ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەری لانیکەم ١٢ هاوڵاتی کە سێ لەوان چالاکوانی بواری ژنانن

ک.م.م.ک.:

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی هاوڵاتییان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، لانیکەم ١٢ هاوڵاتی لە شارە جۆربەجۆرەکان دەستبەسەر کران.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری٢٧٢٥ی کوردی، سێ چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە بە ناوەکانی شەهرزاد ڕەزایی، عەتیە گۆڵچینی و مەرزیە موراد وەیسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەروەها ڕۆژی شەممه ١٠ی بەفرانبار سینا نەزەڕی، بلۆگێر و چالاکی سۆشیال میدیای خەڵکی شاری داڵاهۆ (گەهوارە) له پارێزگای کرماشان و دانیشتووی تاران، له لایەن هێزه کانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوه ده ستبەسەر کرا.

جگە لەوەش ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانبار، فوئاد عینایەتی چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی پێشووی خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵکوتێنرایە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەر کرا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانبار، حوسێن نیکسرشت و سینا نیکسرشت باوک و کوڕ دانیشتووی شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
هەر لەو ڕۆژەدا پێنج چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی جوانڕۆ بەناوەکانی، کامەران مورادی، ئارام سەعیدیان، محەممەد هیجرانی، ماهان ئەعەزەمی و یەحیا دەروێشی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم ئەو دەسبەسەریانە سەرەڕۆیانە و بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی ئەنجامدراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانە دراوەتە پاڵیان و دۆخی یاسایی ئەوان بەردەست نییە.

ق.ش

The post ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەری لانیکەم ١٢ هاوڵاتی کە سێ لەوان چالاکوانی بواری ژنانن appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە