لە نێوان تراژیدی و کۆمێدیای دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی کوردیدا

سابیر.م

سابیر.م

لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری و جیاوازی چینایەتیدا،  تراژیدی  و کۆمێدیا،  بۆ هەر یەکێک لە چینەکان،  مانا و  لێکدانەوەی جیاواز و  تایبەت بە  خۆیان هەیە و بۆیان  ئەکرێت. ٣٥ ساڵ لە حاکمیەتی بۆرژوا-کۆمپرادۆرەکانی کورد، وەک بەکرێگیراوی یەکەمی ئیمپریالیزمی جیهانی و ئەمریکا،  بۆ ڕاگرتنی هەلومەرجێکی نادیارو ئاوەڵە،  کە بەهۆی جەنگی کەنداوو داگیر کردنی عێراقەوە،  هاتنە ئاراوە،  وە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و ستراتیژیەتەکانی ئەوان،  و پاراستنی بیرە نەوتەکان،  و سەرکوتی جموجوڵ و خەباتی چینایەتی و هەر بزاڤێکی کۆمۆنیستانەی ڕەسەن،  لەو ناوچانەدا، بریتی بوون لە سەرخەتی گشتی و سیمای ئەم سێ دەیەو نیوەی ئەم چەند ساڵە،  کە قۆناغێکی  پڕ لە تراژیدیاو نەهامەتی بووە،   بۆ سەر خەڵکی کرێکارو وتوێژە چەوساوەکانی تر.    وە  سەرانی دەسەڵاتدارو لە ڕێگەی ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکی و دواکەوتوانەی خۆیانەوە،  زۆربەی هەرە زۆری جەماوەریان بە خواستی سەربەخۆبوونی کورد،  دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی،  مەست و سەرگەردان و کاڵفام  کردبوو،  وە جەماوەریان لەسیناریۆی ( خەونی کات و ساتی بەئاگایی )

 ( احلام الیقظە) دا،   وە لە  ( چاوەڕوانی گۆتۆدا)،  هێشتبۆوە،   وە  خۆشیان وەک چینێکی باڵادەست درێژەیان بە ژیانی پاشایانەی خۆیانداوە،   وە سەرکوتی چینایەتی خۆیان بەهەر شێوەیەک بێت درێژە پێداوە،  لەبەرامبەر  هەر ناڕەزایەتێکی ئەو جەماوەرە ستەمدیدەیە،  بەمجۆرە ئەوان خۆیان  دەوڵەمەندتر کردووەو،  ئەو جەماوەرەش بەرەو هەژاری و نەداریەکی  زیاتر بردووە. حیزب و لایەن و ڕێکخراوە  جۆربەجۆرەکانی  توێژە ووردە بۆرژوازیەکان   ( بۆرژوا-چەپەکان)،  لە چەشنی ( کۆمۆنیزمی کرێکاری)، پێکهێنەرێکی سەرەکی ، ئەم پڕۆسەی بە کاڵفامکردن و گەوجاندنی جەماوەر بوون،  وەک  ( ناسیۆنالیستێکی چەپ )،  بوون بە ئامرازو  ئەکتەری سەرەکی ئەم  شانۆگەریە کۆمێدیایەی بۆرژوا-خێڵەکی و کۆمپرادۆریەی دەسەڵاتی کوردی،   وە هەمیشە پیادەی  سیاسەتێکی ڕێکخستنی  ڕیفۆرمیستانە و ( خۆسازاندن ) یان کردووە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا،   ئەویش لە پێناو   چاککردن و جوانکردنی  دەسەڵات و گۆڕینی یاساکان،   وەک  چوونە ژێر سیاسەتی ناسیۆنالیستی و کۆمێدیانەی  (ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان  )،  وە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی  پەرلەمانی عێراق.

هەروەها    لکاندنی  پاشگری ووشەی  ( کوردستانی) بە ناوی حیزبەکەیانەوە، خۆی لە خۆیدا هەوڵێکی ئۆپۆرۆنیستانەیە  بۆ  نیشاندانی ئەم دڵسۆزی و هاوتەباییەیە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردو، وە سەربەخۆیی کوردستان لە ژێر ڕابەڕایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستاندا. وتاری سیاسی (بۆرژوا-چەپەکان)،   بە جۆرێک پاشکۆیەتی  قسەوباسەکانی سەرانی کوردی پێوە دیارە،  کە  چۆن جەماوەر بە هێزەکانی داعش ئەترسێننەوە،   هەروەک سەرۆکی پارتی داوای لە هێزی خەڵک کردووە کە بەرەنگاری ( داعش ) ببنەوە،  ئەمانیش  بە هەمان شێوە   باس لە ڕۆڵی   ( هێزی خەڵک)!   ئەکەن،  و  وەک هەمیشە لە گێژاوی نەبوونی  دیدگایەکی شۆڕشگێڕانەی خەباتی چینایەتیدا ئەخولێنەوە،  وە بە شوێن ڕێگا چارەیەکی  توافقیانە و ڕیفۆرمیستانەدا ئەگەڕێن ، بۆ دەرچوون لەم گێژاویە سیاسیە، وە خۆگونجاندنیان  لەگەڵ  ئەم هەلومەرجە نوێەدا.

کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، دەرئەنجامی چ ستراتیژیەتێکە؟

با بزانین ئەو گۆڕانکاریانە چیبوون،  کە لەم دوایانەدا  بەسەر سوریا و  عێراقدا هاتن، بەتایبەت دوای  گۆڕینی  ئەولویەتەکانی سیاسەت و ستراتیژیەتی  ئەمریکا لە جیهان و ناوچەکە. کشانەوەی  هێزی هاوپەیمانیان،  سیاسەتێکی ڕووکەشیانە،  و درۆزنانەیە، مەبەست لێی  جێبەجێکردنی ئەولویەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاو، کەمکردنەوەی خەرجی و بودجە زەبەلاحەکانە ، وە سپاردنی ئەو ئەرکانەیان بە هێزە ناوخۆیی و مەحەلیەکان ، کە ئەویش خۆی  لە بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەندی عێراقدا خۆی ئەبینێتەوە،   کە لەو ڕێگەیەوە  ( سانتڕالیزم کردنی )،  ئاڵوگۆڕی ئابووری، سیاسی،  فەرهەنگی و ئەمنی،  لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام بدەن. ئەم گۆڕانکاریەی ئەولویەتەکانی ستراتیژیەتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە مەڕ ناوچەکە، پێشتر لە نووسێکدا بەناوی؛

 ( کارەساتی هەنووکەیی و بەردەوامی سوریا و ڕەهەندە  نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی) ، کە بە زمانی عەرەبی لە ( الحوار المتمدن) دا بڵاوکراوەتەو ، لە ژێر ناوی:

 ( المأساة القائمة في سوريا، وابعادها الدولية والمحلية ) دا،   ڕۆشنگەری خراوەتە سەر ئەو گۆڕانکاریانە.

ئەوەی کە وابەستەیە بە عێراق و هەرێمەوە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣و داگیرکاری عێراق، خەزێنەیەک و بودجەیەکی گەورەی سەدەها  ملیارەها دۆلار،  بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکان و هێزەکانی ئەمریکاو بەکرێگیراوو هاوپەیمانیەکانیان، لە هێزە سنی و شیعی و حزب و میلیشیا چەکدارەکانیان و ڕاگرتنی دەسەڵاتی تائیفی لە بەغدا، وە هەروەها ڕاگرتنی دەسەڵاتی خۆجێی سەرانی ئەحزابی کوردی، وە ک یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان و لێبڕاڵەکان ، وە هێزە چەکداریەکانیان. ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەمریکا،  لە پێناو  نەهێشتنی  ئەم خەرجیە زەبەلاحەیە،   وە ئەو  خەرجیە گەورەیەی کە پێشتر ئەیکرد، بۆ  بودجەی ئەمریکا ئەگێڕێتەوە.

گۆڕانکاریەکان لە عێراق و هەرێم لە درێژەی گۆڕانکاریەکانی سوریاوە سەرچاوەی گرتووە

  جێبەجێکردن و پیادەکردنی ئەم گۆڕانکاریانە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ڕیشەکەی لە هەوڵدان بۆ  هەماهەنگی  تەواو لەگەڵ  تورکیا و ئیسرائیل وڵاتانی کەنداودایە،    کە نەخشە ڕێگایەک بۆ پێشگرتن بە هاتنی هێزە ڕادیکاڵەکان،  لە سوریا، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی  خۆپیشاندن و خرۆشانی جەماوەری و ڕاپەڕینێکی مەزن و بگرە شۆڕشێکی جەماوەری  ستەمدیدەی سوریا،  کەلە ١٥ ئاداری ساڵی ٢٠١١،  لەسەروبەندی  بەناو ( بەهاری عەرەبی )دا،  دەستیان پێکرد،  وە دواتر گۆڕینی بە شەڕێکی ناوخۆی خۆماڵی،  وە سەرهەڵدانی چەندین گروپ و دارودەستەو تاقمی چەکداری،  بە پشتیوانی و کۆمەکی  وڵاتانی ناوچەکەو  دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان،  وە ڕاهێنان و ئامادەکاری سەربازی و سیاسی و ئابووری،  کە بۆ جۆلانی و گروپە جیهادیەکەی  فەراهەم کرا،  لە شاری ئیدلب،   وەک  ناوکۆکەیەک و  حاکمیەتێکی ناوچەیی پچوک،  کە دواتر بشێت بۆ حاکمیەتی  ئایندەی تەواوی سوریا،   بەم جۆرە ئەم پڕۆڤەی حاکمیەتی هێزە جیهادیەکەی جۆلانی،  تا  ئەو کاتە مایەوە لە ئەدلب ،  تا ساتی دروستکردنی  هەلومەرجی تەواو بۆ  ڕوخاندنی  رژێمی بشار ال ئەسەد ، لە ٨ دیسەمبەری ساڵی ٢٠٢٤،  بەم جۆرە  تەواوی حاکمیەتی سوریا خرایە ژێر دەستی  حوکومەتی  جۆلانی،  وە گۆڕینی ئەم شۆڕشە جەماوەریە،   بە  پایزێکی  کۆنەپەرستانەی عەرەبی. لەم نێوەدا تەنها هێزێک کە توانای چەکداری و ڕێکخراوبوونی بەرچاوو کاریگەری هەبوو،  هێزەکانی (پەکەکە)،  واتە ( هەسەد) بوون لە سوریا،  کە جۆرێک لە ناتەبایی بۆرژوازیانەیان،  لە ڕوانگەی  جیاوزی سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی ستالینیانە، کە  بەناوی ( خەباتی چەکداری ڕزگاری نیشتمانی )  پیادەیان ئەکرد،   لە  لەبەرامبەر سیاسەتی  هێزە جیهادی و گروپە ئیسلامیە چەکداریەکانی تردا.

دژایەتی و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی ستالینی ( خەباتی چەکداری ڕزگاری نیشتمانی ) ، لە گرەوی  گۆڕینی ڕێچکەو ڕێبازی  پەکەکە دا بوو،   بەرەو  سیاسەتی سۆسیالیزمێکی خەیاڵی ئانارشیزمی وردەبۆرژوازیانەی   مۆری بۆکچینی سەر بە ئۆردوگای NGO ی،   ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی. ئەم هەوڵانە لە دوای گرتنی ئۆچەلان لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩،    دەستیان پێکرد،  بەتایبەت  دوای سوود وەرگرتنی دەوڵەتی تورکیا لە هێشتنەوەی ئۆچەلان نە زیندویی لە زینداندا ، وە نەخشە ڕێگای ( پڕۆسەی ئاشتی)، وە دواتر چەک دانانی پەکەکەو،    وەلانانی تەواوەتی  مۆدێل و ڕێبازی ئەو سیاسەتە چەکداریەی ( خەباتی میللی ڕزگاری نیشتمانی )،   وە تێکەڵکردنی هێزەکانی ( هەسەدە) بە سوپای سووریا و هێزە ئەمنیەکانی،  وە کردنیان بە بەشێک لە دامودەزگا سەرکوتگەر و ئیداریەکانی حوکومەتەی ئەحمەد الشەرع ، خۆی لە خۆیدا کڵێشەیەکی ئامادەکراو بوو،  بۆ داهاتووی  عێراق،   و سەرانی هەرێم و یەکخستنی هێزی چەکداری حیزبە کوردیەکان،   وە میلیشیاکان  ( پێشمەرگە)،  وە پەیوەستکردنیان بە  دەوڵەتی مەرکەزیەوە،  وە گۆڕینیان یان  تواندنەوەیان  لەناو  هێزە سەربازیەکانی حوکومەتی مەرکەزی  بەغدا.

 درێژە پێدانی سیاسەت و نەخشەکەی سوریا لە عێراق و هەرێم ،   لە ژێر چاودێری و ڕابەڕایەتی ئەمریکا و  تۆم باراکی،  کار بەڕێکار لە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)،    وە هاوکاری کردنیان لە ئامادەکردنی  هەلومەرجی گونجاو بۆ بەستنی  ڕێکەوتننامەیەکی سێ قۆڵیانەی نێوان  ئەردۆغان و ئەحمەد الشەرع،   و علی ئەلزەیدی ،   وڵاتانی ناوچەکە،   لە وابەست بە ناردنە دەرەوی نەوت و گاز و ڕێکەوتنی بازرگانی و ئابووری،  وە ئەمنی و سەربازی،   کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و دەروازەکان،   ئەنجام دراوە.

نیگەرانی  حیزبە قەومیە کوردیەکان، لە پاشەکشەی هێزە هاوپەیمانیەکان

 هەروەک گوێبیستی چاوپێکەوتنەکەی   سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بووین،  لەگەڵ کەناڵی

 ( الشرقیە)،  لە سەر وەختێکدا کە   هێزەکانی داعش ئەو توانا سەربازیەیان نەماوە،  وێڕای ئەمەش  هەر وەک پیشەی هەمیشەیی حیزبە قەومیە کوردیەکان ، کە جەماوەریان بە زەبرو زەنگی و دیکتاتۆریەتەکەی حیزبی بەعس ترساندووە، و هەڕەشەی گەڕانەوەی  زەبرو زەنگی ئەوان، وە بیر جەماوەر ئەهێننەوە،.  ئەم جارەش جەماوەری ئەو ناوچەیەش بە گەڕانەوەی  داعش ئەترسێنێت،  و داوای لە خەڵک کرد، کە بۆ بەرهەڵستی ( داعش) بێنە مەیدان،  وەک هێرشێک و پەرچەکردارێک لەبەرامبەر ئەم بڕیاڕەو حوکومەتی مەرکەزی و میلیشیا شیعیەکان بەکار ئەهێنێت.

 ئەم نیگەرانی و ناڕەزایەتیە قووڵەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لایەنە کوردیەکانی دیکە،  لە چەند تەوەرەیەکدا  خۆیان بەرجەستە ئەکەنەوە:

یەکەم-  ئەمریکا چیتر ئامادە نیە، ئەو  بودجە گەورەیەی پێشوو تر،   بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و  حیزبەکانیان، و بۆ هێزە چەکداریەکان ( پێشمەرگە) ،  دابینبکات.

 دووەم-  نیگەرانی لە بەهێزبوونی دەوڵەتی مەرکەزی لە بەغداد،  و بەهێزبوونی پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران( فصائل ، میلیشیات).

سێەم- نەمان و کەمکردنەوەی  هاوکاری سەربازی ئەمریکا، بۆ (پێشمەرگە )، کە قورساییەکی گەورەی خستبوە سەر پنتاگۆن،   ئەو چەترە درۆزنەی کە تائێستا بە ناوی( پاراستنی  زۆنی کوردەکان) هەڵیان کردبو نامێنێت،   وە لە  ئاکامی ئەم   گۆڕانکاریانەدا کە لە  هاوسەنگە نوێیەی هێزەکاندا  هاتۆتە ئاراوە،   هاوسەنگی پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا ئەگۆردرێت، و چاوەڕوانی ئەوەی لێ ئەکرێت،   کە  دەسەڵاتدارانی  زۆنەکانی  ( هەرێمی کوردستان)،  بکەونە ژێر   کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی بەغداو تهران و میلیشیا شیعەکانیان. پێنجەم – ترس لە دووبارەبونەوەی هەلومەرجی سیناریۆی ساڵی ٢٠١١،  کە هێزەکانی ئەمریکا بە شێویەکی ڕەمزی  لە عێراق و هەرێم  کشانەوە،   بەڵام  دوا بەدوای ئەم وەزعە  هێزەکانی ( داعش)  پەیدا بوون و چەند شارو شارۆچکەکەیان گرت،   لە ئاکامی ئەم وەزعەدا،    جارێکیتر بە ناچاری حوکومەتی بەغداو هەرێم ،  خۆیان  داوای گەڕاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکایان کردەوە بۆ عێراق.

 هەرچ هەوڵ و تەقەلایەک و نیگەرانیەک،  کە  سەرانی حاکمانی کورد، لە خۆیانی نیشان ئەدەن،   تەواو  بێهوودە و بێسوودە،   چونکە ئەو هەلومەرجانەی کە پێشتر لە جیهان و ناوچەکە هەبوون، بەسەرچوون،   ئەو کاتە هەلومەرجەکان بەجۆرێک بوون، کە  ڕێگە بەهاتنە  پێشەوەی سیاسەتێکی  دوو فاقیانەو و پڕاگماتیزمێکی بۆرژوازیانەی، سەرانی خێڵەکی کورد بدات،  لەناو   زەلکاوێک و بازنەیەک و بۆشاییەکی سیاسیدا ، کە خودی ئەمریکاو هاوپەیمانان پێشتر لە عێراق و ئەو ناوچەیە دروستیان کردبوو لە دوای شەڕی کەنداو،  بتوانن مەلە بکەن و سوود لە هەلومەرجی ئاوەڵەیی سیاسی   ناوچەکە وەربگرن، بۆ بردنە پێشەوەی امتیازاتی بۆرژوازیانەی خۆیان. لەم هەلومەرجە نوێیەی سەرمایەداری جیهانی و ڕۆڵ و هەژموونی  ئیمپریالیستانەی ئەمریکا،  ئەم حیزبە کوردیانە ، وە دەسەڵاتە میلیشیایی و تائیفیە زۆنیەکەیان، کە هیچ بنمایەکی (دەوڵەتی  نیشتمانی بۆرژوازیانە) شیان  تیادا نەبووە و نیە،    بەم پێیە،   ئەوان زۆر لەوە پچوکترن  کە توانای ئەوەیان هەبێت  دژ بەو ستراتیژیەتە نوێیەی ئەمریکاو و سەرمایەدری جیهانی، بوەستنەوە،   لەوانە  تورکیا و ئیسرائیل و حوکومەتی سوریا لەم قۆناغەدا. بەمجۆرە لە ئاکامی ئەم سیاسەتە نوێەدا کەلە ناوچەکەدا، ئەگوزەرێ و بەڕێوە ئەچێت،  هەنگاو بەهەنگاو دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی ، حاکمیەتی ئەوان لە هەرێمدا کەم ئەکاتەوەو لێیان ئەسەنرێتەوە،  وە باڵادەستبوونی زیاتری هێزە شیعیەکان و ئێران ، لە بەرژەوەندی ئەوان و هێزە سوننیەکانی تردا نیە،  وە فشارە ئابووری و سیاسیەکانی خۆیان،  بۆ سەر دەسەڵاتی هەرێم زیاتر ئەکەن،  وە ئەیانکەن بە کاربەدەستانێکی کاربەڕێکەرو  ( مأمورانێکی ) گوێڕایەڵ و ژێردەستەی  حوکومەتەکەی عەلی الزەیدی، وە بە  ناچاری، لە پێناو پاراستن و لەدەست نەدانی  امتیازاتی بۆرژوازیانەو ژیانی شاهانەی خۆیان، ئامادەی ئەنجامدانی  هەرکارو  وەزیفەیەک ئەبن،  ئەگەر پێیان بسپێردرێت.

ئەم  قۆناغە نوێیە چ  ئەرک و فەرمانێکی خەباتکارانەی چینایەتی،  ئەخاتە بەردەم   کرێکاران و چەوساوەکان لە عێراق و هەرێم؟

 ئەم قۆناغە ڕووی دزێو و ڕیسوابوونی   تەواوی دەسەڵاتداریەتی خێڵەکی و تائیفیانەی بەغداو هەرێم، و هزرو بۆچوونی ناسیۆنالیستانەی تەواوی ڕەوت و حیزبەکانی  کوردایەتی چ لە هەرێم، یان لەدەرەوەی خستۆتە ڕوو ، هەروەها دزێوی و ڕیسوایی  هزرو بۆچوونی شۆڤێنیستانەو مەزهەبیانەی   تەواوی میلیشیا شیعیەکان و دەسەڵاتی مەرکەزی،  وە  ئەوانی خستۆتە ناو  گێژاوو بێ ئاسۆییەکی سیاسی  کوشندەی ( بۆرژوا-نیشتمانی ) یانەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و کوردی.  ئەم قۆناغە نوێیە، هیچ  گۆڕانکاریەکی باش،  لە ژیانی کرێکاران و تەواوی توێژە ستەمدیدەو چەوساوەکانی تر ، چ  کوردەکان،  عەرەبەکان ، یان هەر نەتەوەیەکی تر،  ناهێنێتە دی، وە بە ئاقارێکی خراپتریاندا ئەبات. قازانجی سەرەکی ئەم قۆناغە نوێە،  و پڕۆسەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی  مەرکەزی بەغداو دمشق، زیاتر لە پێناوی کەڵەکەی سەرمایەی خۆماڵیدا ئەچێتە پێشەوە،  ئەویش لە ڕێگەی سانتڕالیزمکردنی بەرهە هێنان و هەناردنە دەرەوەی نەوت و گاز و  شمەک و بەروبوومە سروشتی و کشتوکاڵیەکانی تر،  وە بەستنی پەیمانامە ئابووری و نەوتی و گازی و پیشەسازیەکانە، لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوادا.

ئەمە لە کاتێکدا وە بەوپێیەی کە پارەی  داهاتی  نەوت و گازی عێراق، ئەچێتە بانقەکانی ئەمریکاوە،  وە لەوێوە بڕی بودجەی گشتی  عێراق دەستنیشان ئەکرێت،  ئەمە بەو مانایەیە، کە ژیان و گوزەرانی چینە چەوساوەکان ،  بەرەو خرابتر ئەڕوات،   چونکە  قورسایی باری ئەو قەرزانەی کە دەوڵەتی مەرکەزی عێراقی، بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەکیەکانی،  کەرتە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای عێراق،  بەناچار  تەواوی کەرتە خزمەتگوزاریەکان بەرەو کەرتی تایبەت ئەگۆڕێت،   بۆ کەمکردنەوەی قورسایی خەرجیە گشیەکان لە سەر بودجەی دەوڵەت،  گەشەپێدانی هەرچی زیاتری سیستەمی لێبڕالیزمی نوێی،  وە بەم جۆرە چاو چنۆکی و هەڵپەی خۆپەرستی،  بۆ دەوڵەمەندبوون و کەڵەکەی سەرمایە،  بەرەو ئاقارێکی زۆر وەحشیانەو دوور لە مرۆڤانە ئەڕوات،  وە دواتر بەهۆی بێکاری و گرانی و دەرکردنی کرێکاران،   داخستنی شوێنە گشتیەکان و کارگاکان،    ڕۆژبەڕۆژ ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان پەرە ئەسەنن و زیاد ئەبن.

 سەبارەت بە تایبەتمەندی خەباتی  کرێکاران و چەوساوەکانی تر لە هەرێم و شارە کوردیەکانی تردا،   نەمانی  ئەم فرە جەمسەری و ئەم هەموو ستەمکارو،  و زۆنە عەشیرەتی و خێڵەکیانە  لەو ناوچەیەدا،  خۆی لە خۆیدا،  کۆتاییهاتنی  قۆناغێکی  تراژیدیایی،   ئەو طوغیانە چینایەتیەی  کە بە درێژایی ٣٥ ساڵە،  بەسەر جەماوەری ستەمدیدەی کوردستان سەپێنراوە،    بەڵام لەهەمانکاتدا نیشاندەری   کۆمیدیا و گاڵتەجاڕی کۆتاییهاتنی سیاسەتێکی ناسیۆنالیستی  قەومی کوێرانەی بێبنەمای  ئابووری و سیاسی سەرانی کوردەو،  هەروەها  ڕسوابوونی  تەواوی ئەو توێژە  ناسیۆناڵ چەپانەی  سەر بە ئەو ئۆردوگای چینایەتی ناسیۆنالیزمی کوردن.  ئەم قۆناغە دوو دیوە ی ئەو  تراژیدیاو  و  کۆمێدیەیایە  کە هاتۆتە ئاراوە،   ئەوە ئەخوازێت کە  کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدە  سوودی لێوەربگرن،  لە پێناو  ڕيکخستنی خەباتێکی چینایەتی سەرتاسەریانە،  لەگەڵ تەواوی چەوساوەکانی تر لە  ناوچەکانی تری عێراق. ئەم هەلومەرج و قۆناغە نوێە،   دەسپێکی هاتنە ئاراوەی هوشیاریەکی  چینایەتی شۆڕشگێڕانەیە،    کە  ئازادبوون  لە هەر ستەمێکی  میللی،  لەسەر دەستی سەرانی بۆرژوا-کۆمبرادۆری کورد و، (ناسیۆناڵیستە چەپەکان)، توانای بەدیهاتنی نیە،  وە نەهێشتنی هەر جۆرە ستەمێکی میللی،  چ لە لایەن شۆڤێنیزمی نەتەوە سەردەستەکانەوە بێت،  یان ناسیۆنالیزمێکی کوێرانەو ڕەگەزپەرستانەی قەومی کوردیەوە بێت، لە گرەوی خەباتێکی سۆسیالیستی سەرتاسەریەوە بە ئاکامی خۆی ئەگات،   نەک لە ڕێگەی بڕیاڕێک و پڕۆسەیەکی بۆرژوازیانەی  ڕیفڕاندۆمێکی خێڵەکی و خۆشباوەڕی بە ڕابەڕایەتی  حیزبە قەومیە کوردیەکانەوە،  کە هیچیتر نیە،  بێجگە لە فریودان و ملکەچکردنی کرێکاران و چەوساوەکانە،  بۆ دەسەڵاتداریەتی ئەم حیزبە  بۆرژوازیە قەومی و تائیفیانەی  کورد و عەرەب .

سابیر.م

٤/ ١٠ / ٢٠٢٦