شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە پارێزگای ئیلام؛ لانیکەم ٤٧ هاوڵاتی دەستبەسەرکران، لەنێویاندا چەند هەرزەکارێک و مامۆستایەکی زانستگە

ک.م.م.ک.:

دوابەدوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٥ لە ئێرانی دەستکرد، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لە گرتنی لانیکەم ٤٧ هاووڵاتی لە پارێزگای ئیلام دەکەن. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، دەسبەسەرکردنەکان لە نێوان ١١ بۆ ١٤ی بەفرانبار لە شارەکانی ئیلام، ئاودانان، دڕەشار، بەدرە، دێلۆران، مەلەکشاهی، سەرابڵە و چەرداوڵ ڕووی داوە و لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا چەند هەرزەکارێکی ژێر ١٨ ساڵ، ژنێک و مامۆستای یاریدەدەری زانستگەی ئیلام هەن.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆربەی ئەو کەسانە بەبێ فەرمانی دادوەری بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکان یان لە کاتی ناڕەزایەتی شەقامەکاندا. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەت و باری یاسایی و شوێنی زۆرێک لە دەستبەسەرکراوەکان لەبەردەستدا نییە.
بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کە کۆکراونەتەوە، پوویا نادری تەمەن ١٩ ساڵ، عەبدوڵڵا ئەحمەدی تەمەن ٣٨ ساڵ و مێهدی شێخی تەمەن ٣٢ ساڵ لە شاری ئاودانان دەستبەسەر کران. لە شاری ئیلام، سەجاد خورشیدی تەمەن 30 ساڵ، ئەبولفەزل ساکی تەمەن 14 ساڵ، خوێندکار عەلیرەزا مۆمێنی تەمەن 18 ساڵ، عەلی سەجادیان، تەمەن 23 ساڵ، میلاد کەرەمی، تەمەن 21 ساڵ، مەیسەم نووری ٢١ ساڵە (کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە سەختی بریندار بووە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە)، ڕەزا چکاو تەمەن ١٩ ساڵ، میلاد شاپەسەندی تەمەن ٢١ ساڵ، مێهدی فەهیمی تەمەن ٢١ ساڵ، ئارمین کەریمی تەمەن ٢١ ساڵ، مێهدی کۆهەنی مێرمنداڵی ١٧ ساڵ، ئەمیر محەمەد سۆهرابیان تەمەن، موحەدسە ڕەزاززاده تەمەن ١٩ ساڵ، عەلی سارایی ١٩ ساڵە، ئەمیر یوسفزادە تەمەن ١٩ ساڵ، محەمەد مێهدی ئایدیان تەمەن ٢١ ساڵ دەستبەسەر کران. هەروەها نەبی ئومێدی، مامۆستای یاریدەدەری ئابووری لە زانستگەی ئیلام و چالاکی مەدەنی، ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار وێڕای توندوتیژی دەستبەسەر کرا.
لە شاری بەدرە، فایزە ڕەشیدی، ئەمیرموراد حەسێلی تەمەن ٢٢ ساڵ، موعین فازلی تەمەن ١٨ ساڵ، ڕەزا عەبدەشاهی تەمەن ١٨ ساڵ و ئاریا کەریمی لە لیستی دەستبەسەرکراوەکاندان. لە دەڕەشار، ئەمیر عیسازادە، محەممەد بەشیر هاشمیان، تەمەن ٣٥ ساڵ، مێهدی هاشمیان تەمەن ٣٠، ئەحمەد حەسەنوەند عەموزادە تەمەن ٣٠ ساڵ، بەهادۆر عەمووزادە تەمەن ٣٠ ساڵ، جەعفەر ڕەهبەری و نیما ناسری هەردوو تەمەن ٢٠ ساڵ ،حەسەن نوردین وەند تەمەن ٣٧ ساڵ و محەمەد ئەمین بازگیر دەستبەسەرکران.
لە دێلۆران، موعین مەلەکی تەمەن ١٦ ساڵ و ئومێد عەینی تەمەن ٢٣ ساڵ، لە مەلەکشاهی، مستەفا فەرەجی و مێهدی قەیسەربەیگی تەمەن ٣٧ ساڵ و لە سەراوڵەش، ئەحمەد حەقنەزاری، ڕەزا باقرینەژاد، شاهین قەسرەبەیگی، عەلیرەزا نەقیزادە تەمەن ٢٧ ساڵ و جەواد مەلەک تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
هەروەها لە شاری شەباب سەر شاری چەرداوڵ، سەلال سادقی تەمەن ٥٦ ساڵ، ئیرەج ڕۆستەمی مێهر، بێهزاد عەباسی تەمەن ٢٦ ساڵ و هیوا عەباسی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان لە دەستبەسەرکردنی هەرزەکاران وبەکارهێنانی توندوتیژی لەگەڵ خۆپیشاندەران و نەبوونی زانیاری لەسەر دۆخی دەستبەسەرکراوەکان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە دەربڕیوە و ئەم کارانەیان بە “دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە” و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان لەوان مافی ئازادی کۆبوونەوە و دادگاییکردنی دادپەروەرانە و ئاسایشی کەسی ناوبردووە.
کەشی ئەمنیی زاڵ لە پارێزگای ئیلام و درێژەی دەستبەسەرکرانەکان نیگەرانییەکانی لە چڕبوونەوەی سەرکوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و زیادبوونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان دوو هێندە کردووە.

E.Sh

The post شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاو لە پارێزگای ئیلام؛ لانیکەم ٤٧ هاوڵاتی دەستبەسەرکران، لەنێویاندا چەند هەرزەکارێک و مامۆستایەکی زانستگە appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە