ئەیوب دەباغیان
١٥ مەی ٢٠٢٦
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەغدادی پایتەختی عێراق ڕوبەڕوی دوو کارەسات و تاوانی جەرگهەژێن و شۆکهێنەر بوویەوە؛ دوو ڕووداو کە نەک تەنها عێراق، بەڵکو هەستی مرۆڤایەتی لە هەموو شوێنێک هەژاند. یەکەم ڕووداو، کوشتنی کچێکی ١٥ ساڵان بوو، کە تەنها تاوانی ئەوەی هەبوو ڕازی نەبوو بە هاوسەرگیری لەگەڵ ئامۆزاکەی. بەڵام لەبری پاراستن و پشتگیری، ژیانی ئەو منداڵە بوو بە قوربانی “شەرەف” و “کەرامەت”؛ وشەیەک کە زۆرجار بۆ شاردنەوەی خوێن و توندوتیژی بەکار دێت. ئەوەی دڵتەزێنترە، گێڕانەوەی شایی و لۆغانی سەرجەم کەسوکار و عەشیرەتەکەی بوو، وەک ئەوەی تاوانێکی دڕندانە نەکراوە، بەڵکو “سەرکەوتنێک” بەدەستهاتووە.
دووهەم ڕووداو، کە لەهەموو سنوورەکانی دڕندەیی و نامرۆڤایەتی تێپەڕی. کچێکی ٤ ساڵان ڕفێندرا، دەستدرێژی سێکسیی کرایە سەر، شکەنجە درا و پاشان بە مەبەستی کوشتن فڕێدرایە ناو زبڵ و خاشاک. ئەویش لە دەست ئەو کەسانەوە کە پێویست بوو پارێزەری بێن، نەک دەستدرێژیکار و جەڵات؛ چوونکه وەک باس دەکرێت دوو لە تاوانباران خاڵۆ و مامەی خۆی بوون. ئەم دوو کارەساتە تەنها تاوانی تاکە کەس نین، بەڵکو ئاشکرا کردنی قووڵی قەیرانی کۆمەڵایەتین؛ قەیرانێک کە تێیدا ژن و منداڵ هێشتا لە ژێر دەستی بیرکردنەوەی عەشیرەیی، دەسەڵاتی پیاوسالاری و بێسزایی تاوانباران دان.
هیچ شەرەفێک لە کوشتنی کچێکدا نییە.
هیچ کەرامەتێک لە شکەنجەدانی منداڵێکدا نییە.
ئەوەی هەیە تەنها تاوانە، دڕندەییە و شکستی ویژدانی مرۆییە.
کۆمەڵگەیەک کە بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری لە بەردەوامبوونی تاوان دەکات. ئەگەر یاسا بە توندی و دادپەروەری وەڵام نەداتەوە، ئەگەر دامەزراوەکان ئەرکی پاراستنی منداڵ و ژنان لە ئەستۆ نەگرن و نەیانپارێزن، و ئەگەر کلتووری ڕەواییدان بە توندوتیژی بەردەوام بێت، ئەم کارەساتانە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە.
ئەمڕۆ پێویستمان بە هەڵوێستێکی ڕوون هەیە:
هەڵوێستێک دژ بە کوشتن بە ناوی شەرەف،
دژ بە دەستدرێژی و توندوتیژی،
و دژ بە هەر کلتوورێک کە ژیانی منداڵ و ژن بێبایەخ دەکات.
بەغدا ئەمڕۆ تەنها شارێکی شۆکهەڵگرتوو لە بەرامبەر تاوانگەلێکی یەک لەدوای یەکی گەورە و قێزەون نییە؛ بەڵکو شایەتحاڵی شکستی ویژدانێکی کۆمەڵایەتییە کە منداڵەکانی بە بێ پاراستن جێهێشتووە، و بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم تاوانانە یەکسانە بە هاوبەشی لە تاوان و شکستی ویژدانی مرۆڤایەتی.
122