تراژێدیای کۆچێک بەرەو ئورووپا

شۆڕش کەریمی

شۆڕش کەریمی

بیرم لەوە دەکردەوە کە کۆتایی هەمووشتێکە. لە دەروونمدا ئاژاوەیەک هەڵیکردبوو کە هەموو پەیوەندییەکی نێوان من و دونیای دەرەوەی دەپچڕاند. جۆرێک لە بۆشایی. بۆشایی نێوان مەرگ و نەمان و دونیای مرۆڤێکی سەرگەردان و ئاوارە. لە ئانوساتێکدا لە خەونی خۆشی دەربازبوون لە مۆتەکەی تورکیە، تووڕدرابوومە نێوان شەپۆلە زەبەلاحەکانی زەریای “ئێژە”. مرۆڤ لە وەها چرکەساتێکدا بەتەواوی دەستەوەستانە، چوونکە ئیرادەی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا کە پەلکێشی نەمانی دەکەن، گەلێ لاوازترە. دەسەڵاتگەلێک کە ئازار و ئەشکەنجەت دەدەن و ڕاوەدووت دەنێن. دەسەڵاتگەلێک کە سنوورەکانیان چێ کردووە. ئەوانەی پێناسەی یاسایی و نایاساییان بە باڵای مرۆڤەکان بڕیوە. ئەوانەی مرۆڤیان تا ئاستی لاپەڕەیەکی بێکەڵک بە ناوی پاسپۆرت دابەزاندووە. ئەوانەی بۆ بەگژداچوونەوەی مرۆڤی ئاوارە، پۆلیس، پاسەوانی قەراخ زەریا، دڕۆن و سیخوڕیان ڕێکخستووە. سیستمێک کە قاچاخچیە بێ‌بەزەیی و بێ‌مروەتەکانیان ئەفراندووە. ئاسمانێکی بێ‌کۆتایی کە بەخوڕەم بەسەرتا دەبارێنێ و زەریایەکی تووڕە کە لەم دونیایەی مرۆڤەکان بۆ یەکتریان خولقاندووە، بەنیازە بە شەپۆلە زەبەلاحەکانی هەڵتلووشێ و ڕەنگیشە بەخەیاڵی خۆی ڕزگارت بکات. تەنانەت خۆریش دەستی لەگەڵ تێکەڵ کردبوون و خۆی حەشار دابوو. پێدەچوو بیهەوێت دونیا لە شەوەزەنگی ئەم چرکەساتەدا بوەستێت و هیچکەس بینەری ئەم دیمەنە تراژیکانە نەبێت.

نەمدەزانی چیم لەدەست دێت، هەمووشتێک وەکوو خەو دەهاتە پێش چاوم و بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەمە تەنیا مۆتەکەیەکە و هیچی دیکە. بە خۆمم دەگوت، ئەمانە هیچی ڕاست نین. بڕوام نەدەکرد. مردن و کۆتایی ژیان لەم زەریا بێسنوورەدا ناتوانێت بەشی من بێت. بەڵام مردن دەستی نابووە ئەوکم و دەبوو پێملی بم. لەم ساتەدا من و هەموو ئەو ٣٠ کەسەی دیکە کە بەنیازبووین لەڕێی قاچاخ و بە یەخت لە شاری “دیدیم”ی تورکیەوە خۆمان بگەیەنینە یەکێک لە دورگەکانی وڵاتی یۆنان، یەختەکەمان لە نوقمبووندا بوو و هەموومان لەسەر زەریای ئێژە شەڕی مان و نەمانمان دەکرد. 

سەرەتای زستانی ساڵی ٢٠١٥، شەوی ٢٣ی دێسامبر و نزیکەی کاتژمێر نۆی شەو، تۆف و سەرمایەک بوو کە چۆقەی ددانمان دەهات. لەو هەراوزەنایەدا، قیژە و شیوەنی هانام دەبیست کە هاواری دەکرد دایکم نوقم بوو، دایکم مرد، توخوا فریای دایکم کەون. دایە گیان….. من یەکەم کەس بووم کە کاتێک دڵنیا بووم یەختەکەمان لە نوقمبووندایە و هیچمان لەدەست نایە، خۆم هاویشتە نێو زەریاکە و زریان و شەپۆلەکان لە یەختەکە دووری خستبوومەوە. حەپەسابووم و تەنیا بیرم لە مردن دەکردەوە و ئەوەی کە تۆبڵێی هیوایەک بە مانمان هەبێت؟. تەواو بێهیوا ببووم. هەستێکی غەریب و نامۆیە کاتێک هیچ هیوایەک بۆ ژیان نامێنێت، لانیکەم بۆ من وابوو. بەزەییم بە خۆمدا دەهاتەوە. لەو ساتەوەختەدا و لەوپەڕی بێدەسەڵاتیدا، جگە لە گریان هیچی دیکەم شک نەدەبرد. ڕووداوە بچووک و گەورەکانی ژیانم زەینمیان دەکۆڵی و دەهاتنەوە پیش چاوم. بیرەوەریی تاڵ و شیرین. سامی زەریا و دیمەنە تۆقێنەرەکان لەو شەوە نووتەکەدا دەرەتانی بیرکردنەوە و لەسەرهەست بوونی نەهێشتبووەوە.ئاوێتەیەک لە هاوار و نزا و ناڵە و شیوەن، با و باران و تاریکی، ژیان و مەرگ، زەریا و شەپۆلەکان، منداڵ و گەورە، هیوا و بێ‌هیوایی و دواجار ئیرادە یان خۆبەدەستەوەدان. بەهەر کلوجێ بوو توانیم چرای داگیرساوی یەختەکە ببینم. هەموو موسافیرەکان بەسەر ئاوەکەوە بوون و شەپۆلە زەبەلاحەکان پەرتەوازەی کردبوون. بە مەلە خۆم گەیاندە بەلەمەکە، بەشی پشتەوەی ڕۆچبووە نێو ئاوەکە و تەنیا یەک بۆ دوو میتر لە بەشی پێشەوەی بەدەرەوە بوو. هەوڵم ئەدا دەستم لە پارچە ئاسنێک بە نووکی بەلەمەکەوە گیرکەم کە هێشتا بەدەرەوە بوو، ئاواتم دەخواست ئەو بەشەی بەلەمەکە نوقم نەبێت. لەم کاتەدا “هەیبەت”ی باوکی هانام بینی کە ئەویش خۆی گەیاندبووە ئەو بەشە. هەیبەت لەوپەڕی دەستەوەستانیی و تووڕەییدا، بەدەم گریانەوە هاواری دەکرد..شۆڕش “گوڵناز”ەکەم مرد. گوڵناز نوقم بوو. منداڵەکانم تێداچوون. چی بکەین. هیچم نەما. ژیانم فەوتا. جگە لە گریان هیچم لەدەست نەدەهات. لە ناخی دڵمەوە بۆ “گوڵناز”، بۆ منداڵەکان و بۆ هەر هەموومان دەگریام. وەڵامم دایەوە، هێچمان لەدەست نایە. هەموومان لێرە دەمرین. ئەمە کۆتایی ژیانی هەموومانە. چارمان نیە. هەتا چاو هەتەری دەکرد ئاو بوو. شەوەزەنگ و  زریان و زەریا و سەرمای زستان دیمەنگەلێکی تۆقێنەریان بۆ مێشکمان دەگواستەوە کە دەرەتانیهەرچەشنە خۆڕاگرییەکی نەدەهێشت. ئەمە دوایین جار بوو کە هەیبەتم بە زیندوویی بینی. چیدی ئەو پارچە ئاسنەش کە هیوام دەخواست نوقم نەبێت، نەمابوو و ئاسەواری بەلەمەکەش دیار نەبوو. شەپۆلە بەرزەکان کە بەرزاییان دەگەییشتە چەندان میتر هەر پارچەیەکی بۆ لایەک ڕفاندبوو. “هەیبەت فەیزی” و بنەماڵەکەی، واتە “گوڵناز”ی هاوژینی و “هانا” کچە هەژدە ساڵانەکەی و “کازیوە”ی سێ بۆ چوار مانگ تەمەن، هەموویان لەو زەریایەدا خنکان.

هەیبەتم لە ئۆردوگای کۆمەڵە بینی. پێشمەرگە بووم و لە بەشی پەیوەندییە گشتییەکاندا چالاکیم دەکرد. ڕۆژێکیانکە لە پەیوەندییە گشتییەکان کارم دەکرد، هەیبەت هات بۆ لام. ناوی منی دەزانی و چاک‌وچۆنییەکی گەرم وگوڕی کرد. هەواڵی بنەماڵە و باوکمی پرسی و گوتی وامدەزانی هێشتاش لە تورکیەیت، بە سەرسووڕمانەوە گوتم، تکایە کارتی پێناسەکەتم بەرێ، چوونکە من ناتناسم. خۆی پێ‌ناساندم و گوتی کوڕی چاک سەیری ئەو دەوروزەمانەیە ناکەیت، ئێمە خزمین و کەچی تا ئێستا یەکترمان نەبینیوە. گوتی بۆ سەردانی یەکێک لە هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی هاتووە و دەبێت بیبینێت، چوونکە کاتی بۆ دیاری کراوە. گوتی تکایە ئاگاداری بکەوە. کاتێک گەڕامەوە بە تێروتەسەلی قسە دەکەین. گەڕانەوەی هەیبەت، نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند. لەو ماوەیەدا هەندێک پەیوەندیم بە ئەملاوئەولاوە گرت و دڵنیا بوومەوە کە ڕاست دەکات و پێکەوە خزمایەتیمان هەیە. بە چڕی باسی چالاکییە سیاسییەکانی و هۆکارەکانی ڕاکردنی لە ئێران و چۆنیەتی ژیانی لە هەرێمی کوردستانمان کرد. تووشی چەرمەسەری زۆر هاتبوو. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بەسەر ماڵ و سامانیدا گرتبوو. هەیبەت بەردەوام بوو و گوتی، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی مانەوەم بۆ درێژ ناکاتەوە و ڕێگەم پێ‌نادەن لێرە بژیم، ناچارم ڕوو لە تورکیە بکەم و هانا بەرمە بەر ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و داوای پەنابەری بکەم. دیارە پێویستە ئەوەش بلێم کە هەیبەت پێشتریش چبووە تورکیە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داواکاریی پەنابەرییەکەی ڕەت کردبووەوە و نەیتوانیبوو لەو سۆنگەوە بگاتە وڵاتە ئورووپاییەکان. ئەمە سەرەتای ناسیاریی من و هەیبەت بوو. 

لەم سەروبەندەدا کچە بچکۆلە خنجیلانە و جوانەکەی “گوڵناز”ی هاوژینی هەیبەت پێش سەفەرەکەیان بۆ تورکیە، لەدایک بوو. ناوی ئەم کچۆڵەیان نا “کازیوە”. کازیوە لە خاکی کوردستانی عەراقدا لەدایک بوو، بەڵام بەپێی یاسا داڕێژراوەکانی دەستی گەورەکان، خاوەنی هیچ چەشنە پێناسێکی یاسایی نەبوو. کازیوە منداڵێک بوو کە ژیانی خۆی لە ئاوارەییدا و بە بێشوناسی دەست پێکرد. تەنانەت ناسنامەشیان نەدایە. گەر هەڵە نەبم، چوار حەوتوو پاش لەدایکبوونی کازیوە، ناچار بوون کوردستانی عەراق بەجێبهێڵن.

پاش ماوەیەک منیش بڕیارم دا لە ئۆردوگای کۆمەڵەوە بەرەو ئورووپا کۆچ بکەم. هەر لە سلێمانییەوە پەیوەندیم بە هەیبەتەوە گرت و پێم ڕاگەیاند کە ڕەنگە هەتا مسۆگەر کردنی ڕێگایەکی باش بەرەو ئورووپا، لە تورکیە میوانی ئەوان بم. ئەو بە ڕوویەکی خۆشەوە قبووڵی کرد و ژمارە تەلەفۆن و ناونیشانی ماڵەکەیان لە شاری “دێنیزلی” بۆ ناردم. پاش چەند ڕۆژێک گەییشتمە ئێستامبول و پەیوەندیم بە هەیبەتەوە گرتەوە. شەوێک لە ئێستامبول مامەوە و بۆ بەیانییەکەی بەرەو دێنیزلی و شوێنی مانەوەی هەیبەت و بنەماڵەکەی بەڕێکەوتم. بەری بەیان گەییشتمە دێنیزلی. بە تاکسییەک خۆم گەیاندە ئەو ناونیشانەی بۆی ناردبووم. خۆی لەوێ چاوەڕوانی دەکردم. لە تاکسییەکە دابەزیم و باوەشمان بۆ یەکتر گرتەوە و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتین. گوڵناز و هانا و کازیوە لە ماڵەوە بوون و بەخێرهاتنیان کردم. ئاپارتمانێکی بچووکی ٢٥ هەتا ٣٠ میترییان بەکرێ گرتبوو. کەلوپەلێکی سەرەتایی ژیان لە ماڵەکەدا بەدی دەکرا. کازیوە بەردەوام دەگریا و ئارامی نەبوو. دیار بوو نەخۆشە. هانا پڕ لە وزە بوو و سەبارەت بەوەی کارێکی بۆخۆی دۆزیبووەوە گەلێک شایی بەخۆی دەهات. گوڵناز بێئۆقرە و خەمبار بوو. پاش هەندێک قسەوباس هەیبەت گوتی بەنیازە دەست بکات بە کار کردن. هەیبەت و هانا لە کارگەیەکی بچووکدا کارێکیان دۆزیبووەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەشی بژیوی ژیانەکەی نەدەکردن. ئەوان بە ڕەش و “نایاسایی” کاریان دەکرد و حەقدەستەکەیان بەرانبەر بەو کارەی دەیانکرد چەند قات کەمتر بوو. خەرج و بەرج یەکیان نەدەگرتەوە و پاشەکەوتیشیان نەبوو. بنەماڵەکەیان لە دۆخێکی شپرزە و ئاڵۆزدا بوو. هەیبەت بۆخۆیشی زۆر نەخۆش بوو و بڕستی کارکردنی نەبوو. کۆرپەلەکەیان باری تێچوویەکی زیاتری خستبووە سەر شانیان.

من بێوچان بەدوای قاچاخچییەکی ئەمیندا دەگەڕام بۆ ئەوەی پێش سەرماوسۆڵە بتوانم لە تورکیە دەرباز بم. لە دانیشتنێکماندا هەیبەت باسی ئەوەی کرد کە بەنیازە بە قاچاخ خۆی بگەیەنێتە ئورووپا، بەڵام پارەکەی شک نابات. ڕووی لە هەر کەسێکیش خستووە یان وەڵامی تەلەفۆنەکانی نادەنەوە یان ڕاستەوخۆ دەستیان لە سینگیەوە ناوە. یەک دوو کەسیش پییان گوتبوو کە یارمەتیت دەدەین بەو مەرجەی بگەیتە یونان. لەو چەند ڕۆژەدا من ئاگام لە تەلەفۆنەکانی و داوای یارمەتی کردنەکانی بوو. بەو بارودۆخەوە کە تورکیە و ئاوارەیی بەسەر مرۆڤی دێنێت، کەمتر کەسێک ئاوڕ لە ئاوارەیەکی تەریک کەوتوو دەداتەوە.

بەکورتی لە ڕێی ناسیارێکەوە قاچاخچییەکم دۆزییەوە کە بە بڕە پارەیەکی گونجاو دەیتوانی ئاوەدیوی یونانم بکات.بڕیاردرا بە زووترین کات بڕۆم بۆ ئێستامبۆل. هەیبەت داوای لێکردم چەند ڕۆژێک لەسەریان بوەستم هەتا ئەوانیش خۆیان کۆکەنەوە. قبووڵم کرد و ڕادەست کردنەوەی خانووەکە و خۆ کۆکردنەوەیان یەک حەوتووی خایاند. هەیبەت دڵی بە پارەی پێشی خانووەکە خۆش کردبوو، بەڵام خاوەنی ئاپارتمانەکە بیانووی پێدەگرتن و دەیگوت ماوەی گرێبەستی کرێی ئاپارتمانەکە بەسەر نەچووە و پێشوەختە پێتان ڕانەگەیاندووم و هەر بۆیەش بەشێکی کەم لە پارەی پێشەکییەکەی بۆ گێڕایەوە. ماوەیەکیش لە شوێنێک کاری کردبوو، خاوەنکارەکەیپارەکەی پێنەدەدایەوە. ناونیشانی ماڵەکەیمان هەبوو. هەموو پێکەوە بە خاوخێزانەوە چووینە بەر درکی ماڵەکەی. لەسەر کۆڵانەکەیان چاوەڕوانمان کرد هەتا خاوەنکارەکەی هاتەوە. هەیبەت چاوی پێی کەوت و چوو بۆ لای. خاوەنکارەکەی حەپەسابوو. ئێمەش دەوەرەمان دابوو. بە تورکی کەوتنە دەمەقاڵێ. کابرا گوتی پارەی نیە و ناتوانێ قەرزەکەی هەیبەت بداتەوە، جگە لەوەش دەتوانێت زەنگ بۆ پۆلیس لێبدات و سکاڵا لەسەر هەیبەت تۆمار بکات کە وا بەردەرکەی پێگرتووە و بە ملهوڕی داوای پارەی لێدەکات. هەیبەتیش نەک هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە نەبوو کە لەوێ کاری کردووە، بەڵکوو بە نایاسایی و بە ڕەشیش کاری کردبوو و ئەگەر ئەو پیاوە سکاڵای لەسەر تۆمار کردبا، دەبوو پارەیەکیش وەکوو جەریمە بدات بە دەوڵەت. دواجار بە هەر چەرمەسەرییەک بوو و وەکوو بڵێی بەزەیی بە هەیبەتدا هاتبێتەوە، بەو مەرجەی بڕوات و نەگەرێتەوە، بڕێکی زۆر کەم لە پارەکەی بۆ گەڕاندەوە.

هەموو ئەم بێنە‌وبەرەیە حەوتوویەکی خایاند و بنەماڵەی هەیبەت و من خۆمان بۆ سەفەر ساز کرد. ئەوەی هەمانبوو، پڕی چەند کۆڵەپشتییەک بوو. لە شاری دێنیزلییەوە بەرەو ئێستامبول بەڕێکەوتین. هەموو ئەوانەی ئەم شێوازە لە ئاوارەییان ئەزموون کردووە، باش دەزانن کە هەست و ژیانی مرۆڤ لە ماوەی ئەم پرۆسەیەدا، ئاوێتەیەکە لە بێ‌هیوایی و هیوا، ترس و زات، چاوەڕوانی و سەرگەردانی، بێ‌پەنایی، ریسک و شانس. گەییشتینە ئێستامبول. لەوێ چووینە ئاپارتمانێک کە قاچاخچییەکە دیاریی کردبوو. دەبوو چاوەڕوان بین هەتا بەڕێمان بکات. لەم سەروبەندەدا، سێ کەسی دیکەشمان لێ زیاد بوو. دووانیان لە هاوڕێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون کە لە تورکیە بوون و کوڕێکی دیکەش کە شارامی ناو بوو و خەڵکی مەریوان و هاوڕێی کۆنی هەیبەت بوو. شارام لەگەڵ کاک شاپووری برای هات بۆ لامان. کەسانێکی ڕێکوپێک بوون. پاش چەند ڕۆژان باشتر ناسیمن. شارام پێشتریش لە ئورووپا ژیابوو. ئەو پاش ساڵانێک ژیان لە ئاڵمان، گەڕابووەوە بۆ ئێران. دۆخی قورسی ژیانی ئێران تەنگی پێهەڵچنیبوو و دیسانەوە بڕیاری دابوو بە قاچاخ بگەڕێتەوە بۆ ئاڵمان. شاپووری برای لە وڵاتی نۆروێژ دەژیا و ئەویش هاوشاری و لە هاوڕێ کۆنەکانی هەیبەت بوو. بەڕاستی مرۆڤێکی ڕەوشتبەرز و ئازیز بوو. بوونی وەها مرۆڤگەلێک لە ڕەوتی سەفەر لە تورکیەوە بەرەو ئورووپا گەلێ دەگمەنە. ڕەوتێک کە یاسای جەنگەڵ بەسەریدا زاڵە. لەم ڕێگایەدا ناتوانیت متمانە بە هیچ کەس بکەیت. شاپوور بۆ یارمەتیدانی شارامی برای هاتبووە تورکیە. ئەوەندەی من بزانم و ئاگادار بم، شاپوور گەلێ یارمەتیی هەیبەتی دا و دەستی لە هیچ یارمەتییەک نەدەگێڕایەوە و درێغیی لێ نەدەکرد. دیارە خودی شاپووریش دەربەدەری و سەختیی زۆری کێشابوو و هەربۆیەش بە باشی لە دۆخی ئێمە تێدەگەییشت. هەمیشە دەیگوت، ئەم دۆخە وەکوو قۆناغێک سەیر بکەن کە دەبێ بە هەر کلوجێک بێت تێپەڕێت. ئەمەش تەواو دەبێت و گەلێ بیرەوەریی سەردەمی قورس و بەئازاری ژیانی خۆی لە کاتی دەربازبوونی لە ڕێگای قاچاخ و ئاوارەبوونەکانی چەند ساڵەی لە ئورووپا و بێ‌ئاسۆیی و نادیاریی چارەنووسی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە. ڕۆژانی خۆشیشمان هەبوو. لە گەشتوگوزاری کەناری ئاوەوە هەتا نێوەندی شار و شەوگەڕییەکانی ئێستامبول. ئەو رۆژەی بەنیازی گەڕانەوە بوو بۆ نۆروێژ، من کۆمەڵێک لەو کەلوپەلانەی کە بۆم گرینگ بوون و مەترسیی ئەوەم هەبوو لەڕێدا بفەوتین، دامە دەست کاک شاپوور بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی بیباتە نۆروێژ و پاش گەییشتنمان بۆم پۆست بکات.

قاچاخچییەکان دوو، سێ جار بەڕێیان کردین، بەڵام هەرجارەو لە ڕێی سنوور دەگیراین و ناچار دەبووین خۆمان بە خەڵکی سوورییە بناسێنین بۆ ئەوەی ئازادمان بکەن و سەرلەنوێ دەگەڕاینەوە بۆ ئێستامبول. لە ماوەی حەوتوویەکدا سێجار گیراین و ناردمانیانەوە بۆ ئێستامبول. شەوێکیان کە چیتر هەموو موسافیرەکان تەواو بێزار و بێتاقەت ببوون، گوتیان ئەگەر ئەوجارەش قاچاخچییەکان نەتوانن بەڕێمان بکەنە یونان، ئەوا لەگەڵ جەماعەتێکی دیکەی قاچاخچی پێکدێین. شەوی دواتر بە پەلە هاتن و گوتیان دەستە دەستە و بە شێوەیەک کە سەرنجڕاکێش نەبێت، بڕۆنە دەرەوە و سواری یەکێک لە مینی‌بووسەکان بن. مینی‌بووسەکان لە حاڵەتی ئاساییدا نۆ کەسیان هەڵدەگرت، بەڵام لە وەها دۆخێکدا، دووقات خەڵکیان سەردەخست و لە سەروملی یەکتریان دەپەستان. ئەوەی زووتر گەییشتبا شانسێکی باشتری دەبوو و ئەوەی درەنگ گەییشتبا، دەبوو پێنج بۆ شەش کاتژمێر لەسەر لاق ڕاوەستێت. سێ مینی‌بووسی ئاخنراو بەرەو “چنەقەلە” کە لە خاڵە سنوورییەکانی تورکیە بوو بەڕێکەوتن. شۆفێری ئەم مینی‌بووسانە زۆربەی کات مادەی هۆشبەریان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی یەکەم سترێسیان نەبێت و دواتریش بە خێراییەکی لەڕادەبەدەر بەو هەموو موسافیرەوە بتوانن باژوون. مینی‌بووسەکان بەمەبەستی خۆدزینەوە لە خاڵی پشکنینی پۆلیس، لایان دا بۆ جادەی خۆڵ. چراکانیان کوژاندبووەوە بۆ ئەوی لە پاسگەکەوە نەیانبینن. بەهۆی باران بارینەوە مینی‌بووسەکان لە قوڕ چەقین. باران بە لێزمە دەباری. هەندێک کەس بۆ یارمەتی دابەزین. منیش دابەزیم. هەتا ئەژنۆ لە قوڕ و لیتە هەڵچەقیبووین. تەگەری پشتەوەی مینی‌بووسەکە لەقوڕەکەدا دەسووڕا و سەراپای ئێمەشی قوڕاوی کردبوو. چەند هەوڵماندا، هیچمان بۆ نەچووەسەر. پاسگەی پۆلیسەکە لێمانەوە دوور نەبوو و دەمانتوانی بیانبینین. قاچاخچییەکان گوتیان پێویستە واز لەو مینیبووسە چەقیوە بێنین و بەسەر دووانەکەی دیکەدا دابەش بین. ئەو دوانەش لە خۆیاندا ئاخنرا بوون، بەهەر کلوجێ بوو جێی خۆمان کردەوە و بەڕێکەوتین. پاش هەشت کاتژمێری دیکە چاومان بە زەریا کەوت و دڵخۆش بووین کە گەییشتووینەتە خاڵی سنووری. نوقمی خەیاڵاتی خۆمان بووین کە لەپڕ ئەو ماشێنەی سکۆرتی مینی‌بووسەکانی دەکرد، بە پەلە سووڕایەوە و ڕایکرد. پاش چەند خولەکێک تێگەییشتین کە کەوتووینەتە کەمینی پۆلیسەوە و سەرلەنوێ دەستبەسەر کراینەوە. شۆفێڕەکانیان گرت. ئەفسەرە پۆلیسەکان نیشتنە پشت فەرمان و هەموومانیان بردە پاسگەی سنووری. زۆربەی مووسافیرەکانی هەردوو مینی‌بووسەکە کورد بوون. لەڕێدا، ئەوانەمان کە چەندین جار ئەو ئەزموونەمان تێپەڕاندبوو بەوانی دیکەمان گوت، ئەگەر پرسیاریان کرد بڵێن خەڵکی سووریەن و عەرەبن. یەکێک لە گەنجەکان کە ئەگەر هەڵە نەبم خەڵکی ناوچەی موکوریانی کوردستان ئێران بوو، گوتی ئەمن دەڵێم کوردم. جەختمان لێ کردەوە کە کاری وا نەکات، چوونکە کورد بوون لە تورکیە تاوانە و بەو بۆنەوە هەموومان تووشی مەترسی دەکات و تووشی سووکایەتی و بێڕێزیی زیاترمان دەکات. ئەو لەسەر بڕیارەکەی خۆی سوور بوو. تاریک‌وڕوونی بەیانی هەموومانیان لە حەوشەی پاسگەکە ڕیز کرد. دەستیان کرد بە پشکنینی کەلوپەل و کۆڵەپشتییەکانمان. دەستیان بەسەر سەرجەم کیسەخەو و جلیسقە دژەئاوەکاندا گرت. پاشان یەکە بە یەکە کەوتنە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لێمان و پرسیاریان دەکرد کە خەڵکی کوێن و لە کوێوە هاتوون؟

ئەگەر بتگوتبا خەڵکی سووریەم و دیلمانجەکە کە سەربازێکی کورد بوو پشتڕاستی بکردایەتەوە، دەیەنناردیتە سووچیکی حەوشەکە. هەندێک کەس دەترسان بڵێن خەڵکی سووریەن. ئەوانەی دەیانگوت ئێرانی یان ئەفغانستانین و یان دیلمانجەکە پشتڕاستی شوناسەکەی نەکردایەتنەوە، لە سووچێکی دیکەوە ڕایاندەگرتن. سەرەی ئەو کوڕە هات کە گوتبووی من دەڵێم کوردم. ئەفسەرەکە پرسیاری لێکرد کە خەڵکی کوێی؟ ئەویش وەڵامی دایەوە کە کوردم. دەسبەجێ ئەفسەرەکە زللەیەکی قاییمی لێدا و پاشان دایە بەر شەق و کوتەک. حەوش و ئاودەستەکانی پاسگەکەیان بەو کەسانە خاوێن کردەوە کە جگە لە سووریە ناونیشانی وڵاتێکی دیکەیان دابوو.

لای نیوەڕۆ ئۆتوبووسێکیان هێنا. کرێکەیان لە خۆمان وەرگرت و هەموومانیان سوار کرد. دوو ماشێنی پۆلیسیش سکۆرتی ئۆتووبووسەکەیان دەکرد. لەوکاتەدا تێگەییشتین کە بۆ شارێکی نزیک پاسگەکە ڕاماندەگوێزن بۆ ئەوەی لەوێ ئەوانەی گوتبوویان ئێرانی ئان ئەفغانستانین دابەزێنن و ڕادەستی کەمپێکیان بکەن کە پتر لە زیندان دەچوو. هەڵبەت هەرکە بەڕێکەوتین تەلەفۆنمان بۆ قاچاخچییەکە کرد و گوتمان لەگەڵ شۆفێڕەکە قسە بکە بەڵکوو نەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئێستامبۆل. هەیبەت کە شارەزای زمانی تورکی بوو، لەگەڵ شۆفێڕەکە قسەی کرد. شۆفێڕەکە گوتی بە قاچاخچییەکە بڵێن خۆی تەلەفۆنم بۆ بکات. ژمارەکەی دا بە قاچاخچییەکە و پێکهاتن.

پۆلیسەکان لە پێشمانەوە دەڕۆییشتن. ئۆتووبووسەکە لە پێش کەمپێکی بەدیوار پەرژینکراو ڕایگرت. پۆلیس بەپێی پێرستەکەی دەستی، ئەوانەی گوتبوویان ئێرانی یان ئەفغانستانین، دایبەزاندن و ڕادەستی کەمپەکەی کردن. پاش ئەوە، پۆلیسەکان ڕۆییشتن. ڕێژەیەک لە هاوسەفەرەکانمان لەو کاتەدا لە نێو کەمپدا بوون و پێویست بوو ئەوانیش ڕێگایەک بۆ دەربازبوون بدۆزنەوە. شەهرامیش یەک لەوان بوو. دواجار توانیان بە دانی بەرتیل بە نیگابانەکانی کەمپەکە خۆیان دەرباز بکەن و بگەنە لای ئێمە. قاچاخچییەکە پێی گوتین کە ئۆتووبووسەکە دەتانباتە هۆتێلێک. پێویستە بە خێرایی بچنە ژوورەوە و بە هیچ شێوەیەک نەیەینە دەرەوە بۆ ئەوەی سەرنجی کەس ڕانەکێشن. گوتیشی کە دواتر چۆنیەتی بەردەوامیی سەفەرەکەمان ڕێکدەخاتەوە.  گەییشتینە هۆتێلەکە و بەخێرایی دابەزین و بەڕێکراین بۆ ژوورەوە. درگاکانی هۆتێلەکەیان داخست و گوتیان هیچکەس بۆی نیە لەخۆڕا لە هۆتێلەکە بچێتە دەرەوە. بە منداڵەکانەوە ڕێژەمان دەگەییشتە ٥٠ کەس. بۆ ئەو ٥٠ کەسە  چوار ژوور دابین کرابوو. دوو ژوور بۆ ژنان و دوو ژووریش بۆ پیاوان. بەگشتی کەشێکی جێگیر و باش بەسەر هەمووماندا زاڵ بوو، هەموو هاودەرد و هاوچارەنووس بووین. لە نێو خۆماندا ڕێککەوتین کە شارام و نەفەرێکی دیکە بەرپرس بن لە چوونە دەرەوە و کڕینی پێداویستی خواردەمەنی بۆ هەموومان. هەندێکمان تێدا بوو کە پارەیان پێ نەمابوو. ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی هەرکەسەو بڕێک پارە دانێت بۆ ئەوەی ئەوانیش برسی نەبن.

دوو شەو لەو هۆتێلەدا ماینەوە. شەوی دووهەم، دوو مینی‌بووسیان نارد بۆ ئەوەی بمانباتە ڕۆخی زەریاکە. بڕیار وابوو دوو بەلەمیش لەوێ ئامادە بێت بۆ ئەوەی خۆمانی پێ بگەیەنینە دورگەکانی یونان. کاتێک گەییشتینە کەناری ئاوەکە، بە خێرایی دایانبەزاندین و بە ئاماژەی دەست شوێنێکیان نیشان داین کە دەبوو لەوێ چاوەڕوانی بەلەمەکان بکەین. ڕۆخی زەریاکە گەلێ سارد بوو و بە سەرنجدان بەوەیکە زۆر لە جادەکەوە نزیک بووین، قاچاخچییەکان بە تەلەفۆن پێیان دەگوتین کە دەبێ زۆر ئاگادار بن کە دەستبەسەرتان نەکەنەوە. نەماندەتوانی ئاگر بکەینەوە بۆ ئەوەی خۆمان گەرم کەینەوە. دەبوو خۆمان بشارینەوە. کاتژمێر نزیکەی هەشتی شەو دوو کەس هاتن و گوتیان چوار کەستان لەگەڵمان وەرن بۆ ئەوەی بەلەمەکان بێنین. بەلەمەکە تیووبێکی ئەستوور بوو کە ماتۆڕێک لە پشتەوەی دانرابوو. ئەو دوو کەسە گوتیان دەبێ بۆخۆتان بەلەمەکە ڕێکبخەن، چوونکە ئێمە بەهۆی مەترسیی زۆرەوە ناتوانین لێرە بمێنینەوە. هەرچۆنێک بوو گەنجەکان تیووبەکەیان بە هەوا پڕ کردەوە و ماتۆڕەکەشیان لێ بەستەوە. کاتێک بەلەمە تیووبییەکەمان ئامادە بوو، ناکۆکی کەوتە نێوان گەنجەکان و سەڵتەکان لەگەڵ بنەماڵەکان. نزیکەی یازدەی شەو بوو، دەستەی یەکەم دەیانگوت دەبێ لە تاریکەشەو کەڵک وەرگرین و پێش ئەوەی پۆلیس بمانبینێت بەڕێبکەوین و خۆمان لە ئاوەکانی یونان بدەین. دەستەی دووهەم دەیانگوت بوەستین هەتا هەندێک هەوا ڕووناکتر دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر تووشی کێشەیەک بووین، پۆلیس بمانبینێ و ڕزگارمان بکات. چوونکە ئێمە ژن و منداڵمان لەگەڵە و ئەوان توانای خۆڕاگریی لەبەر ئەم سەرمایە و تاریکایی نێو ئاوەکەیان نیە. بەکورتی پاش دەمەقاڵێ و هەندێجاریش شەڕی دەستەویەخە، بڕیار هاتە سەر ئەوە کە لەبەر منداڵەکان کاتژمێر سێی نیوەشەو بەڕێبکەوین.هەیبەتیش لە دەستەی دووهەمدا بوو و دەیگوت پێویستە هەوا هەندێک ڕووناک بێتەوە و منیش بەو هۆیەوە هەوڵم دەدا کاتەکە وەدوابخەم. گەنجەکان هەرچۆنێک بوو هەتا کاتژمێر دوو ڕاوەستان. هەموو ساز بوون جگە لە هەیبەت. ئەو بەردەوام دەیگوت ئەگەر ئێستا بڕۆین دیار نیە چیمان بەسەر دێت، هەندێک دان بە خۆتاندا بگرن. دیارە لەو تاریکە شەوە ساردە زستانییەدا خۆ لە زەریایەکی زەبەلاح دان بەو شەپۆلە بەرزانەوە کە خۆیان بە ڕۆخی زەریاکەدا دەکێشا کارێکی ئاسان نەبوو. جگە لەوەش، هەیبەت تەنیا نەبوو، ساوایەکی چند مانگانەشیان بەباوەشەوە بوو. بەهەرحاڵ بەلەمەکە ئامادە کرابوو و دەبوو سواربین. من و دوو کوڕی دیکە کە خەڵکی بۆکان بوون، بۆئەوەی منداڵەکان تەڕ نەبن، ناچار بووین بچینە نێو ئاوەکە و بەلەمەکە ڕاگرین هەتا ئەوانی دیکە سوار بن. هەرچۆنێکبێ دواجار هەیبەتیش دڵی خۆی ڕازی کرد و سوار بوو. ڕێژەمان زۆر بوو و بەئاستەم جێی خۆمان کردەوە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە ئەم بەلەمە لە باشترین حاڵەتدا، ئەوپەڕی بۆ سەرخستنی دە کەس گونجاو بوو. بەری دوو میتر و درێژییەکەشی سێ میتر دەبوو. جگە لەوەش ئەو ٥٠ کەسەمان هەریەکەو بڕێک کۆڵەپشتی و کەلوپەلی دیکەمان پێبوو کە ئەوەش لەخۆیدا بەلەمەکەی قورستر کردبوو. بڕیار وابوو کوڕێکی کوردی باشووری کوردستان کە ناوی ڕێبوار بوو، لێخوڕینی بەلەمەکە بگرێتە ئەستۆ. ئێمەش کە بەلەمەکەمان ڕاگرتبوو، لە بەشی پشتەوە، لای ڕێبوار و ماتۆڕی بەلەمەکە جێی خۆمان کردەوە. دیمەنی نێو بەلەمەکە وەهابوو کە ژن و منداڵەکان لە نێوەندا و ئەوانی دیکە دەورتادەور دانیشتبوون و دەبوو بە شریتێک کە بەدەور بەلەمەکەوە بوو خۆیان ڕاگرن. ماتۆڕەکە داییسا، پاش چەند چرکەیەک بەڕێکەوتین. مەودایەکی زۆر دوور نەکەوتبووینەوە کە ماتۆڕەکە کوژایەوە. هەموو ترسابوون. ئەوانەمان کە نزیک لە ماتۆڕەکە بووین چەند جارێک هەوڵماندا و هەندێلمان لێدا بەڵکوو پێ‌بێتەوە. بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر داگیرسایەوە، ئەمجارەیان ماوەیەکی باش دوورکەوتبووینەوە کە سەرلەنوێ ماتۆڕەکە کوژایەوە. بەلەمەکە بەدەم شەپۆلەکانەوە بەرز و نزم دەبووەوە. بەسەرنجدان بە زۆریی شەپۆلەکان و وەستاویی بەلەمەکە، هەرجار کە بەلەمەکە بەرز و نزم دەبووەوە، بەندی دڵی هەموومان دەپچڕا. لەم کاتەدا هەندێ کەس دەبوورانەوە و هەندێکیش دەگریان و هەندێکی دیکەش شەڕ و دەمەقاڵەیان بوو. مشتومڕێکی زۆر کەوتبووە نێو بنەماڵەکان و شەڕ بوو لەسەر ئەوەی کێ تاوانباری سەرەکیی ئەو نەهامەتییە و بیرۆکەی کۆچ بەرەو ئورووپایە. ئێمەش کە لە ماتۆڕەکەوە نزیک بووین، هەوڵمان دەدا ماتۆرەکە پێ‌بکەینەوە. وردە وردە ئاو دزەی دەکردە نێو بەلەمەکە. لە بن بەلەمەکەدا دوو سەوڵی لێ بوو، بەڵام ئاستەم بوو بتوانین دەریبێنین، چوونکە هیچکەس ئامادە نەبوو لە شوێنی خۆی بجووڵێ و جانتا و کۆڵەپشتییەکی زۆریش لە نێوەڕاستی بەلەمەکەدا لەسەر یەک هەڵچنرابوو. لەبەر ئەوەی بەلەمەکە سووک بێت، هەندێ لە پەنابەرەکان کەلوپەلە زیادەکانی خۆیان هاویشتە نێو زەریاکە. بە هەر چەرمەسەرییەک بوو سەوڵەکانمان دەرهێنا. لەم کاتەدا دوو، سێ کەسمان بەردەوام پەیوەندییان بە قاچاخچییەکان و پۆلیسەوە دەگرت کە هیچ لایەنێکیان وەڵامیان نەدەداینەوە. دەستمان کرد بە سەوڵلێدان بەڵکوو بتوانین بگەڕێینەوە شوێنی خۆمان لە کەناری ئاوەکە، بەڵام زۆر بە زەحمەت فێربووین چۆناوچۆن سەوڵ لێبدەین بۆ ئەوەی بەلەمەکە بەرەو کەناری ئاوەکە بگێڕینەوە. کاتژمێر لای شەشی بەیانی بوو کە خۆمان گەیاندەوە کەناری زەریاکە. لە بەلەمەکە دابەزیم، هانام بینی کە بوورابوویەوە. گواستمەوە بۆ وشکانییەکە و بڕێک ئاوم لە سەروڕووی پژاند هەتا هۆشی هاتەوەبەر. هەموومان تەڕوتلیس بووین و خووسابووین و لەبەر تەوژمی سەرما چۆقەی ددانمان دەهات. دوو سێ کەس بە دار و جلوبەرگی کۆنی ئەو ئاقارە و هەرشتێک بەردەستیان هاتبا، ئاگرێکیان کردەوە. وردە وردە خۆریش هەڵدەهات. شەوی ڕابوردوو کۆڵەپشتی و کەلوپەلی کازیوەی کچی هەیبەتیان فڕێدابووە نێو ئاوەکە و تەنیا بەشی ژەمێک یان دوو ژەم شیری هەبوو. ئێمەیش لەو کەنارئاوە دوور و تەریکەدا هیچمان لەدەست نەدەهات. چوار کەس لە گەنجەکان سەرقاڵی ماتۆڕی بەلەمەکە بوون بەڵکوو بیخەنەوە ئیش کردن. پێدەبوو، بەڵام سەرلەنوێ دەکوژایەوە. بەو حاڵەوە دەیانویست خۆیان لە زەریاکە بدەنەوە. داوایان لە منیش کرد کە لەگەڵیان بڕۆم. دوودڵ بووم. لە لایەکەوە بنەماڵەی هەیبەت بەو حاڵ و ڕۆژەیانەوە و مل نان لە سەفەرێک کە شانسی گەییشتنی زۆر کەم بوو، لەولاشەوە وەڕەزیی و جاڕز بوون لە سەرگەردانی و ئاوارەیی بێبڕانەوە. دەستم دایە کۆڵەپشتییەکەم. گوڵناز لە پشتەسەرم ڕاوەستابوو.کازیوە بە باوەشیەوە یەکنەفەس دەگریا. خەم لە چاوەکانیدا شەپۆلی دەدا. گوتی، دەڕۆی؟ گوتم، بەڵێ. مردن باشترە لەم دۆخەی تێی‌کەوتووین. گوتی، ئەی ئێمە؟ بۆخۆت دەزانی کە هەیبەت نەخۆشە و ئەمەش حاڵی کازیوەیە. بەجێمان مەهێڵە. کۆڵەپشتییەکەم دانایەوە و ڕوو لەو چوار کەسەی چاوەڕوانم بوون گوتم، ئێوە بڕۆن. ئەوان ڕۆیشتن و ئێمە چاومان بڕییە دوورکەوتنەوەیان لە کەناری زەریاکە. دیمەنێکی جوان بوو. خۆر بە تەواوی هەڵاتبوو. ئاسمان شین و زەریایەکی بێکۆتایی شین. ئەو ٥٠ کەسەمان دابەش بووین و هەر کۆمەڵە کەسێکمان بە بێ ئەوەی بزانین ڕوو لە کوێ دەکەین، بەری ڕێگایەکمان گرتەبەر. گرووپەکەی ئێمە دە کەس بووین کە هەموو یەکترمان دەناسی. پەروین، ئێحسان، شارام، زەهیر، سەمیرا، هەیبەت، گوڵناز، هانا، کازیوە و من. هەموومان شەکەت و وەڕەز بووین، هاوکات خۆشحاڵیش بووین کە شەوی ڕابوردوو لە مەرگ ڕزگارمان بووە. بەو بیرۆکەوە کە لەگەڵ قاچاخچییەکی دیکە ڕێکبکەوین، بەناچاردەبوابگەڕەینەوە ئێستامبول. نزیکەی کاتژمێر دەی بەیانی بەڕێکەوتین. خۆمان گەیاندە سەر جادەکە و هەورازێکمان بڕی. خۆر بە تەشقی ئاسمانەوە نووسابوو و تین و گەرمای پێدەبەخشین. لەسەر ئەو گردە، دیمەنێکی جوان لە بنچکەکان، دارزەیتوونەکان و زەریایەکی شین وێنا کرابووهەیبەت پرسیاری نزیکترین شار و ڕێگای ئێستامبولی لە چەند کەسێک کرد کە سەرقاڵی زەیتوون ڕنینەوە بوون. جلوبەرگ و سەروشکڵمان سەیروسەمەرە بوو و هەموومان بۆنی دووکەڵ و ئاوە سوێرەکەمان لێ‌دەهات. بەری جادەکەمان گرتبووەبەر و دەڕۆییشتینکە لەپڕ ماشێنێک ڕایگرت. پرسیاری لێ کردین کە بۆ کوێ دەچین. هەیبەت بەهۆی شارەزایی لە زمانی تورکی وەڵامی دایەوە و گوتی نزیکترین تێرمیناڵ. سەری‌خستین و گەیاندمانیە تێرمیناڵ. بلیتی ئۆتووبووسمان کڕی و پاش چەند کاتژمێر چاوەڕوانی، بەرەو ئێستامبول بەڕێکەوتین. لە ڕێدا لەگەڵ قاچاخچییەکی دیکە بە ناوی شیروان قسەمان کرد و پێکهاتین. بڕیار وابوو پاش گەییشتنمان بە ئێستامبول پەیوەندیی پێوە بکەین بۆ ئەوەی هەتا کاتی بەڕێکەوتنی دووبارەمان، ژوورێکمان بۆ دابین بکات. گەییشتینە “ئاکسارا”ی ئێستامبول و پەیوەندیمان پێوە گرت. بەپیرمانەوە هات. ئاگاداری بارودۆخەکەمان بوو. بە شێوازی هەموو قاچاخچییەکان کەوتە خۆگیڤ کردنەوە کە هەتا ئێستا ئەوەندە کەسم بە سەلامەت دەربازی ئورووپا کردووە و ئەمانە(مەبەستی قاچاخچییە پێشووەکانمان بوو) تازەکارن و بۆچی چوونەتە لای ئەوان. شەوی دواتر هەیبەت و بنەماڵەکەی، شارام و من بڕیارمان دا کە لەبەر کۆرپەکەی هەیبەت، بە یەخت کە وەکوو باس دەکرا ئاستی دڵنیاییەکەی زیاتر بوو، ڕوو لە دورگەکانی یونان بکەینەوە. ئەوانی دیکەش بڕیاریان وابوو بە هەمان بەلەمی تیووبی بپەڕنەوە. بەهەرحاڵ پاش دوو، سێ ڕۆژ مانەوە لە ئێستامبول، بە ئۆتووبووسێکی دیکە کە کۆمەڵێک پەنابەری دیکەشی تێدا بوو، ڕوومان کردە شاری “دیدیم”. پاش ئەوەی گەییشتینە شاری دیدیم، بە تاکسی گواستمانیانەوە بۆ هۆتێلێک. لە هۆتێلەکەدا کۆمەڵێکی زۆر خەڵکی ئەفغانستان کاریان دەکرد. هۆتێلەکە زۆر بێسەروبەرە بوو. ئاوی ژوورەکان بڕابوو و تەنانەت نەتدەتوانی ئاوێکیش بەخۆتدا کەیت. بۆنی جگەرە و ماری‌جوانا ئەو ناوەی تەنیبوو. جگە لە ئێمە کە تازە گەییشتبووین، خەڵکی دیکەشی لێ بوو. پاش پرسوجۆ تێگەییشتم کە هەموویان بۆ پیاوێکی ئەفغانی با ناوی “پەهلەوان” کار دەکەن. پرسیارم لە هەندێ لەو کەسانە کرد کە پێش ئێمە لەوێ بوون کە ئایا بەو زووانە کەسیان بەڕی کردووە؟ لە وەڵامدا گوتیان، چەند شەو لەوەبەر کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی ئێمە بە یەخت ئاوەدیو بوونە و هیچ گرفتێکیان نەبووە. قسەم لەگەڵ ئەو ئەفغانییانە دەکرد وا کاریان بۆ پەهلەوان دەکرد و پرسیارم لێ کردن کە ئەو رێژە لە خەڵکی قاچاخ بۆ لەوێن و ئەو داوای چەند دەکات بۆ بەڕێکردنیان؟. لە وەڵامدا گوتیان، ئێمەش هەموومان بەتەمای ئورووپاین. هەموومان لە ئێران کرێکار بووین و لەبەرئەوەی پارەمان نیە، دوو، سێ مانگ لێرە کار بۆ پەهلەوان (قاچاخچییە سەرەکییەکە) دەکەین و دواتر ئەو بە بێ‌بەرانبەر بەڕێمان دەکات. بڕیارەکە وابوو کە هەم یەختەکە و هەم بەلەمە تیووبییەکە پێکەوە بەڕێبکەون. ئاگاداریان کردینەوە کە هەموومان دەبێ بۆ شەو ئامادە بین و هەردووک لە یەخت و بەلەمەکە پێکەوە دەڕۆن. بە چەند ماشێن هەموومانیان بردە کەناری ئاوەکە کە ڕێگاکەی دوور نەبوو. لە قەراخی ئاوەکە لە بن بنچکەکاندا حەشاریان داین. بڕیار وابوو چاوەڕێی قاچاخچییەکان بکەین کە هەرکات ئاماژەیان بۆ کردین، یەک یەک سواری بەلەمەکان بین. سەرەتا بنەماڵەکانیان سوار کرد، دواتر سەرەی سەڵتەکان هات. هەرکەس دەگەییە لێواری ئەسکەلەکە، زەلامێکی نەپۆڕ کە بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، ناچاری دەکرد کەلوپەلەکانی فڕێدات. تەنانەت کۆڵەپشتییەکانیش. دواتر زانیم کە ناوی “داڵە کەرکووکی”یە. دەمزانی بۆ ئەوە وادەکات کە دواتر کەلوپەلە بەنرخەکان بۆخۆی هەڵگرێت. سەرەی من هات. گوتی کۆڵەپشتییەکەت فڕێدە ئەولاوە. بە کوردی پێم گوت، قورس نیە و هیچی وای تێدا نیە، فڕێیشی نادەم. ئەگەریش بڕیارە فڕێیدەم، سوار نابم. دواجار قسەی خۆم بردەسەر و کۆڵەپشتییەکەمم فڕێ نەدا و سەرکەوتم. ئەویش هەندێ جنێوی دا کە من گوێم نەدایە. بنەماڵەی هەیبەت لە بەشی خوارەوەی یەختەکە جێی خۆیان گرت و منیش خۆم گەیاندە لای ئەوان. پاش ئەوەی هەموو سوار بوون، یەختەکە بەڕێکەوت. بێدەنگی باڵی بەسەر کەشەکەدا کێشابوو و هەموو سەیری یەکترمان دەکرد. شەپۆلە بەهێزەکان یەختەکەیان بە توندی ڕادەژاند، بەڵام ئێمە خۆشحاڵ بووین کە دواجار دەگەینە یونان. پاش نیوکاتژمێر یەختەکە لەسەرئاوەکە وەستا. ئەوانەی لە بەشی پشتەوەی یەختەکەدا بوون و دەرەوەیان لێ دیار بوو، گوتیان یەختەوانەکە ترووسکاییەکی بینیوە و لە ترسی ئەوەی مەبادا پاسەوانەکانی کەنارئاوەکان بن، بەرەولای کەنارەکانی تورکییە بایداوەتەوە. سەرلەنوێ گەڕاینەوە بۆ کەنارەکانی تورکیە و لەوێ دایانبەزاندین و لە نێو بنچکەکاندا حەشاریان داین. هەڵبەت بەهۆی تەوژمی سەرماوە ژن و منداڵەکانیان دانەبەزاند و لە بەشی خوارەوەی یەختەکە ڕایانگرتن. پلەی سەرما لەونیوەشەوەدا چەندین دەرەجە ژێر سیفر بوو. لە کۆڵەپشتییەکەمدا چەند دانەیەک ڤۆدکای گیرفانییم پێبوو کە بۆ ڕێگری کردن لە سەرما و ڕەقبوونەوە بەسەر هەموواندا دابەشم کرد. بەوحاڵەشەوە هەتا بەیانی لەو سەرمایەدا هەڵلەرزین و چۆقەی ددانمان دەهات.بەرەبەیان بردمانیانەوە بۆ هۆتێل. هەواڵی هاوڕێیانی سەر تیووبەکەمان پێ گەییشت کە بە سەلامەت پەڕیبوونەوە و گەییشتبوونە دورگەکانی یونان. کەشی دڵساردی و بێ‌هیوایی و چاوڕوانی هەموومانی وەڕەز کردبوو. کازیوە زۆر نەخۆش بوو و نەدەکرا خەمسارد بین. هەیبەت و گوڵناز بردیان بۆ نەخۆشخانە. پاش چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان پێوە کردم و گوتیان لەگەڵ هانا وەرە بۆ نەخۆشخانە. من و هانا بەڕێکەوتین. لە شارێکی غەریبدا کە زمانەکەشیان نازانین هەتا بتوانین پرسیارێک بکەین. بەهەر چەرمەسەرییەک بوو تاکسییەکمان گرت و نەخۆشخانەکەمان دۆزییەوە. بەشی منداڵانمان دۆزییەوە. هەیبەتمان بینی و پرسیاری تەندروستیی کازیوەمان لێ کرد. وەڵامی دایەوە کە دکتۆرەکان گوتویانە کە هەموو گیانی کازیوە زنچکاوی هێناوە و چڵکی کردووە و دەبێ لە نەخۆشخانە ڕایگرن. هەیبەت و گوڵناز دەیانزانی کە هەر ئەو شەوە یەختەکە دەپەرێتەوە، هەربۆیەش بڕیاریاندا کە لەوێ نەیهێڵنەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئاوەدیو بین. هەوڵمدا ڕازییان بکەم کازیوە لە نەخۆشخانە بخەوێنن، بەڵام بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووم. پاساوەکەشیان ئەوە بوو کە ئەمشەو دەگەینە یونان و لەوێ چارەسەری دەکەین. دەرمانمان بۆ کازیوە کڕی و گەڕاینەوە بۆ هۆتێل. ئەو شەوە نەیانپەڕاندینەوە. جگە لە ئێمە بنەماڵەیەکی دیکەی کوردی خەڵکی کەرکووکیش لە هۆتێلەکە بوون. پیاوەکە ڕێبواری ناو بوو، هاوژینەکەی لەیلای ناو بوو و چوار منداڵی سەروبەریان هەبوو. برایەکی تەمەن بیست ساڵی ڕێبواریش هاوسەفەریان بوو کە ناوی عەبدولقادر بوو. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دواتر وەڕەز و پەرێشان لە یەکێک لە ژوورەکاندا سەرقاڵی جگەرەکێشان بووم کە دەنگی مشتومڕ و دەمەقاڵەیەکی زۆرم بەرگوێ کەوت. بەخێرایی لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم کرد بۆ ئەوەی بزانم چ باسە. بنەماڵەی ڕێبوار بوون کە لەگەڵ داڵەکەرکووکیی قاچاخچی تێکگیرابوون (هەمان زەلامە نەپۆڕەکەی لای ئەسکەلەکە وا جاری پێشوو بەتۆپزی کۆڵەپشتیی پەنابەرەکانی فڕێدەدا و دواتر دەرکەوت هەمووی بۆخۆی هەڵگرتووە) و دیارە بەڕێکەوت بە خزم و ناسیاری خۆیان دەرچبوو. بنەماڵەی ڕێبوار لە کۆچ کردن پەشیمان ببوونەوە و بەنیاز بوون بگەڕێنەوە بۆ کوردستانی عەراق، هەربۆیەش داوای پارەکەی خۆیان لە قاچاخچییەکان دەکردەوە. بەڵام داڵە کەرکووکیی قاچاخچی پێمل نەدەبوو و دەیگوت پارەم بەدەستەوە نیە، دوو بژاردەتان هەیە، یان بەبێ وەرگرتنەوەی پارەکەتان بگەڕێنەوە، یان چاوەڕوانی پەڕینەوە بن و بەرەو یونان بڕۆن. لە پەنجەرەکەوە ئاگام لەو مشتومڕە بوو و دەستبەجێ چووم بۆ لایان. پرسیاری دەنگوباسەکەم لە لایلای ژنی ڕێبوار کرد! لایلا هەمان شتی گێڕایەوە کە بۆخۆم بیستبووم و بەردەوام بوو، ئێمە پەشیمان بووینەتەوە و نامانەوێ بەرەو ئورووپا بڕۆین. منداڵەکانم خۆشدەوێ و نامەوێ لەو ڕێگایەدا تێدابچن. ئەمانە (قاچاخچییەکان) هەموویان درۆزن و ساختەچین. ئەوان گوتبوویان یەختەکە پازدە کەس هەڵدەگرێ، کەچی ئێستە سی کەسی لێ سوار دەکەن. بە داڵە کەرکووکیم گوت بۆچی پارەکەیان نادەنەوە؟ نێوچاوانی تێکنا و گوتی تۆ ئەولەکاریانی؟ گوتم ئەولەکاریان نیم، بەڵام پارەی خۆیانە و نایانەوێ ریسکی وا گەورە بکەن. گوتی من پارەم بەدەستەوە نیە و گەر نایانەوێ، دەتوانن چاوپۆشی لە پارەکەیان بکەن و بگەڕێنەوە. ڕێبوار بە کەشتەنگیەوە بەردەوام بوو و گوتی بۆکوێ بگەڕێمەوە! ماڵ وسامانم فرۆشتووە و داومەتە دەست تۆ. بگەڕێمەوە و خۆم بکەمە گەپجاڕی عالەم. داڵە سواری ماشێنەکەی بوو و لەوێ دوورکەوتەوە. بۆ بەیانییەکەی قاچاخچییەکان گوتیان کە لە سەتاسەت ئەمشەو بەڕێدەکەوین و خۆتان سازکەن. نزیکەی کاتژمێر شەشی ئێوارە بە پەلە هاتن و گوتیان: بەپەلە لە هۆتێلەکە وەدەرکەون. لە خوارەوە چەن ماشێنێک چاوەڕێیان دەکردین. وەها کردبوویانە هاتوهاوار وەکوو بڵێی هێرش کرابێتەسەرمان.

