چەپ لە کارەساتی چەمچەماڵ

ڕزگار عومەر

ڕزگار عومەر:
یەکێك لە نەخۆشیە موزمینەکانی چەپ غیابی گرنگی سیاسی “ئامادەبوون” ی فیعلی و مەیدانیە. لە کاتی کارەساتە گەورەکاندا سروشتی یان ناسروشتی، پراکتیس لە گرەوی “کات” و “ئاکشندایە”، نەك لە تیۆری ئەبستراکت یان گوتنەوەی ڕەخنەی مێژویی نیە، بەڵکو بوتڵێك ئاوی پاك و بەتانیەکی وشك و دەستی یارمەتیدەرە لە پاککردنەوەی دارو بەردا. “پاڵەوانە تەنیاکان” کە لەو دۆخانەدا چانسی زیاتری خۆ بەخاوەن زانینی کۆمەڵگەیان بۆ دەڕەخسێ، فریاگوزاریەکانی حیزبەکان لە دەسەڵات بن یان لە دەرەوەی دەسەڵات، ڕێکخراوەکانی سەرمایەدارەکان، هەمووی لە ڕێگەی “پراکتیك” و هاوکاری ماددی ڕاستەوخۆ کەشێك دروست دەکەن کە تەنیا نابەخشن بەڵکو سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەردەگرن. نەك لەبەر ئەوەی زیرەکن و لە دەستیان دێت بەڵکو لە بەر ئەوەی بەر لە هەموو شتێك ئەوان “لەوێن”. ئەم مامەڵەیە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ و کۆمەڵایەتی و پراکتیکی دادەمەزرێنێت: بۆیە چاوەڕوان بکە کە تۆ دەتەوێ دابڕانی خۆت و نەبوونت لەوێ بە رەخنەی تیئۆری پەردەپۆش بکەیت ئەویش پێت بڵێت “ئەوان لەو کاتەدا لێرەبوون کە من زۆرترین پێویستم پێان بوو، تۆ لە کوێ ی؟”. گێڕانەوەی چەندەو چۆن سیستەمی کاپیتالیستی و چینی بۆرژوازی و خێرخوازی هەر جۆرێکیتر لە چەمکی بەهانا هاتن بەکاردێنێ بۆ سودی خۆی، وەکو ئەوە وایە بانگەوازی خەڵك بکەیت بڵێ ی وەرەن کۆببنەوە موعادەلەیەکی زۆر گەورەم دۆزیوەتەوە، ئیتر کە خەڵکەکەش کۆ دەبنەوە تۆ پێیان دەڵێیت: مرۆڤ ئەگەر تینووی بوو ئاو باشە بیخوات، یان پێیان بڵێیت زستانان ئاو وهەوا ساردترە لە هاوین!
 
لە نزیکی موبادەراتی چینی دەسەڵاتدار و حیزبەکانیان، هەندێك لە کەسایەتی “پاڵەوانەکان” و “پاڵەوانە تەنیاکان” دروست دەبن کە ڕوخساردا هیچ شوناسێکی چینایەتیان نیە، بەڵام لە خیلالی کارکردنی مەیدانی هێزە کۆمەڵایەتیەکان هەوڵ دەدەن شوناسێك بدەن بەم کەسایەتیانە، بۆ نموونە لەبەردەم کامیرا نوێژێکیان پێ بکەن، سوپاسێكی کەسایەتیەکی سیاسی و حیزبی و ئیداری بکەن، ئەمە لە نیو سیاسەتی مەیدانیدا دەگوزەرێت، ئەگەر بتەوێ بزوتنەوەکەی تۆش لە هەمان دۆخدا بێت، بۆ نموونە ئەم کەسایەتیانەش بکەونە ژێر کاریگەری هەڵوێستی چینەکانی خوارەوە، یان بکەونە ژێر کاریگەری تۆ، ئەو دەمی دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆت بکەیت “ئەری من بۆ لەوێ نیم؟” (وەکو هۆشیارترین توێژی ئەو چینە کۆمەڵایەتیە تەعبیری لێدەکەم)، تۆ وەڵامی ئەو پرسیارە عەمەلیەت لانیەو دەگەڕێیتەوە سەر تیۆریزە کردنەوەی “موناقەشە بەڵگەنەویستەکان کە چیتر پێویستیان بە سەلماندنەوە نیە” چونکە کارت بۆ ئەوە نەکردوە لەوێ بیت، نە لە ئاستی چینەکە ڕێکخستنت کردووە، نە هاتووی کۆمەڵێك “کەسایەتی” پێ بگەینیت کە نوێنەرایەتی هۆشیاریەکی خۆڕسکی چینایەتی یان موبادەراتی کۆمەڵایەتی بکەن.
 
ڕەخنەی چەپ هەرچەندە لە ڕووی پاکی ئایدیۆلۆژیەوە نموونەیی بێت، بەڵام دەبێتە کاڵایەکی ئەبستراکت کە ناتوانرێت بەراورد بکرێت بە واقیعی کۆنکرێتی ڕیلیف یان بەهاناچوون لە کاتی کارەساتەکاندا. بۆ خێزانێك کە لە ماڵێکی لافاواویدا وەستاون، خیتابێك لەسەر هەژموونی فێلبازی بۆرژوازی لە کاری خێرخوازیدا بە بەراورد بەو کەسەی کە دەستپێشخەری دەکات بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی، هیچ بەهایەکی نیە.
 
چەپ بۆیە لە زۆر ڕووی مەیدانی شکست دەهێنێت چونکە تا ئێستا هیچ دۆخێکی دروست نەکردووە کە دەسەڵاتی تیۆریەکەی ببێت بە “دەسەڵاتێکی ماددی” کە پشتگیری تیئۆریەکەی بکات. کاتێک لە ڕووی جەستەیەوە یان فیزیکی غیابی دەبێت، خەڵکی گشتی بەو ئەنجامە دەگەن کە تیۆرەکەی ئەوان لەوە دەچێ زۆر دووربێت.
 
کاتێك کارەساتی سروشتی ڕوودەدات، هەموو چینەکان و بزاوتە سیاسیەکان لە ئاستی حیزبەکانی خۆیان، فۆرمە کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیەکانی خۆیان دەکەونە جموجۆڵ، بە تایبەتی ئەو چینەی ناوی لێنراوە چینی دەسەڵاتدار هەندێکیان لە ژێر فشاری خوارەوە دەیکەن (بۆ ئەوەی خۆ بپارێزن لە کاردانەوە موحتەمەلەکانی قینی کۆمەڵایەتی ئەگەر بێتو ئاکشنێك نەکەن)، زۆر ئامانج و مەبەست لەپشتی ئەو ئاکشنانە کە وەکو ڕاستی بەڵگەنویستن پێویست بە ڕیزکردنەوەیان لێرە ناکا.
 
میکانیزمی “بەرگری تیۆری” چەشنی پاشەکشەکردن بۆ “تیۆریزەکردن سەبارەت بە مشتومڕە بەڵگەدارەکان” تەنها بیانوویەک نیە، بەڵکو میکانیزمێکی بەرگری دەروونی و سیاسیانەی “تەریك”بوونە دێرینەکانە. قەتیسکردنی بەشداریکردنیان لە شیکردنەوەی شکستەکانی ڕابردودا و ئێستا لە “ئامادەبوون” بریتیە لە ڕاکردن لە دەرگای سەرەکی و هاتنەژوورەو لە پەنجەرەی تەسکەوە، تا خۆیان لە مەترسی و سەختیەکانی کردەوە سیاسیەکانی ئێستا بەدوور دەگرن، تا لەو شکستە لۆجستیی و ڕێکخستنە حەتمیانەی “ئامادبوون”و ڕووبەڕووبوونەوە و ماندووبوونە جەستەییە سەختەکان کە سیاسەتی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە داوای دەکات خۆ بپارێزن، بە تایبەتی کە ئەم جۆرە لە دۆخ وەستاوە لەسەر مەرجی “بەردەوامی”، ئەم پاشەکشەیە نیشانەی بێتوانایی سیاسیە، کە هەرگیز بە پێداگریی لە پاکی تیئۆریی حەل نابێت، گرفتەکە لە شوینێکیترە! نرخی نەریتی “هۆشیاری” بۆ چەپ لە ئێستادا لە جیاتی”لیدەربوونی پراکتیکی” بووە بە دیوارێکیتری” نوخبەگەرایی” . ئەم نوخبە زۆر هۆشیارە بە چاوی سووك و بێ بەهاکردن سەیری کردەوەکانی “پاڵەوانەکان یان کەسایەتیەکان” دەکەن، ئەو ڕاستیە پشتگوێ دەخەن کە ئەم کردەوانەی ئەم “تاکانە” دەیکەن ڕێك ئەو بنکە جەماوەریانە دەچەسپێنن کە ئامانجیانەو زۆر پێویستیانە.
 
خۆبەزلزانینی ماسولکەی هۆشیاری لە جیاتی دەرفەت دەگۆڕێت بۆ “خۆگۆشەگیری” زیاتر بە بیانووی کۆن و نوێ، ئەگەر تۆ ڕەگت داکوتابێت لە نێو دەرفەتەکانی هەژموونی کۆمەڵایەتی وەکو گروپ وەکو تاك ئەودەمی لە ساتەوەختی کارەساتەکان یان لە ڕووداوە گەورەکان کە وەرچەرخانیان پێوەبێت ئەو دەمی کە لوتکەی دەرفەتی سیاسی دروست دەبێت کە “پەیوەندیە” دروستکراوو گەشەپێدراوەکانت تەرجومە دەبێت بۆ خاوەندارێتی وڕابەرایەتی کردنی کۆمەڵگە. کاتێک چەپ لە کارەساتێك و لە ڕووداوێك و دووان هەر درێژە بە غیابی خۆی دەدات، وانەیەکی زۆر واقیعی فێری چینی کرێکار دەکات کە بریتیە لە: “پشت بە ئێمە مەبەستن!”
 
ئەمەش وابەستەیی جەماوەر بە پێکهاتە سەرمایەداریە هەبووەکان و دەوڵەت بەهێزتر دەکات و هەر قەیرانێک و ئەوەی دوای ئەوە دەبێتە دەرفەتێکی دیکە بۆ چینی دەسەڵاتدار بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی. ئامادەنەبوونی چەپ شکستێکی ئەخلاقی نیە، بەڵکو “شکستێکی سیاسی ستراتیژیە” کە شەرعیەت بەو هەژمونە بۆرژوازیە دەدات کە گوایە بانگەشەی دژایەتی دەکات.
 
بەکورتی شەقامەکانی چەمچەماڵ تاقیکردنەوەیەکی کردەیی نوێ بوون بۆ پابەندبوونی چەپ بە “کردار” کە ووشەیەکە ڕەنگە لەسەری ناتۆرەت پێ ببەخشن. ئیختیاری سیاسی و دڵسۆزی سۆزداری جەماوەریان تەسلیمی ئەو کەسانە کرد کە “تێگەیشتن کە ئامادەبوون لە کاتی قەیران و کارەسات و ڕووداوە گەورەکان بەهێزترین شێوەی هێزی سیاسیە”.

لێدوانێک بەجێ بهێلە