گەڕانەوەی (ئێران) بۆ چاخی بەردین

چارلی کیمبەر

نووسینی: چارلی کیمبەر (Charlie Kimber)
خانەی وەرگێرانی: ناوەندی گاورباغی – بۆ هزر و هۆشیاریی سۆسیالیستی
جۆ ئالن (Joe Allen) لە کتێبەکەیدا بە ناوی “ڤێتنام: (دوایین) جەنگ کە ئەمریکا تێیدا دۆڕا” (Vietnam: The (Last) War the U.S. Lost)، شیکردنەوە بۆ ئەوە دەکات بۆچی سەرۆک لیندۆن جۆنسۆن (Lyndon Johnson) بڕیاری جەنگێکی هەمەلایەنەی لە ڤێتنام دا، لەبری ئەوەی ڕێککەوتنێک بکات کە لەلایەن هێزە ناسیۆنالیستەکانەوە پێشنیاز کرابوو. ئەو دەنووسێت: “ئیدارەی جۆنسۆن جەنگی هەڵبژارد، چونکە هەر شتێک کەمتر بێت لە سەرکەوتنی تەواوەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکا، وەک شکست دەبینرا. وەک چۆن لیندۆن جۆنسۆن لە ساڵی ١٩٦٤دا وتی: ‘خۆبەدەستەوەدان لە هەر شوێنێک، هەڕەشەی شکستە لە هەموو شوێنێک’. “ئەمە تەنها دیدگایەکی تایبەتی جۆنسۆن و ڕاوێژکارەکانی نەبوو؛ بەڵکو لەو پێگەیەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دوای جەنگی جیهانی دووەم وەک پارێزەری جیهانی سەرمایەداری تێیدا بوو… ڤێتنام لاوازترین ئەڵقەی زنجیرەی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بوو لە ساڵانی دەسەڵاتی کەنەدی و جۆنسۆندا.” ئێستا ئەمریکا زۆر لاوازترە لەوەی لە ساڵی ١٩٦٤دا بوو. لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە “پارێزەری جیهانی سەرمایەدارییە”. فەرمانڕەوایانی ئەمریکا بۆ پاراستنی هەژموونە ڕوو لە پاشەکشەکەیان، چەندین دەیەیە دەستێوەردانی سەربازی دڕندانەیان ئەنجام داوە، کە زۆربەیان بە شکستی پڕ تێچوو و خوێناوی کۆتاییان هاتووە. بەڵام زۆر گرنگە دان بەوەدا بنێین کە کاتێک ترەمپ تاوتوێی جێبەجێکردنی هەڕەشە بکوژەکەی دەکات کە دەڵێت ئێران بۆ “چاخی بەردین، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتوون” بۆردومان دەکات، جارێکی دیکە لە بەرژەوەندی بەشێکی بەرچاوی چینی فەرمانڕەوای ئەمریکا و نوخبەی کۆمپانیا و بانکەکان کار دەکات.
 
ئەو لادانێک نییە لە سیستمەکە؛ بەڵکو گوزارشت لە ستراتیژییەکی سەرمایەداری دەکات لە سەردەمی قەیرانە کەڵەکەبوو و توندەکاندا. ئەو گرووپە بێئومێدە لە کۆشکی سپی هێندە ڕاهاتوون بە هەموو ترسناکییەکی ئیمپریالیستی، کە پێیان وایە دەتوانن غەززە لە وڵاتێکی ٩٢ ملیۆن کەسیدا دووبارە بکەنەوە. ئەم دڕندانە پێیان وایە ئەمە پێویستە، چونکە ئەگەر نا، ئەمریکا لە دابەشکردنەوەی جیهاندا کە لەسەر بنەمای گۆڕانی هێزی ئابوورییە، بەرامبەر بە چین دەدۆڕێت. دابەشکردنەوەی لەو شێوەیە لە پشت جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمەوە بوو. هەڕەشەکە هێندە گەورەیە کە پێویستە پەردە لەسەر ئەو درۆ و پڕوپاگەندانەی پێشوو لابدەین کە دەربارەی دەستێوەردانی مرۆیی و جەنگ لە پێناو دیموکراسیدا دەکران. لەبری ئەوە، دەبێت جەنگ لە دەرەوە و جەنگ لە ناوخۆدا هەبێت. ئاگر و سەرکوتی ئاژانسی جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ و گومرگ (Immigration and Customs Enforcement).
 
ئەگەر ئەمریکا بەرامبەر ئێران بدۆڕێت، ڕکابەرەکانی چی دەکەن؟ ئەوان چیتر ڕفاندنی مادورۆ لە ڤەنزوێلا نابینن، بەڵکو شەرمەزاری خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکان و گەڕانی پڕ لە ئازار بەدوای تیمەکانیاندا دەبینن، هەروەها پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری، زیان گەیشتن بە هاوپەیمانەکان، و خۆڕاگری و بەرهەڵستی ئێرانییەکان دەبینن. ڕەنگە ترەمپ شکستی خراپتر لە پێش چاوی بێت و هەوڵ بدات جیهان هەڵبخەڵەتێنێت کە گوایە سەرکەوتووە. بەڵام فشارێکی زۆریش هەیە بۆ ڕۆچوونی زیاتر لە ناو ڕووباری خوێندا لە پێناو گەڕان بەدوای سەرکەوتندا. ئەوە هەمان ئەو کارە بوو کە جۆنسۆن لە ساڵانی شەستەکاندا کردی. کێرتیس لیمای، جەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی ئەمریکا بوو کە دەستەواژەی “گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین”ی لە ڤێتنامدا داهێنا. لیمای پلانی بۆردومانی ئاگرینی تۆکیۆی لە ئازاری ١٩٤٥دا داڕشتبوو، کە کوشندەترین هێرشی ئاسمانی بوو لە مێژوودا، کە تێیدا نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی سڤیل کوژران و بەشێکی زۆری شارەکە لە یەک شەودا وێران بوو. بیست ساڵ دواتر، ئەو نووسی: “چارەسەری من بۆ کێشەکە ئەوەیە کە بە ڕاشکاوی بە ڤێتنامی باکوور بڵێم دەبێت پاشەکشە بکەن و دەستدرێژییەکانیان ڕابگرن، ئەگەر نا، بە بۆردومان دەیانگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین.” بۆ لیمای، بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیش جێگەی قبوڵ بوو.
 
بەڵام لە کۆتاییدا، ئەمریکا دۆڕاندی.
ئەرکی ئێمە ئەوە نییە پێشبینی هەنگاوی کۆمەڵکوژیی داهاتووی ترەمپ بکەین. بەڵکو دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ کارکردن دژی ئەمریکا و ئەو سیستمەی کە ئەم ترسناکییە ئیمپریالیستییە بەرهەم دەهێنێت.
ئەرکمان ئەوەیە کە سوود لە هەستی جەماوەری دژی جەنگخوازان وەربگرین، هەر مانگرتن و تێکۆشان و کەمپەینێکی هەڵبژاردن بە هەستی دژە جەنگ پڕ بکەین، لە ١١ی نیسان لە گلاسگۆ و لە ١٦ی ئایار لە شەقامەکانی لەندەن بۆ پشتگیری فەلەستین و دژی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بڕژێینە سەر شەقام.
ئێستا کاتی ئەوە نییە وەک جاران بەردەوام بین.
ئەم جەنگە تەنها تاوانێکی قێزەون و ئیمپریالیستی نییە، بەڵکو گورز لە بژێوی ژیانی هەموو تاکێکی چینی کرێکار لە جیهاندا دەوەشێنێت. بەرزبوونەوەی نرخەکان، کەمیی کاڵاکان، قووڵبوونەوەی نایەکسانی، قازانج بۆ چینە باڵاکان و مەینەتی بۆ باقی خەڵک. کەواتە ئێمە پێویستمان بە جووڵانەوە و پڕوپاگەندەیەکە کە بڵێت: نا بۆ جەنگ، نا بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا، وە تێبکۆشێت بۆ دیاریکردنی سەقفی نرخەکان، ڕاگرتنی کرێی خانوو، ڕەتکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێکی مووچە کە کەمتر بێت لە ڕێژەی هەڵئاوسان (RPI). هەروەها تێبکۆشین بۆ باجی قازانجی نائاسایی لە کۆمپانیاکان، بەرزکردنەوەی باجی کۆمپانیا گەورەکان، بەنیشتمانیکردنی وزە، ئاو، گواستنەوە و کەرتە سەرەکییەکانی تری ئابووری لەژێر کۆنترۆڵی دیموکراتیکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمکورتی و دابەشکردن. دەبێت گفتوگۆکانی مووچە بگۆڕدرێن و ببەسترێنەوە بە دژایەتی ئیمپریالیزم و کێشە باوەکانی تریش. ئەمە تەنها ساتێکی توندوتیژیی ترەمپیستەکان نییە؛ ئەمە هەموو شتێک دەگۆڕێت. وە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئامادەن بۆ شەڕکردن دژی ترسناکییەکانی ئیمپریالیزم.
ترەمپ هاوار دەکات کە ئەمریکا بکوژەکانی خۆی لە ئاسمانەوە گەڕاندووەتەوە، بەڵام دەکرێت هەموو ئەمانە ببنە خۆڵەمێش.
07/04/2026