حوکمی لەسێدارەدان بۆ زیندانی سیاسی لە شاری نەغەدە؛ دادگاییکردنێکی چەند خولەکی بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر

ک.م.م.ک.:

لە زیندانی نەغەدە، زیندانی سیاسی ڕامین زەلە بە تۆمەتی “بەغی” لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێران لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر سیامی حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە؛ سزاکە لە ١٥ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٥دا پێی ڕاگەیێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەلە زیاتر لە ٥٠٨ ڕۆژە لە دەستبەسەریدایە و تەنیا لە دادگای ئۆنلاین دادگایی کراوە کە چەند خولەکێکی خایاندووە و بەبێ پارێزەرێکی دیاریکراو. ناوبراو لە سەردانکردن لەگەڵ خێزانەکەی و مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە بە درێژایی دەستبەسەرکردنی، پارێزەرێکی بەکرێگیراو بۆی دیاری کراوە کە خێزانەکەی نایناسن. هەروەها لەو ماوەیەدا بنەماڵەی ناوبراو لە ژێر فشاردا بووە کە زانیاری لەسەر دۆسیەکە نەدەن.

ڕامین زەلە لە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ بەبێ فەرمانی دادگا و کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەرکرا و تا مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ تا ئێستاش لە زیندانی ڕێژیمی ئێران لە نەغەدە لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیرابوو؛ لە کاتێکدا ئیمکانی ئازادکردنی کاتیش نەدەدرا.

ڕامین کوڕی کەمال و خەڵکی شاری نەغەدە دۆسیەکەی جارێکی دیکە تیشک دەخاتە سەر پرسی پێشێلکردنی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەئاست تۆمەتبارانی سیاسی کورد.

E.Sh

The post حوکمی لەسێدارەدان بۆ زیندانی سیاسی لە شاری نەغەدە؛ دادگاییکردنێکی چەند خولەکی بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە