دۆسیەسازی بۆ سێ مامۆستا لە سەقز؛ سەندیکاکان هۆشدار لە زیادبوونی فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر پەروەردەکاران لە کوردستان دەدەن

ک.م.م.ک:
لە سەقز، سێ مامۆستا کە ئەندامی کۆمەڵەی سەندیکای مامۆستایانن، بە ناوەکانی تاهیر قادرزادە، ئەحمەد قادری و سولەیمان عەبدی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگهێشت کراون و دوای ئەوەی تۆمەتبار کران، دۆسیەیەکی یاسایی لە دژیان تۆمار کراوە. ئەم کەیسانە لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن داواکاری گشتیەوە لەسەر ئەم مامۆستایانە هەبووە، تۆمارکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی هەماهەنگی سەندیکاکانی مامۆستایانی ئێران، ئەم سێ مامۆستایە ڕووبەڕووی تۆمەتی پەیوەندیدار بە چالاکیی سەندیکاکانیان بوونەتەوە؛ هەنگاوێک کە ئەنجومەنەکە بە “بەردەوامی پرۆسەی ئەمنیەتیکردنی چالاکییە پیشەیی و پەروەردەییەکان” وەسفی کرد و هۆشداریدا لە دەرئەنجامەکانی بۆ مافەکانی پەروەردەکاران.

چالاکانی سەندیکاکان لە کوردستان دەڵێن، تۆمارکردنی ئەو دۆسیانە بەشێکە لە شەپۆلێکی فراوانتری گوشاری ئیداری و ئەمنی دژ بە مامۆستایان. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو فەرمانی دەرکردنی هەشت مامۆستای دیکەی کوردستان ڕاگەیندرا .

هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لانیکەم یازدە مامۆستا لە سەقز و سنە ڕووبەڕووی فەرمانی کارگێڕی توند بوونەتەوە، لەوانە خانەنشینی زۆرەملێ لەگەڵ دابەزاندنی پلە، دوورخستنەوە لە کار، دابڕانی کاتی لە خزمەت، و بێبەشکردن لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبردن؛ ڕێگایەک کە بەپێی ڕێکخراوەکانی سەندیکاکان ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی فشاری پێکهاتەیی لەسەر کۆمەڵگەی پەروەردەیی لەم ناوچەیەدا.

پرسی گوشار بۆ سەر مامۆستایان لە ئێران و کوردستان بەردەوام یەکێک لە بوارانەیە کە جێی نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووە و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان هۆشداری ئاگادار کردنەوەیەکی نوێیە لە ئاست سنوورداربوونی کەشت سەندیکا و چالاکییەکانی پەروەردەیی.

E.Sh

The post دۆسیەسازی بۆ سێ مامۆستا لە سەقز؛ سەندیکاکان هۆشدار لە زیادبوونی فشارە ئەمنییەکان بۆ سەر پەروەردەکاران لە کوردستان دەدەن appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە