ناونیشانی حەوت هاوڵاتیی گیانبەختکردووی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار ئاشکرا کرا

ک.م.م.ک:

لە ڕەوتی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی پێنجشەممە ١٨ و هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لانی کەم حەوت هاوڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی جوگرافیای ئێراندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ناونیشانیان ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەنیس گریوانی و مورتەزا یەعقووبی (تەمەن ٤١ ساڵ)، کە هەردووکیان هاوڵاتیی کوردی خەڵکی ئەسفەراین بوون، لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. هەر لەو پێوەندییەدا، موجتەبا محەممەدزادە، گەنجێکی کوردی تەمەن ٢١ ساڵ و دانیشتووی شاری مەشهەد، یەکێکی دیکە بووە لە قوربانییانی ئەو ڕووداوانە.
هەروەها سێ هاوڵاتیی خەڵکی کرماشان بە ناوەکانی حەسەن سابیت‌قەیسوەندی، کامەران نادری (مامۆستای تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاباد) و ڕەزا نادری (تەمەن ٢٧ ساڵ)، بە تەقەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان گیانیان لە دەست داوە. هاوکات، مەهدی ڕەحمەتی، هاوڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی تاران، وەک یەکێکی دیکە لە گیانبەختکردووانی ئەم خۆپێشاندانانە ناوی تۆمار کراوە.

ق.ش

The post ناونیشانی حەوت هاوڵاتیی گیانبەختکردووی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار ئاشکرا کرا appeared first on كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان.

لێدوانێک بەجێ بهێلە