7
نووسینی: مستەفا باهیر
نووسینی: مستەفا باهیرلە ڕۆژی ٩ی حوزەیران هاوڕیی ئازیزم هاوڕێ” تونا محمد نووری” لەپەیجی بۆپێشەوە بابەتیکی نوسیوە بەناوی “کاتێک مرۆڤ دەبێتە بکەری مێژوو”:لەم نووسینەیدا هەڵسەنگاندنی بۆ کتێبێکی من بەناوی بە ناوی “شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سەرهەڵدانی کۆمۆنیزم لە ڕوسیا”! کردووە، لەم نوسینەدا هاوڕێ توانا هەندێک خالی بەهێزو خاڵی لاوازی کتێبەکەی خستوەتە ڕوو.
سەرەتا من دەستخۆشیەکی زۆرم بۆ هاوڕێ توانا هەیە وە سوپاسی دەکەم بۆ ئەوەی کە دیارە کتێبەکەی بەوردی خوێندەوەتەوە و خاڵی بەهێزو لاوازی تیا بەدی کردوە…
هەر بۆیە بە باشم زانی کە چەند ڕونکردنەوەیەک لەسەر نوسینەکەی هاوڕی توانا بدەم. هەر لێرشەوە بەباشی دەزانم بەشێک لەو هاوڕییانەی کە پرسیار یاخود رای خۆیان داوە لەسەر کتێبەکە بنێرم بۆ بڵاوکراوەی بۆ پێشەوە بە مەبەستی بڵاو بونەوە..
سەرەتا زۆر سوپاسی هاوڕێ توانا دەکەم کە کۆمەڵێک خاڵی بەهێزی کتێبەکەی خستوەتە ڕوو ئەو خاڵانە خۆشحالیان کردم.
سەبارەت بەو خاڵە لاوازانەی کە هاوڕێ توانا دەستنیشانی کردون پێم باشە هەندێک ڕونکردنەوە بدەم، بەڵام پێش ئەو ڕونکردنەوەیە دەمەوێت هەڵەیەک بۆ هاوڕی توانای ئازیز ڕاست بکەمەوە. کتێبەکەی من ساڵی ٢٠٢١ دەرچوە نەک ٢٠١١ هەروەها کتێبەکە ٥٦٦ لاپەڕەیە نەک ٢١٢.
بابێینە سەرخاڵە لاوازەکان…
گومان لەوەدا نییە کە شۆڕشی مەزانی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ گەورەترین ڕوداوی سەدە بووە، نەک تەنها گۆڕانکاری ڕیشەی لە ڕووسیا ئەنجام دا، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەمو جیهان هەبووە. بۆیە باسکردن لەو مێژووە بێگومان بێ کەموکوڕی نابێت کتێبەکەی منیش لەوە بەدەر نییە. بەڵام سەرەڕای ئەوش پێم باشە هەندێک روونکردنەوە بدەم لەسەر ئەو خاڵە لاوازانەی کە هاوڕی توانا ئاماژەی پێداوە.
١/ سەبارەت بە دەزگای چیکا (CHEKA)، لەڕاستیدا من نەهاتووم بە درێژی باسی کاروکردەوەی ئەم دەزگایە بکەم، تەنها ئەوەم وتوە لەکاتێکدا کە ڕابەرانی بەلشەفی کەوتبونە بەر هێرشی هێزە نەیارەکانیان و هەوڵی تیرۆر کردنیان دەدرا ئەو دەزگایەیان دروستکرد. لێرەدا دەمەوێت هەندیک زیاتر لەسەر ئەم دەزگایە بدوێم. ئەم دەزگایە لە ٢٠ دێسەمبەری ١٩١٧ بەسەرپەرشتی فلیکس دزیرجینسک ) ١٨٧٧ – ١٩٢٦ ( دروستکرا، بۆ پاراستنی رابەرانی بەلشەفی و تێکشکاندنی دژبەرەکانیان و پاراستنی دەسەڵات. ئەم دەزگایە لەسەرەتا ژمارەیەکی یەکجار کەم لە کارمەند کاریان تیادا دەکرد، کارێکی ئەوتۆیان ئەنجام نەداوە، زیاتر کارەکانیان بۆ بەدەستهێنانی هەواڵ و کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵسوکەوتی نەیارانی شۆڕش بووە، ئەمە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی لە لایەن (SR) کانەوە دەستکرا بەهەڵمەتی تیرۆرکردنی رابەرانی بەلشەفی. لە ٣٠ ئابی ١٩١٨ لە مۆسکۆ هەوڵی تیرۆرکردنی لینین درا و بەسەختی بریندار کراو لە کتێبەکە بە درێژی باسم کردوە، هەر لە هەمان ڕۆژیشدا لە شاری سانبترسبۆرگ کە ئەوکاتە پێی دەوترا (پترۆگراد) بەرپرسی دەزگای چیکا بەناوی(Moisei Uritsky ) تیرۆر کرا. هەروەها لە بەشێک لە شارەکانی ڕوسیا کاری تەقینەوە ئەنجام درا. سەرانی بەلشەفی ترسیان لەم تیرۆرە پەیداکرد، چونکە دەیان زانی کە ( SR) کان شارەزایەکی زۆریان لە کاری تیرۆردا هەیە. هەروەک من لەسەرەتای کتێبەکە لەبەشی دووەمدا وتومە (کە ناردۆنیەکان جۆرەها گروپیان دروست کردبوو بۆ تیرۆرکردنی دەسەڵاتدارانی قەیسەرو خودی قەیسەریشیان تیرۆرکرد، یەکێک لەهۆکارەکان کە بوە هۆی جیابونەوە لەناو ناردۆنیەکاندا لەسەر تیرۆر بوو کە بلیخانۆف زۆر نارازی بوو بەم کارە).
هەرچەندە لینین لە نەخۆشخانە بوو، بەڵام ڕابەرانی بەلشەفی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەبیت وەڵامی ئەم تیرۆرە بدەنەوە ئەگینا سەرکردەکانیان یەک لەدوای یەک تیرۆر دەکرێن. هەربۆیە لە ٥ی ئەیلولی ١٩١٨ دەستیان کرد بە گرتنو لەسیدارەدانی نەیارانی خۆیان ئەو کارەشیان ناو نا تیرۆری سوور (Red Terror) بەگوێرەی سەرچاوە مێژوەیەکان ئەمانیش بە دەیان هەزاریان راپێجی زیندانەکان کردوەو لە دادگایەکی بێسەروبەردا هەزارانیان لەسێدارە داوە، تا لە سالێ ١٩٢٢ ئەم دەزگایە هەڵدەوەشێتەوە. دەزگایەکی تر شوێنی دەگرێتەوە بەناوی GPU ئەم دەزگایە بوو بەیەکەم دەزگای هەوڵگری و پۆلیسی سیاسی یەکێتی سۆڤیەت، پاشان چەندین جار ئەم دەزگایە هەڵدەوشێتەوە بەناوی تازەوە دەستدەکات بەکارکردن.بەکورتی دەمەوێت بڵێم پیم گونجاو نەبوو کە بەدرێژی باسی کارو کردەوەی ئەم دەزگایە بکەم. من ئامانجم گێرانەوەی مێژووەکە بووە.
٢/ سەبارەت بەسەرچاوەکان دروست وایە من زیاتر پشتم بە دوو سەرچاوە بەستوە مێژووی شۆڕشی ڕوسیا لە نوسینی ترۆتسکی وە ئەو دە ڕۆژەی کە جیهانیان هەژاند لە نوسینی جۆن ڕێد، بەڵام سودم لەسەرچاوەی تازەش وەرگرتوە بۆ نمونە تۆنی کلیف، محمود تلوعی، چەند نوسەری تر کە لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێدراوە، بەڵام ئەوە راستە کە من هیچ سودێکم لەو سەرچاوانە وەرنەگرتوە کە دژە شۆڕش بوون.
٣/ جەدەلی فکری و فەلسەفیەکان بە گوێرەی پێویست لەوشوێنانەی کە پێویست بوە باسکراوە بەتایبەتی جیاوازیەکانی بەینی بەلشەفی و مەنشەفی، جەدەلی لینین و ترۆتسکی لەسەر شۆڕشی بەردەوام، بەلام لە راستیدا من باسێکی مێژوویم کردوە نەک لیکۆلینەوە، کەچی رویداوەو بۆچی وابووە.
٤/ سەبارەت بە بزوتنەوەکانی تر من لە سەرەتای بەشی سێهەمی کتێبەکە ئاماژەم بەوە داوە کە سێ بزوتنەوە هەبووە، بزوتنەوەی لیبراڵەکان حزبەکەیان بە ناوی حزبی کادیت، هەروەها بزوتنەوەی جوتیاران حزبەکەیان بەناوی سۆسیالسیتی شۆڕشگێڕ کە بە SR کان دەناسران، پاشان حزبی سۆسسیال دیموکرات کە دەبن بە دوو بەشەوە بەلشەفی و مەنشەفی تا کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دوای شۆڕشیش لە هەرشوێنێکدا پێویست بووبیت، باس لەمانە کراوە، لەسەر هەوڵ و خەبات و ئامانجیان قسە کراوە. من زیاتر مەبەستم دەورو نەخشی بەلشەفیەکان بوە هەر لەسەرتاوە تا کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست. بۆیە لەکتێبەکدا زیاتر دەورو نەخشی ئەمان دەردەکەوێت، ئەگینا لەشوێنی پێویستدا باس لەوانیش کراوە.
٥/ بەکورتی من لەکتێبەکە باسی ئەوەم کردوە کاتێک کە شۆرش سەردەکەوێت، دەوڵەتە سەرمایەدارەکان بەگشتی و فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا بەتایبەتی هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوە کە ئەم شۆرشە سەرکوت بکەن، بۆ ئەمەش لە ناوخۆی وڵات بێجگە لە هێزەکانی سەر بەقەیسەر بەشێکی زۆری هیزە چەپەکان دژی شۆرش وەستانەوە، کەبووە هۆی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتدا.
بە کورتیەکەی من لەکتێبەکە ئاماژەم پێداوە کاتێک کە بەلشەفیەکان دەسەڵات دەگرنەدەست توشی سێ کێشەی گەورە دەبن.
١/ شەڕێکی ناوخۆیی لەساڵی ١٩١٨ بە پاڵپشتی دەوڵەتە سەرمایەدارەکان، پاشان خۆشیان بەشداریان کردوە، من لەکتێبەکەدا ئاماژەم بە ناوی دەوڵەتەکان و ژمارەی ئەو سەربازانەی کە ناردویانە کردوە، کە ئەمە یەکێک بوو لە گەورەترین رێگریەکانی بەردەم ئەوەی کەبەلشەفیەکان بتوانن کارەکانیان بەشێوەیەکی پێویست جێبەجێ بکەن.
٢/ دووەم کێشە کە ڕوبەڕوی شۆرش و دەسەڵاتی بەلشەفیەکان بوەوە بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای ئیسپانی بوو کە لەسەرتاسەری جیهاندا بەتایبەتی لەئەوروپا بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبۆوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیەکانی ئەم نەخۆشیە بەتەوای نەزانروە، بەڵام مێژوونووسان باس لە ٥٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن کەس دەکەن کە ڕوسیاش بێبەش نەبووە لەم نەخۆشیە و بوەتە هۆی ژیان لەدەستدانی ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەخەڵکی ڕوسیا.
٣/ لە دوای جەنگ وشکە ساڵی ڕوو کردوەتە ڕوسیا، بۆ ماوەی ٢ ساڵ باران نەباری ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کە دانەوێڵە زۆر کەم بێ ئەوەشی کە هەبوو نەیارانی بەلشەفی دەیانکڕی و دەیان شاردەوە لە کتێبەکەدا ئاماژەم پێداوە…
لەکۆتایدا دەمەوێت بڵێم کاتێک لینین و بەلشەفیەکان دەسەڵات دەگرنە دەست توشی ئەم هەموو قەیرانە دەبن کە بوەتە هۆی ژیان لە دەستدانی دەیان ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ڕوسیا بەهۆی برسیتی و نەخۆشی و نەبوونیەوە.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم کە من زیاتر هەوڵم داوە مێژوەکە وەک خۆی بنوسمەوە، بۆ ئەم مەبەستەش تەنها سەرچاوەی لایەنگرانی شۆڕشم داناوە، یاخود لەوێوە زانیاریم دەستکەوتوە. کە بیگومان ئەوەی تۆ دروستە دەبوایە زانیاریم بدایە لەسەر نەیارانی شۆڕش، تا زیاتر بزانرێت چۆن باسی شۆڕشەکە دەکەن. کە پێموایە ئەوان بەشۆڕشی نابینن، بەڵکو دەڵێن کودەتا.
دووبارە زۆر سوپاس بۆ هاوڕێ توانا هیوادرام توانیبێتم هەندێک لە خاڵە لاوازەکان ڕوون بکەمەوە.