50

رۆژانێک بوو
– بیرم نایێت کەی،
رۆژگارێکی زوو،
ئێگجار زوو –
گۆرانیبێژانی لاوی رۆحسووک
تاونەتاوێک هەر دەیانوت:
“بۆت دەڵێم لەو بەندانه، لەو بەندانه”!
هەستم دەکرد بەندێکم لەو بەندانه
چەن خۆش بوو
چەن بەلەزەت بوو
دڵخۆشی ئەو سەردەمانه
من چاوەڕێی گۆرانیبێژان نەدەمام
وام دا دەنا خۆم بەندێکم
سەربەندێکم
دایم سەرحاڵ و گەنجانه
دەم به نەغمه و شیعر و گۆرانی مەستانه
رەگاوڕەگی گیانی جوانیم پڕ له هەستی سەربەستانه
ئای له خۆشی ئەو ساڵانه!
***
ئەی ئێسته چی؟
ئێسته گەیشتوومه فەسڵی ئاخر
له کتێبێکی کۆنی مێژوو
له سەر گشت لاپەڕەکانی
به خەتی لەرزۆک نووسراوه:
“رۆژانێک بوو”!
چاوه
15/07/2025
٢٤-٤- ١٤٠٤