عەبدولڕەحمان گەورکی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
هەرچەند خەڵکی ئێران لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بە ناو تاریکترین قۆناغی خۆیدا تێدەپەڕێت، بەڵام وریایی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی پرسەکاندا زیاتر کردووە. لە ساڵی رابردوودا، لە لایەک رژێم زۆرترین کەسی لە سێدارە داوە. بە پێی ئامارە راگەیەندراوەکان، نزیکەی هەزار و ٢٠٠ ئێرانی لە لایەن ئەم رژێمەوە لە سێدارە دراون. لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا گوشار و سەرکوت و هەڵاواردن و ژنکوژییەکانی رژێمی مەزهەبی ئێران گەیشتە لوتکە و دانانی پزیشکیان وەک سەرۆک کۆمار، لاوازیبوونی زیاتری رژێم لە بەرامبەر قەیرانەکان، بە تایبەت قەیرانی رووخان، نیشان دەدات. لە لایەکی دیکەوە توێژە جیاجیاکانی خەڵکی ئێران هەمیشە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە بەرامبەر بە سەرکوت و پێشێلکردنی مافەکانیان لەلایەن رژێم و دەزگا سەرکوتکەرەکانییەوە. لە ئێران، نەریتێکی دوور و درێژ هەیە. خەڵک لە سەروبەندی سەری ساڵدا دەست دەکەن بە پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ. ئەم نەریتە لەگەڵ جەوهەری “نوێبوونەوەی سروشت”دا یەکدەگرێتەوە و جەوهەرەکەی بریتییە لە جووڵەکردن بەرەو داهاتوو.
ئەمساڵ نەورۆز لە کاتێکدایە هاتەوە کە خەڵکی ئێران بە ساڵێکی پڕ لە ئازار و خۆڕاگری و بەئاگابوونەوەدا تێپەڕیوە. ساڵی رابردوو ساڵێک بوو کە سەرەڕای هەموو گوشار و هەڕەشە و سەرکوتکردنێکی سیستماتیک، خۆڕاگربوونی خەڵک و بڵێسەی بەرخۆدان لە سەرانسەری وڵات لە چاو جاران زیاتر دەرکەوت. لە کاتێکدا کە رژێمی ویلایەتی فەقیهی رۆژ لە دوای رۆژ لاوازتر بووە و لە متمانە کەوتووە و نیشانەی پێگەیشتنی هەلومەرجەکانە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێراندا. ساڵی رابردوو رژێمی ئێران زیاتر لە جاران، سەرقاڵی قەیرانە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی بووە. ناکارامەیی ئابووری، گەندەڵی پێکهاتەیی، ناڕەزایەتیی بەردەوامی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا و هەڵچوونی دووبەرەکییە ناوخۆییەکانی، بناغەکانی ئەم دەسەڵاتەیان لە جاران لەرزۆکتر کردووە. لە هەمانکاتدا موقاومەتی خەڵکی ئێران و بە تایبەت لە ناوەندەکانی شۆڕش، خەبات و تێکۆشان بە یەکگرتوویی و ئیرادە و بەرنامە بەرەو پێشەوە هەنگاوی ناوە و هیوای رزگاریی لە دڵی کۆمەڵگادا بە زیندووی هێشتووەتەوە. لە ناو دەسکەوتە گرنگەکانی ساڵی رابردوو، یەکێک لە دیارترینیان، شکستی سیاسەتی سازان بوو لەگەڵ رژێمی ئێران. رۆژئاوا، کە ساڵانێکی زۆر بوو بە تراویلکەی “گۆڕینی رەفتار” لەبری گۆڕینی رژێم، بانگەشەی گفتوگۆ و سازانی لەگەل ئەم رژێمە دەکرد، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە کە ئەم رژێمە چاکسازی هەڵناگرێت. ئەزموونی رێککەوتنی ئەتۆمی و پشتیوانیکردنی ئەم رژێمە لە “هێزی بە وەکالەت” لە ناوچەکە و سەرکوتکردن لە ناوخۆی وڵات سەلماندی کە ئەم رژێمە تەنیا لە زمانی هێز و ئیرادە و بەرخۆدان تێدەگات.
ڕۆڵی ژنان لە موقاومەتی ئێراندا بێهاوتایە. لە راپەڕینەکانی ساڵانی رابردوودا، بە تایبەت لە ساڵی 2022، ژنانی ئێرانی نەک هەر پێشەنگی خەبات و راپەڕین بوون، بەڵکو سەرکردایەتی زۆرێک لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانیشیان دەکرد. دروشمی “ژن، بەرخۆدان، ئازادی” تەنیا دروشم نییە، بەڵکو دەرخەری ئیرادەی ژنانی ئێرانە بۆ لێسەندنەوەی مافەکانیان و کەرامەتی مرۆڤایەتی خۆیان. ئەم ژنانە، ئازایانە و بوێرانە، بەرەنگاری هێزە سەرکوتکەرەکانی رژێمی ئێران بوونەوە و سەلماندییان کە ئەوان بڕبڕەی پشتی شۆڕشی داهاتووی ئێرانن.
لەسەر ئاستی ناوچەکەشدا، رژیم رووبەڕووی لاوازبوونی هێزەکانی بووەتەوە. رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا رووخێنرا و هێزە بە وەکالەتەکانی رژێمیش گورزی دوورمەودایان بەرکەوتووە و رۆژ بە رۆژ لاوازییان زیاتر دەبێت. ئەم هێزانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە لوبنان و فەلەستین یان لەناوچوون یان دەسەڵاتی پێشوویان لەدەستداوە. لە عێراق و یەمەن هێزەکانی رژێم لە داڕماندان. ئەم شکستە ستراتیژییانە ئەوە دەردەخەن کە ئیمپراتۆرییەتی تیرۆری رژێمی ویلایەتی فەقیهی بەرەو داڕمان دەچێت و بەرگەی تێچووی هەناردەکردنی ئەو قەیرانانە ناگرێت. ئێستا رژێمی ئێران، بگاتە سازان لەگەڵ رۆژئاوا یان رێگای شەڕ هەڵبژێرێت، لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئاسۆی پێشهاتە ناوخۆییەکان بەرەو “گۆڕینی رژێم” دەڕوات. لەبەرئەوەی شەرعیەتی ناوخۆیی لەناوچووە و کەلێنی نێوان حکومەت و کۆمەڵگا چاک ناگرێتەوە و موقاومەتی خەڵکی ئێران بۆتە ئەڵتەرناتیڤێکی واقیعی و ئامادە و رێکخراو.
خەڵکی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا باجێکی قورسیان داوە. لە قوربانیانی راپەڕینەکانەوە هەتا زیندانیانی سیاسی، لە دایکانی دڵسوتاوەوە هەتا گەنجان کە لە شەقامەکانی شارەکاندا ئایندەیان نادیارە و بەر تەقەی هێزەکانی رژێم کەوتوون. لە بەرامبەر ئەو قوربانییە گەورەیەدا، رژێمی ویلایەتی فەقیهیدا بێشەرمانە دڕندەیی و تاوانەکانی گەیاندۆتە لووتکە. دەستێوەردانەکانی ئەم رژیمە لە کاروباری وڵاتانی دراوسێ لەوانە سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن، نەک هەر ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە، بەڵکو سەرچاوە گشتییەکانی خەڵکی ئێرانی لەناوبردووە.
وشەی کۆتایی،
هەربۆیە ئەمڕۆ ئێران لە خاڵێکی چارەنووسسازدایە. رژیم لە لاوازترین ئاستی خۆیدایە و لە بەرامبەردا، موقاومەتی ئێران لە چاو چوار دەیەی رابردوودا لە بەهێزترین ئاستی خۆیدایە. پێویستە جیهان لەوە تێبگات کە پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران و داننان بە مافی رەوای خۆڕاگرییان، نەک هەر ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵکو هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لەم ناوچەیەی جیهاندا.
ئەمساڵ، ساڵی شۆڕش و بەرخۆدان و راپەڕینە لە دژی یەکێک لە رژێمە هەرە کۆنەپەرستەکانی مێژووی هاوچەرخدا. ساڵێک کە چارەنووسی ئێران لەسەر دەستی خەڵکی ئەو وڵاتە دەنووسرێتەوە و خاکی ئێران لە مانەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی پاک دەکرێتەوە و رزگار دەکرێت، نەک لە سایەی زلهێزە دەرەکییەکاندا، بەڵکو بە هەوڵ و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران خۆی و، ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی ئەم شۆڕشە، بەرخۆدانێکی رێکخراو و ئامادەیە کە ساڵانێکە بە خوێن و قوربانیدان ئاڵای رزگاریی بە دەستەوەیە.
***