چەند ڕۆژ لەمەوپێش ترەمپ و ستافەکەی نەخشەڕێگاێکیان بڵاوکردەوە، کە بڕێک خەونی وەنەوشەیی و ڕەخنە بوو لە وڵاتانی ئەوروپا.
تێبینی یەکەم: خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ
(خوازیاری پتەوترین بنکەی پیشەسازیی جیهانین. هێزی نیشتمانیی ئەمریکا پشت بە کەرتی پیشەسازییەکی بەهێز دەبەستێت کە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنانی لە ئاشتی و جەنگدا هەبێت.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ٤ *.
لێرەوە ئەم خەونە بەڵێنی فرسەتی کارو خۆشگوزەرانی دەدات بە خەڵکی ئەمەریکا.
بەپێچەوانەی خەونە وەنەوشەییەکانی ترەمپ و گفتەکانی، لەم چەند ساڵانەی دوواییدا جیهان بەهۆی گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و ئامێری خۆبزووێن”، وە بەهۆی قەیرانی سەرمایە کە ئیفلاسی زۆرێک لە کارگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری دەرئەنجامی بووە، ڕێژەی بێکاری ڕوی لە هەڵکشانە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ئایندەی نزیکدا، فرسەتی کار کەم دەبێتەوە، چونکە پرۆسەی کار پێویستی بە دەستی کاری کرێکاران زۆر نامێنێ، بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕوی تەکنەلۆژیاوە(وەک ئەمەریکا و ئەوروپا،، هتد)، بەرهەمهێنان لەو وڵاتانەدا لە نێو کارگە تاریکەکان یان کارگە بێ دوکەڵەکان بەڕێوە دەچێ؛ یانی کارگەێک کە کەمترین کرێکاری تێدایە. ئیدی بەڵێنی ترەمپ بە گەڕانەوەی پیشەسازی بۆ ئەمەریکا و زیادکردنی فرسەتی کار، درۆێکی گەورەیە و لە ئەقڵی خەڵکانێکەوە هاتووە کە هێشتا وا دەزانن کارکردن لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا هاوشێوەی کارگەکانی ساڵانی ۱۹۰۰ کانە. ڕاپۆرتی دەزگاکان و پسپۆڕانی ئابووری بەهۆی گەشەی تەکنەلۆژیاوە باس لە زیادبوونی بێکاری دەکەن لە جیهاندا، ئیدی ترەمپ و ستافەکەی دەتوانن بە خەونە وەنەوشەییەکانی نێو نەخشەڕێگاکەیان بۆ کورت ماوە هەندێ خەڵکی فریو بدەن، بەڵام دواتر ناڕەزایەتی دژی بێکاری وەک بۆمب بە ڕویاندا دەتەقێتەوە. بێکاری بۆمبێکی کاتییە کە سەرەتا ئارام دەردەکەوێ، بەڵام لە ساتێکی دیاریکراودا دەتەقێتەوەو کۆمەڵگە دەهاژێنێ. بۆ نموونە لە وڵاتی سویدا لە چوار گەنج یەکێکیان بێکارە، کە بێگومان ئەوە کارەساتە، بەتایبەتی کاتێ وەزیری کاری ئەو وڵاتە بە کەمکردنەوەی بیمەی بێکاری چارەسەری بێکاری دەکات، لەو بڕوایەوە کە:(گورگە برسییەکان باشتر ڕاو دەکەن). بڕوانە وتاری: بێکاری بۆمبێکی کاتییە/ یان جی ئەندەرسۆن – بەزمانی سویدی **.
تێبینی دووەم: دەربارەی پەناهەندەکان
لە(ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ ( ئێمە تۆمان ناوێت) ***
بەهاتنی ترامپ و ستافەکەی بۆ نێو کۆشکی سپی لە ئەمەریکادا، دونیا هێندەی دی ئاڵۆزو پڕ لە کێشە بووە. بەتایبەتی دەربارەی کەیسی پەناهەندەکان کە مۆڵەتی مانەوەی فەرمییان نییە، مامەلەی دەزگاکان لەتەکیان هاوشێوەی مامەلەیە لەتەک تاوانباراندا، تا ئەو ڕادەیەی هەواڵ وایە بەشێک لەو پەناهەندانە بگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی”گوانتانامۆ” کە جێگای تاڵیبان و داعیشییەکان بوو. هەڵبەتە ئەمە سەرەتای شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی پەناهەندەکانە، کە ھێشتا شێوازێکی نەرمە، و ساڵانێکە لە بەریتانیا و سوید،، هتد، ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو دەکرێ، بە تایبەتی لە سوید هانی پەناهەندەکان دەدرێ بە گفتی بەخشینی بڕێک پوڵ، واز لە مۆڵەتی نیشتەجێبوون و پاسپۆرتەکانیان بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانی یەکەمی خۆیان. بێگومان چەند ساڵی دی ژینگەی ئابووری و سیاسی و نائەمنی نێو سوید و ئەوروپا، بەشێک لە پەناهەندەکان ناچار دەکات بە کۆچ بەرەو وڵاتانێ کە لێوەی هاتوون، کە بەزۆری دەکەوێتە ئاسیاو ئەفەریکا و ئەمەریکای لاتین، واتە وڵاتانی باشووری گۆی زەوی.
هۆکاری دەرکردنی پەناهەندەکان وەک ڕواڵەت، زاڵبوونی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەوە بەسەر فکر و سیاسەتی کۆمەڵگەو حکوماتەکانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا بنەمای ئەم دیاردەیە هەلومەرجی ئابووری جیهانی و قەیرانەکانی سەرمایەدارییە، کە لێرەدا هەرچی پەیوەندی بە پەناهەندەکانەوە هەیە لە (ئێمە تۆمان دەوێت) بۆ (ئێمە تۆمان ناوێت)ی کردووە بە ڕێگا چارەی سەرمایەی دڕندە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی.
زیاد لە شەست ساڵ لەمەوپێش لە سوید بە خۆشییەوە پێشوازییان لە هاتنی یەکەم شەپۆلی پەناهەندەکانی کارکردنی(یۆنانی و ئیتاڵی) دەکرد، لە نەوەدەکان بەدواوە پەناهەندەی(ئێراق، ئێران، سوماڵ، بۆسنیە، ئەفگانستان، هتد) ژمارەیان لە زیادبوون بوو. هەڵبەتە دیمەنەکە هاوشێوەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەمەریکا. ئەو خولە لە گەشەی سەرمایەداری هێشتا کارگەکان، بەشەکانی کەرتی خزمەتگوزاری سەرمایە پێویستی بە هێزیکار بوو، وە پەناهەندەکان دەیانتوانی ئاستی پێویست لە(سوپای یەدەکی هێزیکار/ بێکاران) لە ڕێژەێکی گونجاو بۆ قازانجی سەرمایە ڕابگرن، بۆیە (ئێمە تۆمان دەوێت) دیمەنی گشتی سەرمایەداری ئەو ساڵانە بوو. بە گەشەکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان”ڕۆبۆرت و تەکنەلۆژیای زیرەک و ئامێری خۆبزووێن” لەم چەند ساڵانەی دووایدا، لە پاڵ ژینگەی فکری و سیاسی دژی پەناهەندەکان، دیمەنەکەی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی سەرمایەداریدا کردۆتە:(ئێمە تۆمان ناوێت).
(کێشە گەورەکان کە ڕووبەڕووی ئەوروپا دەبنەوە بریتین لە: چالاکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە (سنوور بڕەکانەوە) کە ئازادیی سیاسی و سەروەری لەناودەبەن، سیاسەتەکانی کۆچبەری کە کیشوەرەکە دەگۆڕن و ناکۆکی دروست دەکەن، سانسۆرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، داڕمانی ڕێژەی لەدایکبوون، و لەدەستدانی ناسنامەی نەتەوەیی و متمانە بەخۆبوون.). سەرچاوە – ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا / لاپەڕە ۲٥.
بەشێک لە خەڵکی پشتیوانی لەم ڕایە دەکەن )سیاسەتەکانی کۆچبەری( کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بە پاساوی ئەوەی کە مسوڵمانەکان ڕێزی کەلتوور و یاسای وڵاتانی ئەوروپا ناگرن. ڕاستی لەم قسەیەدا هەیە بەشێک لە خەڵکی کە خۆیان بە موسڵمان دەزانن ڕێزی کەلتوور و یاسای وڵاتانی ئەوروپا ناگرن، بەڵام (ڕاستڕەوە توندڕەوەکان)لە ئەوروپا و ئەمەریکادا هەوڵی دیپۆرتکردنەوەی تەنها ئەو بەشە لە خەڵکی موسڵمان نییە، بەڵکو گشت پەناهەندەکانە. ئایا بەڵگە هەیە بۆ ئەم ڕایە؟. بەڵێ؛ ۱/ بڕوانە ترەمپ یەکەم جار ئیهانەی ئەمەریکا لاتینیەکانی دەکردو داوای دەرکردنیانی دەکردن، لەکاتێکدا ئەوە بەڵگە نەویستە کە خەڵکی ئەمەریکای لاتین لیبڕال و چەپ و مەسیحی تێدایە. ڕاوێژکاری ئەڵەمانیا”فریدریش مێرتز”ڕەگەزپەرستانە لێدوانیداو وتی:(پەنابەران دیمەنی شارەکانی ئەڵمانیا تێکدەدەن)، مەبەستی تەنها مسوڵمانەکان نەبوو، بەڵکو مەبەستی هەرکەسێ بوو کە لە سەنتەری شارەکاندایە و سەری ڕەشە و پێستی سپی نییە. فەلسەفەی سیاسی ڕاسیسم لەسەر بناغەی(ڕەگەز)دامەزراوە؛ ڕەگەزی ژێرمانی(یان جێرمانی – ئەڵمانی، ئینگلیزی، هۆڵەندی، سکاندیناڤی)کە(سپی پێستن و چاویان شینە و قژیان زەردە)، دروشمی ڕاسیستەکان(دەسەڵات بۆ پیاوی سپی)و باقی خەڵکی دەبێ کۆیلە بن. ۲/ سیاسەتی دژی خەڵکی موسڵمان و(ئیسلامفۆبیا)بەشێکە لە پڕوپاگاندەی ڕاسیسمەکان، دەنا ترەمپ پەیوەندی باشی هەیە بە جۆلانی و ستافە تیرۆریستەکەیەوە. هەر لە کۆنەوە لە ساڵانی ۱۹٤۰بەریتانیا کۆمەکی ئیسلامیەکانی کردوە، بەتایبەتی کۆمەکی(حەسەن بەننا)ی دامەزرێنەری برایانی موسڵمانانی کردوە، و ئەمەریکا لە ساڵانی ۱۹۸۰دژی سۆڤیەت کۆمەکی تاڵیبان و قاعیدەی کردوە، و ئەمەریکا بە دانپیانانی سەرکردەکانی خۆیان وەک(ھیلاری کڵینتن)داعشیان دروستکردوە. ڕاسیسم دژی هەموو پەناهەندەکانە و ناپرسێ تۆ چ بیروباوەڕێکت هەیە، لێرەوە سەرکوتی ئازادی و یەکسانی گشت خەڵکی لە وڵاتەکەدا دەکات.
هەڵبەتە ڕۆژانە ئێمە گوێمان لە پڕوپاگاندەی دەزگاکانی حکومەتە ڕاستڕەوەکانە کە دەڵێن:(ئێمە ئەو پەناهەندانە دیپۆرت دەکەینەوە کە خۆیان ناگونجێنن لە گەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکا). ئەم پڕوپاگاندەیە یەکەم هەنگاوە/ یەکەم پێپلیکانەی سیاسەتی ڕاستڕەوەکانە دژی پەناهەندەکان بە گشتی و دژی یاسای هاوڵاتی بوونە. ڕاستڕەوەکان سیاسەت دەکەن؛ وە(سیاسەتی بۆرژوازەکان بەشێکی زۆری فریودان و تەفرەقە دروستکردنە لە نێوان خەڵکی تا یەک نەگرن)، بۆیە پڕوپاگاندەکەیان لەیەکەم هەنگاویدا سەری ڕمەکەی دەکەنە ڕوی ئەو پەناهەندانەی کە(خۆیان لەگەڵ یاسا و کەلتووری ئەوروپا و ئەمریکادا ناگونجێنن)، و هەرکات ئەمەیان بۆ چووەسەر ئیدی هەنگاوی دووەم دەنێن کە دیپۆرتکردنەوەی تەواوی پەناهەندەکانە. با بپرسین ئایا کەسێ کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی وەرگرتوە ئەو کەسە هاوڵاتی نییە؟ وە ئایا نابێ ئەگەر تاوانێکی کرد، ئەوا بەیاسای ناوخۆی دەوڵەت سزا بدرێ و لەوێکانە بەند بکرێ؟. کە حکومەت بڕیار بدات ڕەگەزنامەکەی لێدەستێنێتەوە، ئەوە بۆ خۆی پێشێلکردنی دەستور و یاسایە. خەڵکی کە ڕەگەزنامەی ئەوروپی هەیە یان لە وێکانە لە دایکبوون ئیدی ئەو خەڵکە هاوڵاتین، ناوبردن و ئیهانەکردنیان بەناوی پەناهەندەیە و سەری ڕەشە یان پێستی ئەسمەرە، و ئەگەر موخالفەی یاسا بکات دیپۆرتی دەکەینەوە، ئەوە بۆ خۆی یەکەم شێوەی سیاسەتی ڕاسیسمییە کە دژی مافی هاوڵاتیبوونە کە جێبەجێ دەکرێ. وە ئەمە هێشتا سیاسەتێکی نەرمە، چونکە ئەگەر ڕاستڕەوەکان بە تەواوەتی لە ئەوروپادا حوکم بکەن، بێگومان شێوازی زبر و خراپتر دەبینین.
پوختەی قسە: ئەوکاتەی پەناهەندەکان لە ئەوروپا و ئەمەریکادا دەردەکرێن، لە هەمان کاتدا ئازادی و یەکسانی لەوێکانە پێشل دەکرێن.
———————————-
* National Security Strategy of the United States of America – November 2025
** Jan G Andersson : Arbetslösheten – en tickande bomb / 8 december 2025 – Sydöster tidning
*** بڕوانە وتاری(وەرزی کۆچی پەناهەندەکان بەرەو باشوور – ئەکرەم سەعید/ سایتی دەنگەکان – ۲۷ شوبات ۲۰۲٥).