یاڵڵادەی خێرا، خێراتر، لە هۆتێلەکە وەدەرکەون. من تەنیا کۆڵەپشتییەکم پێبوو، هەڵمگرت و چووم بۆ ژوورەکەی هەیبەت و بنەماڵەکەی. ئەوانیش خۆیان کۆدەکردەوە. گوڵناز سەرقاڵی کازیوە بوو و کازیوەش زبانی بەمەڵاشوویەوە نابوو و بێبڕانەوە دەگریا. یەک، دوو کۆڵەپشتیی بچووکیان هەبوو، هەڵمگرت وگوتم من ئەوانە لەگەڵ خۆم دەبەمە خوارەوە، ئێوەش خێراکەن. لە خوارەوە چەند ماشێن ڕایانگرتبوو و هەرکەس بە پەلە سواری یەکێکیان دەبوو. دواجار بنەماڵەی هەیبەتیش هاتن و سەرکەوتن و ماشێنەکان بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر بەڕێکەوتن. لە نێوان بنچکەکانی ڕۆخی زەریاکە دەبوو بەخێرایی جلیسقە دژەئاوەکانمان لەبەربکەین. سەرقاڵی قاییم کردنی جلیسقەکەم بووم کە دەنگی مشتومڕی هەیبەت و هانام بیست. چووم بۆلایان بۆ ئەوی بزانم چ باسە. هەیبەت هەرکە منی بینی گوتی جلیسقەکان و یەکێک لە کۆڵەکانیان لە هۆتێلەکە بەجێ‌هێشتووە. هانا ترسابوو و دەیگوت بە بێ جلیسقە سوار نابێت. گوتم دەڕۆم و بە قاچاخچییەکان دەڵێم، بەڵکوو ئێزنمان پێ بدەن بگەڕێینەوە بۆ هۆتێلەکە و کەلوپەلەکە بێنین. چووم بۆ لای یەکێک لەوانەی کاریان بۆ قاچاخچییەکان دەکرد و باسەکەم کردەوە، بەڵام گوتیان بەهیچ شێوەیەک ناتوانین بگەڕێینەوە. گەڕامەوە بۆ لای هەیبەت و هانا و تێمگەیاندن کە گەڕانەوە لەئارادا نییە. ڕووم کردە هانا و گوتم کە من مەلە دەزانم و پێویستم بە جلیسقە نییە. هەندێک سەیری کردم و بێدەنگ بوو. جلیسقەکەی خۆمم کردەوە و دام بە هانا. لەم کاتەدا هەمان کەس کە سەبارەت بە کەلوپەلە بەجێماوەکان قسەم لەگەڵ کردبوو، دوو جلیسقەی بە گوڵناز و هەیبەت دا و گوتی لەبەریان بکەن. لەولاشەوە لەیلا بە دەنگی بەرز دەگریا و لەبەرمان دەپاڕایەوە کە سوار نەبین، چوونکە بڕیار وابوو پازدە کەس سوار بین بەڵام ڕێژەمان گەییشتبووە سی کەس و ئەو یەختە بچووکە ئەو هەموو خەڵکەی نەدەگرت، ڕێبواری هاوسەری لەیلا بە تووڕەییەوە گوڕاندی بەسەر لەیلادا و گوتی هیچ چارەیەکمان نیە، تێدەگەی؟ ئەم قاچاخچییانە دواچۆڕی پارەکانمانیان وەرگرتووە، ئەوی شکمان بردووە فرۆشتوومانە، بە دەستی بەتاڵ بۆکوێ بگەڕێینەوە؟ لەیلا بەدەم گریان و پاڕانەوە داوای لە من دەکرد پێش بە سواربوونیان بگرم. دەیگوت مەگەر نەیانگوت پازدەکەس سەردەخەن! سەیرکە ئێستا زیاتر لە سی کەسین، تۆوخوا سوارمەبن. زۆربەی ئەوانەی هاوسەفەرمان بوون، تەنیا بیریان لە سەرکەوتن و ڕزگاربوون لەو دۆخە بڕستبڕە دەکردەوە. ڕەنگە ئەم چەشنە لە ماندوو کردن و چاوەڕوانییە بەشێک لە بەرنامەی خودی قاچاخچییەکان بوو، بۆ ئەوەی ئێمە لە وەڕەزیی خۆماندا سەبارەت بە زیاتر بوونی نەفەرەکان ناڕەزایی دەرنەبڕین. ئێوارەی هەمان ڕۆژ کاتێک لەگەڵ گوڵناز قسەم دەکرد، گوتی، نوقمبوون و خنکانی لەو ئاوەدا بەلاوە خۆشترە لە گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخەی تێیدان. لە ڕواڵەتی پاک و بێتاوانی گوڵنازدا ماندوویەتی و بێ‌هیوایی شەپۆلی دەدا. بەپێچەوانەی هەموومان، هانا تەژی لە هیوا و ورە بوو و باسی ئاواتەکانی خۆی دەکرد بۆ درێژەدان بە خوێندن و ئەویکە بەهۆی دەسکورتییەوە لە کوردستانی عەراق ناچار بووە بۆ بژیوی ژیانیان کار بکات. خودی منیش وەڕەز و ماندوو بووم و هەمان بڕیاری مان و نەمانم دابوو. دۆخی تاقەتپڕووکێنی ئەو ماوەیە، جیاوازیی نێوان مان و نوقم بوونی بۆ نەهێشتبوومەوە. بەهیچ شێوەیەک ئامادەنەبووم سەرلەنوێ بگەڕێمەوە بۆ دۆخی چاوەڕوانی و ئەو هۆتێلە نەفرەتییە. تەنانەت بە گاڵتە بە جەماعەتەکەم گوت کە ئەگەر یەختەکە بگەڕێتەوە بۆ کەنارئاوەکانی تورکیە، خۆم فڕێ دەدەمە نێو ئاوەکە، یان ناگەڕێمەوە، یان بە زیندوویی دەگەمە دورگەکانی یونان. پاش ماوەیەک خۆحەشاردان لە نێوان بنچکەکانی ڕۆخی زەریاکە، گوتیان یەک یەک سەرکەون. ئەسکەلەیەکی کاتییان لە کەنارەوە هەتا یەختەکە دابەستبوو. ئەسکەلەکە پەلاستیکی بوو و بەسەر ئاوەکەوە ڕاوەستابوو. کاتی تێپەڕین دەبوو لاقەکانت لەملاوئەولای دانێی بۆئەوەی باڵانسەکە ڕاگریت. هەموو بە سەرکەوتوویی سوار بوون. بە بێدەنگی ترنجابووینە یەکتر. یەکێک لە قاچاخچییەکان یەختەکەی لێدەخوڕی و یەکێکی دیکەشیان بە دووربین سەیری زەریاکەی دەکرد. هەردووکیان دەمانچەیان پێبوو و بەئەنقەست کۆڵتەکانیان لە سەر جلوبەرگەکانیان بەستبوو بۆ ئەوەی بمانترسێنن. ماتۆڕی یەختەکە دووکەڵێکی زۆری دەکرد. وەها کە جاری وابوو جگە لە دووکەڵ و ڕەشایی هیچی دیکەمان نەدەبینی. یەختەکە کابینێکی لە بنەوە هەبوو و بەشی سەرەوەشی تەختەبان بوو. من لە بەشی سەرەوە بووم. لە تەنشت منەوە عەبدولقادری برای ڕێبوار دانیشتبوو کە نەخۆشینی تەنگەنەفەسیی لەگەڵ بوو و دووکەڵی ماتۆڕی یەختەکە پشووی سوار دەکرد. لە پێشمەوە ڕێبین دانیشتبوو کە گەنجێکی خەڵکی هەولێر بوو. لەو ماوەیەدا کە لەو دواهۆتێلەدا بووین، لەگەڵ ڕێبین زۆر نێوانمان خۆش کردبوو و ئەویش خۆی بە بەشێک لە ئێمە دەزانی. بنەماڵەی هەیبەت و هەروەها شارام لە ژوورەکەی بنەوەی یەختەکە جێگیر ببوون. زەریا تۆفانی بوو، زریان هەڵیکردبوو، هەرچی لە کەنارئاوەکانی تورکیە دوورتر دەکەوتینەوە شەپۆلەکان بەزەبرتر و بەرزتر دەبوونەوە و دیمەنەکەیان تۆقێنەرتر دەبوو. هەر شەپۆلێک کە بەر یەختەکە دەکەوت، ئاوێکی زۆری بڵاو دەکردەوە و یەختەکەی بەتوندی ڕادەوەشاند. وەها ترنجابوویەنە یەکتر و کەوتبووین بەسەر یەکتردا، کە دەرەتانی هەر جووڵەیەکی لێ بڕیبووین. پرسیاری کاتم لە عەبدولقادر کرد و ئەوەیکە چەند چرکە دەبێ بەڕێکەوتووین و ئایا وشکانییەک، دورگەیەک لەو نزیکانە دەبینێت؟ ئەویش وەڵامی دایەوە کە نە، هیچ دورگەیەک نابینم. دەوری نیو کاتژمێر بوو بەڕێکەوتبووین و لای کاتژمێر نۆی شەو شۆفێڕەکە ماتۆڕی یەختەکەی کوژاندەوە و یەختەکەی ڕاگرت. هەموو کەوتنە جووڵە و ترسیان لێنیشت. ڕێبوار کە لە تەنشت منەوە دانیشتبوو و تورکیی دەزانی پرسیاری لە شۆفێڕەکە کرد کە بۆچی ماتۆڕی یەختەکە کوژاوەتەوە، شۆفێڕەکە وەڵامی دایەوە کە، گازۆئیلمان لێ بڕاوە.شۆفێڕەکە و هاوڕێکەی ڕوو لە ئێمە کە هەموو ترسابووین و دەنگەدەنگمان دەهات بە تووڕەییەوە گوتیان، بێدەنگ بن و هیچ ڕووناکاییەک دامەگیرسێنن، تەنانەت ڕووناکیی شاشەی مۆبایلەکانتان. شۆفێڕی یەختەکە بە مۆبایل قسەی دەکرد و بە چراقووە عەلامەتی دەدا. یەختێکی تیژڕەو بە دوو نەفەرەوە لێمان نزیک دەبووەوە. بە دەنگی بەرز بە ڕێبوارم گوت کە بەنیازی ئەوەن ڕاکەن و لێرە بەجێمانبهێڵن، نابێت بهێڵین ڕاکەن. ڕێبوار بە تووڕەیی گوتی وانیە، بەنیازن یەختەکەی ئێمە ڕاکێشن، خۆیان پێیان گوتم. تووڕەتر بووم و بە ڕێبوارم گوت درۆ دەکەن. گوتی تۆخوا دۆخەکە تێکمەدە، خەریکم قسەیان لەگەڵ دەکەم. یەختە تیژڕەوەکە نزیکمان بوویەوە و ماتۆڕەکەی کوژاندەوە. یاریدەدەری شۆفێڕەکەی ئێمە بە دەمانچە بەسەرمانەوە وەستابوو و نەیدەهێشت کەس لەجێی خۆی بجووڵێت و تانانەت نەیدەهێشت پێکەوە قسەیش بکەین.شرێتێکیان بەرەو یەختەکەی ئێمە فڕێدا و یەکێک لە قاچاخچییەکان شریتەکەی ڕاکێشا و بەوجۆرە هەردوو یەختەکە پێکەوەلکان. هاوارم کردەوە کە بەنیازی ڕاکردنن. لە چاوترووکانێکدا هەردوو قاچاخچییەکە بازیاندایە نێو یەختە تیژڕەوەکە و ماتۆڕەکەیان پێکرد و ڕایانکرد. ئەوانەی لە کابینەکەی خوارەوە بوون ئاگایان لەم ڕووداوانە نەبوو. کاتێک هەموو زانییان کە قاچاخچییەکان ڕایانکردووە، هەراوزەنا و شیوەن و شەپۆڕ دەستی پێکرد. ژن و منداڵەکان زیاتر ترسابوون و بە دەنگی بەرز شینیان دەگێڕا. هەموو حەپەسابوون. زۆرکەس لەجێی خۆی هەستابوو و لەگەڵ زەبری شەپۆلە بەرزەکان بەسەریەکدا بەردەبوونەوە. یەختەکە کەوتبووە بەر تەوژمی قورسی شەپۆلەکان و جووڵەی خۆیشمان هێندی دیکە شانەوشانی پێدەکرد و ڕایدەژەند، وەها کە من بیرم لەوە دەکردەوە کە هاکا یەختەکەمان وەرگەڕێ. شارامیش هاتبووە سەرەوە. من و شارام و هەیبەت هەوڵمان دەدا خەڵکەکە هێور کەینەوە. هاوارمان دەکرد مەجووڵێن، ئەگەر نەجووڵێن یەختەکە لێرە دەوەستێت و سبەی کەشتییەکان دەمانبینن و ڕزگارمان دەکەن. کەس ئاگای لە دەنگی کەس نەبوو. خۆف و تۆقین و دەنگی گریانی پیاوەکان، وژن و منداڵەکان ئاوێتە ببوو. هەموو هاواریان دەکرد. بیرمە کاتێک فڕۆکەیەکی نەفەربەر بەسەرماندا تێپەڕی، هەموو هاواریان دەکرد و داوای یارمەتییان دەکرد. کاتی بەڕێکەوتنمان لە ئەسکەلەکە، سەرنجم دابووە چۆنیەتی پێکردنی ماتۆڕەکە. بە ڕێبینم گوت تۆ بڕۆ پشت سوکانەکە و هەرکات پێمگوتی ستارت لێدە. هەندێ کەس لەسەر سندووقی پاترییەکە دانیشتبوون کە شوێنەکەمان پێ چۆڵ کردن. دوو دانە پاتری لە بەشی پشتەوەی یەختەکە لە سندووقێکدا بوو کە دەبوو لەڕێی دوو تەلی پۆزتیڤ و نێگەتیڤ لێکیان بدەی بۆ ئەوی ستارت لێدەی. دوو تەلەکەم لێک گرێدا و بە ڕێبینم گوت ستارت لێدە. بەڵام مەخابن پاترییەکان بەتاڵ و بێهێز بوون و توانای پێکردنی ماتۆڕەکەیان نەبوو. چەندین جار دووپاتمان کردەوە، بەڵام جگە لە دەنگێکی نزم و بێهێزی ماتۆڕەکە دەسکەوتێکی دیکەمان نەبوو. لەم کاتەدا شارام خەڵکەکەی هێور دەکردەوە و پێی دەگوتن ئەگەر لەسەرەخۆ بن و نەبزوێن، هیچ ڕوونادات. هەموو شۆک ببوون و حەپەسابوون. هەیبەت هەوڵی ئەدا بە مۆبایل پەیوەندی بە پۆلیسەوە بگرێت، بەڵام بۆی نەدەگیرا. شارام بەردەوام دەیگوت تەلەفۆن بۆ شاپووری برام بکە. هەیبەت تەلەفۆنی بۆ شاپوور کرد. شاپوور وەڵامی دایەوە. هەیبەت پێی گوت کە لەسەر دەریاکە عاسیی بووین و قاچاخچییەکانیش ڕایانکردووە. لەو کاتەدا کە ئەودووانە سەرقاڵی قسەکردن بوون، شەپۆلێکی بەهێز یەختەکەی ڕاوەشاند و هەیبەت باڵانسی خۆی لەدەست دا و تەلەفۆنەکە کەوتە نێو ئاوەکە. دواتر کە کاک شاپوورم لە نۆروێژ بینییەوە، پشتڕاستی کردەوە کە ئەو شەوە هەیبەت تەلەفۆنی بۆ کردووە و لە دۆخەکە ئاگاداری کردۆتەوە و لەپڕ پەیوەندییەکە پچڕاوە. کاک شاپوور دەیگوت، پاش ئەوە هەرچی هاوارم کردووە و بانگی هەیبەتم کردووە، هیچ دەنگێکم نەبیستووە. وردە وردە بەشی پشتەوەی یەختەکە ڕۆدەچووە نێو ئاوەکە. ئاو بۆ نێو کابینەکەی خوارەوەش شۆڕببووەوە و لووزەوی بەستبوو. باران بە باوەوە شاڵاوی بۆ دەهێناین و هاوارمان کرد هەموو بڕۆنە بەشی پێشەوەی یەختەکە، بۆ ئەوەی کێش لەسەر بەشی پشتەوە کەم کەینەوە. سێ بۆ چوار کەس چوونە پێشەوە و هەرکە من لاقم نایە سەر سوکانەکە بۆ ئەوەی سەرکەوم، بینیم کە شەپۆلێکی بەهێز هەستا و لەگەڵ خۆی ئاوێکی زۆری بەتاڵ کردەوە نێو بەشی پشتەوەی یەختەکە. گەڕامەوە بۆ ئەوەی بە سەتڵ ئاوەکە دەرکەم، بەڵام هەر زوو زانیم کە کارلەکار ترازاوە و هیچی لەگەڵ ناکرێت. هەموو دەگریان و هاواریان دەکرد. نەمدەزانی چیمان لەدەست دێت. ئانوساتێکی سەیر بوو.پتر لە مۆتەکەیەک دەچوو. بەرانبەر بەرینیی و شەوەزەنگی زەریای ئێژە لەو ساردەشەوە زستانییەدا لێبڕابووین. تاکە دارایی ژیانی سی ساڵەم، واتە کۆڵەپشتییەکەم کە تەنیا هەندێ بەڵگەی پێناس و یادداشتە ڕۆژانەکانمی تێدابوو، فڕێدایە نێو ئاوەکە و هەرچی کۆڵەپشتیی دیکەشم دەکەوتە بەردەست، فڕێم دەدا بۆ ئەوەی یەختەکە سووک بێت. بەڵام بەداخەوە چیتر بەشی پشتەوەی یەختەکە نیشتبوو و ڕۆچبووە نێو ئاوەکە. دۆخێکی وەها لەخۆیدا هەستێکی سەیری نامۆ دەخولقێنێدیمەنی پەرتەوازە و کورتخایەن لە دەوروبەر، ترس و تۆقان و ناڵە و شین و شەپۆڕی بەکۆمەڵ، یەختێک کە وەکوو خاڵێک لەو زەریا بێسنوورەدا لە نوقمبووندا بوو، ترس و مەرگ کە هەرچی لێت نزیکتر دەبێتەوە، بەرانبەر هەژموونیی هێزەکەی،بێهێزتر و لاوازتر و دەستەوەستانتر دەبیت. بینینی ئەوەی کە بەشی پشتەوەی یەختەکە لێواری بە لێواری زەریاکەوە ناوە، لە ناخەوە مرۆڤی دەهەژاند. هاوارم کرد ئەوانەی پێیان دەکرێ خۆیان فڕێدەنە نێو زەریاکە، بەشکم یەختەکە سووکتر بێت و لانیکەم منداڵەکان تێدانەچن. خۆم یەکەم کەس و پاش من ڕێبوار بازمان دایە نێو ئاوەکە.پێش بازدانەکە بیستم کە ڕێبوار گوتی من بە مەلە دەڕۆم یارمەتی بێنم. لە ئانوساتێکدا چاوم لێبوو کە لێم دوورکەوتەوە. من هێشتاش نەمتوانیبوو بەسەرخۆمدا زاڵ بم. ڕێبوار مەلەوانێکی کارامە بوو. لەشێکی باریکەڵە و باڵایەکی بەرزی هەبوو. هێند دوور نەکەوتبووەوە کە بینی یەختەکە خەریکە بەتەواوی نوقم دەبێت و هەموو ناچارن خۆیان بهاوێژنە نێو ئاوەکە. هاواری کرد، منداڵەکانم. سەرلەنوێ بەرەو یەختەکە گەڕایەوە، چوونکە هاوژینەکەی و براکەی و هەرچوار منداڵەکەی لە یەختەکەدا بوون. لەم کاتەدا من تەنیا تاریکی و تێپەڕینی شەپۆلەکانم بەسەر خۆمەوە دەدیت. وێڕای تێپەڕینی هەموو ئەو ساڵانە، هێشتاش دەنگی شیوەن و شەپۆڕ و داوای یارمەتیی هاوڕێکانمم لەگوێدایە. مۆتەکەیەکی تۆقێنەر کە دیمەنەکانی بە وردی زەینم دەکۆڵن و خاراوی ئەو ڕەنجە فرمسێکی حەسرەتم پێ‌دەڕێژن. هێچ کۆمەڵە وشەیەک توانای دەربڕین و وێناکردنی ئەو دۆخەیان نیە، مەگەر ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە هەستیان بە مەرگ کردبێت. کاتوساتێک کە مەرگ لە هەناسەکانت پێت نزیکتر بێت و هیچ هیوایەکیش بە مان نەمابێت. لەو کاتەدا بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەم ژیانە، لە کاتی لەدایکبوونمەوە هیچی پێ‌نەبەخشییوم جگە لە دڵەڕاوکێ، زەجر، تۆقین، حەسرەت و ئاواتی بەدەینەهاتوو و ئەم تراژێدیا تۆقێنەرەش دوامنزڵگە و خاڵی کۆتاییەکەیەتی. دیمەنەکانی منداڵیم و بیرەوەرییەکانم لەبەر چاوم یەک بە یەک ڕیز دەبوون و تێدەپەڕین. کێوێک لە دڵتەنگی هێرشی کردبووە سەرم. لە منداڵیی تەژی لە خۆف و تۆقینی دەیەی ٦٠، لە هێرشی شەوانەی پاسدارە ڕەشپۆشەکان بۆ بردنی باوکم، لە بێدەنگیی دراوسێکانمان و داخستنی درگا و پەنجەرەکان و دادانەوەی پەردەکانیان، لە شین و شەپۆڕی دایکم و کوتەککاری و لێدانی باوکم، لە پرسیارەکانی خۆم لە هۆکاری هێرشی ئەم ڕەشپۆشە بێبەزەییانە وا من لە زمانەکەیان تێنەدەگەییشتم و لە دایکم کە وەڵامەکانی حەواڵەی گەورەساڵیی من دەکرد، لە گەڕان بەدوای باوکمدا لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی دیکە، لە دڵەڕاوکێکانی کاتی چاوپێکەوتنیان لە زیندان و یارییە منداڵانەکان لە حەوشی زیندان، لە دڵتەنگییەکانی قوتابخانە کاتێک مامۆستا پرسیاری دەکرد ئیشی باوکت چییە و من سەرەڕای ئەوەی دایکم گوتبووی مەڵێ باوکم لە زیندانە، ئەوکم دەگیرا و نەمدەتوانی درۆ بکەم و سەرم لە دونیای گەورەترەکان دەرنەدەکرد، لە ترس و تۆقینی دەنگی ئاژیری ئاگادارکردنەوەی مەترسی و بەزاندنی دیواری دەنگیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی بەعس، لە هێرشی مەئموورەکانی شارەوانی بۆ ڕووخاندنی خانووە”نایاسایی”ەکەی ئێمە، لە خۆفی هەموو ئەو جارانەی لەگەڵ باوکم دەکەوتینە کەمینی پۆلیس و دەسڕێژی گوللەکانیان لەسەر ماشێنەکەمان، لە ئاواتی گەورەبوون و بوون بە پێشمەرگە، لە سەردەمی دڵەڕاوکێ و خۆفی چالاکیی نهێنی، لە دڵتەنگیی نەبینینی دووبارەی باوک و دایک، براکان و ئازیزەکانم، پاش ماوەیەکی دوور و درێژی تاراوگەیەکی بەسەردا سەپاو، جگە لە گریان هیچی دیکەم شک نەدەبرد. هەموو ئەم دیمەنانە بە پێش چاومدا دەهاتن و تێدەپەڕین. بیرم لە دایک و باوکم دەکردەوە کە بەدڵنییاییەوە سبەی هەواڵی مەرگم لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەبیسن و تەنانەت تەرمەکەشم نادۆزنەوە و هەتا ئەو ڕۆژەی لەژیاندان حەسرەت لە دڵ دەبن. کات و ساتی سەفەرەکەم بە دایکم نەدەگوت بۆ ئەوەی ئەو شەوە بە دڵێکی ئارامەوە بنوێت و دڵی لای من نەبێت. دواتر دایکم گێڕایەوە کە هەمان شەو باوکت خەوی بینیبوو کە مەئموور و بەکرێگیراوێکی زۆر ڕاوەدوویان ناوی و تۆ بەدەستیانەوە ڕاتکردووە و نیوەشەو باوکت لەخەو ڕاچەنیوە. دایکم دەیگوت، باوکم گوتبووی ڕەنگە شۆڕش تووشی ڕووداوێک بووبێت. بەهەرحاڵ، بارودۆخێکی غەریب و نامۆ بوو، وەها کە قەڵەم دەرەقەتی نایە. وردە وردە توانیم هەندێ بەسەر خۆمدا زاڵ بم و بڕیارمدا خۆم نەدەم بەدەستەوە. بەرەو ئەو لایەی یەختەکە کە هیشتا بەدەرەوە بوو مەلەم کرد. گوڵناز یەکەم کەس بوو کە خنکا، پێویست بوو بەردەوام شیر بە کازیوە بدات، هەربۆیەش جلیسقەکەی لەخۆی نەبەستبوو. دواتر شارام بۆی گێڕامەوە کە زۆر ئارام، بەبێئەوەی یەک وشەش بدرکێنێت و یان بجووڵێت، کازیوەی لەسەردەست هەڵبڕیوە تا نوقم ببووەو لەچاو بزر بووە.

بەدەم مەلەوە بەرەولای پاشماوەی یەختەکە، بانگی شارام، هەیبەت و هانام دەکرد. شارام وەڵامی دایەوە. دەگریا و داوای دەکرد فریای بکەوم. بە شارامم گوت تۆ جلیسقەت لەبەردایە و دەتوانی لەسەر پانتایی ئاوەکە بەپشتا بکەوی و لەگەڵ هەر شەپۆلێکدا هەناسەت ڕاگرە و پاش تێپەڕینی شەپۆلەکە دەریبکە. پێمگوت من جلیسقەم لەبەردا نیە و ناتوانم لێت نزیک بکەومەوە. دەستم گەییشتە پاشماوەی یەختەکە. بەقەدەر میترێک بۆ میترونیوێک لە یەختەکە هێشتە لەسەر ئاو بوو. دەستم لێ توند کرد و هەناسەیەکم تازە کردەوە. لەو کاتەدا گەورەترین ئاواتم ئەوەبوو ئەو بەشە لە یەختەکە نوقم نەبێت. هەیبەتیش گەییشتەلام. دەگریا. منیش هەروەتر. گوتی شۆڕش گوڵناز مرد. منداڵەکانم تێداچوون. ژیانم فەوتا. نەمدەزانی بڵێم چی. دڵی بدەمەوە، یان بڵێم ئەمەش تێدەپەڕێت، یان بۆخۆت سەلامەت بیت. دوا ڕستەیەک کە لە زاری هەیبەتم بیست و لەبیرم ماوە ئەوەبوو کە چ بەڵایەکمان بەسەر دێت. لەم سەروبەندەدا و لەو هەراوزەنا و شیوەن و شەپۆڕەدا، گوێم لەدەنگی شارام بوو کە بەردەوام داوای دەکرد بەهانایەوە بچم. وەڵامی هەیبەتم دایەوە و گوتم، نیگەران مەبە، تاقمان دەرناچین و هەموومان هەر لێرە دەمرین و هیچیشمان لەدەست نایە. پێشتر هەیبەت گێڕابوویەوە کە مەلەوانی چاکە و گەلێجار پانتایی زەریاچەی زرێباری بە مەلە بڕیوە. لەم کاتەدا یەختەکە بەتەواوی نوقم ببوو و لەچاو بزر ببوو. شەپۆلە زەبەلاحە چەند میترییەکان هەریەکەمانی تەرەی لایەک خستبوو و دەنگەکان تادەهات دوور و دوورتر دەبوونەوە. لەو تاریکەشەوەدا بینینی دەوروبەر بەبێ چاویلکە بۆ من دژوار بوو و زیاتر دەنگی گریان و شین و هاوارم دەبیست.

سەیری دەوروبەری خۆمم کرد، ترووسکایی ڕووناکییەکی سوورم لە دوورەوە دەدی. لێکدانەوەی ئەوەیکە ئەو ترووسکاییە پاپۆڕە یان وشکایی ئەستەم بوو، بە شارامم گوت کە من بەرەو ئەو ترووسکاییە سوورە مەلە دەکەم، یان لە هێنانی یارمەتی سەرکەوتوو دەبم یان دەمرم. هەروەها گوتم ئەگەر لەو ماوەیەدا یارمەتی گەییشتە لای ئەوان، بڵێن یەکێکمان بەرەو ئەولایە ڕۆییشتووە. ددانمان لە تەوژمی سەرما و خۆفدا چۆقەیان دەهات. دەبوو بڕیاربدەم، بە سەرنجدان بەوەیکە زۆری مابوو هەتا ڕۆژبێتەوە، بە مانەوە لەو سەرمایەدا تاقمان دەرنەدەچووین. بەرەو ترووسکاییە سوورە کە کە پتر لە داراڵا دەچوو مەلەم دەکرد. نەمدەزانی ڕووم لە تورکیەیە یان یونان، تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە کە خۆم بگەیەنمە ئەوێ و بتوانم یارمەتی بێنم. ناچار بووم لە کاتی مەلەکردندا چاویلکەکەم لابەم و کاتێک بۆ تازەکردنەوەی هەناسە و پشوودان دەوەستام، دەمکردەوە چاوم بۆ ئەوەی بزانم نزیک بوومەتەوە یان نە!!! کات و ساتێکی پڕ لە خۆف و تۆقێنەر بوو. چیدی من لە هاوڕێکانم دوور کەوتبوومەوە و گوێم لە هیچ دەنگێک نەبوو. خۆف لە زەریا و تاریکییەوە شاڵاوی بۆ دەهێنام، بەڵام هەوڵم دەدا ترسەکە لە خۆم دووربخەمەوە. زیاترین شتێک کە بیرم لێ دەکردەوە دایکم و باوکم بوو. دەتگوت وێنەکانیان لەپێش چاوم هەڵکۆڵرابوون. بەڵێنم بە خۆم دەدا گەر لەبەر ئەوانیش بووبێت، پێویستە بمێنم و نەمرم. پاش ماوەیەک مەلەکردن، مەیلی خۆبەدەستەوەدان بەو زەریایە فشاری بۆ هێنابووم. یەک دوو جاریش تەنانەت گەییشتمە ئەو ئاستە کە خۆم نوقم بکەم، بەڵام ڕواڵەتی دایکم لەکاتی بیستنی هەواڵی خنکانی من لەو زەریایەدا ڕێی لە خۆبەدەستەوەدانم دەگرت. جگە لەوەش هەستم بە بەرپرسایەتیی چارەنووسی سی مرۆڤی دیکەش دەکرد کە دەمتوانی ڕزگاریان بکەم. ئانوساتێکی ئەستەم و قورس بوو. یەک دوو جاریش ویستم بگەرێمەوە بۆ شوێنی نوقم بوونەکەمان، بەڵام دەترسام نەیاندۆزمەوە. بەخێرایی مەلەم دەکرد بەڵکوو هەرچی زووتر بگەمە ئەو ترووسکاییە سوورە کە چیدی دڵنیا ببوومەوە کە دورگەیەکی بچووکە کە چوار دەوری بە ئاو گیراوە. یەک دووجار هێندەی نەمابوو ماسوولکە و دەمارەکانی لاقم بیگرێت. ئەگەر بیگرتایە، بەدڵنییاییەوە دەخنکام. پێشتر کاتێک لە دەربەندەکەی سنە مەلەم کردبوو یەک دوو جار دەماری لاقم گرتبووی و هێندەی نەمابوو بمخنکێنێ، بەڵام ئەوسا تییوبم پێبوو و لە خنکان ڕزگارم ببوو. هەرکات بڕستی مەلەم لێدەبڕا و دەمویست پشوویەک بدەم، تەزووی سەرمای ئاوەکە هەمووگیانمی سڕدەکرد و دەلەرزیم و هەر بۆیە بەناچاری دەستم دەکردەوە بە مەلەکردن.

بەکورتی هەرچی نزیکتر دەبوومەوە، هیوادارتر دەبووم و خیراییەکەم زیاتر دەکردەوە. کاتێک پاش چەندین کاتژمێر مەلەکردن لە دورگەکە نزیک ببوومەوە، چاوم لە ئاگرێکی داگرساوییشەوە بوو. بەدەنگی بەرز هاوارم دەکرد فریامان کەون. وێڕای ترس، تاریکی، سەرما و شەپۆلە زەبەلاح و بەسامەکان، لە هێرشی گیانلەبەرەکانی نێو زەریاکەش تۆقیبووم. هەربۆیەش کاتێک شەپۆلە زەبەلاحەکان ڕوویان تێدەکردم و ناچار دەبووم خۆم بە بن ئاوەکەدا بکەم، هاوکات چاوەکانم دەکردەوە بۆ ئەوەی ئەگەر گیانلەبەرێکم بینی، دەستێک بکەمەوە و بەرگری لەخۆم بکەم. چیدی زۆر نزیک ببوومەوە و ئەوانەی لە دورگەکەدا بوون دەنگی منیان بیستبوو و بە چراقوە ئاگاداریان دەکردمەوە. دواتر زانیم کە ئەو دورگەیە هەمان دورگەیە وا بڕیار بوو یەختەکەمان بگاتە ئەوێ و ئەوانەی لەوێ بوون ئەو پەنابەرانە بوون وا پێش ئێمە بەڕێکەوتبوون و بە سەلامەت دەربازیان ببوو. دواتر کاتێک لە هۆتێلێکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بووین، ژنێکی خەڵکی سووریەمان دۆزییەوە کە ئەو شەوە دەنگی منی بیستبوو و پۆلیسی یونانی ئاگادار کردبووەوە. ٥٠٠ میترێکم مابوو بگەمە کەناری ئاوەکە، سەیری دەوروبەری وشکانییەکەم دەکرد بەشکم یەختێکی لێبێ بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ یارمەتیدانی هاوڕێکانم. لەم کاتەدا پاپۆڕێکی پشکنینی کەنارئاوەکانم بینی کە پرۆژۆکتۆرەکانی بەداگیرساوی دەسووڕایەوە. ڕێگاکەم گۆڕێ و لەبری وشکانییەکە بە مەلە ڕووم کردە پاپۆڕەکە. کاتێک لێی نزیکەوە بوومەوە هاوارم کرد فریام کەون، فریام کەون. ئەوان لەژێر رووناکیی پرۆژۆکتۆرەکەدا کە پانتای ئاوەکەی ڕووناک کردبووەوە منیان بینی، تیووبێکی پلاستیکییان بۆ فڕێدام، دەستم دایە و خۆم لە پاپۆڕەکە نزیک کردەوە. پلیکانەیەکی لە شرێت سازکراویان بۆ بەردامەوە بۆ ئەوەی خۆم بگەیەنمە سەر تەختەبانی پاپۆڕەکە. پلیکانەکەم گرت و سەرکەوتم، دەوری دە پلیکانم مابوو بگەمە سەرەوە کە پلیکانە دارەکە لە بن پێمدا شکا و بەخێرایی بۆ نێو ئاوەکە بەربوومەوە. بەهەر چەرمەسەرییەک بوو خۆم خستەوە سەرئاو. پلیکانەیەکی دیکەیان بۆ بەردامەوە و لێی سەرکەوتم. لە گۆ کەوتبووم، زبانم چبووەبەس و تەنیا دەگریام. بەو شڕە ئینگلیسییەی کە دەمزانی ئاماژەم بۆ ئەو ئاراستە کرد کە لێیەوە هاتبووم. پرسیاریان لێ کردم کە چەند کەس بوون و چەند منداڵتان لەگەڵ بوو؟ من هەر دەگریام و هاوارم دەکرد هەیبەت، گوڵناز، شارام، هانا، لەکوێن. ئەوان داوایان لێدەکردم لەسەرەخۆ بم بەڵکوو دەنگێک ببیسن. پاپۆرەکە بەخێرایی بەو ئاراستەدا کە من ئاماژەم بۆ دەکرد دەڕۆی. پرۆژۆکتۆری زۆریان داگیرساندبوو و پانتای ئاوەکەیان بەتەواوی ڕووناک کردبووەوە. یەکەمین دەستە کە دیارکەوتن پێنج بۆ شەش کەس دەبوون. دووانیان برا بوون و خەڵکی ئەفغانستان بوون، هەرکە سەرکەوتن یەکترمان لە ئامێز گرت. برا بچووکەکە کە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو، بەدەم گریانەوە گوتی کازیوەی بەسەر ئاوەکەوە بینیوە و کردوویەتە قەڵادۆشکانی و هەتا ماوەیەکیش زیندوو بووە، بەڵام دواتر جەستەی ساردەوە بووە و تێگەییشتووە کە گیانی بەبەرەوە نەماوە. گوتیشی زۆری هەوڵداوە بمێنێت، بەڵام هیچی لەدەست نەهاتووە. یەکە بە یەکە و تاک و تەرا هەرکامیانمان لە سووچێک دەدۆزییەوە. شارام و ڕێبینیش زیندوو بوون و لە ئاخر کەسەکان بوون کە دۆزرانەوە. پرسیاری هەیبەت و هانام لێ کردن. بەدەم گریان و شیوەنەوە وەڵامیان دایەوە؛ نازانین ماون یان نە. دوو هەلیکۆپتێری فریاکەوتنیش بەئاسمانەوەدەسووڕانەوە و بەدوای نەفەرەکانی دیکەدا دەگەڕان. لە کۆی ٣٠ کەسەکەمان ١٥ کەسمان دەرباز ببووین. تەرمی خنکاوەکانیشیان لەسەر ئاوەکە کۆ کردەوە. کاتێک پاپۆڕەکە گەییشتە دورگە بچووکەکە، پۆلیسەکان بانگیان کردم و کەوتنە وزەم و لێیاندەدام. نە تێدەگەییشتم بۆ لێمدەدەن و نە دەمتوانی قسە بکەم. حەپەساو وەستابووم، دەلەرزیم و دەگریام. ئەوان دەیانگوت کە من قاچاخچیم، لەبەرئەوەی توانیبووم هەتا دورگەکە مەلە بکەم!!!دەیانگوت ئەوەی توانیبێتی ئەو ڕێگا دوورودرێژە بە مەلە ببڕێت، یان شۆفێڕی یەختەکەیە و یان خودی قاچاخچییەکەیە. لەو کاتەدا من توانای لێکدانەوە و تێگەییشتنم نەبوو و لە شۆکدا بووم و تەنیا دەگریام. لەم کاتەدا یەک دوو کەس لەوانەی لەگەڵمان بوون و لە زمانی ئینگلیسی تێدەگەییشتن، بۆ پۆلیسیان ڕوون کردەوە کە من لە ئێستامبولەوە لەگەڵیان بووم و خۆیشم لە پەنابەرەکانم و ئەوە من بووم کە گیانی ئەوانم ڕزگار کردووە و قاچاخچییەکان بە یەختێکی تیژڕەو ڕایانکردووە. لە نێو ئەوانەدا کە خنکابوون و من زانیارییم لەسەریان هەیە، بنەماڵەی هەیبەت هەر چوارەکەیان خنکابوون. لە بنەماڵەی ڕێبوار تەنیا لەیلا ڕزگاری ببوو و ڕێبوار و عەبدولقادری برای و هەرچوار منداڵەکەی خنکابوون. دوو منداڵی چوار و شەش ساڵانی ژن و مێردێکی ئەفغانستانیش خنکابوون. خودی ژنە ئەفغانییەکە گوتی کە تەرمی هەیبەتی لەسەر ئاوەکە گرتۆتەوە و جلیسقەکەی ئەوی کردۆتە بەرخۆی و بەوە ڕزگاری بووە. دوو گەنجی ئەفغانستانییش خنکابوون. کاتژمێر نزیکەی هەشتی بەیانی گەییشتیینە دورگەی “لیروس”. هەندێ جلوبەرگیان بۆ هێناین و بردمانیان بۆ هۆتێلێک. لەیلا تەنیا خۆی مابووەوە و هیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕزگاریان نەببوو. خەمی ئەو کۆستەی بەسەریدا هاتبوو شێت و هاری کردبوو. سەروچاوی خۆی دەڕنی و بانگی منداڵەکانی دەکرد. هیچکام لە کارمەندەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان نەیاندەتوانی لێی نزیک ببنەوە، هەر چاوی پێیان دەکەوت بەردەبووە سەروچاوی خۆی و دەیقیژاند بمگێڕنەوە بۆ عراق. من و ڕێبین دەمانتوانی هەندێ قسەی لەگەڵ بکەین. داوای ناونیشان، ژمارە تەلەفۆن و زانیاری لەسەر بنەماڵەکەیمان دەکرد بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەینەوە. بەڵام هیچی لەبیر نەبوو. بەهەر کلوجێ بوو توانیمان ناوی بنەماڵەکەی لە کەرکووک بدۆزینەوە. لە ڕێی بنەماڵەی ڕێبینەوە کە لە هەولێر بوون، توانیمان پەیوەندی بە بنەماڵەی لەیلاوە بکەین و لە بارودۆخەکە ئاگاداریان بکەینەوە. پاش ماوەیەک لەیلا لەگەڵ تەرمەکانی بنەماڵەکەی گەڕایەوە بۆ کوردستانی عەراق. تەرمەکانی بنەماڵەی هەیبەتیش گەڕێندرایەوە بۆ مەریوان. لە پشکنینە پزیشکیەکاندا دەرکەوت کە هەیبەت و هانا دڵیان لە لێدان وەستاوە. تەرمەکانی دیکەش بە بێ ناو ونیشان لەو دورگەیە ئەسپەردە کران. پاش ماوەیەک نەتەوە یەکگرتووەکان ئێمەی گواستەوە بۆ “ئاتێن”. ڕێبین هەر لە ئاتێن مایەوە و من و شارام و کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە کە لە ئاتێن ناسیمانن بەرەو “مەقدوونییە” بەڕێکەوتین. لە خاڵێکی پشکنینی مەقدوونییە شارام و ئەو جەماعەتە گیران و من دەرباز بووم. تەندروستیم خراپ بوو، سییەکانم چڵکیان کردبوو و دەستم بە هیچ دەرمانێکیش ڕانەدەگەیی. هەوا گەلێ سارد بوو و بەفرێکی زۆریش باریبوو. لە ماوەی یەک حەوتوودا، سنووری وڵاتانی “بۆلغارستان”، “سێربێستان”، “کرۆواسی” و “ئسلۆنی”م تێپەراند. گەییشتمە “ئۆتریش” و لەوێشەوە بۆ “ئاڵمان”. بەیانیی زوو بوو کە پۆلیسی ئاڵمان من و چوار کەسی دیکەی دەستبەسەر کرد کە لەڕێدا یەکگیر ببووین و یەکمان ناسیبوو. پەنابەرەکانی خەڵکی سووریە دەسبەجێ ئازاد دەکران. خەڵکی وڵاتانی دیکەیان دەگەڕاندەوە. لە ئیدارەی پۆلیس گوتم من عەرەبم.دیلمانجێکیان هێنا بۆ ئەوەی قسەم لەگەڵ بکات. دەسبەجێ زانی عەرەبی نازانم و پێی ڕاگەیاندن. منیان گواستەوە بۆ کەمپێک بۆ ئەوەی بمگەڕێننەوە. لە کەمپەکە ڕێگەیان نەدەدا بچینە دەرەوە. بە نیگابانەکانم گوت کە چەند ڕۆژە هیچم نەخواردووە و دەمهەوێ بڕۆمە دەرەوە بۆ ئەوەی نانێک بخۆم. نەیانهێشت. لە نێو کەمپەکەدا سیمکارتێکم بە تێچوویەکی زۆر کڕی و قسەم لەگەڵ یەکێک لە ناسیارەکانم کرد. پێم گوت کە گەلێ نەخۆشم و لە کەمپێکدام کە دەیانهەوێ بماننێرنەوە بۆ یونان.

گوتی ئەگەر دەتوانی ڕاکە و لە دەرەوە تەلەفۆنەکە بدە بە کەسێک بۆئەوەی بزانم لە چ شوێنێکی ئاڵمانی. لای ئێوارە کۆمەڵێک خەڵکی دیکەیان هێنا. لە سەروبەندی ئەو قەرەباڵغییەدا خۆم کرد بە مابەینی ماشێنەکاندا و بە خشکەیی لە کەمپەکە ڕامکرد. تەلەفۆنم بۆ ناسیارەکەم کرد. گوتی پرسیاری وێستگەی قەتارەکە بکە. ڕێبوارە ئاڵمانییەکان بە سەرسووڕمانەوە سەیریان دەکردم. نزیکەی حەوتوویەک دەبوو خۆم نەشووشتبوو. کەوشەکانم و جلوبەرگەکانم نوقمی قوڕوچڵپاو بوون. پتر لە هەمووشت لە پۆلیس دەترسام. سەروسەکوتم هاواری دەکرد کە مرۆڤێکی ئاسایی نیم. لە وێستگەی قەتارەکە تەلەفۆنەکەم دایە دەست نەفەرێک بۆ ئەوەی لەگەڵ ناسیارەکەم قسە بکات. ناسیارەکەم گوتی مەودای نێوانمان بە ماشێنی خۆمان دەوری سێ و نیو بۆ چوار کاتژمێرە. بڕۆ لە شوێنێک چاوەڕوانم بکە هەتا دەگەمە لات. گوتم تەلەفۆنەکەم شارژی نەماوە و چوار کاتژمێری دیکە لە هەمان شوێن دەبم وا لەگەڵ ئەو پیاوە قسەتان کرد.

تەلەفۆنەکەم داخست. هەوا گەلێ سارد بوو و نەدەکرا بەو حاڵەوە لەدەرەوە چاوەڕوان بکەمملی ڕێگام گرتەبەر. دووکانی ساندویچییەکم بینی. چوومە ژوورەوە. داوای ساندویچێکم کرد. خێرا کابرای خاوەن دووکان پرسیاری کرد خەڵکی کوێی؟ گوتم من هیچ وڵاتێکم نیە، بەڵام زبانی کوردی و فارسی دەزانم. گوتی منیش کوردم و پرسیاری پەرێشانیی و شپرزیی سەروشکڵی لێ کردم. گوتم نزیکەی حەوتوویەکە بە ناساخی و بە برسیەتی، بێ‌پشوو ڕێگام بڕیوە و لە یونانەوە خۆم گەیاندۆتە ئێرە. گوتی لەو پشتەوە ئاودەستێکی لێیە، بڕۆ هەندێ خۆت ڕێکخە. پرسیارم لێکرد کە ئایا دەتوانم مۆبایلەکەم شارژ کەمەوە؟ کە بەوپەڕی سینگفراوانییەوە قبووڵی کرد. لە ئاوێنەکەدا سەیری خۆم کرد و ئەوسا تێگەییشتم خەڵک بۆ وا سەیریان دەکردم. ئاوێکم بە سەروچاومدا کرد و دەستێک جلوبەرگی دیکەم لە کۆڵەپشتییەکەمدا پێبوو، لەبەرم کرد. خاوەنی ساندویچییەکە لە سووچێکی دووکانەکەیدا باڕێکی بچووکیشی هەبوو. چوومە ئەوێ و هەندێ مەشرووبم خواردەوە و خەوم لێکەوت. لەپڕ تەلەفۆنەکەم زەنگی لێدا. ناسیارەکەم بوو. گوتی گەییشتووم و لە شوێنەکەم. بەپەلە خۆم گەیاندە ناسیارەکەم. پاش چاک‌وچۆنی و بەڕێکەوتن، پرسیاری ڕووداوەکانی لێکردم. گوتم ئێستا هێزی قسەکردنم تێدا نیە و هەتا گەییشتینە شوێن خەوم لێکەوت. 

پاش ئەوەی گەییشتمە ئاڵمان، ماوەی ساڵێک لە کەمپە جیاوازەکاندا ژیام. کەمپگەلێک کە هۆڵی وەرزشی بوون، سەدان کەس تێیاندا دەژیان و لەوێ هیچ چوارچێوەیەکی کەسی بوونی نەبوو. چەندان مانگی خایاند هەتا تەندروستیم بۆ گەڕایەوە. شارام چەندین مانگ لە زیندانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئورووپا بوو و پاش ساڵێک گەییشتە ئاڵمان. ئێستاکە ڕێبینیش لە فەڕانسە دەژی. هەمیشە بڕوام بەوە هەبووە کە وشەکان دەتوانن کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان دابنێن: دەتوانن ئاڵوگۆڕ دروست بکەن و شۆڕشەکان هەڵگرسێنن. وشەکان توانای ئەوەیان هەیە وێنا نادروستەکان بسڕنەوە، دەتوانن ئاستی ڕەنج و ئازاری خەڵکانی ستەملێکراو، بێزراو و پەست کراو و پەنابەرەکان وێنا بکەن و دواجاریش گەر وانەبێت، لانیکەم چیرۆکی بێبەزەیی بوونی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە بۆ سەردەمانی داهاتوو دەگوازێتەوە و دەیهێڵێتەوە. 

هەڵبەت هیوادارم لە داهاتوودا مرۆڤایەتی بگاتە ئەو ئاستە لە ناسین و بینایی و ئاگایی کە پێویست بە پێداچوونەوەی ئەم چیرۆکە تاڵانە نەکاتەوە.

 نووسەر: شۆڕش کەریمی

وەرگێڕ: بەهار حسەینی 

17.01.2025