمەش ژمارەی گیانبەختکردووانی ئەو دوو ڕۆژە لە کرماشان گەیشتە پێنج کەس.
جگە لەمانە، ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانبار سێ هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی ڕەسووڵ چەغاکەبوودی و میهرداد کرماجانی لە شاری کەرەج، و ماهان مەردانی لە تاران، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ۱٨ی بەفرانبار، ڕەزا ڕۆستەمی (گەنجێکی تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی ئیلام) لە خۆپیشاندانەکانی تاراندا کوژراوە و ڕۆژی هەینی ۱۹ی بەفرانبار، میعاد سادەمیری (تەمەن ۲٦ ساڵ و خەڵکی ئیلام) لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا گیانی بەخت کردووە.

ق.ش

The post ئاشکربوونی ناونیشانی ١٠ هاوڵاتی گیانبەختکردووی کورد لە سەرکوتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی ١٨و ١٩ی بەفرانبار appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە