مانگرتن لە خواردنی نائیب عەسکەری لە زیندانی ورمێ لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بێبەری کردنی لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی

ک.م.م.ک:

نائیب عەسکەری، زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ، لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی، لە ناڕەزایەتی دژی بێبەریکردنی درێژمەودا لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن؛ هەوڵێکە دڵەڕاوکێی سەبارەت بە دۆخی جەستەیی ناوبراوی هەڵکشاندووە.

بەپێی کوتەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی نێزیک لە بنەماڵەی ئەم زیندانییو، نائیب عەسکەری لەماوەی نێزیک لە ساڵێکە لە چاوپێکەوتنی خێزانەکەی بێبەری کراوە و تەنانەت داواکاری کابینی چاوپێکەوتنیشی ڕەت کراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان ناوبراو جگە لە مانگرتن تەنانەت لێوەکانیشی دوورینەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکان، بنەماڵەی عەسکەری، غەرامەی دیارکراو لە دۆسیەکەی بڕی ٩٠ ملوێن تمەنیان بەتەواوی داوە، بەم حاڵەوە ناوبراو هێشتا لە مافی چاوپێکەوتن و چوونی بۆ پشوو بێبەرییە.

نائیب عەسکەری پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامەکەی لە دیوانی باڵای وڵات، لە خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بۆ ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و سزای غەرامە مەحکووم کرا. ناوبراو پێشووتر بەتۆمەتی محاتبە و دواتر بەغی بە ئێعدام مەحکووم کرابوو؛ تۆمەتێ کە ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری دەسەڵات ڕاگەیەندراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خاکەلێوەی ٢٧٢١ی کوردی، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکان بۆ زیندانی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا. بەپێی کوتەی سەرچاوەکان، دۆسیەی قەزایی دیکەی دژی ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران هێشتا کراوەیە.

ق.ش

The post مانگرتن لە خواردنی نائیب عەسکەری لە زیندانی ورمێ لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بێبەری کردنی لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە